riklam

شێخوەسانان و بالیسان رۆژی ژینگەی هەرێم دیاریدەکەن

کوردستان 12:26 PM - 2025-04-16
سروشتی گۆمی فێڵاو فۆتۆ.. ئەژی عومەر

سروشتی گۆمی فێڵاو

ژینگە

حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یادى قوربانیانى کیمیابارانى شێخ وەسان و بالیسان و رێزگرتن لە سروشت و ژینگەی كوردستان رۆژی 16ی مانگی4 ى وەك رۆژی ژینگەی كوردستان دیاریکرد، هەموو ساڵێك لەم رۆژەدا دامودەزگاكان و رێكخراوەكانی پاراستنی ژینگە لە كوردستان بە دەیان چالاكی بەڕێوەدەبەن.

رۆژی 16ی مانگى 4 بەڕۆژی ژینگەی هەرێمى کوردستان دیاریكراوە، چونكە بۆ یەكەمجار چەكی کیمیایى بەرامبەر ناوچەی "شێخ وەسان و باڵیسان" لە ئێوارەی 16-4-1987 بەکارهێنراوە، لە لایەن رژێمی روخاوی بەعس ئەو ناوچانەی كیمیا باران كران و دۆڵی بالیسانی خۆشناوەتی یەكەمین قوربانیی چەكی كیمیاییە، ئەو كیمیابارانكردنە 264 هاووڵاتی شەهید و زیاتر لە 600 هاووڵاتی برینداری لێكەوتەوە، بۆیە لەیادی ئەو رۆژە ویژدان هەژێندا لەساڵی 2008 پەرلەمانی كوردستان بە بڕیارێك ئەو رۆژەی كرد بە رۆژی ژینگەی كوردستان.  
 
 
ژینگە چییە؟ 
 
ژینگە (Environment): بریتییە لەو ناوەندە سروشتییە هاوسەنگەی كە زیندەوەران بە هاوسەنگی تێیدا دەژین، پێكدێت لە كۆمەڵێك هۆكار و گۆڕانكاری كیمیایی و فیزیایی و بایۆلۆجی لە چوارچێوەی جوگرافیای بوونەوەراندا كە تێیدا دەژین. 
 زانستی ژینگە (Ecology): ئەو زانستەیە كە لە سەرجەم پیكهاتەكانی ژینگە دەكۆڵێتەوە و دیاریكردنی كارو چالاكییەكانی مرۆڤ تیایدا. 
 
چەمكی زانستی ژینگە:
 
زانستی ژینگە یاخود ژینگەزانی یان ژینگەناسی زانستێكی تازەیە، لەمڕۆدا تا ڕادەیەك وردە وردە خەریكە ئەم زاراوەیە بەناو كۆمەڵانی خەڵكدا بڵاو دەبێتەوە، ئەم زاراوەیە لە سەدەی بیست بەدواوە بووە جێگەیی بایەخپێدانی گرنگی لیكۆڵەران، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو هەموو جەنگ و شەڕوشۆڕەی كە جۆرەها چەك و تەقەمەنی تێدا بەكارهات و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان لەسەر رووی زەوی و زۆربوونی كارگەكان و دەردانی وزەی زیاد لە پێویست بە تایبەتی لەلایەن وڵاتە پیشەسازییەكان و زۆربوونی ئوتومبێل... هتد، كە زیانیكی گەورەی ژینگەیی هێنایە ئاراوە لە قەتسبوونی گەرما و تۆز و خۆل و دەیان كارەساتی سروشتی كە راستەوخۆ كاریگەری زۆر خراپیان كردە سەر ژینگە و هاوسەنگی ژینگەیان تێك دا. 
 
زانستەكانی ژینگە (Environment Sciences): بریتییە لە هەموو ئەو زانستانەی كە پەیوەندیدارە بە ژینگەوە وەك زانستی زەویناسی، كەشناسی، زیندەوەرزانی، فیزیا، كیمیا، خاك، ئابووری، دارستان، ئاو، دەریا و... هتد

هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگە:

- پیسبونی ئاو
- بە پاشماوەكانی نەوت
- بە پاشماوەی كارگەكان
- بە پاشماوەی خەڵك
- بە پاشماوەكانی جەنگ و تەقەمەنی

پیسبوونی هەوا

نزیكەی 80 هەزار ماددەی ژەهراوی هەوا پیس دەكەن
- لە رێگەی كارگە پیشەسازییەكان
- دەردانی سەدان ملیۆن تۆن گاز و دووكەڵ
- پاڵاوگە نەوتییەكان 
- جگەرە و نێرگەلە
- ئاگركەوتنەوە

 
پیسبوونی خاك

- زۆر بەكارهێنانی كارەبا
- گۆرانێكی نەخوازراو لە پێكهاتەی خاك
- مەترسییە شاراوەكانی پیل و پاتری
- زیانەكانی گواستنەوەی نەوت بۆ سەر خاك
- سووتانی دارستان و پاوان
- بڕینەوەی دار و سەوزی 

 
ژینگەی كوردستان لەئێستادا:
   

ئەگەر سەرنجی وردی ژینگەی هەرێمی كوردستان بدەیت و هەنگاوە كردارییەكانی حكومەتی هەرێم بۆ پرسی ژینگە هەڵبسەنگێنی هەست بەوە دەكرێت بۆ پاراستن و چاككردنی ژینگە زیاتر كار لە سەر بەشێك لە هۆشیاری ژینگەی كراوە ژینگەپارێزی وەك گوفتار دەركەوتوە نەك كرداری گرنگ و پرۆژەی سوودمەند بە ژینگە یا لانی كەم پارێزگاری لەو ژینگەیی هەیە، ڕاستە ئێستا هاووڵاتی هەرێمی كوردستان دەزانێ ژینگە چیە و بەشێكیش خەمخۆریان بۆی هەیە بەڵام  لە رووی زانستی و پێوەرەكانی گرنگی دان بە ژینگە جێگایی متمانە و دڵخۆشی نین چونكە:

١- رێژەی سەوزایی و دارستان: تا ئێستا رێژەی سەوزای هەرێمی كوردستان بە بەراورد بە ستانداردی جیهانی كەمترە و تەنانەت رووبەرێكی راست و دروست بەردەست نییە كە لە سەر نەخشە دیاری كراو بێـت و زانیاری تەواو هەبێت سە بارەت بە رێژەی راستەقینەی سەوزایى حكومەت پلان و بودجەی گەورەی تەرخاننەكردوە بۆ دروستكردنی دارستان و رووبەری سەوزای گەورە، تەنانەت پشتێنەی سەوزایی شارەكانیش كە لە پلاندا بوون، جێبەجێ نەكران.
 
٢- ئاو: سەرچاوە ئاوییەكانی هەرێمی كوردستان بە رێژەیەكی بەرز شیاون بۆ خواردنەوە و كشتوكاڵ كردن بە ئاوی سەرزەوی و ژیرزەوەیەوە، بەڵام بە هۆی نەبوونی پلانی حكومەت بۆ پاراستنی سامانی ئاو كە لە داهاتوو لە ئەگەری كەمبوونەوەی بڕەكەی كیشە و كارەساتی ژینگەیی و مرۆیی لێدەكەوێتەوە، بەداخەوە تا ئێستا سوود لە ئاوی ژێرزەوی وەردەگرێت نەتوانراوە ئاوی سەرزەوی بەكاربهێندرێت لە هەموو بوارەكان و ژمارەیەكی زۆر بیر لێدراون كە ئاوی ژێرزەوی بە بڕێكی زۆر دەردەهێنن و مەترسی لە سەر یەدەگی سامانی داهاتووی ئاو دروست دەكەن.
 
٣- ئاوەڕۆ: لە هەرێمی كوردستان لە هیچ شار و شارۆچكەیەك یەكەی چارەسەری ئاوەرۆ یان پاڵاوتنی ئاوەڕۆ لە ماددە و پاشەڕۆیە زیان بەخشەكان (ئاوی قورس و ئاوی بەكارهاتوو) نیە، لە داهاتووەكی نزیكیش ئەم پرۆژە نیشتیمانیانە بودجەیان بۆ تەرخاننەكراوە، تادێت بڕی ئاوی پیس زۆر دەبێت و تێكەڵی سەرچاوەئاویەكانی سەر زەوی و بەنداوەكان دەبێت لە هەرێمی كوردستان كە مەترسیان زۆ سەر تەندروستی مرۆڤ زیاتر دەبێت.
 
٤- خاك: ئاستی پیسبوون یا خاوێن بوونی خاكی هەرێمی كوردستان نەزانراوە، هیچ ڕێگرییەك نابینرێت بۆ پاراستنی خاكی هەرێمی كوردستان و تەنانەت پێشێلكاری زۆریش دەكرێتە سەر خاك هەر لە تەلبەندكردن و تێكدانی زەوی كشتوكاڵی و گۆڕینی رەگەزی زەویەكان، زەوی و خاك لە هەرێمی كوردستان وەك كاڵایەكی بازرگانی سەیردەكرێت.
 
٥-پاشماوەی ڕەق: رۆژانە لە هەرێمی كوردستان 7000 تۆن زبڵ و خاشاك كۆدەكرێتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا ناوەندێكی ریساكلین نییە پڕۆفێشناڵ بێت، كە لە تانجەڕۆی سلێمانی كارگەیەك دانراوە، بەڵام هێشتا بەتەواوەتی نەكەوتووەتەكار، لە ماستەرپلانی وەزارەتی شارەوانیشدا هاتووە، كە ئەو كارگەیە لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان بكرێتەوە، "بەڵام بەهۆی كێشەی داراییەوە ئەو پڕۆژانە جێبەجێنەكراون". 

 سەڕەڕایی ئەمەش هەموو جۆرەكانی پاشماوە تێكەڵ دەكرێن زۆر جار بەهۆی كەمتەرخەمی پاشماوەی پزیشكیش دەبینرێت و جیا ناكرێنەوە و دەگوازرێنەوە بۆ شوێنی تەرخانكراوی شارەوانیی بۆ چارەسەری پاشماوەی رەق بە ڕێگایی ژێر خاك كردن كە ڕێگایەكی گونجاو و ژینگەیی نییە بە تایبەت كە وەك پێویست ژێرخاكردن ئەنجام نەدرێت.
 
٦-ژینگەی هەوایی: لەگەڵ ئەوەی داتا و ئاماری گشتی هەوای هەرێمی كوردستان لە بەر دەست نین كە ئاستی پیسبوونی هەوای هەرێمی كوردستان بخاتەڕوو بەڵام هەبوونی ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێل، ئامێرە قورسەكان،خراپی كوالێتی سوتەمەنی،هەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە موەلیدەی كارەبایی و پابەندننەبوونیان بە ڕێنمایەكانی ژینگە،هەبوونی پاڵاوتگەی نەوتی ، كارگە و پیشەسازی بەڵگەن لە سەر پیسبوونی هەوای هەرێمی كوردستان هەبوونی دەنكۆڵەی هەڵواسراو و  دەرهاویشتە گازەكانی وەك دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و دووەم ئۆكسیدی نایترۆجین و هایدروكسیدی گۆگرد،(بەهۆی وەستانی قەدەغەی هاتووچۆ و چالاكییان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كڕۆنا لەساڵی ڕابردو،هەست بە جیاوازی پیسبوونی هەوا كراوە كە بەڵگەیە بۆ پیسبوونی هەوایی هەرێم لە ڕابردوو و داهاتوو )، رۆژانە لە هەرێمی كوردستان بەپێی ئەو داتایانەی دەستەی ژینگەی هەرێم لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان وەریانگرتووە، نزیكەی 8 ملیۆن لیتر بەنزین دەسووتێنرێت، "ئەمەش زیانێكی گەورەی بۆسەر ژینگەی هەرێمی كوردستان هەیە".
 
٧-ژاوەژاو : هەبوونی مۆلیدەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەموو گەرەكێك و بەكارهێنانی لە كۆمپانیا و كارگە و هۆتێلەكان و تەنانەت باڵەخانە و فەرمانگە حكومییەكان هەست بە هەبوونی ژاوەژاوێكی زۆر دەكرێت و حكومەتی هەرێم نەیتوانیوە وەك پێویست ڕێگری لە ژاوەژاوی موەلیدە بكات نەتوانراوە ڕێنمایەكانی  دەستەی ژینگە سەبارەت بە ژاوەژاو پەیڕەو بكڕێت، ئەمە سەڕەڕای هەبوونی چەندان سەرچاوەی تری ژاوەژاو لە هەرێمی كوردستان لە ناوچەكانی پیشەسازیەوە تا دەنگی ئۆتۆمبێل و ماتۆرسكیل كە كارگەریان لە سەر تەندروستی و هەستی مرۆڤ هەیە. 
٨- ژینگەیی بینین: هەموو كۆچە و كۆڵانێكی شارەكان پڕیەتی لە دیمەنی ناشیرن و نەخوازراو كە كار لە مڕۆڤ دەكەن و وادەكەن هەست بە بێزاری بكات هەر لە هەبوونی دیمەنی وایری كارەبا كە لە تۆڕی جاڵجاڵۆكە ئەچن وە تابلۆی ناڕێك و ڕەنگی نەگونجاو و دێمەنی بێزاركەر. 

 
كەواتەجۆرەكانی پیسبوونی ژینگە لە هەرێمی كورستان ئەمانەن:


- پیسبوونی هەوا
- پیسبوونی ئاو
- پیسبوونی خاك
- پیسبوون بە گەرمی
- پیسبوون بە تیشك
- پیسبوون بە كانزاكان
- پیسبوون بە نەوت
- پیسبوون بە ماددەی كیمیایی
- پیسبوونی بە ژاوەژاو
- ژەهراویبوونی خۆراك
- پیسبوونی رووناكی 
 

ئەوەی پێویستە بكرێت لەژینگەی كوردستاندا:

 
پاکردنەوەى تەواوى ژینگەکانى وەکو ژینگەى ئاو، هەوا، خاک، بینراو، و بیستراو چونکە هەر جۆرێکى ژینگەی پیسبوو زیانى بۆسەر مرۆڤەکان هەیە، بۆ نموونە بە پاککردنەوەى ژینگەى بینراو وەکو لابردنى ئەو کەیبڵانەى ئى کارەباى مۆلیدە و رەیسیە و ئاسمانى بەردەم ماڵ و بیناکانى تەنیووە، زۆرجار دیمەنى نەشاز و ناشیرین دەدات بەو ئاسمانە جوانەى کوردستان وا نەبێت دیمەنەکان جوانتر دەبن و کاریگەرى لەسەر باشبونى دەرونى مرۆڤەکان دەبێت.

سەرچاوەكان
 
ئەندازیار،عەبدولڕەحمان سدیق، پڕۆژەی پێكەوە پاراستنی ژینگە 
حیكمەت مەعروف،سۆران كەریم ،پیسبوونی ژینگە بەژاوەژاو(تاعونی سەردەم) 
سەروەر قەرەداغی، ژینگە و رێكخراوە ژینگەییەكان لەباشوری كوردستان  
،ئارام نەجات،حكومەتی هەرێم و پرسی ژینگە، سایتی خەندان، 16-04-2020. 
zzhinga.blogspot.com،عمر كەریم، ژینگە چییە
دانا كەریم، كاریگەری ژاوەژاو لەسەر ژینگە و تەندروستی مرۆڤ،كوردستانی نوێ
د. مەدیحە سۆفی،پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگەكەی دەبێ چۆن بێت كوردستانی نوێ،17/05/2020

 
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket