riklam

بەڕێوەبەرى پەروەردەى سلێمانى: 21ى9 زەنگى ساڵى نوێى خوێندن لێدەدرێت

کوردستان 01:16 PM - 2025-09-18
نەژاد عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی PUKMEDIA

نەژاد عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی

پرۆسەی خوێندن سلێمانی

بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2026، رۆژی 21/9 دەستپێ دەکات و زەنگی خوێندن، لە سەرجەم خوێندنگاکاندا لە هەرێمی کوردستان لێدەدەرێت، هاوکات بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەت، ساڵنامەی ساڵی نوێی خوێندن لە دوو وەرز پێکهاتووە، وەرزى یەکەم 13 هەفتەیە، 67 رۆژ خوێندن و پاشان تاقیکردنەوەی تێدا دەکرێت، وەرزی دووەمیش لە 19 هەفتەدا 96 رۆژ خوێندن و دواتر تاقیکردنەوەی کۆتایی وەرز دەکرێت، هەموو هەفتەیەکیش خوێندکاران پێنج رۆژ دەوام دەکەن.

بۆ ئەمساڵی خوێندن گۆڕانکاریی لە بەشێک لە وانەکانی قۆناغە جیاوازەکانی خوێندندا کراوە و کتێبی سەرجەمیان ئامادەیە بۆ خوێندکاران، هەروەها رێبەرێکی پەروەردەیی هونەری لە پۆلی یەک بۆ شەشی بنەڕەتی چاپکراوە و بۆ ئەمساڵی خوێندن لە بەردەستی خوێندکاراندا دەبێت.

لە دیدارێکدا بۆ کوردستانی نوێ، نەژاد عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، باس لە ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن، ژمارەی خوێندکاران و خوێندنگاکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەکات.

*ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە چ ئاستێکدایە؟

- بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە سلێمانی هەموو ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، لە دابینکردنی کتێب بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن، دابینکردنی سەرجەم هۆیەکانی فێربوون، لە رەحلە، وایت بۆرد و هەموو پێداویستییەکانی دیکە، هەروەها رێکخستنی میلاکاتی مامۆستایان و رەزامەندی وەزارەتی داراییش هاتووەتەوە بۆ دابینکردنی سووتەمەنی، واتا سەرجەم ئامادەکارییەکان تەواو بوون و تەنها ئەوە ماوە رۆژی 21/9 زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێ بدرێت.

*ژمارەی خوێندکاران و خوێندنگاکان لە سلێمانی چەندن؟

-لە سلێمانی 417 هەزار و 345 خوێندکار هەیە، لە بەرامبەریشدا 1410 خوێندنگا هەن، کە بەشێکیان یەک دەوام و بەشێکی دیکەیان دوو دەوامیان تێدا دەکرێت، هاوکات یەک خوێندنگامان هەیە سێ دەوامی تێدا دەکرێت.

*بۆ ئەمساڵی خوێندن چەند خوێندنگایەکی نوێ دروستکراوە و ژمارەی ئەو خوێندنگایانەی نوێکراونەتەوە چەندن؟

- لە پارێزگای سلێمانی چوار خوێندنگای نوێ دروستکراوە و بۆ ئەمساڵی خوێندن رادەست دەکرێت و بەڕووی خوێندکاراندا دەکرێنەوە، هاوکات بەپێی پێویست بەردەوام خەریکی نوێکردنەوەی خوێندنگاکانین.

لە سلێمانی 417 هەزار و 345 خوێندکار هەیە، لە بەرامبەریشدا 1410 خوێندنگا هەن، کە بەشێکیان یەک دەوام و بەشێکی دیکەیان دوو دەوامیان تێدا دەکرێت، هاوکات یەک خوێندنگامان هەیە سێ دەوامی تێدا دەکرێت.
 
*ساڵی رابردوو بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و کارمەندانی خوێندنگاکان خانەنشین بوون، بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکانیان چی کراوە؟


- خۆشبەختانە زۆرینەی ئەو مامۆستا و کارمەندانەی پەروەردە کە خانەنشین بوون میلاکی ناوشار بوون، لە هەمانکاتدا لە ناوشار زیادەی میلاکمان هەبوو لەبەرئەوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی دروست نەکردووە لەسەر پڕۆسەی خوێندن لەناو شاری سلێمانی، ئەوانەی دەرەوەی شاریش، بە تەنسیب و تەکمیلە شوێنی مامۆستا خانەنشین بووەکان پڕکراونەتەوە.

*ئەوەی لە رابردوودا باسی لێوەکرا، دانانی کامێرای چاودێرییە لە پاسی هاتوچۆکردن بە خوێندکاران، گەیشتووە بە کوێ و ئایا جێبەجێ دەکرێت؟

-لە رۆژی 10/9/2025وە نووسراوی رەسمیمان کردووە بۆ پارێزگای سلێمانی، بۆئەوەی پڕۆژەکە بخەنە تەندەرەوە، هەر بەڵێندەرێک ئارەزوومەندە کۆی پڕۆسەکە بگرێتە ئەستۆ پڕۆژەکەی پێ بدرێت تا ئەمساڵی خوێندن بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

*فرۆشگای خوێندنگاکان چۆن چاودێری دەکرێن؟ لە کاتێکدا بەشێکیان خواردنی نا تەندروستی وەک چبس دەفرۆشن؟

-لەبارەی جۆری ئەو خۆراکانەی پێویستە لە فرۆشگای خوێندنگاکاندا بفرۆشرێت رێنماییمان داوە بە سەرجەم پەروەردەکان، لیژنەکانی قایمقامیەتیش بە چڕی چاودێریی فرۆشگاکان دەکەن، لە هەر شوێنێکدا پێشێلی رێنماییەکان بکرێت و هەر سەرپەرشتیاری فرۆشگایەک  پابەندنەبێت سزا دەدرێت.

*کەرتی تایبەت تاچەندە هاوکاری پڕۆسەی خوێندنە؟

-کەرتی تایبەت زۆر هاوکارمانە و بەشێکی زۆر لە خوێندنگاکان لەسەر ئەرکی ئەوان دروستکراون و نوێدەکرێنەوە.

*بایکۆتی مامۆستایان، کە ساڵانی رابردوو گرفتی بۆ پرۆسەی خوێندن و خوێندکارانیش دروست کردبوو، بۆ ئەمساڵ چۆن باسی لێوە کراوە؟ پەیامتان چییە بۆ مامۆستایان؟

- هیچ مامۆستایەک حەز ناکات بایکۆت بکات، ئەگەر مووچە لەکاتی خۆیدا بدرێت، تەمەنا دەکەین بەرپرسانی حکومەت مانگانە لەکاتی خۆیدا مووچە دابەش بکەن، بۆئەوەی توشی بایکۆتی مامۆستایان نەبینەوە.



 هەموو پاس و تاکسیەکى گواستنەوەى خوێندکاران کامێراى چاودێرى و  GPSى تێدا دادەنرێت



هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ى9ى2025، نەژاد عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە هاتووچۆکردنى خوێندکاران بە پاس و تاکسى رایگەیاند: پێمان باشبوو کە لەناو هەموو تاکسى و پاسێک کە هاتووچۆ بە خوێندکاران دەکات، GPS و کامێراى چاودێرى دابنرێت و بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکمان لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى پێکهێنا، کەسەرجەم کارەکانى یاسایى و ئیدارییان تەواو کردووە و نوسراوێکمان بۆ پارێزگاى سلێمانى کردووە، بۆ ئەوەى تەندەر  رابگەیەنن و کۆمپانیایەک ئەم کارە جێبەجێ بکات.

نەژاد عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی راشیگەیاند: هەموو ئامادەکارییەک کراوە، بۆ ئەوەى 21ى9 زەنگى ساڵى نوێى خوێندن لێبدەین و بە ئومێدى ئەوەى مامۆستایان و سەرپەرشتیاران و پەروەردەکاران بە گیانێکى لەخۆبوردوانە هەر وەکو ساڵانى پێشوو دەرگاى ناوەندەکانى خوێندن بە ڕووى خوێندکاراندا بکەنەوە.   

PUKMEDIA   

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket