riklam

پەیامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردن

ی ن ک 01:49 PM - 2024-09-26
لیستی ١٢٩ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA

لیستی ١٢٩ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

هەڵبژاردن لیستی ١٢٩ـی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

سەركەوتنی گەورە، راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی، باشكردنی بژێویی هاووڵاتیان، پاراستنی بە هێزێكی گەورەی وەكو یەكێتی دەكرێت

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان جەماوەری نیشتمانپەروەری پارێزگاكانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە  دانیشتووانی خۆڕاگری ئیدارە خۆجێیەكانی (گەرمیان، راپەڕین، سۆران، زاخۆ دەنگدەرانی سەرجەم شار و شارۆچكە و گوندەكانی هەرێمی كوردستان

هەرێمی كوردستان لەڕووی سامانی سروشتییەوە هەرێمێكی دەوڵەمەندە و لەڕووی گەشتیارییەوە ناوچەیەكی دڵگیرە، لەڕووی كشتوكاڵیشەوە خاوەن خاكێكی بەپیتە، ئەم تایبەتمەندییانە كۆڵەكەی بونیاتنانی نیشتمانێكی ئاوەدان و پێشكەوتوون كە لە سایەیدا خۆشگوزەرانیی سەرجەم چین و توێژەكانی فەراهەم دەبێت، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی لادان لە پرەنسیپەكانی هاوبەشیی حكومەت و پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی ناواقیعی و ئیدارەدانێكی نادروستەوە، هەرێمی كوردستان لەڕووی ئابوورییەوە پاشەكشەی كردووە و جۆرەها هەڕەشەو مەترسی جددی بەرۆكی هەرێمەكەمانی گرتووە. رۆژ لەدوای رۆژیش ژیانی هاووڵاتیان بەرەو خراپتر و سەنگی هەرێمی كوردستانیش بەرەو لاوازی دەچێت، ئەمەش لە ئاست خواستی یەكێتی و خەبات و قوربانیدان و خۆڕاگریی گەلی كوردستاندا نییە، بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڵێنی داوە بە ئەركی مێژوویی خۆی هەڵسێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە بە بەرنامەیەكی هەمەلایەن و گشتگیرەوە لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و باشتركردنی بژێویی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، بەرەو راستكردنەوەی رێڕەو هەنگاو بنێت، چونكە یەكێتی دامەزرێنەری راستەقینەی سیستمی فیدراڵییە لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ ، دوای رووخاندنی رژێمی بەعسیش بە هەوڵەكانی سەرۆك مام جەلال و یەكێتی، ئەم سیستمە لە دەستووری عیراقدا جێگیركرا، بۆیە كاتی ئەوەیە ئێستا ئەم ئەزموونە لە شكست و قۆرخكاریی بپارێزێت.

ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێكی چارەنووسسازە، هەروەك بەرپرسیاریەتییەكی مێژوویی دەخاتە سەرشانی هەموومان كە پێكەوە ئەم هەلە لەدەست نەدەین و هەوڵی راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانیی لە هەرێمی كوردستان بدەین چارەسەری مووچەی هەرێم

سیاسەتی یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ روونە كە لە بەغدایە، نەك لە پایتەختی وڵاتێكی دیكە و دەبێت لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا رێككەوتنی هەمیشەیی بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و سەرجەم كێشەكانی دیكە بكرێت، بەشێوەیەك مافی خەڵكی كوردستان و مافە دەستوورییەكانی هەرێم پارێزراوبن .

دیدی یەكێتی ئەوەیە كە ئابووریی سەربەخۆی هەرێم بەوە نابێت پەیوەندییە ئابوورییەكان بە تەواوەتی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا ببڕین و شادەماری ئابووریی هەرێم راستەوخۆ بە لایەنێكی دەرەكییەوە ببەستینەوە، چونكە رۆژێك دێت ئەو شادەمارە لە رەگەوە هەڵدەكەنن، بەداخەوە دواجار هەر ئەوەش روویدا، بۆیە نەمانهێشت غازەكەش بە دەردی نەوتەكە ببرێت.

ئێمە خۆمان دەسەڵاتداری رەها نین

پرەنسیپی جێگیر لای ئێمە ئەوەیە هەر تەنها خۆمان دەسەڵاتداری رەها نین، بەڵكو سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان، بەپێی شایستەیی هەڵبژاردن و رێككەوتنی پێشوەختە لە بەڕێوەبردنی ئیدارەكاندا هاوبەشن، لای ئێمە رێز لە بەركەوتەی هەڵبژاردن دەگرین، فرەیی سیاسی و ئازادیی كاركردنی پارتەكان لە ترۆپكدایە و هەموو هێزەكان، لەروانگەی دیموكراسییەت و یەكتر قبووڵكردنەوە مامەڵە دەكرێن، بارەگا داناخرێن و ناسوتێندرێن و لایەنگرانی لایەنەكانی تر دووچاری راوەدونان نابنەوە .

لای ئێمە، كەرتی (كشتوكاڵ، پیشەسازی، خوێندنی باڵا، ئاژەڵداری، گەشتوگوزار، تەندروستی) و كۆی سێكتەرەكانی دیكە لە هەڵكشاندایە و دەستی ئاوەدانی گەیشتۆتە دوورترین گوندی سەر سنوورەكان و ئامانجمانە لەوە زیاتریان بكەین.

دژی دەستگیركردنی رۆژنامەنووسانین لەسەر بیروڕای جیاواز و ئازادیی رادەربڕین و رەخنەگرتن لە حكومەت.

-مافی خۆپیشاندان مافێكی سەرەتایی هەموو چین و توێژێكە، لە رابردووشدا ئەوەمان بە پراكتیكی سەلماندووە، بەردەوامیش داكۆكی لێدەكەین .

 -رێگەچارە سیاسی و دیپلۆماسییەكان بۆ پاراستنی ئارامیی سنوورەكان و پاراستنی هاوڵاتییان لە پێشینەی كارەكانمانە .

-هەموو شوێن و شارێكی كوردستان بە شوێن و شاری خۆمان دەزانین و هەوڵمان نەداوە لەڕێی میدیاوە روخسارێكی ناشیرین بە هیچ شار و شارۆچكەیەك ببەخشین، چونكە یەكێتی هێزی تەواوی نیشتمان و كوردستانە و خزمەتكردنی سەرجەم شار و شارۆچكە و دێهاتەكانی كوردستان بە ئەركی خۆی دەزانێت.

- لە روانگەی ئێمەوە، هاووڵاتیان لە ئەرك و ماف و ئیمتیازدا یەكسانن، وەلائی حزبی پێوەر نییە بۆ ئیمتیاز بەخشینەوە .

- یەكێتی هیچ پێكهاتەیەك بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكارناهێنێت و رێز لە ئیرادەیان دەگرێت، باوەڕی نەگۆڕی وایە كە پێویستە پێكهاتەكان خۆیان نوێنەرایەتیی خۆیان بكەن .

 -باوەڕی نەگۆڕمان وایە، كۆچبەرەكان (نازیحەكان) بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، چونكە شارەكانی عیراق ئارامن و پێویست ناكات چیتر لە هەرێمی كوردستان بمێننەوە، بەزۆر هێشتنەوەیان، پێچەوانەی بنەما ئەخلاقی و یاساییەكانە و ناكرێت بۆ سوودی ئابووریی و بەكارهێنانیان لە هەڵبژاردن، رێگە لە گەڕانەوەیان بگیرێت.

- ئێمە لە دوای ریفراندۆمەوە، هەوڵێكی زۆرمان دا بۆئەوەی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دابنێین و بەشێك بوو لە رێككەوتنی پێكهێنانی كابینەی حكومەتیش، بەڵام لایەنی دیكە بە پێچەوانەی رێككەوتن و بەرپرسیارییەتی كوردانە هەوڵێكی زۆریاندا بۆئەوەی پارێزگاری سەپێنراو بمێنێتەوە و ئێستاش پشتگیریی لە غەیرە كورد دەكەن بۆ ئەو پۆستە.

-ئێمە لەروانگەی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانییەوە داوامانكرد كورد بە یەك لیست بەشداریی لە هەڵبژاردنەكانی كەركوكدا بكەن بۆئەوەی نوێنەرایەتیمان زیاتر بێت و كوردێك ببێتە پارێزگار و كۆتایی بە خۆسەپێنی و تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافی بێت، بەڵام لایەنی دیكە لەروانگەی بەرژەوەندیی تەسكی حزبییەوە بەجیا بەشداریانكرد و بەهۆی خۆخۆرییەوە كورد كورسییەكی لەو شارە لە دەستدا.

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. 

دەنگدەرانی هەرێمی كوردستان لە سەرجەم چین و توێژەكان ..

 گەنجان، ژنان ، كرێكاران، كاسبكاران، جووتیاران، مووچەخۆران:

ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێكی چارەنووسسازە، هەروەك بەرپرسیاریەتییەكی مێژوویی دەخاتە سەرشانی هەموومان كە پێكەوە ئەم هەلە لەدەستنەدەین و هەوڵی راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان بدەین.

پێكەوە بڕیاری راستكردنەوەی رێڕەوی سیاسی و ئیداری و دیپلۆماسی و خزمەتگوزاری لە هەرێمی كوردستان بدەین و خەڵكی هەرێمی كوردستان لە دەست تاكڕەویی و خۆسەپێنی و بێ مووچەیی رزگار بكەین.

 یەكێتی تاكە هێزە، بە دەنگ و پشتیوانی ئێوە دەتوانێت لە سایەی حكومڕانییەكی خەمخۆردا خزمەتێكی شایستە و راستەقینە پێشكەش بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات، هەموو ئەو مەترسی و قەیرانە هەمەجۆرانەی كە بەرۆكی كوردستانیان گرتووە، بڕەوێنینەوە.
 پشتیوانمان بن بۆ بەهێزتركردنی یەكێتییەكەتان، چونكە بە بەهێزتربوونی یەكێتی هەرێمێكی بەهێزتر مسوگەر دەبێت و كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە یەكجاریی چارەسەر دەبێت.

لەگەڵمان بن بۆ  جێبەجێكردنی بەرنامە فرەلایەنەكەی یەكێتی كە هەڵقوڵاوی هەناوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە و بەرژەوەندیی سەرجەم چین و توێژەكانی لەخۆگرتووە.

لە كۆتاییدا دەڵێین:.هەرێمی كوردستان پێویستی بە (هێز) ێكی بەهێزە، بە پشتیوانیی ئێوە، ئەو هێزەش هەر یەكێتی بووە و هەر یەكێتی دەبێت .

 یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هێزە و بەو هێزە دەتوانین سنوورێك بۆ یاساشكێنی لە هەرێم دابنێین .

 پێكەوە دەتوانین جەماوەری پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك لە دەسەڵاتی تاك حزبی و چەوسانەوە رزگاربكەین.

 پێكەوە دەتوانین كۆتایی بە سزاكانی سەر پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین و گەرمیان و قەزای كۆیە بهێنین.

 هەر بە هێزێكی وەكو یەكێتی دەتوانین هەرێم بەرەو ئیدارەیەكی سەرتاسەریی و ئارام و خزمەتگوزار ببەین.

بۆ پێشەوە بەرەو سەركەوتنی لیستی (١٢٩)ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و راستكردنەوەی رێڕەوی حكومڕانیی لە هەرێمی كوردستان.
لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ژمارە (١٢٩)

#هەڵبژاردن #١٢٩

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket