riklam

راپۆرتی رێكخراوی په‌یامنێران: زۆرترین پێشێلكاری به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان له‌هه‌ولێر بووه‌

کوردستان 01:14 PM - 2024-06-25
لۆگۆی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان هەژماری رێکخراوی پەیامنێران

لۆگۆی رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان

تادێت پێشێلكارییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان ر‌وو له‌ زیادبوونه‌، به‌شێوه‌ك ئازادی كاری ر‌ۆژنامه‌وانی خستووه‌ته‌ به‌رده‌م پرسیاره‌وه‌، به‌پێی راپۆرتێكی رێكخراوی په‌یامنێران بۆ ماف و گه‌شه‌پێدانی رۆژنامه‌نووسان، كه‌ بۆ شه‌ش مانگی رابردووی ئه‌مساڵ ئه‌نجامیداوه‌، زیاتر له‌نیوه‌ی ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی دژی رۆژنامه‌نووسان له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدراون له‌پارێزگای هه‌ولێر بووه ‌و پاشانیش پارێزگای دهۆك پله‌ی دووه‌می له‌ زۆرترین پێشێلكاری گرتووه‌.

145 رۆژنامه‌نووس پێشێلكارییان به‌رامبه‌ر كراوه‌

هۆزان قادر لێپرسراوی رێكخراوی په‌یامنێران بۆ ماف و گه‌شه‌پێدانی رۆژنامه‌نوسان له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA وتی: "له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگی ر‌ابردوودا 78 حاڵه‌تی توندوتیژی دژی رۆژنامه‌نووسان له‌هه‌رێمی كوردستان به‌رامبه‌ر به‌ 145 ر‌ۆژنامه‌نووس له‌ رێكخراوه‌كه‌مان تۆماركراون، كه‌ زۆرترینیان له‌پارێزگای هه‌ولێر بووه‌ و له‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ش هیچ توندوتیژییه‌ك تۆمار نه‌كراوه‌".

" به‌پێی راپۆرتی رێكخراوه‌كه‌مان كه‌ بۆ شه‌ش مانگی ئه‌مساڵ له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجاممانداوه‌، له‌پارێزگای هه‌ولێر 46 حاڵه‌تی پێشێلكاری و له‌دهۆك 21 حاڵه‌ت و له‌سلێمانی 11 حاڵه‌تی پێشێلكاری هه‌بووه‌، له‌كاتێكدا له‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ش هیچ حاڵه‌تێك تۆمار نه‌كراوه"، هۆزان قادر وادەڵێت.

له‌شه‌ش مانگدا 78 حاڵه‌تی توندوتیژی دژی رۆژنامه‌نووسان هه‌بووه‌

به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی رێكخراوی په‌یامنێران كه‌ كۆپییه‌كی بۆ PUKMEDIA نێدراوه‌: "له‌و پێشێلكارییانه‌ی به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان كراون، 2 حاڵه‌تی ده‌ستگیركردن و 57 ر‌ێگانه‌دان به‌ ر‌ووماڵكردن و 19 هێرش و ده‌ستبه‌سه‌ر داگرتنی كه‌ل و په‌لی ر‌ۆژنامه‌وانی بووه‌".

ڕ‌ێكخراوی په‌یامنێران بۆ ماف و گه‌شه‌پێدان، ر‌ێكخراوێكی ناحكومی داكۆكیكاره‌ له‌ مافه‌كانی رۆژنامه‌نووسان له‌هه‌رێمی كوردستان و شه‌ش مانگ جارێك راپۆرتی توندوتیژی دژی رۆژنامه‌نووسان له‌هه‌رێمی كوردستان بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌به‌پێی دوو راپۆرتی رابردوویی، پارێزگای هه‌ولێر زۆرترین پێشێلكاری دژی رۆژنامه‌نووسیان تێدا ئه‌نجامدراوه‌، هاوكات كه‌مترین پێشێلكاریش له‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌و سلێمانی بووه‌.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket