riklam

عیراق ساڵی دارایی داخست و هەرێمیش داوای مووچەی مانگی 12ی لێدەکات

کوردستان 12:13 PM - 2025-01-05
دراوی عیراقی PUKMEDIA

دراوی عیراقی

مووچە

به‌پێی پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی گشتیی، ساڵی دارایی عیراق كۆتایی هاتووه‌ و وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم-یش چاوه‌ڕ‌وانی خه‌رجكردنی مووچه‌ی مانگی 12 و ته‌واوكاری مووچه‌ی سێ مانگی كۆتایی ساڵی رابردوو ده‌كات، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی داراییش له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ده‌ڵێت:"هه‌ر بڕه‌ پاره‌یه‌ وه‌ك مووچه‌ی مانگی 12 له‌به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێم بێت، حكومه‌تی هه‌رێم به‌نیازه‌ كورتهێنانی مووچه‌ی مانگه‌كانی 10 و 11 ی پێ پڕبكاته‌وه‌ كه‌ گوایه‌ كورتهێنانی ئه‌و دوو مووچه‌یه‌ی له‌داهاتی ناوخۆ پڕكردوه‌ته‌وه‌".

کۆتایی بەخەرجی مووچە هاتووە

به‌پێی زانیارییه‌كانی PUKMEDIA كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی دارایی عیراقه‌وه‌ وه‌ریگرتووه‌، به‌پێی یاسای بودجه‌ی گشتی عیراق، پێویسته‌ له‌ 31-12-2024 كۆتایی به‌خه‌رجی مووچه‌ بهێنرێت و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دارایی عیراق بڕ‌یار له‌خه‌رجكردنی هیچ بڕ‌ه‌ پاره‌یه‌كی دیكه‌ وه‌ك مووچه‌ بۆ هه‌رێم نادات.

سه‌رچاوه‌كه‌ راشیگه‌یاند:"له‌ یاسای بودجه‌ی گشتی عیراقدا كه‌ بۆ 3 ساڵ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ساڵی 2023 ده‌نگی له‌سه‌رداوه‌، رێگه‌دراوه‌ له‌سه‌ره‌تای هه‌موو ساڵێك هه‌تا 31-12 خه‌رجییه‌كان به‌رده‌وامبن، به‌پێی (السنه‌ المالیه‌) ساڵی دارایی، وه‌زاره‌تی دارایی عیراق ناتوانێت بڕیار له‌سه‌ر هیچ بڕ‌ه‌ پاره‌یه‌كی دیكه‌ بۆ هه‌رێم بدات، جگه‌ له‌و بڕ‌ه‌ پارانه‌ی پێش هاتنی ساڵی نوێ بڕ‌یاری له‌سه‌ردراوه‌".

"حکومەتی هەرێم نایەوێت مووچەی مانگی 12  دابەشبکات"

به‌پێی زانیارییه‌كانی PUKMEDIA ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عیراق پێش سه‌ری ساڵ بڕ‌یاریداوه‌ 441 ملیار و 493 ملیۆن دینار وه‌ك مووچه‌ی مانگی 12 بۆ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم بنێرێت، به‌مه‌ش زیاتر له‌ 500 ملیار دینار كورتهێنانی مووچه‌ی مانگی 12 بۆ حكومه‌تی هه‌رێم دروست ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و 430 ملیار دیناره‌ی وه‌ك گواستنه‌وه‌ (مناقله‌) بۆ هه‌رێم خه‌رجبكرێت له‌گه‌ڵ داهاتی ناوخۆ، حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت كورتهێنانی مووچه‌ پڕ‌بكاته‌وه‌و مووچه‌ی مانگی 12ی ساڵی رابردوو دابه‌شبكات.

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ سۆران عومه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگه‌یاند:" له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عیراق بڕیاریداوه‌ زیاتر له‌ 441 ملیار دینار وه‌ك مووچه‌ی مانگی 12 بۆ هه‌رێم بنێرێت، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت بیخاته‌ سه‌ر ته‌واوكاری مووچه‌ی مانگی 10 و 11 ، كه‌ گوایه‌ كورتهێنانی ئه‌و دوو مانگه‌ی به‌ داهاتی ناوخۆ پڕكردووه‌ته‌وه‌".

 

دابەشکردنی مووچە پێویستی بە زیاتر له‌ 999 ملیار دینارە

 

به‌پێی زانیارییه‌كانی PUKMEDIA و وته‌كانی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ش بێت، مووچه‌خۆرانی هه‌رێم مووچه‌ی مانگی 12 وه‌رناگرن و مووچه‌ی مانگی 11 كه‌ له‌ئه‌مڕۆوه‌ 5-1-2025 ده‌ستبه‌داشبه‌شكردنی كراوه‌ كۆتایی مووچه‌ی ساڵی رابردوو ده‌بێت و له‌م مانگه‌وه‌ مووچه‌خۆرانی هه‌رێم مووچه‌ی مانگی (یه‌ك) كانونی دووه‌م وه‌رده‌گرن و مووچه‌ی مانگی 12 له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌فه‌وتێت.

وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ئه‌مڕۆ 5-1-2025 ده‌ست به‌دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی 11ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم كرد، به‌ڵام دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی 12ی ساڵی رابردوو دیارنییه‌ و وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمیش رایگه‌یاندووه‌:" بۆ مووچه‌ی مانگی 12 حكومه‌تی عیراق بڕ‌یاری له‌سه‌ر ناردنی ته‌نها 441 ملیار و 493 ملیۆن دینار داوه‌، له‌كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێم بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی 12 پێویستی به‌ زیاتر له‌ 999 ملیار و 124 ملیۆن و 329 هه‌زار دینار هه‌یه‌".

كێشه‌ی نوێ بۆ خه‌رجكردنی 430 ملیارەکە دروستکراوە

وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم له‌ڕ‌اگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌،" به‌پێی هه‌ردوو بڕ‌گه‌ی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌ی خانه‌نشینان و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی، پێویست بوو حكومه‌تی عیراق بڕ‌ی 11 ترلیۆن و 576 ملیار و 521 ملیۆن دینار بۆ هه‌رێم بنێرێت، به‌ڵام له‌ساڵی رابردوودا وه‌زاره‌تی دارایی عیراق ته‌نها بڕ‌ی 10 ترلیۆن و 752 ملیار و 582 هه‌زار دیناری بۆ هه‌رێم ناردووه‌، واته‌ زیاتر له‌ 823 ملیار دینار كه‌متری بۆ هه‌رێم ناردووه‌"، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری كردووه‌ته‌ سه‌ر دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگه‌كانی رابردوو له‌كاتی خۆیدا.

هه‌ردوو وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم و عیراق بۆ كورتهێنانی مووچه‌ بڕ‌یاریاندا بڕ‌ێك پاره‌ وه‌ك گواستنه‌وه‌ كه‌ بڕ‌ه‌كه‌ی 430 ملیار دینار بووه‌، بۆ پڕ‌كردنه‌وه‌ی كورتهێنانی مووچه‌ی سێ مانگی كۆتایی ساڵی رابردوو بخه‌نه‌ سه‌ر هه‌ژماری هه‌رێم، به‌ڵام به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ،"كێشه‌ی نوێ بۆ خه‌رجكردنی ئه‌و بڕ‌ه‌ پاره‌یه‌ دروستكراوه‌".


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket