شەرع، لە داواكراوێكی یاساغەوە بۆ پێشوازی شاهانە
جیهان 04:21 PM - 2025-05-14
ئاژانسەكان
دۆناڵد ترەمپ، ئەحمەد شەرع، محەمەد بن سەلمان
هەشت ساڵ پێش ئێستا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ملیۆنان دۆلاری وەك خەڵات دیاریی كرد بۆ ئەو كەسەی كە زانیاری لەسەر (ئەحمەد حەسەن شەرع) ناسراو بە ئەحمەد شەرع كە نازناوی (جولانی) یە بداتە ئەمریكا، چونكە ئەو كات ئەمریكا وەك سەركردەیەكی تیرۆرستان دەیناساند، بەڵام ئەمڕۆ 14-5-2025 ئەحمەد شەرع كە داواكراوێكی یاساغ بوو لە ریازی پایەتەختی سعودییە، لەبەردەم دۆناڵد ترەمپ وەستا و چاویكەوت بەسەرۆكی ئەمریكا.
خەڵاتی ئەلجولانی 10 ملیۆن دۆلار بوو
ساڵی 2017 واشنتۆن خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاری پێشكەش بە هەر كەسێك دەكرد كە زانیاری لەسەر ئەحمەد شەرع بدات بۆ ئەوەی دەستگیر بكرێت، ئەم بڕیارە لەچوارچێوەی ستراتیجەكەی ئەمریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ژێر رۆشنایی پەرەسەندنی هەڕەشەی گروپە توندڕەوە فرانتەیشناڵەكاندا هات.
بەڵام سەرەڕای هەموو جیاوازییەكان، دەستەی تەحریر شام لەلایەن ئەمریكاوە وەك رێكخراوێكی تیرۆرستی ناوی هاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریكا جولانی یان فەرماندە باڵاكانی تری دەستەی تەحریر شامی نەكردووەتە ئامانج.
شەرع: نابینە دوژمنی ئەمریكا
لەبەرامبەریشدا نزیكەی 10 ساڵ لەمەوبەر ئەحمەد شەرع رایگەیاندبوو: "ئەو هەوڵنادات ببێتە دوژمنی ئەمریكا"، هاوكات لە یەكەم ئیدارەی ترەمپەوە كە دانوستانەكانی بۆ رێككەوتن لەگەڵ تاڵیبان لە ئەفغانستان ئەنجامدا، جولانی و دەستەی تەحریر شام داوای رێككەوتنێكیان كردووە كە ناویان لە لیستی تیرۆرستی دەربهێندرێت.
لەساڵی 2021 دا ئەحمەد شەرع لەچاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی PBS بەشداریكردنی لە ئۆپەراسیۆنەكانی دەرەوەی سوریا رەتكردەوە و دەستنیشانكردنی وەك تیرۆرست بە "نادادپەروەرانە" ناوبرد، بەڵام ئەمریكا هەڵوێستی خۆی نەگۆڕی.
ئەمریكا خەڵاتی ئەلجولانی هەڵوەشاندەوە
تەنها چەند مانگێك پێش ئێستا و لەساڵی 2024 دا "باربەرا لیف" یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند: "لەگەڵ "ئەحمەد شەرع"، سەرۆكی "دەستەی تەحریر شام" كۆبووینەوە و لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پاداشتی 10 ملیۆن دۆلار بۆ دەستگیركردنی، ئاگادارمان كردەوە".
بەمەش رۆژی 20-12-2024 ئەمریكا هەڵوەشاندنەوەی پاداشتێكی 10 ملیۆن دۆلاری راگەیاند كە پێشتر لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ دەستگیركردنی سەرۆكی "دەستەی تەحریر شام"،"ئەحمەد شەرع" تەرخانی كردبوو.
واشنتۆن هێزی دایەوە بە شەرع
ئەو بڕیارە لەلایەن "باربەرا لیف" یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئێستای سوریا پشتڕاست كرایەوە.
بڕیاری ئەمریكا بۆ هەڵوەشاندنەوەی خەڵاتی ئەلجولانی، ڕەنگدانەوەی گۆڕانی رێبازە لەنێوان داینامیكی سیاسی و ئەمنی نوێ لەسوریا و پێدەچێت كۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان هەردوولا بەشێك بێت لەهەوڵەكانی واشنتۆن بۆ دووبارە قەبارە و هێزدانەوە بە هاوسەنگی هێز لەناوچەكە لەڕێی ئەحمەد شەرع-ەوە.
ئەحمەد شەرع چووە بەردەم ترەمپ
دوای 8 ساڵ بەسەر دەركردنی خەڵاتی ئەلجولانی بۆ دەستگیركردنی ئەحمەد شەرع، ئەمڕۆ ناوبراو لەبەردەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەستاو پاشانیش كۆبوونەوە، لەبارەی كۆبوونەوەكەش كۆشكی سپی رایگەیاند: "دۆناڵد ترەمپ بە ئەحمەد شەرعی وتووە، "دەرفەتێكی زۆر گەورەی لەبەردەستدایە" بۆ ئەوەی "كارێكی گەورە" بۆ گەلی سووریا بكات"، هاوكات چەند داوایەكیشی لێكردووە".
كۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع ئەمڕۆ چوار شەممە لە ریاز ئەنجامدرا، كە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بە ئۆنڵاین بەشداریی كۆبوونەوەكەی كرد.
هاوكات كارۆلین لیڤیت وتەبێژی كۆشكی سپی لەبارەی كۆبوونەوەكەوە دەڵێت: "ترەمپ پێنج داوای لە شەرع كردووە، داواكارییەكانیش خۆیان لەوەدا دەبیننەوە كە پێویستە هەوڵبدات بۆ ئەوەی تیرۆرستانی بیانی سووریا جێبهێڵن، هەروەها تیرۆرستە فەلەستینییەكان بنێرێتەوە بۆ وڵاتەكەی خۆیان"، لەگەڵ ئەوەشدا پێیوتووە، "هاوكاریی ویلایەتە یەكگرتووەكان بكات بۆ رێگەگرتن لە بەهێزبوونەوەی داعش و بەرپرسیارێتی شوێنی مانەوەی داعش لە باكووری رۆژهەڵاتی سووریا لەئەستۆ بگرێت".
سزاكانی سووریا لابران
ئاوڕدانەوەی ترەمپ تەنها لە ئەحمەد شەرع نەبوو، بەڵكو شەوی رابردوو لەسەر داوای محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە كۆتایی بە سزاكانی سەر سووریا هێنا و لە وتارێكیدا كە لەكۆڕبەندی وەبەرهێنانی سعودی-ئەمریكی-دا لەسەر دۆخی سووریا پێشكەشیكرد رایگەیاند: "دوای تاوتوێكردنی دۆخی سووریا لەگەڵ شازادەی جێنشین و چەندین كەس و دۆستی دیكەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فەرمان دەكەم بە كۆتاییهێنان بەسزاكانی سەر سووریا بۆ ئەوەی دەرفەتێكیان بدەمێ، چونكە ئێستا حكومەتێكی نوێ هەیە و ئومێدەوارین سەركەوتن بەدەستبهێنێت لەسەقامگیركردنی وڵاتەكە و پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە".
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
جێگری سەرۆکی هەرێم لە رۆژی نیشتمانیی فەرەنسا بەشدار بوو
10:19 PM - 2026-07-14 -
ترەمپ: گەلی عیراقمان خۆشدەوێت
06:33 PM - 2026-07-14 -
ئاگرەکەی گوندی ژاژڵە لە تەشەنەی بەردەوامدایە
04:09 PM - 2026-07-14 -
ترەمپ: هێشتا ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێران هەیە
10:43 AM - 2026-07-14
ئەمانەش ببینە
ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گۆڕا بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی
06:36 PM - 2026-07-14
سبەینێ دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەستپێدەکات
03:34 PM - 2026-07-14
قوباد تاڵەبانی: دەبێت پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە کاتی خۆیدا تەواو بێت
02:07 PM - 2026-07-14
جێگری سەرۆکی هەرێم رۆڵی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیای بەرز نرخاند
12:58 PM - 2026-07-14
زۆرترین خوێنراو
-
قوباد تاڵەبانی: دەبێت پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە کاتی خۆیدا تەواو بێت
کوردستان 02:07 PM - 2026-07-14 -
لە یادی رووخانی سیستمی پاشایەتیدا، عیراق دەوڵەتی کودەتا و میلیشیا
بیروڕا 01:43 PM - 2026-07-14 -
جێگری سەرۆکی هەرێم رۆڵی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیای بەرز نرخاند
کوردستان 12:58 PM - 2026-07-14 -
ترەمپ: هێشتا ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێران هەیە
جیهان 10:43 AM - 2026-07-14 -
ئەفسەرێكی كوردی بەشداربوو چیرۆكی رووداوەكانی شۆڕشی 14ی تەموز دەگێڕێتەوە
کوردستان 10:24 AM - 2026-07-14 -
مەرجەکانی بوون بە ئەندام لە سەندیکای رۆژنامەنووسان دەگۆڕدرێت
کوردستان 09:58 AM - 2026-07-14 -
جەنگەکان نرخى نەوت بەرز دەکاتەوە
جیهان 09:53 AM - 2026-07-14 -
(14)ی تەمموز؛ شۆڕشێک کۆماریی هێنا، یان کودەتایەک دەرگای خوێنی کردەوە؟
بیروڕا 09:53 AM - 2026-07-14



.png)



دابەزێنە

