riklam

پسپۆڕێكی یاسایی: هەڵبژاردنی داهاتووی نوێنەران بۆ نەخشەی سیاسی عیراق گرنگە

عیراق 12:28 PM - 2025-02-13
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق PUKMEDIA

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

عيراق ئەنجومەنی نوێنەران

نوسەرو یاسایی سلێمان مستەفا حەسەن، لەبابەتێكیدا بەناوی (خویندنەوەیەك بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران)، ئاماژە بەگرنگی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنەكە دەكات و دەڵێت: "ئەم هەڵبژاردنە یەكێكە لەو پرسانەی كە لەڕوی نەخشەی سیاسی ئایندەی عیراقەوە بە گرنگییەوە لێی دەروانرێت".

دەقی بابەتەكە:

هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كە دەبێت لەنێوان مانگی (١٠ بۆ مانگی ١١ ) ئەم ساڵدا ئەنجام بدرێت، یەكیكە لەو پرسانەی كە بە گرنگییەوە لێی دەروانڕێت لەڕوی نەخشەی سیاسی ئایندەی عیراق لە دەرنجامی داواكاری دەنگدەران و دۆستانی عیراق و ئەو گۆڕانكاریانە لەناوچەكەدا ڕویانداوە، بۆیە لەئێستادا كات درنگە و زوو نییە دەست بە ئامادەكاریەكانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت، دیارە شاراوە نییە بۆ هەر پڕۆسەیەكی هەڵبژاردنیش ئامادەكاری پێویستە، لەوانە چوارچێوەی دەستوری و یاسایی، ئامادەكاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، تەرخان كردنی بودجە.

لە بابەتێكدا بە ناوی (دەرفەتێك بۆ چاكسازی بەر لەهەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران) تیشكمان خستە سەر چەند لایەنێكی تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، لێرەشدا هەوڵ دەدەین خوێندنەوەیەكی گشتگیر بۆ چوارچێوەی و یاساییەكەی بكەین لەبەر رۆشنایی دەقەكانی دەستووردا، سەركەوتنی هەر پڕۆسەیەكی هەڵبژاردنیش بەندە بە ئامادەكاری پێش وەختە بۆ دوو كۆڵەكەی هەڵبژاردن كە خۆی لە : بەهێزكردنی چوارچێوەی یاسایی و بەهێزكردنی دەستپاكی لە بەرێوەبردنی هەڵبژاردندا دەبینێتەوە.


چوارچێوەی دەستوری:

 ماددەی ( ١٣) ی دەستور جەختە دەكاتەوە كە:


 یەكەم: ئەم دەستورە بە یاسای باڵاو هەرە بەرز دادەنرێت لە عێراقداو،  پێویستە لە هەموو شوێنێكی عێراقدا پابەندبن پێوەی بە بێ جیاوازی.

 دووەم: نابێت یاسایەك دابنرێت پێچەوانەی ئەم دەستورە بێت.


گرنگتر لەمەشیان لە ماددەی (١٣٠) ی دەستوریش دووپاتی دەكاتەوە (یاسا كارپێكراوەكان كاریان پێدەكرێت ئەگەر هەڵنەوەشێنرابێتنەوە یان هەموار نەكرابن بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم دەستوورە.) كەواتە ئەو دووبنەما دەستوریە نەخشە رێگای یاسا دانانن و دەبێت  پابەندبن پێیەوە.



جگە لەو دوو ماددەی دەستور كە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان، چەندین بنەمای تر لەماددەكانی دەستوری ساڵی ٢٠٠٥ ئاماژەیان بەكۆمەڵی بنەمای تایبەت بە سەروەری یاسا و سەروەری گەل و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان دەركردنی یاسا و پرسی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردن وە لە دوو توێی ماددەكانی رێكخراون وەك نەخشە ڕێگا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بە یاسا رێكیان بخات، گەر سەرنج بدەین لە ماددەی پێنجەمی دەستووری عیراق جەخت دەكاتەوە كە(سەروەری بۆ یاسایە، گەلیش سەرچاوەی دەسەڵات و شەرعیبوونیەتی، كە بە هۆی دەنگدانی ڕاستەوخۆو نهێنیەوە لە ڕێی دام و دەزگا دەستووریەكانەوە ئەنجامی دەدات  . بۆ نمونە لەماددەی شەشەمیش دا پێداگری لەسەر (ئاڵوگۆڕی دەسەڵات ئاشتیانەو لە ڕێی ئەو میكانیزمە دیموكراسیانەوە دەبێت كە لەم دەستوورەدا ئاماژەیان پێكراوە. لە ماددەی بیستی دەستوریشدا هاتوە (هەموو هاوڵاتیەك بە ژن و پیاوەوە مافی بەشداریكردنی لە كاروباری گشتی و شاد بوون بە مافە سیاسیەكان هەیە لەوانە مافی دەنگدان و هەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن. كەواتە بنەماو جوارچێوەی دەستوری بۆ پرسی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ماددەی ( ٣، ٥ ،٦ ،١٣، ٢٠. ٤٩ ،٥٦ ) ماددەكانی تری پەیوەندیدار دەگەڕێتەوە، بە دیاریكراویش لەبەر ڕۆشنایی ماددەی ٤٩/ سێیەم /مەرجەكانی كاندیدەكان و دەنگدەران و هەرچی پەیوەندی بە هەڵبژاردنەوە هەیە بە یاسا دیاری دەكرێت. ئەنجومەنی نوێنەران یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بەر مەبنای ئەم دەقە و دەقەكانی تر دەركردووە.


چوارچێوەی یاسایی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران

یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوینەران :

پاڵپشت بەو ماددە دەستوریانەی لەسەروە ئاماژەمان پێدان لەدوای پەسەندكردنی دەستوری عێراقی فیدڕاڵ لەساڵی ٢٠٠٥ وە ئەنجومەنی نوینەران یاسای هەڵبژاردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دەركردوە، لەهەمان كاتدا لە خولی یەكەمەوە بەدیاریكراوی (٢٠٠٥ بۆ ٢٠٢٣) بە بەردەوامی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران یان هەموار كراوە، یان بەتەواوی هەڵوەشێنراوەتە، بێ گومان ئەم كردارەی لە لایەن هێزە باڵا دەستەكان پێرەوی لیوەكراوە هەموو هەژموونی زۆرینە بووە بۆ مسۆگەر كردنی بردنەوەی هەڵبژاردن بوو، بەداخەوە گە كاریگەری نەرێنی جێ ‌هێشتوە لەسەر پڕۆسەی سیاسی عیراق دا. 

لێرەدا ناگەڕێنەوە سەر یاسای خولەكانی پێشووئەنجومەنی نوێنەران بەڵكو تەنها ئاماژە بەیاسای هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران دەدەین كە بە یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ ئەنجامدرا، لە ئێستادا ئەگەر سەرنج بدەین بۆ یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەم یاسای ژمارە (٩) لە لایەك هەموار كراوە بە یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣، لە لایەكی ترەوە یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ بەیاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ هەڵوەشێنراوەتەوە، كە بابەتێكە دەكرێت خوێندنەوەی بۆ بكرێت لەبەر ڕۆشنایی ماددەكانی یاساكە.

ئەوەی لەم خوێندنەوە جێگای باس و شرۆڤەی ئێمەیە یاسای هەڵبژاردنی ژمارە ( ٩ ) ی ساڵی ٢٠٢٠و یاسای ژمارە (٤ ) ی ساڵی ٢٠٢٣یاسای هەمواری سێیەمی  یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاو ناحەیە رێكنەخراوەكان لەگەڵ هیچ هەرێمێكدا  . سەرەتا پێویستە یاساكان لێك جیا بكەینەوە چونكە ئەنجومەنی نوێنەران دوو یاسای جیاوازی بۆ دوو ئەنجومەنی جیاواز لە یەك یاسادا هەموار كردۆتەوە:

یەكەم : یاسای ئەنجومەنی نوینەران :

یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانە كە لە كە لە (٥٠) ماددە و پاشكۆی دابەشكاری بازنەكان پێكهاتوە و لە ژمارە (٤٦٠٣) ڕۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقی بڵاو كراوەتەوە .

دووەم : یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان :  یاسای ژمارە (١٢)ساڵی ٢٠١٨كە لە (٥٢) ماددە پێكهاتوەو لە ژمارە (٤٤٩٤) ڕۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقی بڵاو كراوەتەوە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە كە دوو جار هەموار كراوە، هەمواری یەكەم بەیاسای ژمارە (١٤)ی ساڵی ٢٠١٩ كراوە كە لە ژمارە (٤٥٥٣ ) ڕۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقی بڵاو كراوەتەوە، هەمواری دووەمی بە یاسای (٢٧)ی ساڵی ٢٠١٩ كراوە كەلە ژمارە (٤٥٦٦ ) ڕۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقی بڵاو كراوەتەوە.

سێیەم : یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای هەمواری سێیەمی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاكان كە لە (٢٦) ماددە پێكهاتوەو، لە ژمارە (  ٤٧١٨) ڕۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقی بڵاو كراوەتەوە.

سەرتا دێنە سەر شرۆڤەی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران :

یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ ئەو یاسایە بوو كە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی پێ ئەنجام دراوە، بەڵام  لە ئێستادا بە یاسای ژمارە (٤) ی ساڵی ٢٠٢٣ هەموار كراوە لە لایەك هەموار كراوە، لە لایەكی تر بەهەمان یاسا هەڵوەشێنراوەتەوە، هەموارەكەش بۆ دوو یاسا بەیەكەوە كراوە واتە بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩) و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەموار كراوە ژمارە (١٢)ی ساڵی ٢٠١٨ .

یاسای ژمارە (٤) ساڵی ٢٠٢٣ بەناوی یاسای هەمواری سێیەمی یاسای ئەنجومەنی نوینەران و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاوقەزاو ناحیەكانە، جارێ گەر دیقەت بدەین ناوی یاساكە هەڵەیە چونكە یاسای ئەنجومەنی نوێنەران ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ هەمواری یەكەم و دووەمی بۆ نەكراوە، واتە لەڕوی یاساییەوە دەبوایە ناوی یاساكە ( یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و یاسای هەمواری سێیەمی یاسای پارێزگاوقەزاو ناحەكان بوایە ) گەر مەبەستی یاسادانەر هەموار كردنی هەر دوو یاساكەیە، بەلام گەر نیەتی یاسا دانەر هەڵوەشاندنەوەی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانە دەبوایە لە ڕووی یاساییەوە یاساكە ناوی ( یاسای هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەكان و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ) بوایە .

چونكە گەر سەرنج بدەین بەپێی بڕگەی یەكەم لە ماددەی (٢٥)ی یاسای ژمارە (٤) ساڵی ٢٠٢٣ یاسای ئەنجومەنی نوێنەران هەڵوەشێنراوەتەوە چونگە بەدەقێكی ڕوون دەڵێت ( اولا : یلغی قانون انتخابات مجلس النواب العراقی رقم (٩) لسنە ٢٠٢٠   ) كەواتە لێرەدا دژ یەكی هەیە لە نێوان ناونیشانی یاساكە كە بەناوی یاسای هەمواری سێەمی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و یاسای ئەنجومەنی پارێزگا وقەزاو ناحەكان هاتوە. چونكە لەروی زمانەوانی و ناوەرۆكە جیاوازی زۆر هەیە لە نێوان زاراوەی (هەمواركردن و هەڵوەشاندنەوە )
بۆیە بەپێی دەقی ماددەی (١٣٠ ) دەستور لە ئێستادا یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ بەركار نییە وەك لەماددەكەدا هاتوە ( یاسا كارپێكراوەكان كاریان پێدەكرێت ئەگەر هەڵنەوەشێنرابێتنەوە یان هەموار نەكرابن بەگوێرەی حوكمەكانی ئەم دەستوورە.

كەواتە ئێستا ئەو یاسایەی بەركارە یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو یاسایە لە (٢٦) ماددە پێكهاتوە، ئەگەر لە ناوەڕۆكی یاساكە وورد بینەوە چوارچێوەی یاسایی هەڵبژاردنی ئەم خولە بەم شێوەی خوارەوەیە :

یەكەم : لەماددەی یەكەمی یاساكەدا دەڵێت ئەم یاسایە بەسەر ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا وقەزاو ناحیەكان جێبەجێ دەبێت، بەڵام لە یاسای ژمارە ٤ باسی هەڵوەشاندنەوەی یاسای پارێزگاو قەزاو ناحەكانی نەكردوە.

دووەم : لە ئاماژەدان بە ماددە هەموار كراوەكان لەهەردوو یاساكە جیاوازن .

سێیەم : لەماددەی (٧) یاساكەدا هاتوە ماددەی (١٢)ی یاساكە هەمواردەكرێت بەم شێوەی خوارەوە دەخوێنرێتەوە ( دەنگە دروستەكانی هەر لیستیەكە دابەشی ژمارە ١.٧، ٣، ٥، ٧، ٩  ) دەكرێت بۆ دەرهێنانی ژمارەی كورسیەكان، هەموارەكە بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دروستە بەڵام ماددەی (١٢) لەیاسای ئەنجومەنی نوێنەران بابەتێكی ترە، گەر بەو بنەمایە وەریبگرین ئەوا لەم هەڵبژاردنە كار بە سیستەمی نوینەرایەتی رێژەیی بەشیوازی سانتلیگۆی هەمواركراو دەكرێت .

چوارەم :بەپیی ماددەی (٩) یاساكە ماددەی (١٥) لەیاسای ژمارە (٩) ی ساڵی ٢٠٢٠ ی هەموار كردوە و دەلێت ماددەكە بەم شیوەی خوارەوە دەخوێنرێتەوە، بە پێی ناوەرۆكی ماددەكە، كار بە سیستەمی براوەی یەكەم  ناكرێت، بەپێی خشتەیی هاوپێچی یاساكە (٣٢٠) كورسی بەسەر پارێزگاكان دابەش كردوە، هەروەها (٩) كورسیی بۆ پێكهاتەكان تەرخان كردوە، بەبێی ڕەچاوكردنی بنەمای بڕگەی یەكەمی ماددەی (٤٩) ی دەستور كە لە ئێستادا پڕۆسەی سەرژمێری ئەنجام دراوە . 

پێنجەم : بەپێی ماددەی (١٠) یاساكە ماددەی (١٦) یاساكەی هەموار كردوە ناوەرۆكی هەموارەكە بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دروستە بەڵام بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران بابەتێكی ترە .

شەشەم : ئەوەی لە یاساكە دەخوێنرێتەوە :

1- بازنەكانی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای پاڕیزگا رێكدەخرێنەوە .

2- كار بەسیتەمی نوێنەرایەتی رێژەیی شێوازی سانتلیگۆی هەمواركراو دەكرێت دەنگی حزبەكان و كاندیدانی تاك بۆ كورسی یەكەم بەجیا دابەشی (١.٧) دوای ئەوە دەنگی حزبەكان بۆ كورسیەكانی تر دابەشی ژمارە تاكەكان دەكرێت تا هەموو كورسیەكان تەواو دەبن.

3- پێویستە دەنگدەر بە ئیجباری دەنگ بدات بەلیستەی حزبەكان، بەڵام بۆ كاندیدان ئیختیارییە، واتە دەبێت یەكەم جار دەنگ بە لیستی دڵخوازی بدات ئینجا گەر بیەوێت ئارزومەندانە دەنگ بە كاندیدێكی هەمان لیست بدات .

4- كورسی كاندیدە براوەكان بەپێی ژمارەی دەنگەكانیان رێكدەخرێتەوە، واتە شێوازی لیستی نیمچە كراوە پێرەو دەكرێت .

5- هەروەها تەمەنی كاندیدان نابێت لە(٣٠) كەمتر بێت و مەرجە خاوەنی بڕوانامەی بكالۆریۆس بێت بۆ كۆتاكانیش لە ئامادەیی كەمتر نەبێت، لەخولی پێنجەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تەمەنی كاندید (٢٨) ساڵ بوو وەك لە بڕگەی یەكەمی ماددەی (٨) یاسای ژمارە ٩ ساڵی ٢٠٢٠ هاتبوو.

6- تۆماری بایۆمەتری و كارتی نیشتیمانی بەكار دەهێنرێن .

7- ئەژمار كردن و جیاكردنەوەی ئەلكترۆنی پێرەو دەكرێت .

8- ژمارەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی بە ٣٢٩ ئەندام دیار كردوە .

دەرنجام : هەروەك لەسەرتا ئاماژەمان بە ماددە دەستوریەكان دا، بە پشت بەستن بەو بنەمایانە و گەرانەوە بۆ بڕگەی یەكەمی ماددەی (٢٥) لەیاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ یاسای هەمواری سێیەم یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەكان، یاسای ئەنجومەنی نوێنەران هەڵوەشێنراوەتەوە، بەڵام لە ناوەرۆكی یاساكەدا كە لە (٢٦ ) ماددە پێكهاتوە لەكۆی (٢٥) ماددە باس لە هەمواركردن و لادان و هەڵوەشاندنەوە دەكات بەبێ ئەوەی بلێت لەكام یاسا ئەو گۆرانكاریانە بكرێت لەگەڵ ئەوەشدا چەند ماددەیەك زیاد كراوە بەبێ ئەوەی بڵێت دەبن بە ماددەی چەند و بۆكام یاسا .

بۆیە گەر لە ماددە پەیوەندیدارەكاندا دەڵێت ماددەكە هەموار دەكرێت یان زیاد دەكرێت یان لادەدرێت و لە زیادكردنی مادەكانێش دەڵێت بۆ یاساكە زیاد دەكرێن، گەر مەبەستی یاسادانەر هەڵوەشاندنەوەی یاساكەیە بۆچی باس لە هەموار دەكات، بەرای ئێمە یاسا دانەری عێراقی بەمەبەست یان بێ مەبەست كەوتۆتە هەڵەو لادان لە كار كردن بە رێكارو بنەما دەستوری و یاساییەكان لەدەركردنی ئەم  یاسایە هەروەها پێرەوی رێكاری شكلی و بابەتیش نەكراوە ، چونكە ناكرێت دوو یاسا جیا لەناو یاسایەك هەموار بكرێن . ئەگەر نیەتی یاسا دانەر هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ بێت وەك برگەی یەكەمی ماددەی (٢٥) یاسای ژمارە (٤) دا هاتوە ئەوا لەم هەڵبژاردنە تەنها حوكمەكانی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا جێبەجێ دەكرێن بێ گومان ئەم یاسایەش بە تەنها بەس نین بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ نمونە لە ماددەی (٩) یاسای ژمارە (٤) دا دەڵێت ماددەی (١٥)ی یاسا هەموار دەكرێت كە لە بنەرەتدا ماددەی (١٥) ماددەیەكە لە یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠، بۆیە باشتر وایە ئەنجومەنی نوێنەران یاسایەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەربكات كە وەڵام دەرەوەی خواستی دەنگدەران و پارتە سیاسیەكان و ڕای گشتی بێت، گەر نا باشتر وایە بگەڕێنەوە بۆ كۆنوسی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران گەر هەڵەی چاپ بێت ئەم هەڵەیە چاك بكرێتەوە .

لەكۆتایی بە وتەیەكی كوردی كۆتایی بەم بابەتە دێنین و دەڵێن (كەنگر و ماست بە وادەی خۆی ) مەبەستی ئێمەش ئەوەیە تا كات بەردەستە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران رێكبخەنەوە لە دوو توێی یاسایەكی سەربەخۆدا .

 
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket