riklam

لابردنى سزاکان لەسەر سووریا نرخى لیرەى سوورى بەرزدەکاتەوە

جیهان 12:24 PM - 2025-05-14
ئەحمەد شەرع و دۆناڵد ترەمپ PUKMEDIA

ئەحمەد شەرع و دۆناڵد ترەمپ

ئەمریكا

رۆژی 13ى05ى2025 دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەیەکەم وێستگەی گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتە ریازی پایتەختی سعودیە و سەبارەت بە دۆخی سووریاش  رایگەیاند:" ئێستا حکومەتێکی نوێ هەیە کە ئومێدەوارین سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە سەقامگیرکردنی وڵاتەکە و پاراستنی ئاشتییەکەی".

ترەمپ: فەرماندەکەم بە لابردنی سزاکانی سەر سووریا

دوای گەیشتنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ریازی پایتەختی سعودیە، لەلایەن محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیەوە لە کۆشکی یەمامە پێشوازی لێکرا و لەکۆبوونەوەیەکدا پرسە بازرگانیی وسیاسیی و ئابووریی و ئەمنییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیان تاوتوێکرد.

پاشان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە وتارێکیدا کە لە کۆڕبەندی وەبەرهێنانی سعودی ئەمریکی-دا لەسەر دۆخی سووریا پێشکەشیکرد رایگەیاند:" دوای تاوتوێکردنی دۆخی سووریا لەگەڵ شازادەی جێنشین و  چەندین کەس و دۆستی دیکەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فەرمان دەکەم بە کۆتاییهێنان بە سزاکانی سەر سووریا بۆ ئەوەی دەرفەتێکیان بدەمێ، چونکە ئێستا حکومەتێکی نوێ هەیە و ئومێدەوارین سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە سەقامگیرکردنی وڵاتەکە و پاراستنی ئاشتییەکەی."

هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد:" بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی هەیە، ئیدارەکەم یەکەمین هەنگاوەکانی ناوە بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و سووریا، بە خۆشحاڵییەوە رایدەگەیەنم کە مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوە لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی نوێی سووریا لە رۆژانی دوایی ئەم هەفتەیە لە تورکیا کۆدەبێتەوە."

ئەمەش دوای ئەوەهات رۆژی 12ى5ى2025 دۆناڵد ترەمپ راگەیاند:" دەکرێت بیر لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا بکەینەوە، لەوانەیە سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرین، چونکە دەمانەوێت سەرەتایەکیان پێ بدەین"، لەکاتێکدا لەماوەی چەند مانگی رابردووەوە حکومەتی ئەمریکا خۆى لە مامەڵەکردنی رەسمی لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا بەدوورگرتووە.

ترەمپ و ئەحمەد شەرع کۆبوونەوە

هەر لەکاتی سەردانەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ترەمپ رایگەیاند، لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆدەبێتەوە، ئەمڕۆ 14ی5ی2025 لە ریازى پایتەختى سعودیە چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری حکومەتی راگوزەری سووریا کەوت و لەگەڵیدا کۆبووەوە.

نرخی لیرەی سووری بەرزدەبێتەوە

دوای بڕیارەکەی ترەمپ لەئەگەری لابردنی سزاکانی سەر سووریا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع نرخی لیرەی سووری بەرزبووەوە، خاوەنی نوسینگەیەکیش لەبازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی دەڵێت:" لە ئێستادا نرخى لیرەى سوورى ناجێگیرە، تا رێککەوتنی ئەمریکا و سووریا جێگیر نابێت".

شوان هادى خاوەنی نوسینگەیەکی ئاڵوگۆری دراو لە بازاڕى دۆلارەکەى شارى سلێمانى بەوێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی رایگەیاند:"بەرزبوونەوەی نرخی لیرەی سووری دوو هۆکاری هەیە یەکەم هۆکار ئەوەیە، کە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، پێدەچێت سزاکانى سەر سووریا هەڵبگرم، دووەم هۆکاریش ئەوەیە کە ئەمڕۆ ئەحمەد شەرع سەرۆکى سووریا و دۆناڵد ترەمپ کۆبوونەوە".

" ئەگەر سزاکان لەسەر سووریا هەڵبگیرێت و نەوتى سووریا وەکو پێشتر هەناردە بکرێت و ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ترەمپ و شەرع باشبێت، ئەوا لیرەى سوورى زیاتر بەهاکەى بەرزدەبێتەوە، لە ئێستادا نرخى لیرەى سوورى ناجێگیرە، تا رێککەوتنی ئەمریکا و سووریا جێگیر نابێت"، شوان هادی وایوت. 

ئەمەش لەکاتێکدایە، 8ى12ى2024 دەستەی تەحریری شام بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع و بەشێک لە گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا و ئەحمەد شەرع وەک سەرۆککۆماری حکومەتی راگوزەری سووریا دەستبەکاربوو.

PUKMEDIA




ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket