riklam

پەرلەمانتارێک: گومان هەیە گەنمی هاوردە تێکەڵ بەبەرهەمی جوتیاران بکرێت

کوردستان 11:43 AM - 2024-06-02
گەنمی جوتیاران PUKMEDIA

گەنمی جوتیاران

گەنمی جوتیاران

هەوڵەکانی یەکێتی بۆ وەرگرتنی زۆرترین رێژەی گەنمی بەرهەمهێنراوی جوتیارانی هەرێم بەردەوامی هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش وەزیری کشتوکاڵی هەرێم کەلە پشکی یەکێتییە چەند جارێک سەردانی بەغدای کردوەو داوای کردووە، 'رێژەی وەرگرتنی گەنم لە جوتیارانی هەرێم زیادبکرێت'، ئەندامێکی لیژنەی کشتوکاڵیش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: "گومانێک لە عیراق هەیە کەلایەنێکی کوردستانی لەدەرەوەی وڵات گەنم هاوردە دەکات و دەیەوێت لەگەڵ گەنمی جوتیاران بەحکومەتی عیراقی بفرۆشێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دروستکردووە".

 

تیمی یەکێتی هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ وەرگرتنی زۆرترین رێژەی گەنم

غەریب ئەحمەد ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە وێبسایتی رەسمی یەکێتی PUKMEDIA ی راگەیاند: "تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم و فراکسیۆنەکەشمان لە بەغدا لەهەوڵی بەردەوامدان کە رێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی عیراقەوە زیادبکرێت و داوامانکردووە لانی کەم هاوشێوەی رێژەی پارێزگاکانی دیکەی عیراق گەنم لە پارێزگاکانی هەرێم وەربگیرێت".

 

"لە عیراق گومانێک هەیە کە گوایە لایەنێک لەهەرێمی کوردستان گەنم لەدەرەوەی وڵات بە نرخی هەرزان هاوردە دەکات و تێکەڵی گەنمی جوتیارانی هەرێمی دەکات و پاشان دەیەوێت بە حکومەتی عیراقی بفرۆشێتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا داوامانکردووە بۆ سەلماندنی ئەو بابەتە لیژنەیەک پێکبهێنرێت و ئێمەش پشتیوانیان دەبین، کەبەپێی بۆچونەکە زۆرترین هاوردەی گەنمەکە لە پارێزگاکانی هەولێرو دهۆکن"،  غەریب ئەحمەد وای وت.

 

عیراق بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینار دەدات

حکومەتی عیراق بەنیازە هاوشێوەی ساڵی رابردوو بۆ هەر تۆنێک گەنم بڕی 850 هەزار دینار بداتە جوتیاران و بەپێی بەدواداچونێکی PUKMEDIA بۆ ئەمساڵ جوتیارانی هەرێم زیاتر لە 2 ملیۆن تۆن گەنمیان بەرهەمهێناوە، بەڵام پێدەچێت حکومەتی عیراق یەک لەسەر چواری ئەو گەنمە وەربگرێت.

 

غەریب ئەحمەد، هاوکات کە ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵیشە ئەوەی راگەیاند: "هەتا ئێستا هیچ رێژەیەک بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم لەلایەن حکومەتی عیراقەوە جێگیر نەکراوە، بەڵام پێدەچێت حکومەتی عیراق یەک لەسەر چواری گەرمی بەرهەمهێنراوی جوتیارانی هەرێم وەربگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵەکانی وەزیری کشتوکاڵی هەرێم لەپێناو وەرگرتنی زۆرترین گەنمی جوتیارانی هەرێم بەردەوامە و ئێمەش وەک پەرلەمانتارە کوردەکان پشتیوانی لەهەوڵەکانیان دەکەین".

 

"ساڵی رابردوو جوتیارانی هەرێم بەهۆی وەرنەگرتنی گەنمەکانیانەوە لەلایەن حکومەتی عیراقەوە زیانی زۆریان بەرکەوتوەو بازرگانانان بە نرخێکی زۆر کەم گەنمەکانیان لێکڕینەوە، بۆ ئەمساڵیش پێش پێگەیشتنی گەنم هەوڵەکان بۆ وەرگرتنی زۆرترین رێژەی گەنم لە جوتیارانی هەرێم دەستیپێکرد و بەردەوامە بۆ ئەوەی بتوانین کەمترین زیان بەر جوتیاران بکەوێت"، ئەندامەکەی لیژنەی دارای وا دەڵێت.

 

بەشێکی زۆری بەروبوومە کشتوکاڵییەکان گەیشتوونەتە ئاسایشی خۆراک

وەزیری کشتوکاڵی هەرێم چەندجارێک بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران چوەتە بەغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوەتەوەو داوای کردووە رێژەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم زیادبکرێت.

 

بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ وەفدێکی یاوەری، پێشتر لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو: "ساڵانی رابردوو، حکومەتی عیراق رێژەیەکی بۆ دیاریکردبووین کە گەنم لە جوتیاران وەربگرین کە 300 هەزار تۆن بوو، هەرچەندە بەهۆی زۆری بەرهەمهێنانی گەنمەوە رێژەکە زیادکرا، بەڵام بۆ ئەمساڵ داوادەکەین ئەو رێژەیە زیاد بکرێت و جێگیر نەکرێت".

 

"نرخی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم بە هەمان ئەو نرخە دەبێت کە ساڵی رابردوو لێیان وەرگیراوە کە بۆ هەر تۆنێک '850 هەزار' دینارە"، وەزیری کشتوکاڵ وای وت.

 

 سەبارەت بە ئاستی کشتوکاڵ لەهەرێمی کوردستاندا بێگەرد تاڵەبانی وتی:" سوپاس بۆ خودا لەبەشێکی زۆری بەروبوومە کشتوکاڵییەکان گەیشتووینەتە ئاسایشی خۆراکی خۆمان، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان تەنانەت لەبەرهەمە پەلەوەڕییەکانیش، کە ئەمە جێگەی خۆشحاڵیی و ماندووبونی جوتیارانە، بەڵام هێشتا پێویستمان پێیە و دەبێت زیاتر تێبکۆشین".

2 ملیۆن و900 هەزار دۆنم زەوی هەرێم گەنمە

ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی جوتیاران لەهەرێمی کوردستان گەیشتوەتە زیاتر لە 2 ملیۆن تۆن بەو پێیەی روبەری 2 ملیۆن و900 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە، ئەمەش لەکاتێکدایە ساڵی رابردوو حکومەتی عیراق بڕی 500 هەزار تۆن گەنمی لە جوتیارانی هەرێم وەرگرتووە.

 

حکومەتی عیراق بۆ کڕینەوەی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێم و سەرجەم پارێزگاکانی تری عیراق پێویستە بڕی '5 ترلیۆن و 950 ملیار' دینار دابین بکات، لەبەرامبەردا بڕی '7 ملیۆن تۆن گەنم'.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket