riklam

چیرۆکی کارێکی نامرۆڤانەی عەجاج لەزاری شایەتحاڵێکەوە

کوردستان 03:57 PM - 2025-08-01
وێنەیەکى زیندانى نوگرە سەلمان میدیاکان

وێنەیەکى زیندانى نوگرە سەلمان

دارا حەمە عەلی، کە لە تەمەنێکی منداڵیدا تامی تاڵی ژیانی زیندانی نوگرە سەلمانی کردووە و یەکێکە لە  شایەتحاڵی بەشێک لە رووداوە نامرۆڤایەتییەکانی ئەو زیندانە، چیرۆکێکی تراژیدیا و نامرۆڤانەی عەجاج کە سەرپەرشتیاری زیندانەکە بوو بۆ PUKMEDIA دەگێڕێتەوە.

دارا حەمە عەلی دەڵێت :"عەجاج یەکێکە لەو تاوانبارانەی راستەوخۆ بەشدارە لەو تاوانانەی بەرامبەر بە گەلی کورد کراوە و بەرپرسی یەکێک لە خراپترین و ناشرینترین زیندانەکانی حزبی بەعس بوو، خۆشی یەکێک بوو لەو کەسانەی هەڵسوکەوتێکی زۆر نامرۆڤانەی لەگەڵ زیندانیکراوانی نوگرە سەلمان هەبووە".

دارا خۆی شایەتحاڵی ئەو رووداوانەیە، باسی یەکێک لە رۆژە ناخۆشەکانی ناو زیندان دەکات و دەڵێت:  "نازانم چی شتێک ببووە هۆی بێزارکردنی عەجاج، دەنگۆ وابوو دەنگەدەنگی منداڵ و یاریکردنیان بۆتە هۆی بێزارکردن و خەوزڕاندنی، بۆیە بەشێوەیەکی زۆر دڕندانە هاتە ناو هۆڵەکانی زیندانەکەوە و بە کێبڵە ئەستورەکەی دەستی هەر منداڵێک ببینیایە پێی دەکێشا و ئازاری دەدا"

ناوبراو بەردەوامبوو لە گێڕانەوەی چیرۆکە تراژیدیەکە و وتی: " کە عەجاج منداڵەکانی بەرەو شوێنێکی نادیار ئاڕاستە کرد و بردنى بەرەو زیندانێکی دیکە لەناو زیندانەکەدا، من یەکێک بووم لەو منداڵانەی کە بەرگریم کرد و نەڕۆیشتم و بەوپەڕی هێزمەوە هەوڵمدەدا نەڕۆم و دایکیشم هەوڵی دەدا کە لەژێر دەستی دەرمبهێنێت، چەند جارێک عەجاج قامچەیەکەی پێدا کێشام، بەڵام بەهیچ شێوەیەک رازی نەبووم دەست و باوەشی دایکم بەربدەم، دایکیشم هەم لێی دەپاڕایەوە و هەم بەدەستی هەوڵی دەدا کە رێگری لە قامچیەکەى دەستى عەجاج بکات و بەرم نەکەوێت، دواجار من هەر بەقسەیم نەکرد، نەڕۆیشتم و لەگەڵ دایکم مامەوە".

روونیشیکردەوە: "منداڵەکان بۆ کاتێکی دیاریکراو خرانە زیندانێکى جیاوازەوە، پاشان گەڕێنرانەوە لاى دایک و باوکیان، بەڵام هەمووکات لەگەڵ ئازاری جەستەیی، ئازاری دەروونیشداین و دیمەنی دڕندەیی ئەو تاوانبارەم هەرگیز بیر ناچێتەوە".

دارا کە لەو کاتەدا تەمەنی تەنها 8 ساڵان بووە و یەکێک بووە لەزیندانیانی نوگرە سەلمان دەڵێت: "دەچم سکاڵا لەسەر ئەو تاوانبارە گەورەیە تۆمار دەکەم و لەڕێی یاساوە مافی خۆمان وەردەگرینەوە".

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket