سەرۆککۆمار: قەیرانى ئاو پرسێکی نیشتمانیی گشتگیرە
عیراق 02:35 PM - 2025-05-24
نوسینگەى راگەیاندنى سەرۆکایەتى کۆمار
راوێژکاری سەرۆکایەتی کۆمار محەمەد ئەمین فارس
پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاوی بەغدا لە بەغدا دەستیپێکرد، کە لە لایەن راوێژکارى سەرۆککۆمار وتارى سەرۆککۆمارى عیراق د. لەتیف جەمال رەشید پێشکەشکرا، کە تیایدا تیشکخرایەسەر، قەیرانى ئاو، گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا، کاریگەرییە ئابووری، مرۆیی و ژینگەییەکان.
ئەمڕۆ 24ى 5ى2025 پێنجەمین
کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاوی بەغدا لەژێر دروشمی " ئاو و تەکنەلۆژیا ...
هاوبەشی بۆ گەشەسەندن" لە بەغدا بەڕێوەچوو، کە تیایدا راوێژکاری سەرۆکایەتی
کۆمار محەمەد ئەمین فارس، وتارى سەرۆککۆمارى عیراق د. لەتیف جەمال رەشیدى پێشکەش
کرد، راوێژکار
لە وتارەکەى سەرۆک کۆماردا ئاماژەی بەوەدا: "کە قەیرانی ئاو لە عێراق چیتر
تەنیا دۆسیەیەکی تاکڕەهەند نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی گشتگیرە کە پێویستی بە
یەکخستنی دیدگاکان و هەماهەنگی هەوڵەکانی نێوان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و
کارکردن بەپێی ستراتیجی زانستی، کە پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانمان بۆ نەوەکانی
داهاتوو مسۆگەر بکات".
روونیشیکردەوە: "کە
پێگەی عیراق وەک وڵاتێکی خوارووی ئاو لە حەوزی دیجلە و فورات ئاڵانگاریەکى گەورە
دروست دەکات، بەهۆی پشتبەستنی بە ئاوی دەرەوەی سنوورەکانی، بەتایبەتی لە تورکیا و
ئێرانەوە و تەئکیدیشی کردەوە لەسەر پێویستی گەیشتن بە رێککەوتنی پتەو و
دادپەروەرانە بەتایبەتی لەگەڵ تورکیا لەسەر پشکی ئاوی عیراق بەشێوەیەک کە مافە
مێژووییەکانی بۆ ئەم سەرچاوە گرنگانە مسۆگەر بکات".
لەکۆتایى وتارەکەدا باس لەوە
کراوە، کە ئەم کۆنفرانسە بە شارەزایان و پسپۆڕان و بەرپرسەکانیەوە خاڵی دەستپێکێکە
بۆ دیالۆگی زانستی و بەرهەمى پراکتیکی کە یارمەتیدەرە لە داڕشتنی نەخشە رێگایەکی روون
بۆ ئاسایشی ئاوی بەردەوام.
ئەمەی خوارەوە دەقی ووتارەکەیە :
به ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەڕێز جەنابی سەرۆک وەزیران
خاوەن پایەکان
خوشک و برایان
سڵاو و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوداتان لەسەربێت
خۆشحاڵم کە سوپاسگوزاری قووڵی خۆم دەرببڕم بۆ بەستنی ئەم کۆنفرانسە
گرنگە، کە لە کاتێکی هەستیاری وەهادا دەبەسترێ تەحەداکانی پەیوەست بە ئاوو گۆڕانی
کەش و هەوا لە زیادبووندان و کاریگەرییە ئابووری و مرۆیی و ژینگەییەکانیان
دەرکەوتون .
شەرەفمەندم کە سڵاوی بەڕێز سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشیدتان پێ
بگەیەنم و هیوای بەڕێزیان بۆ کۆنفرانسێکی سەرکەوتوو و بەرهەمدار بە ئێوە بگەیەنم ،
بەڕێزیان بەپەرۆش بوون بۆ بەشداری کردن لەم کۆڕبەندە گرنگە و بەشداری لە
کارەکانیدا بەڵام بەڵێنەکانی پێشووی لە دانانی کات بۆ کاری تر ڕێگری لێکرد.
بەستنی پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاوی بەغدا هەنگاوێکی گرنگە بۆ
تاوتوێکردنی بابەتێکی زۆر گرنگ بۆ وڵات کە ئەمەش پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی هەمووان
هەیە بۆ تاوتوێکردنی ئەم دۆسیە گرنگە و هەنگاوی کرداری لەم بوارەدا بنرێت.
لای هەمووان ئاشکرایە کە دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا ئەمڕۆ قەیرانێکی
جیهانییە کە ڕووبەڕووی هەموو وڵاتان و گەلان دەبێتەوە و لە عێراقدا ئەم کێشەیە
گرنگییەکی گەورەی هەیە، چونکە یەکێکە لە دیارترین وڵاتان کە کاریگەری گۆڕانی
کەشوهەوا بەتایبەتی قەیرانی ئاو کاریگەری هەیە کە بەدەست کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی
ئاو و زیادبوونی بەبیابان بوون و وشکەساڵییەوە دەناڵێنێت.
ئەمەش پێویستی بە هاوکاری نزیک لەنێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت
و پسپۆڕ و ئەکادیمیستەکان هەیە بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و بەرەنگاربوونەوەی
بەبیابان بوون و وشکەساڵی، لەڕێگەی ستراتیجی کاریگەر بۆ بڵاوکردنەوەی ڕووپۆش و
دارستان کردن.
بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە قەیرانی ئاو لەعیراقدا چیتر تەنیا
دۆسیەیەکی کەرتێک نییە بەڵکو مەسەلەیەکی نیشتمانی گشتگیرە و پێویستی بەیەکخستنی
دیدگاکان و هەماهەنگی هەوڵەکانی نێوان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و کارکردن
بەپێی ستراتیجی زانستی هەیە کە پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکانمان بۆ نەوەکانی داهاتوو
مسۆگەر بکات.
عێراق ڕووبەڕووی تەحەدایەکی گەورەتر دەبێتەوە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و
دابەزینی داهاتی ئاو و زیادبونی بەبیابان بوون و وشکەساڵی، کە پێویستی بە هەنگاوی
خێرا هەیە لەسەر چەند ڕێبازێک کە لە بەهێزکردنی هاوکاری ناوچەیی لە دۆسیەی ئاو
دەستپێدەکات، تا چالاککردنی دیپلۆماسی ئاو بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی عێراق و
چاکسازی لە سیاسەتی ناوخۆیی بەکارهێنان و بەڕێوەبردنی ژیرانەی سەرچاوەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، پێگەی عێراق وەک وڵاتێکی خوارەوە لە حەوزی دیجلە و
فورات تەحەدایەکی گەورە دروست دەکات، چونکە پشت بە ئاو دەبەستێت کە لە دەرەوەی
سنوورەکانی، بەتایبەتی لە تورکیا و ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت.
لێرەدا بە ڕوونی جەخت لەسەر پێویستی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ناچاری و
دادپەروەرانە دەکەینەوە، بەتایبەتی لەگەڵ تورکیا، لەسەر دابەشکردنی ئاوی عێراق لە
ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، بۆ ئەوەی مافە مێژووییەکانی ئەو وڵاتە لەسەر ئەم
سەرچاوە گرنگانە مسۆگەر بکرێت.
پێویستە لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنی تورکی لەئەولەویاتی سەرەکی ئەجێندای
سیاسەتی ئاوی عێراقدا بێت و کاری جددی لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسی و یاساییەکانەوە
بکرێت بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە پشکی پێویست بۆ عێراق مسۆگەر بکات و بەوەش
یارمەتیدەر بێت لەدابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتوان و پڕۆژەکانی کشتوکاڵ و
گەشەپێدان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی کەمی ئاو کە وڵات بەدەستیەوە دەناڵێنێت.
ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە کەلتووری عەقڵانی بەکارهێنانی ئاو
لە کەرتە جیاوازەکاندا دابمەزرێنرێت، هەروەها خێراترکردنی مۆدێرنکردنی سیستەمی
ئاودێری و کشتوکاڵی، هاوتەریب لەگەڵ ئاستەنگە نوێیەکان و کەمکردنەوەی پاشەڕۆ و
زیادکردنی کارایی.
لەم چوارچێوەیەدا، داوا لە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو و دەزگاکانی
پاڵپشتی دەکەم کە کارەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ نەهێشتنی زیادەڕەوی بۆ سەر
ڕووبارەکان و پەرەپێدانی ژێرخانی ئاو.
خوشک و برایانی بەڕێز ...
ئێمە زۆر پشت بەم کۆنفرانسە دەبەستین، لەگەڵ شارەزایان، پسپۆڕان و
بەرپرسەکانی، بۆ ئەوەی ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ دیالۆگی زانستی و بەرهەمی پراکتیکی
کە یارمەتیدەر بێت لە داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی ڕوون بۆ ئاسایشی بەردەوامی ئاو.
لە کۆتاییدا بەناوی بەڕێز سەرۆک کۆمارەوە سڵاو و پێزانینی خۆم بۆ
هەموو ئەوانە دووپات دەکەمەوە کە بەشدارییان لە ئامادەکردن و ڕێکخستنی ئەم
کۆنفرانسەدا کردووە و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
سڵاو و دروود و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوای گەورەتان لەسەربێت.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
وەفدێکی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری سەردانی هونەرمەند حیکمەت هیندی دەکەن
01:28 PM - 2026-06-24 -
تەمەنى 16 ساڵە و بە پێنج زمان وەرگێڕان دەکات
12:16 PM - 2026-06-24 -
هێرشەکانی ئۆکرانیا کارەباى لە سێڤاستۆپۆڵ و خێرسۆن پچڕاند
10:57 AM - 2026-06-24 -
عومان و ئێران تەئکید لە کراوەیی گەرووی هورمز دەکەنەوە
10:26 AM - 2026-06-24
ئەمانەش ببینە
یاسای دژەتیرۆر بەسەر بەکارهێنەرانی درۆندا جێبەجێ دەکرێت
03:07 PM - 2026-06-24
لهسهر راسپاردهی جێگری سهرۆكی یهكێتی بهشێك له كێشهكانی چهمچهماڵ چارهسهر دهكرێن
11:37 AM - 2026-06-24
ئەنجومەنی وەزیران بۆ تاووتوێکردنی دوو پرسی گرنگ کۆدەبێتەوە
10:00 AM - 2026-06-24
نرخى نەوت نزمدەبێتەوە
09:07 AM - 2026-06-24
زۆرترین خوێنراو
-
نرخى نەوت نزمدەبێتەوە
جیهان 09:07 AM - 2026-06-24 -
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ و باڵیۆزی رووسیا: بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەكان هەنگاوی جدی بنرێت
ی ن ک 08:53 PM - 2026-06-23 -
لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسان لەسەر میكانیزمی بەرگریكردن لەمیدیاكاران هاتەدەنگ
کوردستان 08:41 PM - 2026-06-23 -
خەڵاتی رێزلێنان دەبەخشرێتە خاتوو شنۆ شاسواری
ی ن ک 08:30 PM - 2026-06-23 -
قوباد تاڵەبانی: لەهەرێم دەرفەتی گەورە هەیە بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار
کوردستان 06:15 PM - 2026-06-23 -
قوباد تاڵەبانی: هەرێم و عیراق هاوکاربن بۆ گەشەپێدانی ئابوری وڵات
کوردستان 04:58 PM - 2026-06-23 -
ترەمپ رەزامەندی ئێران بۆ پشکنینی ئەتۆمی رادەگەیەنێت و تاران رەتی دەکاتەوە
جیهان 04:18 PM - 2026-06-23 -
سۆمۆ: هەناردەی نەوتی کەرکوک بۆ حەوت ملیۆن بەرمیل بەرزبۆتەوە
کوردستان 03:39 PM - 2026-06-23





.jpg)

دابەزێنە

