riklam

پێشمه‌رگه‌ی وه‌همی و بندیوارو بیانی كێشه‌ی بۆ مووچه‌ دروستكردوه‌

کوردستان 12:07 PM - 2024-07-18
پێشمەرگەی کوردستان PUKMEDIA

پێشمەرگەی کوردستان

پێشمەرگە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت: "زیاتر لە 23 هەزار پێشمەرگەی بندیوار و وەهمی و بیانی لەناو لیستی مووچەخۆرانی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە و ئەمەش بووەتە هۆکاری دواکەوتنی مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە"، هیزەکانی 70ش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەدەکات: "هیچ پێشمەرگەیەکی وەهمی و بندیوار وبیانی لەناو هێزەکانماندا نییە و ئامادەنین بۆ مووچەی مانگی تەمووز بەهۆی داتا و زانیاری ناڕوونەوە مووچەی هێزەکانمان دوابکەوێت و ئەگەر پێویست بێت راستەوخۆ لیستی مووچەی هێزەکانمان بۆ حکومەتی فیدراڵ دەنێرین".

 

جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانیش ئاماژە بەوەدەکات: "بەناوی زۆرینەوە لەپەرلەمانی کوردستان رێگریمان لێدەکرا چاکسازی لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەدا بکەین، لەکاتێکدا هێزەکانی 70 پشتیوانمان بوون لەو چاکسازییە".

 

پێشمەرگەی وەهمی و بندیوارو بیانی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی دواخستووە

سۆران عومەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حکومەتی هەرێم ئامادەنەبوو ناوی هێزەکانی پێشمەرگە لە لیستی مووچەدا بۆ بەغدا بنێرێت، بەڵام پاش فشارەکانی دیوانی چاودێری دارایی عیراق دواجار حکومەتی هەرێم ناچاربوو ناوەکانیان بنێرێت و لەو چوارچێوەیەشدا دەرکەوت ژمارەیەکی زۆر هێزی وەهمی و بندیوار و هێزی بیانی لەناو لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەدان".

 

"بەپێی راپۆرتی دیوانی چاودێری دارایی عیراق زیاتر لە 23 هەزار پێشمەرگەی وەهمی و ناوی دووبارە و بندیوار و هێزی بیانی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیەو ئەوەش بووەتە هۆکار بۆ نەناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە"، سۆران عومەر وای وت.

 

سەبارەت بە راگەیەندراوەکەی فەرماندەیی هێزەکانی 70 کە باس لە ناردنی لیستی مووچەی هێزەکانیان دەکات بۆ بەغدا، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوەدا: "ئەو بڕیارە هەنگاوێکی باشە و خزمەت بە هێزی پێشمەرگە دەکات و هاوتای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییە، کە هەموو فەرمانگەیەک دەتوانێت راستەوخۆو بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی هەرێم، لیستی مووچەخۆرانی فەرمانگەکەی بۆ دارایی عیراق بنێرێت و مووچەکانیان بۆ بنێردرێت".

 

یەکەی 70 پشتیوانی چاکسازی بوون

 

لەخوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان هەوڵی چاکسازی لە لیستی مووچەی پێشمەرگە دراوەو تەنها هێزەکانی 70 هاوکاربوون و هێزەکانی 80 بەدەنگەوەهاتنیان نەبووە بۆ ئەو پرسە.

 

عوسمان سێدەری جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لە خولی پێشوودا چەندین جار هەوڵمانداوە لیستی مووچەی پێشمەرگە لە پێشمەرگەی وەهمی و بندیوار و هێزی بیانی پاک بکەینەوە، بەڵام لەلایەن فراکسیۆنێکەوە بەناوی زۆرینە رێگریمان لێکراوە".

 

"لە بەدواداچونەکانمان لە لیژنەی پێشمەرگە لەگەڵ فەرماندەیی هێزەکانی 70 بۆماندەرکەوت هیچ هێزێکی بیانی لەناو ئەو هێزەدا نییەو هاوکارمانبوون بۆ ئەوەی رێگری بکەین لە پێشمەرگەی وەهمی و بندیوار، بەڵام ئەو پشتیوانییەمان لە هێزەکانی 80 نەبینی و نەمانتوانی بەدواداچون بۆ هەبونی هێزی بیانی و بندیوار و پێشمەرگەی وەهمی لەو یەکەیەدا بکەین"، عوسمان سێدەری وای وت.

 

ئەندامەکەی خولی پیشووی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات: "لەرابردووشدا بونی هێزی بیانی لەناو هێزی پێشمەرگەدا بوبوە بارگرانییەکی زۆر بۆ بۆ حکومەتی هەرێم و هەزاران کەس بەناوی هێزی جیاجیا لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە مووچەیان وەردەگرت، لەکاتێکدا هیچ رۆڵێکیان لە پاراستنی خاکی هەرێمی کوردستاندا نەبووە".

 

هێزەکانی 70: هیچ پێشمەرگەیەکی وەهمی و بندیوارو بیانی لەهێزەکانماندا نییە

 

هێزەکانی 70ی رەتیدەکاتەوە هیچ پێشمەرگەیەکی بندیوار و وەهمی و بیانی لەناو هێزەکانیاندا هەبێت و ئاماژە بەوەش دەکات: "ئامادەنین مووچە و قوتی بنەماڵەی هێزەکانمان بکرێتە بارمتەی ناڕونی زانیاری".

 

هێزەکانی 70 لەبارەی دواکەوتنی مووچەی هێزەکانیان و بونی پێشمەرگەی وەهمی و بندیوار و هێزی بیانی لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ PUKMEDIA نێردراوە ئاماژە بەوە دەکات: " لەناو هێزەکانی فەرماندەیمان هیچ ناوێک بوونی نییە کە هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتێکی تر بێت جگە لە رەگەزنامەی عیراقی و یەک ناویش نییە کە وجودی ماددی و فیزیکی نەبێ، واتە ناوی وەهمی بێت بەتایبەت دوای ئەوەی تۆماری بایۆمەتریان بۆ ئەنجامدراوە".

 

ئەوەشخراوەتەروو: "بۆ مووچەی مانگی تەمووز ئێمە ئامادەیی تەواومان هەیە کە لیستی تەواوی ناوی پێشمەرگەکانمان بە زانیاری و بەڵگەنامەی داواکراوی پێویستیەوە پێشکەش بە حکومەتی فیدراڵ بکەین و چیتر ئامادە نین مووچە و قوتی بنەماڵەکانیان بکرێتە بارمتەی ناروونی زانیاری و داتاگەلێک کە پەیوەندی بە هێزەکانمانەوە نییە".


زیاتر لە 100 رۆژ بوو پێشمەرگە یەک مووچەی وەرگرتبوو

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم، به‌شێك له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ 100 رۆژدا ته‌نها یه‌ك مووچه‌یان وه‌رگرتبوو‌، كه‌ به‌ دیاریكراوی له‌ رۆژی 12ـی 6ـی 2024 دا مووچه‌ی مانگی چواریان وه‌رگرتووە و هۆکارەکەش ئەوە بووە کە دارایی عیراق داوای لیستێکی نوێی پڕ زانیاری هێزە ئەمنییەکانی لە دارایی هەرێم کردووە بۆئەوەی مووچەکانیان بنێرێت.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket