با هەر بۆنەی یادی نەورۆز نەبێت
بیروڕا 01:51 PM - 2024-03-21
PUKMEDIA
ستران عەبدوڵڵا
ستران عەبدوڵڵا
با هەر هیواو ئاواتی نەورۆزی نەخوازین، هەر بۆنەی نەورۆز نەكەینە دەرفەتی قسەكردن و رازدەركاندن و زارگوتنی كوردانە، بەو گوزارشتەی نەورۆز بۆنەی نەتەوەیی و یەكێتی ریزەكان و جەژنی بەهار و ئازادییە، تەنانەت نەورۆزەكەش چەند ساڵێكە بووەتە بابەتی مشتومڕ و باسی توانجدان لە مێژوو و لە هەموو شانازییەكانی ئەم گەلە مافخوراو موچە خوراوە.
ئێمە بە نرخی هەرزان هەموو بەهاكانمان دەفرۆشین، خوا دەزانێ بەپارەی بێ قیمەتی ئەم وڵات و ئەو وڵات چەند هەزار سایت و پەیج و ئەكاونت كراونەتەوە تا بەناوی كنەی مۆنتاجكراو و پشكنینی دۆبلاجكراو گومان لە گەشتەكەی گەزەنفۆن و مەزنی سەلاحەدینی ئەیوبی و شەڕی مەلازكرد و بەرخودانی قەڵای دەمدەم و رۆژنامەی كوردستانی بەدرخان و نەورۆزی پیرەمێرد بكەن؟
ئەم نەورۆزەی حاجی تۆفیقی خواناس بە چەند قەسیدە و خڕبوونەوە لە گردی مامە یارە و ئاگری گەشی بەهاری بەهێمنی و هێزی نەرمی تێكۆشانی مەدەنی كردویەتییە بۆنەیەكی خاڵسی كوردانەی بەرەنگاری دژی ستەم و داگیركاری و لە حەشامەتی نەورۆزی میللەتانی تر جیای كردووەتەوە دە ساڵ جارێك دەكەوێتە بەر هەڵمەتی دووسەرەی ڤەكۆلینی رووكەشانەی دەستەبژێری (عەبەسە وەتەولا) و فەتوای چینی تازە پەیدابووی (تەواو بوم بە مەلا) گوایە هی كورد نییەو هی مەجوسە، گوایە كاوە غاینەكەیە و زوحاك هەو نییە.
براگیان وا غایەنی مۆدێرن بە بەرچاوتەوە ناپاكی لە نیشتمان و لە ئازادی و لە هەموو شتێك دەكا و بە دیكۆمێنت و تۆماری ڤیدیۆییەوە هەموو شتێكی لەسەرە، كەچی قەزاوەتی لەسەر ناكەی و لەگوڵ كاڵتری پێ نایەژی، ئێستا باوەڕت پێ بكەم گوایە دوو مارەكەی سەر شانی زوحاكی لە چاپی كۆنینەی شانامەدا دەسكردی فیردۆسییە؟
برام كوردەكە لە چوار بەشی كوردستان بە ریتمی ئاهەنگی حەسەن زیرەك و لەرەی سرود ئامێزی حەمەساڵح دیلان و بە تۆنی هاوچەرخی قادر دیلان و كۆنسێرتی باكورو رۆژئاوا نەورۆز دەچڕێ خێرە ئەم ساتە نەتەوەییە دەبوغزێنی؟
نەورۆزو سرودەكانی نیشتمان و شۆڕش بانگەوازی كوردایەتییەكی بێ غەل و غەش دەكەن كەچی دوو شەپۆل یان لەبەر كورت هێنانی روانگەیان یان لەبەر پشووكورتی تێكۆشانی میللییان بەربوونەتەگیانی یەك. دەستەبژێرێك لە تاو شكستی سیاسییان بە ناوی جیاوە ئێستا تووشی دەردی نەهلستی نەتەوەیی بوون و بەراست و بە چەبدا توانج لە كوردایەتی دەدەن چونكە تۆزێك خۆیان هیلاك ناكەن تا بزانن كێ بەناوی كوردایەتییەوە بەڵای بەسەر هێناوین و كێش لە تاو كوردایەتی هەموو نوقورچ و توانجێكی نارەوای قووت داوە؟ دەستەبژێرێكی تر بێكەس وتەنی كوردایەتی بە خورما تێگەیشتووە و وا دەزانێ هەر ئەو ناوهێنانە بەسە بۆ ئەوەی هەرچی كێماسیی هەیە لەسەر خۆی بیسڕێتەوە و لای بدات. كوردایەتی خۆ چەكی غوفرانی پاپا نییە بەهەشتت بۆ مسۆگەر بكا و لە هەموو ئاوێك بتپەڕێنێتەوە و تەڕ نەبیت.
كوردایەتی خۆ خوداوەندە بە هەنجیر و خورما دروستكراوەكانی قورەیش نییە لە رێی تێری گەشتو گەڕانا بیپەرستی و لەرێی دەشتی بێ نان و زاددا بیخوێت و بیماشیتەوە. كوردایەتی خەبات و كۆششێكە كە سەد ساڵە قاڵبی گرتووە و نووسین و بەڵگە و دامەزراوەی داناوە تا دەفتەر و حیساب و راست و پرگاڵی لە هەموان و لەسەر هەموان بخاتەكار.
ئەوە گشتی لە كتێب نووسراوە و لە مەدرەسە خوێنراوە تەمبەڵەكانی وەك ئێمە سەعی و دەوری تیاناكەین خەتای بزووتنەوە و شۆرش و رابوونەكانی باوكە دامەزرێنەرەكان چییە؟!
جا ئەوەندە بەسە تا نەورۆزەكەمان نەشێوێ. بفەرموون با گەمارۆی بێ مووچەیی و بێ گوزەرانی درێژخایەن تێكبشكێنین و بێ ئومێدی لە قاوبدەین كە پێشەی نەیارانە و هەر رۆژی بە بیانویەكەوە داهاتوومان تەمومژاوی دەكەن وەكو چۆن رابرادوو و ئێستامانیان لێڵ كردووە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
جێگری سەرۆکی هەرێم لە رۆژی نیشتمانیی فەرەنسا بەشدار بوو
10:19 PM - 2026-07-14 -
ترەمپ: گەلی عیراقمان خۆشدەوێت
06:33 PM - 2026-07-14 -
ئاگرەکەی گوندی ژاژڵە لە تەشەنەی بەردەوامدایە
04:09 PM - 2026-07-14 -
ترەمپ: هێشتا ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێران هەیە
10:43 AM - 2026-07-14
ئەمانەش ببینە
ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گۆڕا بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی
06:36 PM - 2026-07-14
سبەینێ دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەستپێدەکات
03:34 PM - 2026-07-14
قوباد تاڵەبانی: دەبێت پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە کاتی خۆیدا تەواو بێت
02:07 PM - 2026-07-14
جێگری سەرۆکی هەرێم رۆڵی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیای بەرز نرخاند
12:58 PM - 2026-07-14
زۆرترین خوێنراو
-
قوباد تاڵەبانی: دەبێت پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ لە کاتی خۆیدا تەواو بێت
کوردستان 02:07 PM - 2026-07-14 -
لە یادی رووخانی سیستمی پاشایەتیدا، عیراق دەوڵەتی کودەتا و میلیشیا
بیروڕا 01:43 PM - 2026-07-14 -
جێگری سەرۆکی هەرێم رۆڵی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیای بەرز نرخاند
کوردستان 12:58 PM - 2026-07-14 -
ترەمپ: هێشتا ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئێران هەیە
جیهان 10:43 AM - 2026-07-14 -
ئەفسەرێكی كوردی بەشداربوو چیرۆكی رووداوەكانی شۆڕشی 14ی تەموز دەگێڕێتەوە
کوردستان 10:24 AM - 2026-07-14 -
مەرجەکانی بوون بە ئەندام لە سەندیکای رۆژنامەنووسان دەگۆڕدرێت
کوردستان 09:58 AM - 2026-07-14 -
جەنگەکان نرخى نەوت بەرز دەکاتەوە
جیهان 09:53 AM - 2026-07-14 -
(14)ی تەمموز؛ شۆڕشێک کۆماریی هێنا، یان کودەتایەک دەرگای خوێنی کردەوە؟
بیروڕا 09:53 AM - 2026-07-14



.png)



دابەزێنە

