riklam

لیستی ١٢٩: گەشە بەسێكتەری پەروەردەو خوێندنی باڵا دەدەین

کوردستان 09:19 AM - 2024-09-30
لیستی ١٢٩ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA

لیستی ١٢٩ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لیستی ١٢٩ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ژمارە ١٢٩، لە كارنامەی سەرەكیدا كە بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان خستوویەتییەڕوو، سێكتەرێكی تایبەت كردووە بۆ (سێكتەری پەروەردەو خوێندنی باڵا) كە لە رووی كوالێتی و پرۆگرامی خوێندن و شێوازی وانەوتنەوەو شوێنی سەردەمییانە بۆ خوێندكاران پێویستی بە گەشەپێدانی زیاترەو یەكێتیش دەڵێت: "كۆتایی پێدەهێنین"، هاوكاتیش سەرۆك بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: "ئەوەی دەیڵێن، جێبەجێی دەكەین".

خوێندن مۆدێرنتر دەكەین

د. دڵشاد مستەفا كاندیدی ژمارە ١٦ لەسەر لیستی ١٢٩ ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەبازنەی سلێمانی بە وێبسایتی رەسمی یەكێتی PUKMEDIA ی رایگەیاند: "یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بۆ ئایندە بەجۆرێك گۆڕانكاری لە سیستمی پەروەردەو خوێندن دەكات كەلەگەڵ سەردەم و گۆڕانكارییە تەكنەلۆجییەكان بگونجێت و دەمانەوێت سیستمی پەروەردە لەكوردستان بەشێوازێكی مۆدێرنتر بێت كەلەگەڵ خوێندكاران بگونجێت و خوێندن نەبێتە فشار بۆ خوێندكاران".

 

"لیستەکەمان پرۆژەیەکی بۆ خوێندکاران هەیە کە لەگەڵ ئەوەی خوێندکار دەتوانێت بەپارالێڵ بخوێنێت، هاوکات لەناو زانکۆ بەشدار دەبێت لە پرۆژەکەمان بۆ بەدەستهێنانی پێویستییەکانی خوێندن و دابینکردنی بژێوی ژیانی، بەبێ ئەوەی لەدەرەوەی زانکۆ کاری دیکە بکات، هاوکات هەوڵی باشترکردنی دەرماڵەی خوێندکارانیش دەدەین"، د. دڵشاد مستەفا وای وت.

 

شۆڕشی چاكسازی لە سیستمی خوێندندا دەكەین

تریفە نادر حەمەد قادر كاندیدی ژمارە ٥٧ لەسەر لیستی ١٢٩ ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەبازنەی هەولێر بە وێبسایتی رەسمی یەكێتی PUKMEDIA ی رایگەیاند: "هەر سێكتەرێك نەچوبێتە پەرلەمان شكستی هێناوە، بۆیە ئێمە بەرنامەمان ئەوەیە كە سێكتەری خوێندن و پەروەردە ببەینە پەرلەمان و پێداچونەوەو چاكسازی تێدا بكەین بەجۆرێك لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ژیانی ئێستای كوردستاندا بگونجێت".

"پێویستە لەسەرمان كارێك بكەین بۆ چاكسازی لە مەنهەجی خوێندن، بەجۆرێك بێت خوێندكار بتوانێت بەتەنها كۆنترۆڵی وانەكانی بكات و گرنگییەكی زۆر بە زمانی كوردی بدرێت و پێویستە شۆڕشێكی چاكسازیمان لە سیستمی پەروەردە دەوێت، كەسەرەكیترین كارە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵی بۆدەدات"، تریفە نادر وای وت.

بەیاسا خوێندن و پەروەردە بەرەوپیش دەبەین

نەژاد عەبدوڵڵا محەمەد كاندیدی ژمارە ٤٠ لەسەر لیستی ١٢٩ ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەبازنەی سلێمانی بە وێبسایتی رەسمی یەكێتی PUKMEDIA ی رایگەیاند: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كاندید كردنی ئێمە كە پسپۆڕیمان لە پەروەردە هەیە ئاوڕی لەو سێكتەرە داوەتەوەو بەگرنگییەوە لە رۆڵی مامۆستا و خوێدنكاران دەڕوانێت و لەڕێگای ئێمەوە لە پەرلەمان كار بۆ ئەو خزمەتكردنی پەروەردە و خوێندن دەكات".

"لەڕێگای پەرلەمانی كوردستانەوەو بە یاسا كاردەكەین بۆ هێنانە كایەی شۆڕشێكی نوێی خوێندن هەر لە باخچەی ساوایانەوە بۆ سەرجەم قۆناغەكانی پەروەردەو هەتا خوێندنی باڵا"، نەژاد عەبدوڵڵا وای وت.

سێكتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا

سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەهەرێمی كوردستان، لە رووی كوالێتی و پرۆگرامی خوێندن و شێوازی وانەوتنەوەو شوێنی سەردەمییانە بۆ خوێندكاران پێویستی بە گەشەپێدانی زیاترە، بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەم مەبەستە بەرنامەیەكی تایبەتی داڕشتووە كە خۆی لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە؛

١ –داڕشتنەوەی سیستمی خوێندن لەسەر بنەمای پێگەیاندنی تاك لەڕووی پەروەردەیی و زانستی بەشێوەی سەردەمیانە.

٢ -رێكخستن و چەسپاندنی دەرماڵەی خوێندكاران و كەمكردنەوەی كرێی خوێندن لە خوێندنگاو زانكۆو پەیمانگا ئەهلییەكان، بەشێوەیەك كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی خوێندكاران دروست نەكات.

٣ -باشتركردنی بژێوی ژیانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەو دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون و چارەسەركردنی كێشەكانیان.

٤ -كردنەوەی سەنتەری توێژینەوەو دابینكردنی بودجەی پێویست بۆ توێژینەوەی زانستی.

٥ -درووستكردنی پردی پەیوەندییەكی فراوان لەنێوان زانكۆكانی هەرێم و زانكۆكانی عیراق و دەرەوەدا.

٦ -نەهێشتنی جیاوازی لەنێوان خوێندنگا حكومی و ئەهلییەكان لەڕووی كوالێتی و پڕۆگرامی خوێندنەوە.

٧ -پێشخستنی توانا مەعریفی و زانستییەكانی مامۆستایان لەرێی كردنەوەی خول و پێدانی زانیاری نوێ و دابینكردنی تەكنەلۆژیای زانیاری و مەشق و راهێنانی بەردەوامی ساڵانە و ئەنجامدانی توێژینەوەی نوێ.

٨ -فەراهەمكردنی سەربەخۆیی ئیداری و دارایی لەزانكۆ و پەیمانگاكان بۆ ئەوەی دەستكراوەبن لەپێشخستن و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و داهێنان.

٩ - پێدانی قەرزی بچووك بۆ خوێندكارانی خوێندنگاو زانكۆو پەیمانگا ئەهلییەكان.

١٠ -كردنەوەی دایەنگەی پێشكەوتوو و مودێرن بۆ پەروەردەكردنی منداڵانی كوردستان بەشێوازی هاوچەرخ.

١١ -زیاتركردنی باخچەی ساوایان كە بكرێتە بنەمای خوێندنی هاوچەرخ.

١٢- گرنگیدان بە زمانی دایك لە سەرجەم قۆناغەكانی خوێندندا.

بڕیارە رۆژی ٢٠-١٠-٢٠٢٤، هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بە دروشمی (كۆتایی پێدەهێنین.) و بەلیستی ١٢٩ و بە ١٧٢ كاندیدەوە كەبەسەر چوار بازنەدا دابەشبوون بەشداری هەڵبژاردن دەكات.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket