riklam

مووچەی پەرلەمانتارانی عیراق کەمکرایەوە

عیراق 10:33 AM - 2024-08-05
مووچەی پەرلەمانتاران PUKMEDIA

مووچەی پەرلەمانتاران

ئەنجومەنی نوێنەران

پەرلەمانتارانی عیراق بە کەمکردنەوەوە مووچەی مانگی حەوتیان وەرگرتوو بۆ هەر پەرلەمانتارێکیش بڕوانامە و ساڵی خزمەت و هاوسەرگیری و منداڵ کراوەتە پێوەر، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەڵێت: "تەنها ئەو پەرلەمانتارانەی بڕوانامەی دکتۆرایان هەیە لە چوارچێوەی ئەو بڕیارەدا مووچەکانیان زیادی کردوەو سەرجەم پەرلەمانتارانی دیکە مووچەکانیان کەمی کردووە".


لەناو پەرلەمانتاراندا بۆچونێک هەیە، کە ئاماژە بەوە دەکات، 'پێویست ناکات پەرلەمانتاران بە پلە باڵا هەژمار بکرێن، چونکە تەنها بۆ ماوەی چوار ساڵ لەو ئەرکەدا دەمێننەوە'، بۆ ئەم بۆچونەش لە ئێستادا لەهەوڵی کۆکردنەوەی ئیمزادان بۆ گەڕانەوەی مووچەکانیان بە تەواوەتی.

 

مووچەی پلەباڵاکان کەمکرایەوەو پەرلەمانتارانیشی گرتەوە

 

كاروان یاروه‌یس ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند:" په‌رله‌مانتاری عیراق مووچه‌كانیان كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ داواكرابوو كه‌ پله‌ باڵاكان له‌حكومه‌ت مووچه‌كانیان كه‌مبكرێته‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا بۆچوونێك هه‌یه‌ كه‌ په‌رله‌مانتار پله‌ باڵا نییه‌ ته‌نها بۆ چوار ساڵ له‌و پله‌یه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویست ناكات ئه‌و بڕیاره‌ په‌رله‌مانتاران بگرێته‌وه‌".


" به‌پێی بڕیاره‌كه‌ ساڵی خزمه‌ت و بڕوانامه‌و هاوسەر‌گیری و بوونی منداڵ كراوه‌ته‌ پێوه‌ر بۆ مووچه‌، به‌ڵام له‌رابردوودا په‌رله‌مانتاران مووچه‌یه‌كی جێگیریان هه‌بوو كه‌ 8 ملیۆن و 200 هه‌زار دینار بووه‌، به‌ڵام به‌پێی ئه‌م بڕیاره‌ نوێیە به‌شێكی زۆری په‌رله‌مانتاران مووچه‌كانیان كه‌می كردوه‌"، کاروان یاروەیس وادەڵێت.


ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی وتیشی: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێویستبوو كارو چالاكی و هه‌وڵی په‌رله‌مانتاران بكرێته‌ پێوه‌ر نه‌ك بڕوانامه‌، به‌ڵام به‌پێی ئه‌م بڕیاره‌ هه‌موو په‌رله‌مانتارێك 4 ملیۆن دیناری جێگیری هه‌یه‌و پاشان ده‌رماڵه‌كانی دیكه‌ وه‌رده‌گرێت، له‌م چوارشێوه‌یه‌شدا مووچه‌ی په‌رله‌مانتاران وه‌ك یه‌ك نابێت و ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ی بڕوانامه‌ی دكتۆرایان هه‌یه‌ مووچه‌كانیان زیادیكردوه‌".

 

بەپێی بڕوانامە مامەڵە لەگەڵ مووچەی پەرلەمانتاران دەکرێت

 

به‌پێی به‌دواداچوونێكی PUKMEDIA ، به‌هۆی بڕیاره‌كه‌وه‌ مووچه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی بڕوانامه‌ی ئاماده‌ییان هه‌یه‌ 2 ملیۆن و 800 هه‌زار دینار كه‌میكردوه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی بڕوانامه‌ی دبلۆمیان هه‌یه‌ زیاتر له‌ 2 ملیۆن دینار كه‌میكردوه‌، هاوكات مووچه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌شی كه‌ بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسیان هه‌یه‌ مووچه‌كه‌یان یه‌ك ملیۆن و 450 هه‌زار دینار كه‌میكردوه‌، به‌ڵام مووچه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی بڕوانامه‌ی ماسته‌ریان هه‌یه‌ وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه‌و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌شی بڕوانامه‌ی دكتۆرایان هه‌یه‌ مووچه‌كانیان زیادیكردوه‌.


کەمکردنەوەی مووچە لەسەر داوای پەرلەمانتارێک بووە

 

کەمکردنەوەی مووچەی پەرلەمانتاران لەسەر داوای پەرلەمانتارێک بووە کە لە دادگای فیدراڵی داوای کردبوو مووچەی پلە باڵاکان لە حکومەت کەمبکرێتەوە، لەچوارچێوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیشدا مووچەی پەرلەمانتاران کەمکرایەوە.


چرۆ حه‌مه‌ شه‌ریف ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند:" بڕیاری هاوتاكردنی مووچه‌ی پله‌ باڵاكان له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی سكاڵای په‌رله‌مانتارێك بووه‌ كه‌ داوایكردبوو مووچه‌كانیان كه‌مبكرێته‌وه‌".


"به‌هۆی ئه‌و بڕیاره‌وه‌ مووچه‌ی مانگی حه‌وتی په‌رله‌مانتاران بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌ك دواكه‌وت و دواجار كه‌ دابه‌شكرا په‌رله‌مانتاران به‌ كه‌مكردنه‌وه‌وه‌ مووچه‌كانیان پێدرا"، چرۆ حەمەشەریف وایوت.

 

تەنها بڕوانامەی دکتۆرا مووچەکانیان زیاد کراوە

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بۆ مانگی حه‌وت په‌رله‌مانتارانی عیراق، بڕی 4 ملیۆن دیناری جێگیر و ده‌رماڵه‌كانی دیكه‌ش به‌پێی بڕوانامه‌و ساڵی خزمه‌ت و ژن و منداڵ پێیان دراوه‌، به‌ڵام ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی بڕوانامه‌ی دكتۆرایان هه‌بووه‌ ده‌رماڵه‌ی 100% و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی بڕوانامه‌ی ماسته‌ریان هه‌بووه‌ ده‌رماڵه‌ی 75% و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی بڕوانامه‌ی دبلۆمیان هه‌بووه‌ ده‌رماڵه‌ی 35% و ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌شی بڕوانامه‌ی ئاماده‌ییان هه‌بووه‌ ده‌رماڵه‌ی 25% یان پێدراوه‌.


پێشتر كاتێك حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق بوو له‌ساڵی 2014 دا، له‌خولی سێهه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ بڕیاردرا، به‌كه‌مكردنه‌وه‌ی پاسه‌وانانی په‌رله‌مانتاران و مووچه‌ی په‌رله‌مانتاران، به‌ڵام له‌خولی دوایدا ئه‌و بڕیاره‌ لابراو مووچه‌ی په‌رله‌مانتاران وه‌ك خۆی لێكرایه‌وه‌.


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket