riklam

لیستی ١٢٩ی یەکێتی: بەپێی دەستور پرسی ناوچە دابڕێنراوەکان یەکلایی دەکەینەوە

کوردستان 09:06 AM - 2024-10-05
 لیستی ١٢٩ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA

لیستی ١٢٩ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

هەڵبژاردن لیستی ١٢٩ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرلەمانی كوردستان

لیستی ١٢٩ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک چۆن لە رابردوودا هەموو هەوڵە سیاسییەکانی لەپێناو گەڕاندنەوەی ناوچە دابڕێندراوەکاندا بووە بەپێی دەستور بۆ سەر ئیدارەی هەرێم، لە ئێستاشدا سوورە لەسەر یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە، بۆ ئەمەش لە بەرنامەیدایە ماددەی ١٤٠ کاراتر بکاتەوە و سەرجەم بڕگەکانی جێبەجێ بکرێت، هەروەها پلانێکی تۆکمەی بۆ سەرجەم سێکتەرەکانی ناوجە دابڕێندراوەکان داڕشتووە.

یەکێتی خۆی بە خاوەنی ناوچە دابڕێندراوەکان دەزانێت

شێرزاد شێخانی کاندیدی ژمارە ١٣ـی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ژمارە ١٢٩ لە بازنەی هەولێر بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان یەکێکە لەو بابەتە گرنگانەی کە یەکێتیی نیشیمانیی کوردستان کاری بۆدەکات بۆئەوەی ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، پێشتر بینیمان بۆ ماوەی ٧ ساڵ پارێزگاری کەرکوک عەرەب بوو، بەڵام یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵابانی توانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک دابنێت، هەروەها یەکێتی خۆی بە خاوەنی ناوجە دابڕێندراوەکان دەزانێت".

 

"جگە لە کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان، ئێستا داگیرکاری تورکیاش دەستی پێکردووە و ناوچەیەکی بەرفراوانی لە پارێزگای دهۆک داگیرکردووە و  بە سەیرکردنەوەی مێژوو ئەوەمان بۆدەردەکەوێت کە سوپای تورکیا بچێتە هەر شوێنێک ناگەڕێتەوە، بنکە سەربازییەکانی سوپای تورکیا ژمارەیان لە ٥٠ زیاترە لە ناوچەکانی دهۆک و ئامێدی و بادینان"، شێرزاد شێخانی وای وت.

 

ئاماژەی بەوەشدا: "چاومان لە دەنگی خەڵکە تا بتوانین لەڕێگەی دەسەڵاتەوە و بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عیراق چارەسەرێک بۆ ئەو داگیرکارییەی تورکیا بدۆزینەوە، چونکە ئەوە پێشێلکاری یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هەروەها بەداخەوە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کە رێگای دا بە سوپای تورکیا بێت و خاکی کوردستان داگیربکات، چونکە پێشڕەوییان بۆدەکات لەوانەیە لە هەندێک شوێندا شەڕیشیان بۆبکەن".

 

"کار بۆ گەڕاندنەوەی هەموو خاکی کوردستان دەکەین".

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داکۆکیکاری مافەکانی هاووڵاتییان بووە و دەیەوێت لەڕێگەی وەرگرتنەوەی دەسەڵاتەوە خزمەتی زیاتر پێشکەش بکات و کار بۆ گەڕانەوەی هەموو خاکی کوردستانیش بکات.

 

بێستون حاجی کەریم کاندیدی ژمارە ٢٠ـی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ژمارە ١٢٩ لە بازنەی سلێمانی بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "مامی گەورە دەفەرموێت (یان کەرکوک و خانەقین، یان تاماوین دەجەنگین) یەکێتی هەمیشە داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانی خەڵک بووە، نەک تەنها لەپێناو ماددەی ١٤٠، بەڵکو لەپێناو هەر چوار پارچەی کوردستان، گەر دەسەڵاتیش بگرینە دەست کار بۆ گەڕانەوەی هەموو خاکی کوردستان دەکەین".

 

"پارتی دیموکراتی کوردستان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیدا ئامادەی هەموو خیانەتێک بووە لە کورد و کوردستان، هیچ کاتێک نەیویستووە یەک ڕیزی لەناو کورد دا جێبەجێ بکرێت، لەو ماوەی کە دەسەڵات لای یەکێتی بوو، خەڵکی کوردستان لە ئارامیدابوون، بە دەنگی خەڵکیش هەوڵ دەدەین دەسەڵات وەربگرینەوە و ئەو ئارامییە بگەڕینینەوە"، بێستون حاجی کەریم وای وت.

"پێویستە ناوچە دابڕێندراوەکان بگەڕێنەوە سەر هەرێم"

پێویستە ناوچە دابڕێندراوەکان بگەڕێنەوە سەر ئیدارەی هەرێم تا زیاتر خزمەت پێشکەشی ئەو ناوچانە بکرێت.

 

کاروان سلمان تتر سندی کاندیدی ژمارە ٢٤ـی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ژمارە ١٢٩ لە بازنەی دهۆک بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "پێویستە ناوچە دابڕێندراوەکان بگەڕێنەوە سەر هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بتوانین کار و خزمەت پێشکەشی ئەو ناوچانە بکەین".


"پێشتر  بەهۆی نەبوونی رێککەوتن لەنیوان لایەنە سیاسییەکان چەندین شوێنمان لەدەستدا، پێویستە هەموو حزبەکانی هەرێمی کوردستان رێککەوتنێکی باشمان هەبێت بۆئەوەی بتوانین ناوجە دابڕێندراوەکان بگەڕێنینەوە"، کاروان سلمان تتر وادەڵێت.

له‌كارنامه‌ی لیستی یه‌كێتی دا بۆ سێكته‌ری (ناوچە دابڕێندراوەکان و ماددەی ١٤٠) ئاماژەبەوەدراوە؛

یەکێتی وەک پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی ستراتیژی دەڕوانێتە ناوچە دابڕێندراوەکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە هەر وەک چۆن لە رابردوو هەموو هەوڵە سیاسییەکانی لەپێناو گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بووە بە پێی دەستور بۆ سەر ئیدارەی هەرێم، لە ئێستاشدا سوورە لەسەر یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە، بۆ ئەمەش لە بەرنامەیدایە؛


١- هەوڵدان بۆ کاراترکردنی ماددەی ١٤٠ دەستووری هەمیشەیی عێراق و جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی.

 

٢- ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنی و سەربازی و سیاسی  ناوچە دابڕێندراوەکان کە بەهۆی لێکەوتەکانی ریفراندۆمەوە بە دۆخێکی نا سروشتیدا تێدەپەڕێت.

 

٣- جەختکردنەوە لەسەر پشک و شایستەیی کورد، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن، لە بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەدا .

 

٤- بەردەوامبوون لە هاوکاریکردنی دامودەزگا خزمەتگوزارییەکانی ناوچە دابڕێندراوەکان، بەتایبەتی کوردنشینەکان کە بەهۆی پشتگوێخستنیان لەلایەن ئیدارە سەپێندراوەکانەوە گرفتیان زۆرە.

 

٥- پاڵپشتیکردنی خوێندنی کوردی لەو ناوچانە و وەرگرتنی رێژەیەکی باش لە خوێندکاران لە زانکۆکانی هەرێم.

 

٦- هاوکاریکردنی دەزگا رۆشنبیری و هونەری و وەرزشییە کوردییەکان لە ناوچە دابڕێندراوەکان.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket