زیانەكانی راگرتنی نەوتی هەرێم بە 21 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت
کوردستان 01:25 PM - 2025-03-27
PUKMEDIA
نەوتی هەرێمی کوردستان
دوو ساڵ بەسەر بڕیارە 277 لاپەڕەییەكەی پاریس تێدەپەڕێت كە بووە هۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و زیانەكان بە 21 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، لەگەڵ ئەوەی هەوڵەكانی هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێم بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتەكە بەردەوامی هەیە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ بڕە نەوتێكی هەرێم لەڕێگەی كۆمپانیای نیشتمانی سۆمۆوە هەناردە نەكراوەتەوە.
هەرچەندە حكومەتی هەرێم لەڕۆژی 2ی 4ی 2023، بەڕەسمی هەناردەكردنی نەوتی رادەستی بەغدا كرد، بەڵام هەتا ئێستا نەوت لەهەرێمەوە بە بۆری بۆ دەرەوەی عیراق هەناردە نەكراوەو نزیكەی ساڵێكیشە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق و حكومەتی توركیاش بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بەردەوامە، پسپۆڕێكی بواری وزەش رایدەگەیەنێت: "رۆژانە لەهەرێم بڕی 286 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێت، بەگریمانە بەرمیلی بە 73 دۆلار دانرێت، كەواتە لەو ماوەیەدا 20 ملیار و 878 ملیۆن دۆلار زیان بەر هەرێم كەوتووە".
هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆچی راگیرا؟
حكومەتی عیراق لەژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لەپاریس، سكاڵای لەسەر حكومەتی توركیا تۆماركرد، چونكە وەك لەسكاڵاكەی عیراقدا هاتووە، "توركیا رێككەوتنی ترانزێتی بۆریی نەوتی ساڵی 1973ی پێشێلكردووە، بەجۆرێك نەوتی خاوی لەهەرێمی كوردستانی عیراقەوە بەبێ رەزامەندی بەغدا هەناردە كردووە"، ژووری بازرگانی نێودەوڵەتیش لە پاریس بە بڕیارێكی (277) لاپەڕەیی كە لە رۆژی (13ی 2ی 2023) دەرچوو، لە (25ی 3ی 2023) بەڕەسمی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرت.
بڕیارەكەی پاریس بۆ راگرتنی نەوت و سزادانی توركیا
بە پێی بڕیارەكەی ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی دەستوری و یاساییە لەچوارچێوەی عیراقدا، بەڵام ناتوانێت نەوت لەڕێگەی بۆرییەوە بۆ دەرەوە بگوازێتەوە، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێك نییە لە رێككەوتنی IPT واتا بە بازاڕكردنی نەوتی جیهانی كە لەنێوان توركیاو عیراق لەساڵی 1973 تایبەت بە بۆری نەوت ئیمزا كراوە.
هاوكات دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس بڕی نزیكەی (ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلار) قەرەبووی بەسەر توركیادا سەپاند، لەبەرامبەر ئەو جۆرە هەناردەكردنەی نەوتی هەرێم.
زیانەكانی راگرتنی نەوت
زیانە خەمڵێنراوە داراییەكان بەم شێوەیەن:
رێبوار محەمەد ئەمین پسپۆڕی بواری وزە لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ وێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA وتی: "رۆژانە لەهەرێم بڕی 286 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دێت، ئەگەر بەگریمانە بەرمیلی بە 73 دۆلار دابنرێت كە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لەو بڕەدا بووە، دەكاتە بڕی 20 ملیارو 878 ملیۆن دۆلار، (لەكاتێكدا لە ئەمڕۆداشدا نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لەبازارەكانی جیهاندا بە بڕی 73 دۆلارە)، كە مانگانە دەگاتە 626 ملیار و 340 ملیۆن دۆلار)".
"بەپێی ئەو رێژەیەی لەچوارچێوەی گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنان كە لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نەوتییەكان كرابوو، بەڕێژەی %43 بۆ هەرێمی كوردستان بوو كە دەكاتە بڕی 269ملیار و 326 ملیۆن و 200هەزار دۆلار، پشكی كۆمپانیا بیانییەكانیش مانگانە بڕی 357 ملیار و 13 ملیۆن و 800 هەزار دۆلارە" رێبوار محەمەد ئەمین وادەڵێت.
عیراق دژی هەناردەی نەوتی هەرێم بوو
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2010وە پڕۆژەی دروستكردنی بۆری نەوتی كوردستانی دەستپێكردو لەكۆتایی ساڵی 2013دا بۆ یەكەمجار نەوتی هەرێم بە بۆری بۆ ناو خاكی توركیا هەناردەكراو لە وێشەوە لەڕێگەی بۆری هاوبەشی عیراق- توركیاوە گەیەندرایە بەندەری "جەیهان"و رەوانەی بازاڕەكانی جیهان كرا، بەهۆیەشەوە ناكۆكی لەنێوان حكومەتی عیراق و توركیا لەبارەی خاوەندارێتی بۆرییەكە سەریهەڵدا.
حكومەتی عیراق دوای دەستپێكردنی هەناردەی نەوتی هەرێم لەساڵی 2014 لەپاریس سكاڵای دژی توركیا تۆماركرد، لەساڵی 2023 ئەنجامەكەی دەستكەوت و هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستانی راگرت.
نەوتی هەرێم رادەستی بەغدا كرایەوەو هەوڵەكانیش بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت بەردەوامن
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕەسمی هەناردەكردنی نەوتی لە 2ی 4ی 2023 رادەستی بەغدا كرد، بەڵام هەتا ئێستا نەوت لەهەرێمەوە بە بۆری هەناردە بۆ دەرەوەی عیراق نەكراوە، هاوكات نزیكەی ساڵێكە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق و تەنانەت حكومەتی توركیاش بۆئەوەن دەست بەهەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بكرێتەوەو كێشەكان چارەسەر بكرێن، ئەمریكاش داوای كردووە هەرێم و عیراق بگەنە رێككەوتن و دەست بەهەناردەی نەوت بكەنەوە، لەو پێناوەدا چەندین كۆبوونەوە كراوە، بەڵام لەگەڵ بوونی هەموو ئەو هەوڵانە تاوەكو ئێستا هیچ بڕە نەوتێكی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە نەكراوە.
سێ كێشهی سهرهكی لهبهردهم ههناردهكردنهوهی نهوتی ههرێمدا ههن
هاوكات لەوبارەیەوە عەلی مەشكوور ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە: "هیچ وادەیەكی دیاریكراو بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دیاریی نەكراوەو هەوڵەكان بەردەوامن بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم".
راشیگەیاندووە: "سێ كێشەی سەرەكی لەبەردەم هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم هەن، كە خۆیان لەبوونی تێبینی لەسەر كۆمپانیا راوێژكارییەكان و بوونی تێبینی لەسەر بڕی ئەو نەوتەی لەناوخۆی هەرێمی كوردستان بەكاردەهێنرێت، هەروەها پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ وردبینی لەو بڕە نەوتەی كەهەناردە دەكرێت".
هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم هەیە
ئەمریكا لەرێگەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە داوای لەعیراق كردووە كە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت خێراتر بكات.
تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هەفتەی رابردوو لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "داوا لەحكومەتی عیراق دەكەین لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت رێكبكەوێت، بۆ ئەوەی بە زووترین كات هەناردەكردنی نەوت لەڕێگەی بۆری عیراق-توركیا دەستپێبكاتەوەو گرێبەستەكانی ئێستای لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان جێبەجێبكات".
هەناردەی نەوت لەنێوان هەرێم و عیراق دا
حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت كۆنترۆڵی سەرچاوەكانی نەوت بكات و داهاتەكانی بۆ هەرێم پارێزراوبن، داواش دەكات ئەو كۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتیانەی نەوتی هەرێم هەناردە دەكات لەگەڵ حكومەتی هەرێم رێككەوتن ئیمزا بكەن، ئەمەش دەستووری عیراق رێی پێداوەو دەكرێت هەرێم سەربەخۆیی خۆی هەبێت لەبواری داراییدا، بەڵام حكومەتی عیراق داوا دەكات هەموو نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عیراق (SOMO)سۆمۆوە هەناردە بكرێتەوەو دەیەوێت داهاتی نەوتی هەرێم بچێتەوە ناو بودجەی دەوڵەت، دواتریش بەپێی رێككەوتن بەشە بودجەی هەرێم دابینبكرێت، هەروەها داوای دروستكردنی لیژنە بۆ چاودێریكردن و بەرهەمهێنانی هەناردەی نەوت لەهەرێم دەكات بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەت.
هەڵوێستی توركیا لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم
توركیا داوا دەكات كێشە یاساییەكانی نێوان عیراق و هەرێم چارەسەر بكرێن، چونكە توركیا بەهۆی راگرتنی بۆرییەكەوە زیانی دارایی گەورەی بەركەوتووە ئەمە جگە لەوەی (بڕیارەكەی دادگای پاریس توركیای سزاداوە بەبڕی ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلار).
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
هاوخەمی سەرۆک بافڵ بۆ کۆچی دوایی کاوەی ئیزاعە
09:55 AM - 2025-11-07 -
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق: بانگەشە کۆتایی دێت
03:58 PM - 2025-11-06 -
سەرۆكی یەكێتی 500 ملیۆن دینار دەبەخشێتە یانەی نەورۆز
01:45 PM - 2025-11-06 -
مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال: تێکۆشەرانی یەکێتی سەرمایەیەکی گەورەن
01:31 PM - 2025-11-06
ئەمانەش ببینە
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 9 ملیار دینارە
08:50 AM - 2025-11-07
قوباد تاڵەبانی: سەرکەوتنی زۆر گەورە بەدەست دەهێنین
07:01 PM - 2025-11-06
سەعدی پیرە: لەژێر ناوی بێ مانا مووچەی خەڵکی هەرێم بڕدرا
06:35 PM - 2025-11-06
بهپێی راپرسییهكان یهكێتی سهركهوتنی گهوره بهدهستدههێنێت
02:51 PM - 2025-11-06
زۆرترین خوێنراو
-
بهپێی راپرسییهكان یهكێتی سهركهوتنی گهوره بهدهستدههێنێت
ڕیپۆرتاژ 02:51 PM - 2025-11-06 -
قوباد تاڵەبانى:خەڵک ئێستا زیاتر لەهەر کاتێکی دیکە ئومێدیان بە یەکێتییە
کوردستان 02:50 PM - 2025-11-06 -
ئەدهەم بارزانی: دەنگ بدەن بەو کاندیدانەی هێژا بافڵ جەلال تاڵەبانی دیاری کردون
کوردستان 01:51 PM - 2025-11-06 -
سەرۆكی یەكێتی 500 ملیۆن دینار دەبەخشێتە یانەی نەورۆز
کوردستان 01:45 PM - 2025-11-06 -
مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال: تێکۆشەرانی یەکێتی سەرمایەیەکی گەورەن
کوردستان 01:31 PM - 2025-11-06 -
كارنامەی لیستی 222 ی یەكێتی بۆ سێکتەری کارگێڕی و ئابووری
ی ن ک 11:05 AM - 2025-11-06 -
حاکم قادر: ھەموان دەنگ بە لیستی 222ی یەکێتیی بدەن
کوردستان 11:05 AM - 2025-11-06 -
بێگەرد تاڵەبانی: یەكێتی خاوەنی ئەو دەستكەوتانەیە كەبانگەشەیان پێوەدەكرێت
کوردستان 10:57 AM - 2025-11-06







دابەزێنە

