مەرامە ئاشكرا و نهێنییەكانی پشت پیلانگێڕیی 16ی ئۆكتۆبەر
کوردستان 05:34 PM - 2024-10-16
حەمە عومەر
مەرامە ئاشكرا و نهێنییەكانی پشت پیلانگێڕیی 16ی ئۆكتۆبەر
ئەگەر بمانەوێت قسە لەسەر 16ی ئۆكتۆبەر بكەین، هەرگیز ناتوانین باز بەسەر رێكەوتنەكەی تەمموزی ساڵی 2016ی وەزارەتی بەرگریی عیراق و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمدا بدەین بە چاودێریی و ئامادەبوونی سەرۆكی (پ.د.ك) كە بەپێی رێككەوتنەكە بە بڕی 400 ملیۆن دۆلار هاوكاریی پێشمەرگە دەكرێت لە بودجەی بەرگریی عیراق لەبەرامبەریشدا، دەبێت پێشمەرگە دوای كۆتاییهاتنی جەنگی داعش، بگەڕێتەوە ئەو شوێنانەی بەرلە دەستپێكردنی جەنگەكە لێیبوون
16ی ئۆكتۆبەر رووداوێكی كتوپڕ بوو، یان پیلانێكی نەخشە بۆداڕێژراوی ناوخۆیی و ئیقلیمی؟ ئامانج لێی چی بوو؟ پێش و پاش 16ی ئۆكتۆبەر چی روویاندا، ی.ن.ك تاچەند رۆڵی هەبوو لە كەمكردنەوەی زیانەكانی ئەو پیلانگێڕییە؟ بۆچی پارتی دەیویست دۆخەكە بەو ئاستە بگەیەنێت؟ دۆخی ناوخۆیی یەكێتی چەند لەباربوو بۆئەوەی ئەو پیلانەی پارتی بەشێك لە ئامانجە كورت مەوداكانی بپێكێت؟
تا وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەتا نەدرێتەوە، ئەستەمە بتوانرێت ئەو راستییە بسەلمێنرێت كە لە 16ی ئۆكتۆبەردا كێ خیانەتی نەتەوەیی و نیشتمانیی كرد و كێ بووە رێگر لە سەرگرتنی تەواوی پیلانگێڕییەكە.
بۆ وەڵامدانەوەش دەبێت یەك بەیەك لەسەر ئەو پرسیارانە بووەستین و شرۆڤەیان بكەین و سەرەنجامێكی لۆژیكی بەدەستبهێنین، هەر ئەو سەرەنجامانەش وەڵامی راست و دروستمان دەدەنەوە و لایەنی خیانەتكاری راستەقینە لەو كەیسەدا دەستنیشان دەكەن.
لەڕووی سەربازییەوە
سەرەتا ئەگەر بمانەوێت قسە لەسەر 16ی ئۆكتۆبەر بكەین، هەرگیز ناتوانین باز بەسەر رێكەوتنەكەی تەمموزی ساڵی 2016ی نێوان وەزارەتی بەرگریی عیراق و وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمدا بدەین كە لەلایەن هەرێمەوە كەریم سنجاری وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت و وەزیری بەرگریی عیراقەوە ئیمزا كرا بە چاودێریی و ئامادەبوونی خودی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێم و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێم و سەرۆكی (پ.د.ك) و فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش.
ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە جەختكردنەوەیە لەسەر هاوكاریكردنی پێشمەرگە لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە وەك بەشێك لە سیستمی بەرگریی عیراق لەڕووی پڕچەككردن و مەشق و راهێنانەوە، جگەلەوەش دابینكردنی بڕی 400 ملیۆن دۆلاری ساڵانە لە بودجەی بەرگریی ئەمریكا وەك مووچە و دابینكردنی كەرەستە و پێداویستی بۆ هێزی پێشمەرگە، لەبەرامبەریشدا، پێشمەرگە پابەندكراوە بەوەی لەدوای كۆتاییهاتنی جەنگی داعش، بگەڕێتەوە ئەو شوێنانەی بەرلە دەستپێكردنی جەنگەكە لێیبوون وەك (لەیلان و چیمەن لە خۆرهەڵاتی كەركوك و شۆراو لە باكووری كەركوك). ئەوە جگە لە شارو شارۆچكە (دابڕێنراوەكان - جێناكۆكەكان)ی سنووری پارێزگاكانی دیالە، سەلاحەدین، كەركوك و نەینەوا، وەك (خانەقین، جەلەولا، قەرەتەپە، خورماتوو، مەخمور، دەشتی نەینەوا).
دنەدانی بەغدا بە دروشمی رەگەزپەرستانەی بێ ناوەڕۆك
سەرۆكی پارتی كە لە كاتی جەنگی دژبە داعشدا سەرۆكی هەرێمیش بوو، بە دروشمی ئاگریین و دەرزی ئاژن ئاسا هەر لەو سەروبەندەدا حكومەتی عیراق و حكومەتەكانی ئیقلیمی و هەندێك لە نەیارە ناوخۆییەكانی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستانی دەوروژاند، بەتایبەتی لەوكاتانەدا كە سەرۆكی وڵاتێك یان وەزیری دەرەوەی وڵاتێك بۆ بەسەركردنەوەی هێزەكانی وڵاتەكانی خۆیان سەردانی عیراق و هەرێمیان دەكرد، دەفع دەبوو دەیگوت: «ماددەی 140 مان بە خوێنی پێشمەرگە جێبەجێ كرد و چیتر پێشمەرگە لەو ناوچە كوردستانییانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناكشێنەوە»!.
لەسەروو هەموو ئەو دروشمە ئاگرینانەشەوە، كەیسی ریفراندۆمیان هێنایە كایەوە و بەجۆرێك خستیانە رۆژەڤەوە، خەڵكی ئاسایی و بەشێك لە سەركردەی لایەنە سیاسییەكانی دیكەش بوێریی ئەوەیان نەبێت بە ئاشكرا رەتی بكەنەوە، بۆئەوەش تەخوینی هەموو كەسێكی دژ بە پرۆسەكە دەكرا ئەگەر رەخنەی لە تەوقیتەكەش بگرتایە.
ریفراندۆم و نامەكەی تیلەرسن و هەوڵەكانی ئەوانی تر
لەگەڵ هێنانە بەرباسی بابەتی ریفراندۆم، لەسەر ئاستی عیراقی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش چەندین باڵیۆز و كەسایەتیی سیاسیی لە ناوەندەكانی دەسەڵاتی وڵاتانی زلهێز هاتنە سەرخەت تا سەرۆكی ئەوكاتی هەرێم و هاوڕاكانی پەشیمان بكەنەوە لە ریفراندۆم و زۆربەشیان لەڕووی بابەتییەوە ناڕاستەوخۆ دانیان بە رەوایی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستاندا دەنا، بەڵام لەسەر كاتی ریفراندۆمەكە و شوێنەكانی بەڕێوەچوونی تێبینی و سەرنجیان هەبوو، جا هەندێكیان بە دیدار و پەیامی زارەكی و هەندێكیشیان بە پەیامی نووسراو و نامەی رەسمی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمیان لێ ئاگادار دەكردەوە، لەسەروو هەمووشیانەوە نامەكەی ریكس تیللەرسن-ی وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا كە تێیدا بەڵینی دابوو وڵاتەكەی پشتگیریی جێبەجێكردن و زامنكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە عیراقدا بكات بەگوێرەی سەقفێكی زەمەنیی دیاریكراو كە لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت بەرامبەر پاشگەزبوونەوە لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆمەكە.
جگە لەویش ئەنجوومەنی یەكێتیی ئەوروپا چەند جارێك لەڕێی نوێنەرایەتیی یەكێتیی ئەوروپا و باڵیۆزانی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتییەكە هۆشدارییان لەوبارەیەوە دا. ئەوە جگە لە نوێنەرایەتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عیراق و هەرێم.
لە جیهانی عەرەبیشدا ئەحمەد ئەبولغەیپ – ی سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی سەردانی هەولێر و سەری رەشی كرد تا بتوانێت قەناعەت بە بارزانی بهێنێت كە پەلە لەو هەنگاوە نەكات، چونكە دەبێتە مایەی كارەسات و كۆمەڵی نێودەوڵەتی لەسەر گۆڕینی موزایك و نەخشەی ناوچەكە رازی نابن و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش نایانەوێت ببنە بەشێك لە پەسەندكردنی (پارچە پارچەبوونی عیراق) كە ئەندامێكی كاریگەری كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی و ئەندامی وڵاتانی كۆنگرەی ئیسلامییە.
سەركێشیی سیاسی لە غیابی سەرۆك مام جەلال- دا
بەگەڕانەوەیەكی كەم بۆ رابردوو، دەكرێت مەرامی راستەقینەی پارتی و سەركردایەتییەكەی زۆر بە رۆشنی دەربكەوێت كە ئامانجی لە ریفراندۆم هێندەی بۆ لەدەستدانی ناوچە دابڕێنراوەكان بوو «كە لە یاسای كاتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عیراق و دەستووردا بە ناوچە (جێناكۆكەكان) ناوی هاتووە»، هێندە پەرۆشیی نەبووە بۆ بردنەوەی ئەو كەیسە لە بەرژەوەندیی مەسەلەی كورد لە عیراقدا، چونكە ساڵی 2008 و لە دوای تەقینەوەكەی 28ی تەمموزی ئەو ساڵە، سەرۆكی پارتی هەوڵێكی دا لە رێگەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوكەوە بە سوودوەرگرتن لە زۆرینەی كورد و لەناو كوردیشدا ئەندامانی زۆرینەی پارتی و ئەو بڕگەیەی دەستوور كە دەڵێت (بە دەنگی 2\3ی ئەنجومەنی پارێزگایەك) لە ئەنجومەنەكەوە ئەوە رابگەیەنن كە كەركوك دەخەنەوە سەر ئیدارەی هەرێمی كوردستان، ئەوەش لە دۆخێكدا بوو كە زۆربەی هەرەزۆری دەسەڵاتەكانی پارێزگاكە لە پارێزگارەوە بۆ بەڕێوەبەری فەرمانگە هەستیارەكان بەدەست كادری كوردەوە بوو، هاوكاتیش بوو لەگەڵ شەڕی (سوننە و شیعە) و قۆناغی سەپاندنی یاسا لەلایەن حكومەتەكەی نوری مالكییەوە كە تازە بەتازە ئۆپەراسیۆنەكانی (صولە الفرسان) لە ناوچە شیعە نشینەكان و (بشائر الخیر) لە ناوچە سوننە نشینەكان تەواو ببوون و هەردوو (جەیشی مەهدی)ی موقتەدا سەدر و (سەحوەكان)ی سەربە عەشیرەتە سوننەكان چەككرابوون و سوپای عیراق لەجۆرێك لە نەشوەی سەركەوتندا بوو، ئەگەر لەو كاتەدا سەرۆك مام جەلال فریا نەكەوتایە، هەر ئەوكاتە هێزەكانی عیراق پەلاماری كەركوكیان دەدا و كوردیان لە هەموو دەسەڵاتێك لەو شارەدا دادەماڵی.
ئەوە بەخوێندنەوەیەكی دیكە دەریدەخات هەرلە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانەوە لە ساڵی 2005 پارتی دڵنیاببوو لە سەنگ و قورسایی خۆی لەو شارە و بۆیە هەر خۆی نەیدەویست بە گوێرەی ماددەی 140 بگەڕێتەوە ناو چوارچێوەی هەرێم، چونكە سڵی لە گۆڕانكاریی دەكردەوە لە هاوسەنگیی هێز لەو شارەدا كە دەیزانی بە قازانجی یەكێتییە.
خۆ ئەگەر هەر وردترببینەوە لەو مەرامە، ئەوا هەر لە یەكەم رۆژی جێبەجێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی هەردوو گەورە شاری موسڵ و كەركوكەوە ئەو ئامانجە ئاشكرا بوو، بەو پێیەی بەگوێرەی نەخشەی پرۆسەی ئازادی، پارتی بەرپرسیارێتیی رزگاركردنی موسڵ و یەكێتیش كەركوكی پێ سپێردرابوو بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانان، بەڵام لە یەكەم رۆژی پرۆسەكەوە، یەكێتی ئەركی خۆی دەزانی و چووە كەركوك، بەڵام پارتی جگە لەموسڵ بەرەو كەركوكیش كشا. یەكێتی لە سەردەمی دوو ئیدارەییدا شتێكی نەبوو بەناوی پارێزگاری موسڵ لە مەنفا، بەڵام پارێزگاری كەركوكی هەبوو لە دەربەندیخان، بۆیە لەدوای ئازادكردنی كەركوك هەوڵیدا تا هەڵبژاردن ئەو پارێزگارە دابنێت و هاوپەیمانانیش لارییان لەوە نەبوو، بەڵام پارتی بۆ تێكدانی ریزەكان لەو سەردەمی زێڕینی یەكڕیزییە و ئابڕووبردنی كورد لای هاوپەیمانان پارێزگارێكی كوردی تری لەناو شارەكەدا دانا و تا دوای هەڵبژاردنی یەكەم ئەنجوومەن لەوێ هێشتییەوە و پێداگرییشی لەكاتی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی شارەكەدا كرد كە دەبێت پارێزگار كوردێكی بێلایەن بێت و ئەو بیانووەشیان بڕی و كوردێكی بێلایەنی نیشتمانپەروەری وەك عەبدولڕەحمان مستەفا دانرا. بەڵام مام جەلال لەبەرئەوەی لە مەرامی پارتی تێدەگەیشت زۆربەی بیانوو پاساوەكانیانی بڕی و هەم پارێزگارێكی بێلایەنی پەسەند كرد و هەم چاوی لە زۆرینەی ئەنجومەنەكەش پۆشی بۆ پارتی تا بەبێ كێشە و بەیەكڕیزی دۆخەكە بگاتە نووسینەوەی دەستوور، بەڵام لە 28ی تەمموزی 2008دا بەو زۆرینەیە ویستیان گورزێكی دیكە لە كەركوك بووەشێنن.
بەكارهێنانی رێوڕەسمی هێنانەوەی نەعشی مام جەلال بۆ وروژاندنی دۆستان و ناحەزانی كوردستان
بە وردبوونەوە و شرۆڤەكردنی ئەو وردەكارییانەی سەرەوە، دەردەكەوێت كە ئامانج لە 16ی ئۆكتۆبەر چی بوو؟ چۆن پلە بەپلە پارتی كاری لەسەر ئەوە كردووە و یەكێتی چۆن لە 2003 وە رێگریی لە دۆخێكی لەوجۆرە كردووە؟
هەشت رۆژ لەدوای ئەو ریفراندۆمە كە هەموو جیهانی لێكردین بە نەیار و هەموو دەروازە سنووریی و ئاسمانییەكان لە هەرێم داخرا، بەداخەوە هەواڵی مەرگی سەرۆك مام جەلال راگەیەندرا.
عیراق و جیهان سەرەڕای توندبوونی هەڵوێستیان لەدوای ریفراندۆمەكەوە، بەڵام مەرگی مام جۆرێك گرژییەكانی خاوكردەوە و هەم عیراق و هەم وڵاتانی دیكەش نەرمییەكیان نواند بۆ كرانەوەی ئاسمان بەڕووی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا بۆ هێنانەوەی نەعشی سەرۆك مام جەلال، بەڵام پارتی لەجیاتی سوود وەرگرین لەو دەرفەتە، كارێكی دیكەی لەرێگەی تیمی پرۆتۆكۆڵیی (حكومەتی هەرێم)ەوە كرد كە وایكرد دۆستەكانی مام جەلال لەو رۆژەدا نیگەران بكات، ئەویش بەوەی مام جەلال وەك سەرۆك كۆماری عیراق دەبوو هەردوو ئاڵای عیراق و هەرێمی كوردستان لە تابووتەكەیەوە بپێچرێت، بەڵام تیمەكە تەنها ئاڵای كوردستانیان تێوە پێچابوو. ئەوەش لەلایەك دۆستەكانی مام جەلالی نیگەران و ئیحراج كرد لەبەردەم شۆڤێنییەكاندا، هەم قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە بوو كە ناحەزانی هەرێمی كوردستان تووڕە بكەن.
نامەكەی ریكس تیللەرسن-ی وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی ئەمریكا كە تێیدا بەڵینی دابوو وڵاتەكەی پشتگیریی جێبەجێكردن و زامنكردنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە عیراقدا بكات بەگوێرەی سەقفێكی زەمەنیی بەرامبەر پاشگەزبوونەوە لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆمەكە باشترین دەرفەت بوو بۆ نەكردنی ئەو سەركێشییە كە 16ی ئۆكتۆبەر یەكێك بوو لە دەرهاویشتەكانی
رۆڵی یەكێتی لە كەمكردنەوەی زیانەكانی پیلانگێڕیی 16ی ئۆكتۆبەر
چەند مانگێك بەر لە ریفراندۆم و بەتەواوەتی دوای رزگاركردنی موسڵ و سەلاحەدین و دیالە و زۆربەی ناوچەكان لە گروپی تیرۆریستیی داعش، هێزەكانی عیراق بە پشتبەستن بە رێككەوتنەكەیان لەگەڵ هەرێمدا جموجۆڵیان دەستپێكرد بۆ گەڕانەوە بەرەو سەربازگەی (K1) یان ئەوەی جاران پێی دەوترا سەربازگەی خالید كە بەگوێرەی رێكەوتنەكە دەبوو هێزێكی هاوبەش وەك ژووری ئۆپەراسیۆن لە نێوان (پێشمەرگە و سوپای عیراق و هاوپەیمانان) لەوێ دابمەزرێت بۆ هاوئاهەنگی دوای جەنگی دژ بەداعش، بەڵام ریفراندۆمەكە جووڵەی هێزكە و هۆشداریدانەكانی زیاتر كرد، لەو رووەشەوە سەرۆكی (پ.د.ك) بانگەوازێكی بڵاوكردەوە و بە ئاشكرا رەتیكردەوە كە پێشمەرگە لەو شوێنانە بكشێنەوە و كار گەیشتە ئەوەی وتی: «ئەگەر پێویست بكات خۆم هێز دەهێنم و لە كەركوكەوە سەرپەرشتیی شەڕی بەرگریی دەكەم»، وەك رەفعەت عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیش ئاماژەی پێ دەكات لەو كۆبوونەوەیەدا وێڕای هۆشداریی و پێداگرییەكی زۆر، بەڵام پارتی رازی نەبوو لە بەلاغی كۆتاییدا داوا لە پێشمەرگە بكرێت بكشێنەوە و تەنها نووسینی بەلاغەكە زیاتر لە دوو سەعاتی خایاند.
دوا هۆشداری
بەگوێرەی ئەو هاوئاهەنگییە مەیدانییەی لەو سەروبەندەدا هەبوو، حەیدەر عەبادی وەك سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی عیراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، لەڕێی د.فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری ئەوكاتی عیراقەوە پەیامێكی نارد بۆ فەرماندە سەربازییەكانی یەكێتی و بەتایبەتی هێزەكانی دژە تیرۆر و دوا هۆشداریی لە 12ی ئۆكتۆبەردا نارد بۆ سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان تا رێگەی ئەو هێزە بدەن و پابەندبن بە رێكەوتنەكەی پێشووەوە، بەڵام وەڵامی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێم ئەوەبوو كە نابێت پێشمەرگە پاشەكشە بكەن، بەگوێرەی پێگەی هێزەكانیش زۆرینەی سەنگەری بەرەكانی رووبەڕووبوونەوە لە كەركوكدا هێزەكانی 70 یان تێدا بوو، بەڵام ئەوان كەوتبوونە نێوان دوو بەرداشەوە، یەكێكیان هۆشداریی و جموجۆڵەكانی سوپای عیراق و ئەوی تریشیان فەرمانەكانی بارزانی وەك فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێم.
بافڵ تالەبانی لەوێشدا وەك فریادڕەس
هەر ئەو رۆژە بافڵ تاڵەبانی كە ئەوكات جگە لەپۆستی فەرماندەی سەربازی لەناو هێزەكانی دژە تیرۆردا، هیچ پۆستێكی سیاسیی باڵای نەبوو، داوای لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتی كرد كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی بەپەلەی هەردوو مەكتەبی سیاسیی ی.ن.ك و پ.د.ك بكرێت تا دۆخەكە ئاڵۆزتر نەبێت، لەوێ لە پەراوێزی كۆبوونەوەكەدا وردەكاریی ئامانجەكەی عیراق و بێلایەن بوونی ئەمریكا و خۆرئاوایان بۆ روون دەكاتەوە لە زاری بریت ماكگۆرگەوە كە پێی راگەیاندوون هەرچی رووبدات بێلایەن دەبن و رێز لە سەروەریی و یەكپارچەیی خاكی عیراق و رێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا دەگرن بۆ پاشەكشەی هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵام وەك ئەوەی بە ئەنقەست بێت، كۆبوونەوەكە دواخرا بۆ ئێوارەی رۆژی 15ی ئۆكتۆبەر و بەبێ دەرچوونی هیچ بڕیارێكی كشانەوەی دەستوبرد و خۆ بەدوورگرتن لە بەریەككەوتنی پێشمەرگە و سوپا، كۆبوونەوەكە بە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیی پڕ لە لێدوانی (مگاگی) و رۆتینی كۆتایی هات و هیچ فەرمانێك بۆ پێشمەرگە دەرنەكرا بۆ پاشەكشەی رێكخراو.
كەركوك دوای تەقینەوەكەی رۆژی 28ی تەممووزی 2008
رووبەڕووبوونەوە و پشت چۆڵكردن
پاش نیوەشەوی 15\16 ی ئۆكتۆبەر هێزەكانی سەربە یەكەی 80 و تەنانەت هێزی ناو لیوا هاوبەشەكانیش كە سەربە پارتی بوون، بە بێدەنگی لە هەموو ئەو سەنگەرانە كشابوونەوە كە دەكەوتنە باكووری خۆرئاوای كەركوك و پشتەوەی هێزەكانی یەكێتی و هیچ بڕیارێكی كشانەوەش بە هێزەكانی یەكێتی رانەگەیەندرا، بۆیە كاتێك هێزەكانی عیراق جووڵەیان پێكرا بەرەو سەنگەرەكانی پێشمەرگە، پێشمەرگەكان بەرگرییەكی بێوێنەیان لە سەنگەرەكانی خۆیان كرد، بەو پێیەی وەك سوپایەكی بە دیسپلین بڕیاری پاشەكشەیان لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی هەرێمەوە پێ نەگەیشتبوو، بۆیە دوای ئەوەی زانرا كە پشتیان چۆڵكراوە، بە بڕیارێكی مەیدانیی ژیرانە بەپەلە، پاشەكشە بە پێشمەرگە كرا، دوای ئەوەی دەیان پیشمەرگە و فەرماندەی یەكێتی لەو بەرگرییەدا شەهیدكران كە رووبەڕووبوونەوەیەكی نابەرامبەر بوو لەڕووی مرۆیی و ئامێری جەنگیی و تەقەمەنیشەوە.
ئەم پاشەكشە پەنهانییەی هێزەكانی پارتی جگە لەوەی مەبەستیان بەگورگان خواردوودانی هێزی پێشمەرگەی یەكێتی بووە، هیچ تەفسیر و لێكدانەوەیەكی دیكە هەڵناگرێت، واتە چۆڵكردنی سەنگەرەكانیان بەبێ تەقە بە چەند سەعاتێك پێش دەستپێكردنی شەڕەكە و نەبوونی هیچ بەرگرییەك تا گیرسانەوە لە پشت پردێ و لەوێش تەقاندنەوەی پردێك و كشانەوە بۆ شۆراو لەو لێكدانەوەیە زیاتر هەڵناگرێت، شۆراویش هەمان ئەو سەنگەرانە بوو كە بەرلە جەنگی داعش پێشمەرگەی لێبوو، كەچی ئەوەیان ناونا (داستانی پردێ).
هەربۆیە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر بافڵ تاڵەبانی و هاوكارەكانی بەتەواوەتی مەرامەكەی پارتییان بۆ روونبووەوە، بڕیاری پاشەكشەی پێشمەرگەیان دا بۆ چیمەن و لەیلان، بەوەش ئەو خەونەی پارتی لەگۆڕنرا كە دەیوەیست كەركوك بە دەردی كۆبانێ و عەفرین و موسڵ و حەلەب و رەققە و غەززەی ئێستا ببەن، بۆەیە یەكێتی لەو گێژاوە سەربازییەشدا هەر دڵی لای خەڵكەكەی بوو بۆیە وەك تاكە هێزی سیاسی لە شارەكەدا مایەوە و رێگریی لەو كارەساتە كرد كە پارتی و هەندێك لە شۆڤێنیستەكان ئاواتیان بۆ دەخواست كورد بە یەكجاریی شارەكە چۆڵ بكەن.
مانەوەی یەكێتی لەو شارە لەلایەك بووە مایەی دڵنیایی بۆ زۆربەی كوردی شارەكە و لەلایەكیش بووە رێگر لەبەردەم جێبەجێكردنی ئەو پیلانانەی تەعریب كە بەعس بەنیوە ناچڵی بەجێی هێشتبوو.
قسەكردنی عەڕابەكانی ریفراندۆم بەو هەموو بڕوا بەخۆبوونەوە، بووە مایەی خۆشخەیاڵكردنی زۆرێك لە خەڵكانی سەربەخۆخواز
شاری داگیركراو لە 16ی ئۆكتۆبەر یان ئەنجومەنی داگیركراو؟
لە ساڵی 2017 – 2019 كە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی لە عیراقدا بەدوادا هات، دەرفەت هەبوو ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە زۆرینەكەی لای پارتی بوو و لە هەولێرەوە بە كەركوكیان دەوت داگیركراو و (پارێزگارێكی خۆسەپێن) بە وەكالەت بەڕێوەی دەبات و سیاسەتی تەعریبی نوێ جێبەجێ دەكات، بەڵام پارتی بەو پاساوە رێگەی نەدەدا ئەنجومەنەكە كۆببێتەوە و پارێزگارێكی تری كورد هەڵبژێردرێت و تەنانەت بەشداریی هەڵبژاردنی 12/5/2018ی نەكرد بەو پاساوەی كە شارەكە داگیركراوە و لە 16ی ئۆكتۆبەردا یەكێتی خیانەتی كردووە، بەڵام لەو هەڵبژاردنەدا كوردی كەركوك وەڵامی پارتیان دایەوە و لە كۆی 12 كورسیی، یەكێتی لەناو هەموو هێزە كوردییەكاندا شەش كورسیی بەدەستهێنا!
ئەو ئەنجامەش هێندەی تر پارتیی بێئومێد كرد، بۆیە قەوانەكەی گۆڕی بەوەی كە ئەوان ناگەڕێنەوە شارەكە تا بارەگاكانیان نەدرێتەوە كە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داگیركراون.
شنگال بە بارەگا
پاش هێوربوونەوەی دۆخی كەركوك و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، عیراق لە سەردەمی سەرۆكایەتیی مستەفا كازمیدا بڕیاریدا پارتی بارەگاكانی لە كەركوك وەردەگرێتەوە، بەو مەرجەی دۆخی شنگال و دەشتی نەینەوا ئاسایی بكرێتەوە و رێگە لە ئاوارەكان نەگیرێت بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان. بەڵام پارتی بەو رێكەوتنەوە پابەند نەبوو، سەبارەت بەشنگال، بۆیە بەغداش موماتەڵەی لە كەیستی پێدانەوەی بارەگاكان دەكرد بە پارتی، لەوەشدا پارتی بەشوێن دەرفەتێكەوە بوو تا بەهێز و نیشاندانی بازووەوە بگەڕێتەوە بەرەو كەركوك، بۆیە كاتێك قسەوباوس لەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك هاتە ئاراوە، پارتی لە میدیای رەسمی و میدیا سێبەرەكانییەوە ئیدیعای گەڕانەوەی بۆ كەركوك دەكرد بەهێزەوە، جگە لەوەش بەشێك لەو عەشیرەت و خەڵكە عەرەب و توركمانانەی ماڵ و بەرژەوەندییەكانیان لە هەولێرە بە رێككەوتنی پێشوەختە لەگەڵ پارتی گەڕانەوە كەركوك و لەسەر رێگای هەولێر – كەركوك خەیمەیان هەڵدا لە دژی هاتنەوەی پارتی، لەمەشدا پارتی ویستی وا نمایش بكات كە گوایە لەبەرئەوەی ئەو ئاڵاهەڵگری دۆزی نەتەوەییە لە كەركوك، نەتەوەكانی دیكە ئەویان پێ قبووڵ نییە و ویستی خۆی وەكو قوربانییەكی 16ی ئۆكتۆبەر نمایش بكات، بەڵام جگە لەچەند كەسێكی خوێن گەرمی كوردی كەركوك كە خۆپیشاندانیان كرد بۆ پشتیوانیی پارتی كە بەداخەوە چوار كەسیان شەهید بوون، هیچ كەسێكی ئەوتۆ باوەڕی بەو سیناریۆیەشیان نەكرد، دووبارە بۆ نیشاندانی (زانست دۆستی!) ی خۆیان، دوای ئەو رووداوە دڵتەزێنە، بڕیاریاندا كە بارەگا سەرەكییەكەیان لە كەركوك پێشكەش بە زانكۆی كەركوك بكەن!.
پارتی بەهۆی بانگەشەی ساختەی داگیركراویی كەركوك و رێگریی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایە، دوو ساڵ دەرفەتی دانانی پارێزگارێكی كوردی پەكخست تا هەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنەكان
دوا پەردەی شانۆگەریی 16ی ئۆكتۆبەر لە 18ی دیسەمبەری 2023 تەواو بوو
ئەو راگەیاندنەی پارتی هێندەی فلاشە هەواڵێك بوو بۆ راكێشانی سۆزی ئەوانی تر، هێندە كاریگەریی لەسەر كوردی كەركوك دانەنا، لەسەروو ئەوەشەوە هەموو هەوڵێكی ناوخۆیی بۆ دروستكردنی یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان رەتكردەوە بۆ دوا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، تەنانەی داوای خەڵكە دڵسۆزەكانی ناو خودی پارتیشی رەتكردەوە، چونكە وا بەرنامەی داڕشتبوو ئەگەر كورد یەكڕیز نەبێت، ئەوا زۆرینەی ئەنجوومەن لەدەست دەدات و كورد ناتوانێت جارێكی دیكە پۆستی پارێزگار وەربگرێتەوە، كە دیارە مەبەستی لەوە دڵنیابوو كە یەكێتی زۆرینەی دەنگ و كورسییەكانی پارێزگاكە دەبات و بەو پێیەش دەبێت پارێزگار بۆ یەكێتی بێت.
سەرەڕای ئەو هەموو هەوڵە چڕ و پڕەی پارتی و كۆنە بەعسییەكان و هەندێك عەرەبی هاوردە و هەندێك حزبی توركمانیی بێ ئیرادە، دواجار هەڵبژاردن بەبێ یەكڕیزیی كورد و عەرەب و توركمان بەڕێوەچوو، بەڵام وەك پارتی مەزەندەی كردبوو، هەر وا دەرچوو سەرەڕای پیلانگێڕییەكانی لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 ەوە تا 18/12/2023، دواجار یەكێتی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی (كەركوك هێز و ئیرادەمانە) توانی گەورەترین سەركەوتن تۆمار بكات و (5) كورسی بەدەست بهێنێت كە هیچ حزبێك ئەو ژمارەیەی بە تەنها پێ بەدەست نەهێنرا و وەرگرتنی پۆستی پارێزگارێكی كوردی یەكێتی بووە ئەمری واقیع، بۆیە پارتی بۆ تەواوكردنی دوا قۆناغی خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر، كەوتە هەوڵی ژێربەژێر و ئاشكرا بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئەوانەی پێی دەوتن پارێزگاری سەپێنراو، تەعریب چییە نوێیەكان و ئامادەبوو بەو مەرجەی پارێزگار نەدرێت بە یەكێتی، هەموو سازشێك لەسەر مافەكانی كورد بكات، بەڵام لەو گێمەی گەمەكەشدا شكستی خوارد و بەهەوڵی یەكێتی بە سەرۆكایەتیی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و تیمە دانوستانكارەكەی لە بەغداوە توانی مێزی كۆبوونەوە و پیلانگێڕییەكەی سەری رەش بەسەر پیلانگێڕەكاندا قڵپ بكاتەوە و بەڵێنی یەكەمی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و دوا رۆژی بانگەشەكەی 16ی دیسەمبەر 2023 بهێنێتەدی كە لەیەكەمیاندا وتیان هەرگیز بەجێتان ناهێڵین و لە دووەمیشیاندا وتی: «ئێوە دەنگمان پێ بدەن و شەڕەكە بۆ ئێمە بەجێبهێڵن».
PUKMEDIA ئامادەكردنی.. جەمال ئارێز
هەواڵی زیاتر
-
سكرتاریهتی سهرۆك مام جهلال چهند خوێندنگایهك له شارباژێڕ نۆژهندهكاتهوه
12:37 PM - 2025-11-17 -
بەریتانیا چەند بڕیارێک دژی پەنابەران دەردەکات
11:27 AM - 2025-11-17 -
پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە
10:32 AM - 2025-11-17 -
عیراق توانای بەرگری خۆی بەهێز دەكات
08:09 PM - 2025-11-16
ئەمانەش ببینە
كارهبای سلێمانی: بەشێکی زۆر لەخاوەن موەلیدەکان گرێبەستیان لەگەڵ کردوین
10:20 AM - 2025-11-17
150هەمین هەفتانەی دیجیتاڵی ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە
09:15 AM - 2025-11-17
سەرۆك بافڵ سەرەخۆشی لە سەرۆككۆمار دەكات
07:54 PM - 2025-11-16
بڕیار لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگی 9ی هەرێم دەدرێت
07:22 PM - 2025-11-16
زۆرترین خوێنراو
-
پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە
کوردستان 10:32 AM - 2025-11-17 -
كارهبای سلێمانی: بەشێکی زۆر لەخاوەن موەلیدەکان گرێبەستیان لەگەڵ کردوین
کوردستان 10:20 AM - 2025-11-17 -
150هەمین هەفتانەی دیجیتاڵی ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە
جیهان 09:15 AM - 2025-11-17 -
عیراق توانای بەرگری خۆی بەهێز دەكات
عیراق 08:09 PM - 2025-11-16 -
سەرۆك بافڵ سەرەخۆشی لە سەرۆككۆمار دەكات
عیراق 07:54 PM - 2025-11-16 -
بڕیار لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگی 9ی هەرێم دەدرێت
کوردستان 07:22 PM - 2025-11-16 -
قائیمقامی کۆیە: تهواوكردنی پڕۆژهكان لهسهر ئهركی ئیدارهی گشتی یهكێتی بهردهوامه
کوردستان 03:06 PM - 2025-11-16 -
وتەبێژی كۆمسیۆن بۆ PUKMEDIA: ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەنین
کوردستان 11:47 AM - 2025-11-16







دابەزێنە

