riklam

ئیسرائیل هێرش دەکات و ئێران وەڵامی دەداتەوە

جیهان 09:45 AM - 2025-06-13
دیمەنی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران میدیاکانی ئێران

دیمەنی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران

كۆماری ئیسلامی ئێران

درەنگانی شەوی رابردوو سوپای ئیسرائیل هێرشی موشەکی بۆسەر چەندین ناوچەی ئێران کەشوێنی نیشتەجێبوونیشی تێدابوو دەستپێکرد، بەهۆیەوە چەندین بەرپرسی باڵای ئێرانیی و زانای ئەتۆمیی کوژران، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل-یش دەڵێت:" بە 200 فڕۆکەی جەنگیی ئۆپەراسیۆنەکەمان ئەنجامداوە".

هێرشمانکردە سەر دڵی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند:" بە 200 فڕۆکەی جەنگیی هێرشی پێشوەختەمان بۆسەر ئێران ئەنجامدا و هێرشمان کردە سەر دڵی بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە".

لەبەرامبەردا سوپای پاسداران رایگەیاند: وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە بە مافی خۆمان دەزانین و بەمزووانە هێرش دەکەینەوە سەر ئیسرائیل، لەبیرتان بێت ئێمە دەستپێشخەریمان کرد"، لەلایەکی دیکەوە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران وتی:" ئیسرائیل چارەنووسێکی تاڵ و پڕ لە ئازاری بۆ خۆی ئامادە کرد و بە دڵنیاییەوە وەریدەگرێت".

نەتەنیاهوو: ئامانجمان لاوازکردنی توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانە

بنیامین نەتەنیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند:" ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییەی دژی ئێران ئەنجامماندا ناوی 'گەلی وەک شێر'ـە و ئامانج لێی لاوازکردنی توانا ئەتۆمییەکانی ئێرانە".

باری نائاسایی لە ئیسرائیل راگەیەندرا

هاوکات وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند:"باری نائاسایی لە تەواوی وڵات راگەیەندراوە"، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە ئیسرائیل دەبیسترێت.

خامنەیی بۆ ئیسرائیل: پێشبینی سزایەکی توند بکەن

لەبەرامبەردا خامنەیی رێبەری باڵای ئێران رایگەیاند: "لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل بە دەستە چەپەڵ و خوێناوییەکانی تاوانی لە وڵاتەکە خۆشەویستەکەمان ئەنجامدا."

راشیگەیاند: "لەسەر ئیسرائیل پێویستە پێشبینیی سزایەکی توند بکات"

ئێران: ئیسرائیل یاری بە کلکی شێر دەکات

لە درێژەی کاردانەوەکانی هێرشەکەی ئیسرائیلدا حكومەتی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد:" دەستپێكردنی شەڕ لەگەڵ ئێران یاریكردنە بە كلكی شێر، ئەو دەسەڵاتە ناشەرعییە پابەندی هیچ رێسا و یاسایەك نییە".

"ئێران لە دوو سەد ساڵی رابردوودا هەرگیز دەستپێشخەری هیچ شەڕێكی نەكردووە، بەڵام لە بەرگریكردن لە زێدی خۆی درێغی ناكات"، لەراگەیەنراوەکەدا هاتووە.

چەندین فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمیی کوژران

بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیا ئێرانییەکان بڵاویانکردووەتەوە، بەهۆی هێرشەکانەوە عەلی شەمخانی راوێژکاری یەکەمی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران، سەرۆک ئەرکانی ئێران، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران، جەنەراڵ غوڵام عەلی رەشید فەرماندەی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، د. محەممەد مەهدی تهرانچی سەرۆکی زانکۆی ئازاد، د. فەرەیدوون عەباسی سەرۆکی پێشووتری رێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران کوژراون، ئەمە جگە لە کوژران و برینداربوونی چەندین هاووڵاتی مەدەنی".

خامنەیی پۆستی فەرماندا کوژراوەکانی پڕکردەوە

دوای کوژرانی فەرماندەکان بەپەلە و بە فەرمانی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران حەبیبوڵا سەیار وەک سەرۆکی ئەرکانی گشتیی ئێران و ئەحمەد وەحید وەک فەرماندەی سوپای پاسداران دەستبەکاربوون

لێدوانی ئەمریکا لەسەر هێرشەکە

مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند:" ئیسرائیل هەنگاوی تاکلایەنەی دژی ئێران گرتەبەر و  ئاگاداری کردووینەتەوە کە بە هێرشکردنە سەر ئێران بەرگری لە خۆی دەکات".

راشیگەیاند:"دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەکەی هەموو هەنگاوێکی پێویستیان گرتووەتەبەر  بۆ پاراستنی سەربازەکانمان".

هاوکات میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، تاران بەشداری لە خولی حەوتەمی دانوستانەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە ناکات، کەبڕیاربوو رۆژی یەکشەممەی داهاتوودا 15ی حوزەیران لەنێوان ئەمریکا و ئێران ئەنجامبدرێت.

هەڵوێستی بەشێک لە وڵاتان لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران:

-ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەو دۆخەی ئێستا دروستبووە ناوچەکە توانای بەرگەگرتنی نییە.

-سوڵتاننشینى عوممان: سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل دەکەین، ئەمە هەڕەشەیە بۆ سەر هەوڵە دیبلۆماسییەکان، دەبێت ئیسرائیل بەرپرسیارێتیی هەڵبگرێت.

-سعودیە: سەرکۆنەی توندی هێرشەکان دەکەین، ئەمە پێشێلکردنی روونی یاسا و عورفە نێودەوڵەتییەکانە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش بەرپرسن لە وەستاندنی.

-ئیندۆنیزیا: هێرشەکان ئاڵۆزییە هەرێمایەتییەکان زیاتردەکات، گرژی زیاتر لە رووبەرێکی فراوانتردا دروستدەکات.

-ژاپۆن: ئەم دۆخە سەردەکێشێت بۆ خراپتربوونی زیاتری دۆخەکە.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket