قوباد تاڵەبانی: یەكێتی دەیەوێت بەشدارێكی كارای پێكهێنانی حكومەت بێت
کوردستان 12:58 PM - 2025-02-27
PUKMEDIA
قوباد تاڵەبانی
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم و ئەندامی مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری پانێڵێکی کرد لەدیداری هەولێر و رایگەیاند:
"دەمانەوێت كابینەی داهاتووی حكومەت بەهێزو پتەو بێت و یەكێتیی نیشتمانیی
كوردستانیش دەیەوێت بەشدارێكی كارابێت لەپێكهێنانی حكومەت، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ
پارتی دیموكراتی كوردستان هەنگاوی باشمان ناوە".
راشیگەیاند: "نابێت حزب حكومەت بۆ بەرژەوەندییەكانی خۆی و
پاكتاوكردنی نەیارەكانی بەكاربهێنێت، لەپێناو بەرژەوەندی كوردیش پێویستە پێگەمان
لەبەغدا پتەوبكەین، چونكە زۆربەی كێشەكانمان لەبەغدا چارەسەردەبن".
پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم
قوباد تاڵەبانی لەبارەی کۆبونەوەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ
پێکهێنانی حکومەت رایگەیاند: "پرسی پێکهێنانی حوکمەت لەنێوان هەردوولادا جدیتربووەو
هەنگاوی باشی ناوە، لەکاتێکدا لەرابردوودا پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی لە
ئاستێکی زۆر خراپدا بووە، هاوکات هەتا ئێستا لەنێوانماندا پرسی یەکلاکردنەوەی
پۆستەکان باس نەکراوە، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەئکید لەوە دەکاتەوە کە
دەیەوێت شەریکی حکومەت بێت، نەک هاوبەشی پێبکرێت، هەروەها دەمانەوێت بەشداربین
لەبڕیارە گرنگەکان نەک وەک ئەوەی لەرابردوودا هەبووە".
"دەمانەوێت لە حکومەتی داهاتوو پێگەی کاریگەرترمان هەبێت، ئەوەشی
لەکۆبونەوەکاندماندا لەگەڵ پارتی باسکراوە پرسی میکانیزمی بەڕێوەبردن بووە، هەم لە
ناوخۆی هەرێم و هەم بۆ دەرەوەش، هەروەها لەرابردوودا بێمتمانەیی لەنێوان یەکێتی و
پارتیدا دروستبووە، بۆیە زۆر گرنگە ئەو متمانەیە بۆ نێوانمان بگەڕێنینەوە، لەو
روانگەیەشەوە کابینەیەکی بەهێز پێکبێت، ئەمەش تەنها لەپیناو خزمەتی باشتر بەخەڵک"
جێگری سەرۆک وەزیران وادەڵێت.
وتیشی: "یەکێتی هەمیشە پەیوەندی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کەجێگری
سەرۆکی پارتییەو سەرۆکی هەرێمیشە، باش بووە، دڵنیام گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی
یەکێتی و سەرۆکی هەرێمیش لە داڤۆس برەو زیاتر بە پەیوەندییەکان دەدات، بەڵام ئەوەی
یەکێتی تەئکیدی لێدەکاتەوە ئەوەیە کە راستە لەرێککەوتنەکانی پێشومان لەگەڵ پارتی
خاڵی زۆر ئیجابی و باشی تێدابووە، بەس گرنگە بزانین کەبۆ جێبەجێ نەکراوە، هەروەها
دەمانەوێت ئەو هەڵانەی لەرابردوودا هەمانبووە لەداهاتوودا نەیکەینەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد: "یەکێتی هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نەبووە کە ناکۆکییە
حزبییەکان لەناو حکومەتدا رەنگبداتەوە، هەر ئەمەش وایکرد من بۆ چەند مانگێک
بەشداری کۆبونەوەکانی حکومەت نەکەم، راستە یەکێتی و پارتی لەهەموو شتێکدا جیاوازن
بەڵام گرنگە میکانیزمێک هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و دەمانەوێت پارتی
لەترسی یەکێتی بۆ حکومەتی داهاتوو وەک رابردوو نەبێت و لە فشاری شەقام تێبگات".
پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا
قوباد تاڵەبانی لەسەر ئەو پەیوەندییانە رایگەیاند: "گرنگە لەوە
تێبگەین کەهەموو کێشەکانمان لەهەولێر بۆ چارەسەر ناکرێت، بەپێچەوانەوە دەبێت بۆ
هەندێک پرس بگەرێینەوە بۆ بەغدا، بۆ ئەمەش گرنگە پێگەیەکی بەهێزمان وەک کورد
لەبەغدا هەبێت، کەهەمیشە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێداگری لە پێگەکەمان
کردووە".
"ئەگەر بمانەوێت کوردستانێکی بەهێزمان هەبێت، گرنگە پێکەوە
لەبەغدا بەهێزبین، بۆئەوەی ئەو کێشانەی کەلەگەڵ بەغدا هەمانە چارەسەری بکەین،
کەبەبۆچۆنی من کێشەکان تەنها خۆی لە مووچە و بودجە نابینێتەوە، لەکاتێکدا دەبینین
پرسی ناوچە جێناکۆکەکان رۆژ دوای رۆژ ئاڵۆزتر دەبێت"، قوباد تاڵەبانی وای وت.
گۆڕانکارییەکانی سوریا
جێگری سەرۆکی حکومەت لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بەگشتی و سوریا
بەتایبەتی کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێم رایگەیاند: "راستە هەموو پرسە دەرەکییەکان
کاریگەرییان لەسەر هەرێم هەیە، بەڵام پێم وایە هێشتا سوریا گۆڕانکاری دیکە
بەخۆیەوە دەبینێت و چاوەڕوانناکرێت وەک ئێستا بمێنێتەوە، لەکاتێکدا زۆر گرنگە لە
حکومەتی نوێی سوریا هەموو پێکهاتەکان بەشداربن، بۆیە جارێ یەکێتی لەبارودۆخەکە
دەڕوانێت، بزانین چی دیکە لە سوریا روودەدات".
ئەوەشی وت: "رۆڵی کورد لە سوریا زۆر گرنگە و لەوەش گرنگتر ئەوەیە
کەرووبکاتەوە دیمەشق و بەشداربێت لە سوریای نوێ، هەروەک چۆن پێمان هەڵەیە کەکورد لەسوریای
نوێدا پەراوێز بخرێت، وەک یەکێتیش دەبێت سیاسەتی رونمان بۆ سوریا هەبێت، لەماوەیەکی
نزیکدا ئۆفیسەکەمان لە دیمەشق دەکەینەوە، هەرچەندە لەماوەی رابردوودا لێکتێنەگەیشتنێک
لەو بارەیەوە هەبووە".
پەیوەندییەکانی یەکێتی و ئێران
قوباد تاڵەبانی ئەوەش دەڵێت: "پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ ئێران
و خراپی پەیوەندییەکانیشمان لەگەڵ تورکیا بەو شێوە رەش و سپییە نییە کەدەوترێت،
هەروەک چۆن بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئەم وتەیە راستە، کەخراپی
پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و باشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا باس دەکرێت، لەگەڵ
ئەوەشدا گرنگە ئەوەمان لەبیربێت کە ئێران وڵاتێکی بەهێزە لە ناوچەکەو سیاسەتێکی
ژیرانە پەیڕەو دەکات و ئەزمونێکی زۆری لە حوکمڕانیدا هەیە".
"یەکێتی لەگەڵ ئەوەی نەبووەتە مەترسی بۆسەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ،
بەپێچەوانەوە هەوڵمانداوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکە پەیوەندییەکانمان
بەهێز بکەین، هەروەها هەمیشە ئاشتیمان لەسیاسەتمان بۆ ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمیش
هەڵبژاردووە، پێمان وایە گفتوگۆکان کێشەکان چارەسەردەکەن، نەک جەنگ"، قوباد
تاڵەبانی واش دەڵێت.
پەیوەندییەکانی یەکێتی و تورکیا
لەبارەی پەیوەندییەکانی یەکێتی و تورکیاشەوە ئاماژەی بەوە کرد: "یەکێتیی
نیشتمانیی کوردستان پەیوەندییەکی مێژووی لەگەڵ تورکیادا هەیە، کەسەرۆک مام جەلال
دایمەزراندووە، لە ئێستاشدا هەوڵی پارێزگاری کردن لە پەیوەنییەکانمان دەدەین و راستە
پەیوەندییەکانمان ساردی تێکەوتوە بەڵام زۆری
ناوێت گەرمیبکەینەوە".
وتیشی: "لەرابردوودا لەدوای نەخۆشکەوتن و کۆچی دوایی سەرۆک مام
جەلال، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەناوخۆی حزبدا بە بارودۆخێکی ناهەمواردا
تێپەڕی، کەبەدڵنیاییەوە ئەو باروودۆخە کاریگەری لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشمان
هەبووە، بەڵام دەکرێت لە ئێستادا کەناوخۆی حزبمان زۆر باشە گرنگی بە پەیوەندییە
نێودەوڵەتییەکانیش بدەینەوە".
"گرنگە تورکیا لەوە تێبگات کە یەکێتی و سلێمانی هەڕەشە نین بۆ
سەری، دەکرێت بەسیاسەتی خۆیدا بچێتەوە، لەکاتێکدا ماوەیەکی زۆرە گەمارۆی خستۆتە
سەر فرۆکەخانەی سلێمانی، کەبەبۆچونی من تورکیا خۆی لەو بڕیارە زەرەرمەندە، هەروەها
بەڕاشکاوی دەڵێم کە هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێم لەم پرسەدا بەرامبەر بە سلێمانی
کەمتەرخەم بوون"، قوباد تاڵەبانی وای وت.
رۆڵی یەکێتی لە پرۆسەی ئاشتی تورکیادا
هاوکات لەبارەی رۆڵی یەکێتی لە پرۆسەی ئاشتی تورکیا وتی: "یەکێتی
بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکات و زۆر بەرونیش ئەم پشتیوانییەمان
بەوەفدی ئیمڕاڵی گەیاندووە، کەلە ماوەی رابردوودا لەسەر ئەو پرسە سەردانی
یەکێتییان کردووەو بەهەموو شێوەیەک ئاشتیمان دەوێت لەنێوان گەلی کورد و تورک لە
تورکیا".
وتیشی: "بۆ وەفدەکەی ئیمڕاڵی ئامادەییمان دەربڕیوە کە پشتیوانیان
بین بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و هەر کارێک لەسەر ئەو پرسە بەیەکێتی بکرێت
پشتیوانیان دەکەین".
پرسی مووچە و بەبانکیکردنی مووچە
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم پرسە لە دیدارەکەدا
رایگەیاند: "بەگشتی سیستمی بانکی لە عیراق خراپە، لەهەرێمی کوردستانیش
خراپترە و خەڵک متمانەی بە بانکەکان نەماوە، هەر بانکێکیش لەلایەن حزبەوە پشتیوانی
بکرێت، خەڵک لێی دوردەکەوێتەوە، هەر ئەمەشە وای کردووە کەخەڵک پەنا بۆ بانکە
حکومەییەکانی عیراق ببەن وەک ئەوەی لە ئێستادا لە سلێمانی داوا دەکرێت نوسینگەی
بانکە فدراڵییەکان بکرێنەوە".
"وەزارەتی دارایی هەرێم دوێنێ چوارشەممە لیستی مووچەی مانگی
شووباتی مووچەخۆرانی هەرێمی ئاڕاستەی دارایی عیراق کردوەو چاوەڕوان دەکرێت
لەزوترین کاتدا پارە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی، بەڵام لەئێستادا دارایی
عیراق داوای جێگرکردنی میلاک لەهەرێم دەکات، بۆئەمەش لیستی مووچەی مانگێک دەکاتە پێوەر
بۆ ناردنی مووچە بۆ هەرێم"، قوباد تاڵەبانی وای وت.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
هاوخەمی سەرۆک بافڵ بۆ کۆچی دوایی کاوەی ئیزاعە
09:55 AM - 2025-11-07 -
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق: بانگەشە کۆتایی دێت
03:58 PM - 2025-11-06 -
سەرۆكی یەكێتی 500 ملیۆن دینار دەبەخشێتە یانەی نەورۆز
01:45 PM - 2025-11-06 -
مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال: تێکۆشەرانی یەکێتی سەرمایەیەکی گەورەن
01:31 PM - 2025-11-06
ئەمانەش ببینە
کارنامە و ستراتیجی لیستی ٢٢٢ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
09:47 AM - 2025-11-07
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 9 ملیار دینارە
08:50 AM - 2025-11-07
قوباد تاڵەبانی: سەرکەوتنی زۆر گەورە بەدەست دەهێنین
07:01 PM - 2025-11-06
سەعدی پیرە: لەژێر ناوی بێ مانا مووچەی خەڵکی هەرێم بڕدرا
06:35 PM - 2025-11-06
زۆرترین خوێنراو
-
بهپێی راپرسییهكان یهكێتی سهركهوتنی گهوره بهدهستدههێنێت
ڕیپۆرتاژ 02:51 PM - 2025-11-06 -
قوباد تاڵەبانى:خەڵک ئێستا زیاتر لەهەر کاتێکی دیکە ئومێدیان بە یەکێتییە
کوردستان 02:50 PM - 2025-11-06 -
ئەدهەم بارزانی: دەنگ بدەن بەو کاندیدانەی هێژا بافڵ جەلال تاڵەبانی دیاری کردون
کوردستان 01:51 PM - 2025-11-06 -
سەرۆكی یەكێتی 500 ملیۆن دینار دەبەخشێتە یانەی نەورۆز
کوردستان 01:45 PM - 2025-11-06 -
مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال: تێکۆشەرانی یەکێتی سەرمایەیەکی گەورەن
کوردستان 01:31 PM - 2025-11-06 -
كارنامەی لیستی 222 ی یەكێتی بۆ سێکتەری کارگێڕی و ئابووری
ی ن ک 11:05 AM - 2025-11-06 -
حاکم قادر: ھەموان دەنگ بە لیستی 222ی یەکێتیی بدەن
کوردستان 11:05 AM - 2025-11-06 -
بێگەرد تاڵەبانی: یەكێتی خاوەنی ئەو دەستكەوتانەیە كەبانگەشەیان پێوەدەكرێت
کوردستان 10:57 AM - 2025-11-06







دابەزێنە

