riklam

رووناک فەرەج کۆچی دوایی کرد

هەواڵ 08:02 PM - 2024-06-17
رووناک فەرەج PUKMEDIA

رووناک فەرەج

رووناک فەرەج چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان ئەمڕۆ دووشەممە 17ـی 6ـی 2024 کۆچی دوای کرد.

رووناک فەرەج بەرپرسی رێکخراوی راگەیاندن و رووناکبیری ژنان و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان بوو، ئەمڕۆ لە شاری  سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

مەرگی ناوادەی ژنە چالاکوان و نووسەرو رۆژنامەنوس و لێکۆڵەری پرسە کۆمەڵایەتیەکان رووناک فەرەج رەحیم کەلێنێکی گەورە دەخاتە بزوتنەوەی ئازادیخوازی و مافەکانی ژنان لەکوردستاندا.

 

سەرۆک بافڵ پرسەنامەیەک ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵەی رووناک فەرەج دەکات

 

‎بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی کۆچی خاتوو رووناك فەرەج، رۆژنامەنووس، چالاکوانی مافی ژنان، کادری پێشکەوتووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لێپرسراوی  رێکخراوی راگەیاندن و رووناکبیریی ژنان لە دڵەوە نیگەرانیكردین.

‎بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکار و بنەماڵە سەربەرزەكەیان دەکەم و هاوبەشی ماتەمیانم.

‎لەخوای گەورە داواکارم کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شادبکات و سەبووری بە هەموولایەک ببەخشێت.

‎دڵسۆزتان 
‎بافڵ جەلال تاڵەبانی 
‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  

 

پرسەنامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی

 

بەڕێزان کەسوکاروو خانەوادەی کۆچکردو رووناک فەرەج چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان .


بەداخەوە هەواڵی مەرگی ناوادەی ژنە چالاکوان و نوسەرو رۆژنامەنوس  (رووناک فەرەج رەحیم) مان پێگەیشت، بۆ ئەم خەمە پرسە و سەرخۆشی خۆمان ئاراستەی بەرێزتان و هەڤاڵانی لە رێکخراو و چالاکوانانی مافەکانی ژنان لەکوردستان دەکەین.

لەیەزدانی مەزن داواکارین سەبوری و ئارامی هەموولایەک بدات و جێگای کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین بێت.

مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

بۆردی راگەیاندنی یەکێتی سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوڕێ وهاوپیشەکانی خاتوو رووناک فەرەج دەکات 

بەداخ و خەمێکی قوڵەوە. ئێوارەی ئەمڕۆ ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بواری خەباتی ژنان و کادری دیاری  یەکێتیی نیشیمانیی کوردستان، ڕوناک فەرەج بەرپرسی ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕوناکبیریی ژنان، پاش چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە لە شاری سلێمانی کۆچی دواییکرد و جێی هێشتین. 

بۆ ئەم ئازار و کۆچە ناوەختە، بەناوی بۆردی ڕاگەیاندن و سەرجەم میدیاکارانی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکار و هاوڕێ و هاوپیشەکانی دەکەین و دەپاڕێینەوە لە یەزدانی مەزن، جێگەی کۆچکردو بەهەشتی نەبڕاوە بێت و سەبووریی و ئارامیش بە هەموو لایەک ببەخشێت. 

خاتوو ڕوناک فەرەج، وەک قەڵەمێکی سەنگین و ژنێکی سەلاری خەباتی نەتەوەیی و یەکسانیی، بەردەوام لە ڕیزی پێشەوەی خەباتدا بووە و هەرگیز لە باوەڕ و بنەماکانی خەبات پاشەکشەی نەکردوە، لە کۆنفرانسی دووەمی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش وەک بڕیاردەری لیژنەی سیاسەتی میدیایی ڕۆڵێکی دیاری بینیوو و جێدەستی دیاربوو، بەڵام ئەفسوس مەرگی ناوەختی نەیهێشت بەری ڕەنج و ماندوبوونی ببینێت. 

جارێکی تر سەرەخۆشی دووبارە دەکەینەوە

بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket