riklam

سەركردە عیراقییەكان: مام جەلال هێزی دیالۆگ و چارەسەر بوو

کوردستان 01:39 PM - 2024-10-03
سەرۆك مام جەلال PUKMEDIA

سەرۆك مام جەلال

سەرۆک مام جەلال عيراق

زۆرێك لە سەركردەو لایەنە سیاسییەكانی عیراقیش بەشكۆوە یادی حەوت ساڵەی شكۆی نەتەوە و نیشتمان سەرۆك مام جەلال دەكەنەوەو بە بایەخەوە باس لەڕۆڵی كاریگەرو حیكمەتەكانی دەكەن لە بنیاتنانەوەی عیراقی نوێ و خەباتكردنی لەپێناو دیموكراسیی و چارەسەركردنی كێشەكان و هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی:  "مام جەلال هێزی دیالۆگ و چارەسەر بوو".


 عەممار حەكیم: ڕۆڵ و حیكمەتی سەرۆك مام جەلال لەیاد ناكەین

سەید عەممار  حەكیم  سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی، رۆڵ و حیكمەتی سەرۆك مام جەلال لەپەیامێكدا وەبیردەهێنێتەوەو  دەڵێت:  "یادی رۆڵی نەتەوەیی سەرۆكی كۆچكردووی پێشووی كۆمار مام جەلال تاڵەبانی (خوا لێی خۆش بێت) دەكەینەوە، ئەو سەركردە نیشتمانپەروەرەی بە هۆی دانایی سیاسی و كۆمەلایەتی و هۆشیاری بەرزی توانی بەرگری لەهەردوو دوانەی (پێكهاتە و نیشتمان) بە یەكەوە بكات بێ جیاكاری و دژایەتی كردن بۆ ئەوەی لەگەڵ چەند تێكۆشەرێك تابلۆیەكی گەورە لەسەر تێكۆشانی عیراقی یەكگرتوو بنەخشێنێت، بۆ بەدی هێنانی ئامانجە گرنگەكە بە دامەزراندنی عیراقێكی نوێ".

 

لە پەیامەكەیدا سەید عەممار حەكیم سەرەخۆشی سەرۆك بافل و قوباد تاڵەبانی و  یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و گەلی كوردی دەكات.

 

 

ئەلمەندەلاوی: مام جەلال سەرسوڕهێنەرترین لایەنەكانی قوربانیدان بەرجەستە كرد

 

لەلایەكی ترەوە موحسین ئەلمەندەلاوی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بە وەكالەت لە پەیامێكیدا دووپاتیكردەوە كە مام جەلال سەرسوڕهێنەرترین لایەنەكانی قوربانیدان و خەباتی بەرجەستە كردووە و ژیانی خۆی تەرخان كردووە بۆ خزمەتكردنی گەلەكەی و رزگاركردنی وڵاتەكەی لەدیكتاتۆرییەت."

لە پەیامێكیدا بۆ ساڵیادی ژیانئاوایی سەرۆك مام جەلال، مەندەلاوی "ئەم كەسایەتییە نەتەوەییە ناوازەیە سەرسوڕهێنەرترین لایەنەكانی قوربانیدان و خەبات و بەڕێوەبردنی سیاسی لێهاتووی بەرجەستە كردو ژیانی خۆی بۆ خزمەتكردنی گەلەكەی و رزگاركردنی وڵاتەكەی و وەستانەوە بەرامبەر دیكتاتۆرییەت تەرخانكرد".

"دوای گۆڕانكارییەكە، خوالێخۆشبوو جەلال تاڵەبانی حەزی لە رۆڵێكی شەرەفمەندانە بوو لە هەموو قۆناغەكانی بنیاتنانی عیراقی نوێدا، بە دروستكردنی سیستەمێكی دیموكراتی فرەیی كە هەموو عیراقییەكان لەئامێز بگرێت، بۆ ئەوەی ببێتە سەركردەی ژیرو ئەو چەترەی كە هەمووان لە باوەش بگرێت".  مەندەلاوی وایوت.

 

 

قاسم ئەلعەرەجی هەوڵەكانی مام جەلال بەرز دەنرخێنێت

 

 

هەروەك قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، خەباتی درێژخایەنی سەرۆك مام جەلال و رۆڵی دیارو بەرچاوی لە كۆكردنەوەی یەكێتی نەتەوەیی بەرزدەنرخێنێت و دەڵێت: "بە شانازییەوە یادی سەرۆك مام جەلال و خەبات و تێكۆشانی دەكەینەوە، هەروەها ئەو كەڕۆڵی دیارو بەرچاوی لەكۆكردنەوەی یەكڕیزی نەتەوەیی لە قۆناغێكی هەستیارو سەرەكیدا هەبوو كەلەگەڵ باقی سەركردە سیاسییەكان رووبەڕووی ئاستەنگەكان بووەو و واقیعێكی نوێی یەكگرتوویی نیشتمانی بەرهەمهێنا، ئەو نموونەی خۆبەخشی و هۆشیاریمان بوو بۆ یەكێتی نەتەوە بەهەموو رەنگەكانییەوەو دەستێك بوو كە لایەنەكان كۆدەكاتەوە، بۆ ئەوەی دیموكراسی جێگیر بێت و میللەت ئازاد و سەلامەت و سەقامگیر بێت".

 

 

 

بەها ئەلعەرەجی: مام جەلا میحوەری تێگەیشتن بوو

 

 

بەها  ئەلعەرەجی، جێگری پێشووی سەرۆكوەزیرانی عیراق، بە بۆنەی ساڵیادی كۆچی دوایی مام جەلال، سەرۆككۆماری  پێشووی عیراق دەڵێت: "مام جەلال تاڵەبانی، ئەو باوكێك بوو، بەرلەوەی سەرۆك كۆمار بیت،   نیشتمانپەروەرێكی عیراقی بوویت پێش ئەوەی كورد بیت و میحوەرێكی چارەسەر و لێكتێگەیشتن بوو، نەك لایەنی  ململانێ و ناكۆكییەكان".

 

رەیان كلدانی: جێدەستی سەرۆك مام جەلال لە مێژووی عیراقدا دیارە

 

رەیان كلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیۆن، بۆ حەوتەمین ساڵیادی ژیانئاوایی سەرۆك مام جەلال لەپەیامێكدا دەنووسێت: "بەوپەڕی رێزەوە یادی كەسایەتی نیشتمانی سەرۆك مام جەلال دەكەینەوە كە جێدەستی لە مێژووی عیراقدا دیارە، رێبازی مام جەلال ژیانی پێكەوەیی ئاشتیانەی لەنێوان پێكهاتەكانی عیراقدا دورستكردو بیری نیشتماندا بە زیندووی دەمێنێتەوە".
 
"مام جەلال پارێزەرێكی بەهێزی مافی هەموو پێكهاتەكان و بزوتنەوەی بابیلۆنیش بوو، هیچ كاتێك وەك كەمینە سەیری پێكهاتەكانی نەكردووە، ئیستاش بنەماڵەی سەرۆك مام جەلال و لەسەروشیانەوە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە كاری سیاسیداو لەچوار چێوەی هێڵی نیشتمانیدا، لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكانی عیراق بێ جیاوازی درێژە بەڕێبازەكەی دەدەن" رەیان كلدانی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیۆن وادەڵێت.

 

 

غەزعەلی: بەشانازییەوە یادی سیاسیەتی حەکیمانەی سەرۆک مام  جەلال دەکەینەوە

 

قەیس غەزعەلی  ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق بۆنەی ساڵیادی كۆچی دوایی مام جەلال، سەرۆككۆماری  پێشووی عیراق رایگەیاند: "لەساڵیادی کۆچی دواییدا بە فەخر و شانازییەوە یادی سیاسیەتی حەکیمانە و رۆڵی لە یەکڕیزی تەواوی عیراق دەکەینەوەو کەرۆڵی هەموو یەکڕیزی نێوان سەرجەم پیکهاتەکانی عیراق و جیاوازی نەدەکرد لەنێوانیداندا و جێپەنجەی لەپێکەوە ژیانی ئاشتیانە لەنێوان پێکهاتەکان دیاربوو".

 

"لەئێستاشدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمان رۆڵی سەرۆک مام جەلال دەگێڕێت بۆ بنیادنانی عیراقێکی دیموکراسی یەکگرتوو"، قەیس غزەعەلی وایوت.

 

فالح فەیاز: سەرۆک جەلال تاڵەبانی لەپێناو عیراقێکی دیموکرات خەباتی کردووە

 

فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند: "سەرۆك جەلال تاڵەبانی كەسایەتییەكی شۆرشگێڕ بوو كە ساڵانێكی زۆر رووبەروی رژێمی بەعسی لەناوچوو بووەوە، لە پێناو رزگاربوون لە ستەم و دامەزراندنی عیراقێكی دیموكرات ی فرەیی، لەم ساڵیادەدا جەخت لە یەكریزیی و تەبایی دەكەینەوە بۆ چەسپاندنی پایەكانی وڵات و دابینكردنی گەل لە عراقێكی سەقامگیرو بە هێزدا".

 

موسەنا ئەلسامەڕائی: مام جەلال بە حیکمەتی سەرکردایەتی ژیرانە ناسراوە

 

موسەنا ئەلسەمەڕائی سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم،  دووپاتی کردەوە، کە خوالێخۆشبوو مام جەلال بە حیکمەتی سەرکردایەتی ژیرانە ناسراوە، هەروەها تێکۆشانی بۆ ئازادی عێراق و کەرامەتی گەلەکەی بووە لە كاروانيَكي دوورودرێژی پڕ لە بەخشین و خۆبەخشی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم لە بەیاننامەیەکدا وتی: "ئەمڕۆ بە دڵێکی پڕ لە ڕێز و پێزانین و دڵسۆزی، يادی حەوت ساڵەی کۆچی دوایی مام جەلال، سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق دەکەینەوە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد: تێکۆشانی خوالێخۆشبوو مام جەلال بۆ ئازادی عێراق و کەرامەتی گەلەکەی، كاروانيَكي دوور و درێژ و پڕ لە بەخشین و خۆبەخشی بوو، ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "بە هەوڵێکی بێهاوتایەوە کاريكرد بۆ گەیشتن بە سەروەری نەتەوەیی و پاراستنی یەکڕیزی عێراق لە تاریکترین هەلومەرجدا. بە حیکمەت و سەرکردایەتی ژیرانە ناسرابوو. جێپەنجەی نەمری بەسەر مێژووی سیاسی عێراقةوة بەجێهێشت".

 

ئەسەدی: سەرۆک مام جەلال ررابەرێکی نیشتمانی بوو

 

ئەحمەد ئەسەدی سەرۆکی هاوپەیمانی خزمەتگوزاری رایدەگەیەنێت: "سەرۆک مام جەلال وەک سەرۆکێکی گەورەی عیراق رابەرێکی نیشتمانیی بوو، قوربانییەکی زۆری داوە لەپێناو خاک و نیشتمان و نەتەوە و هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەب".

 

یونادم یوسف کەنا: رۆڵی كاریگەری مام جەلال لەبیر ناكەین 

یونادم یوسف كەنا سەرۆكی بزوتنەوەی دیموكراتی ئاشوری لە حەوتەمین ساڵیادی ژیانئاوایی سەرۆك مام جەلالدا رایگەیاند: "بە دڵێكی پر غەمەوە یادی كۆچی سەركردەی مەزن مام جەلال دەكەینەوە، لە كاتێكدا كە وڵات زۆر پێویستی پێبوو لەبەر دانایی و رۆڵی كاریگەری لە روبەرووبوونەوەی ئاڵنگاریەكان لە كوردستان و عیراق بەگشتی، رۆڵ وجێ پەنجەی دیارە لە بزوتنەوی رزگاریخوازی كورد پاشان سەركردایەتی كردنی ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی عیراقی بەرەو دیموكراسییەت و روخانی رژێمی دیكتاتۆری".


"رۆڵی كاریگەری لەبیر ناكەین لە بەرقەراركردنی ئاشتی و دروستكردنی بەرەی کوردستانی لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو، ستایشی رۆڵی مام جەلال دەكەین لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی ، بەتایبەتی لای وڵاتە زلهێزەكان، هەروەها هەڵوێستە روونەكانی لە پشتیوانیكردنی فرەیی و هاوبەشی نیشتمانی و چەسپاندنی مافی هەموو پێكهاتەكان لە دەستوردا"، یونادم یوسف. 

 

عەلی ساعدی: خۆشەویستی هەموو پێکهاتەکان بوو

 

عەلی ساعدی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە حەوتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال پەیامێک بڵاودەکاتەوەو دەڵێت: "سەرۆک کۆماری پێشووتری عیراق رۆحی شاد و جێی ئارام بێت، کە ئەو خۆشەویستی هەموو پێکهاتەکان بوو، رۆڵێکی گەورە و بەرچاوی هەبوو لە بەدیهێنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی".



PUKMEDIA  

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket