riklam

لەیادی کیمیابارانی عەسکەر و گۆپتەپەو دەستپێکی ئەنفالی چوار

کوردستان 09:36 AM - 2025-05-03
مۆنۆمێنتی ئەنفالکراوان لەعەسکەر PUKMEDIA

مۆنۆمێنتی ئەنفالکراوان لەعەسکەر

تاوانی ئەنفال هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ 3-5-2025 سی و حەوت ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی گوندەکانی عەسکەر و گۆپتەپە و سەرەتای پرۆسەی کاری کۆکوژی ئەنفالی چوار لەلایەن رژێمی بەعس تێدەپەڕێت، لەم قۆناغەی ئەنفالدا رژێمی بەعس سەرەتا بە کیمیابارانکردنی گوندەکانی عەسکەر و گۆپتەپە و چەمی ڕەزان دەستیپێکرد، کە راستەوخۆ زیاتر لە200  هاوڵاتی و پێشمەرگە شەهیدبوون و دواتر بەهۆی کاریگەری کیمیابارانەکە ژمارەی شەهیدەکان بۆ    500شەهید و بریندار بەرزبۆوە، رۆژی دواتریش ئۆپەراسیۆنی قۆناغی چوارەمی ئەنفال بۆ سنوری قەڵاسێوکە و چەمی رەزان و بناری خاڵخاڵان و دەشتی کۆیە و گوندەکانی زێی بچوک دەستیپێکرد، کە لەم قۆناغە بەرفراوانەی ئەنفالدا 237 گوند خاپورکران و زیاتر لە 28 هەزارو 550 کەس ئەنفالکران.


هێزە بەشداربووکانی ئەنفالی چوار
لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی چواردا، ئەم ھێزە سەربازییانەو چەندین مەفرەزە خاسەی جاش بەشداربوون: (فەرماندەیی ھێزەکانی نەسر بە سەرۆکایەتی عەمید روکن خالید ئەحمەد ئیبراھیم، ھێزەکانی 46 بەسەرۆکایەتی عەمید عەلی ئەحمەد محەمەد، فەرماندەیی جەحافلی دیفاعی وەتەنی1 ، فەرماندەیی ھێزەکانی پارێزگاریی نەوت بە سەرۆکایەتی عەمید بارق، تیپی 38، تیپی پیادەی ئالی 5، تیپی پیادەی 8، تیپی پیادەی 2، ئامریەی مەواقعی فەیلەقی 1 بە سەرۆکایەتی عەمید ڕوکن عەلا محەمەد تەھا، لیوای پیادەی 444، لیوای پیادەی 110، لیوای پیادەی ئالی 46، لیوای مەغاویری 1 ی فەیلەقی 1، فیرقەی مەغاویری 10، لیوای قوات خاسەی ژمارە  65و 66 و 68، لیوای زرێپۆشی 46، فەوجی مەغاویری فیرقەی 28، 27 فەوجی جاش و مەفرەزەی تەواری سلێمانی و کەرکووک، ھێزی ئاسمانی و کەرتی کیمیاوی و یەکەکانی ھەواڵگری و ژمارەیەک ھێزی جۆراو جۆری تر.

هێرشەکان لەقۆڵی جیاجیاوە دەستیان پێکرد
ھێرشی سەر ناوچەکانی ئەنفالی چوار لەچەندین قۆڵی جیاوازەوە دەستپێکرا، لە چەمچەماڵەوە بە سێ قۆڵ بۆ (کانی عارەبان، شێخ پاڵەوان، پاڵکە ڕەش)، لە تەقتەقەوە سێ قۆڵ (قەرەناو، مخەڕەس، جگیلە)، کۆیە بۆ (شەوگێڕ، بناری حاجی قەڵا، تیمارۆک، بەری ڕۆژئاوا)، شوان (جولحان، عەلی بەیان، بان کەل)، قەرەھەنجیر بۆ سەرخاسە، لە گۆپاڵەوە بۆ گەورەدێ، لە سوسێوە بۆ (عەواڵان، چەمی سورقاوشان)، لە دوکانەوە بۆ کلێسە، لە پردێوە بۆ (چیا چەرمی، گەڵۆزی، توڵکی، دەشتی ھەولێر)، لە قوشتەپەوە بۆ (کەلی قەشقە، دەشتی ھەولێر)، لە ھەولێرەوە بۆ ڕۆژئاوای کۆیە، لە شیوەسورەوە بۆ (تورکمان باخ، ناڕوجە).

قۆناغەکانی ئەنفال لە کوردستان
 22-2-1988 تا 18-3-1988: یەکەم قۆناغ بۆ شارباژێر، سورداش ، مەرگە ئامانچ سەرگەڵوبەرگەڵو بوو لە دۆڵی جافەتی لەبەرئەوەی بارەگای سەرکردایەتی یەکێتی لێبوو. 22-3-1988 تا 14-31988: قۆناغی دووەم بۆ ناوچەی قەرەداغ یەکەم پەلامار بەکیمیابارانی سێوسێنان دەستی پێکرد.
 7-4-1988تا 14-4-1988: قۆناغی سێهەم  بۆ گەرمیان
3-5-1988تا 18-5-1988: قۆناغی چوارەم ناوچەکانی شوان، شێخ بزێنی ، ئاغجەلەر، کۆیە، بەشێکی ناوچەی سورداش، خەلەکان یەکەم پەلامار بە کیمیبارانی گوندی گۆپتەپەو عەسکەر، دەستیپێکرد.
24-5-1988تا  31-8-1988: قۆناغی پێنجەم، شەشەم و حەوتەم کە ناوچەکانی شەقڵاوە و رواندوزی گرتەوە.
25-8-1988 تا 6-9-1988: ئەنفالی کۆتایی بوو لە ناوچەکانی بادینان.

رۆژمێری تاوانە گەورەکانی بەعس لەکودستان
 16-3  یادی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە کە لە ساڵی1988  دا ئەنجامدرا.
 22-3 یادی کیمیابارانی سێوسێنان – قەرەداغ
 14-4 یادەوەری ئەنفال، کە لەو رۆژەدا و لەساڵی 1988 زۆرترین خەڵک لەگەرمیان گیران.
7-10یادکردنەوەی راگواستنی 40000 کەسی کورد کە لە ساڵی 1962 دا ئەنجامدراوە.
 31-7یادی جێنۆسایدی بارزانییەکان کە لە ساڵی 1983 دا ئەنجامدراوە.
18-8 یادکردنەوەی کۆمەڵکوژی گوندی سوڕیا لە ساڵی 1969 دا ئەنجامدراوە.
4-9 یادکردنەوەی کوشتن و راودونانی کوردانی فەیلی کە لە ساڵی 1980 دا ئەنجامدراوە.
16-4 کیمیارانی شێخ وەسێنان  ساڵی .1987
17-4 کیمیابارانی گوندی قزلەر، سەنگر ومیلاوکە .1987
31-5 کیمیابارانی گوندەکانی دۆڵی بالیسان،.1987
23-5 کیمیابارانی گوندەکانی کەندۆڵ، بەردۆک، بلێ، نازەنین، بالیسان، .1987
28-6 کیمیابارانکردنی شاری سەردەشت لە رۆژهەڵات (ئێران)،.1987
25-8 کیمیابارانکردنی گوندەکانی ناوچەی بادینان و کۆمەلکوژی گوندی برجینی، .1987
26-2 کیمیابارانکردنی گوندەکانی سەرگەڵو، هەڵەدن، یاخسەمر، گوێزیلە، دۆڵی جافەتی و ناوچەکانی دوکان، .1988
٣/٥ کیمیابارانی هەردو گوندی گۆپتەپە، عەسکەر 1988

ئەنفال لەسەر ئاستی عیراق و نێودەوڵەتی بەکۆمەڵکوژی ناسێندراوە
دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق لە حوزەیرانی ساڵی 2007 ئەنفالی وەک کۆمەڵکوژی ناساند و لەم بارەیەوە بڕیاری دا کە حکوومەتی عیراق پێویستە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی زیانلێکەوتووانی شاڵاوەکانی بکاتەوە، تا ئێستا حکوومەتی عیراق ھیچ ھەنگاوێکی بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال نەناوە.

ھەر لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ساڵێک دواتر بە دیاریکراوی لە رۆژی 14ی نیسانی 2008دا، ئەنفالی وەک پرۆسەیەکی پلان بۆ داڕێژراو بە ئامانجی قڕکردنی گەلی کورد بە "جینۆساید" ناسی و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق ساڵی 2017 بڕیاری دا بەوەی کە رۆژی 14ی نیسان ھەموو ساڵێک بکرێتە رۆژێکی نیشتمانیی و پرۆسە بەدناوەکە یاد بکرێتەوە، ھەروەھا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ھەنگاو بنرێت بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانی ئەنفال.

لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەی دادگای باڵای تاوانەکان و داننانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق و کارکردن بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەنفالی کورد لە عیراق، تا ئێستا نەرویج، سوید، بەریتانیا و کۆریای باشوور دانیان ناوە بە پرۆسەی ئەنفال وەک کۆمەڵکوژی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە کە کار دەکات بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەم پرسە لەسەرانسەری جیھاندا.

پێویستی قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوان
ئەو تاوانانەی بەرانبەر خەڵکی کوردستان لەلایەن رژێمی بەعس ئەنجامدرا، بەپێی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و جاڕنامە و پەیماننامەکانی مافی مرۆڤ بەکاری کۆکوژی جینۆساید ناودەبرێت، دوای پرۆسەی ئازادی عیراق و دامەزراندنی دادگای باڵای تاوانەکانی رژێمی پێشو تاوانی ئەنفال بەتاوانی جینۆساید و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناسێندرا، بەمەش بەبڕیاری دادگا مافی قەرەبوکردنەوەی بۆ زیانلێکەوتوانی ئەو تاوانە قێزەونەی رژێمی بەعسی سەدامی دەستەبەرکرد.

ئەوەی ماوەتەوە بوترێت، پێویستە حکومەتی هەرێم، پەرلەمانی کوردستان، رێکخراوەکان، سەندیکا و یەکێتییەکان، پارێزەران و کەسایەتییەکان، کەسوکاری ئەنفال و شەهیدان، سکاڵای یاسایی دژی حکومەتی ئێستای عیراق لەدادگای باڵای فیدرالی پێشکەش بکەن بەمەبەستی قەرەبوکردنەوەی ماددی، بەوپێیەی حکومەت و دەوڵەتی ئێستای عیراق بەپێی یاسا و نەریتی یاسایی میراتگری یاسایی دەوڵەت و حکومەتی رابردووی عیراقە، هەروەک چۆن قەرەبوی وڵاتی کوێت و وڵاتانی دیکەش کرایەوە پێویستە بەهەمان شێوە قەرەبوی کوردستان خەڵکەکەی بکرێتەوە پاڵپشت بەبڕیاری دادگا.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket