riklam

مەڵبەندی شارەزوور: یەكێتی هەرگیز هەڵەبجەی بەجێ نەهێشتووە

کوردستان 04:17 PM - 2024-03-15
 مۆنۆمێنتی هەڵەبجە PUKMEDIA

مۆنۆمێنتی هەڵەبجە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵەبجە

لە ساڵیادی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا، مەڵبەندی شارەزووری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێك بڵاودەكاتەوەو رایدەگەیەنێت: "كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە تاوانێكی مێژوییەو پەڵەیەكی رەشە بە نێوچاوانی ئەنجامدەران و هاوكارانییەوە، هاوكات یەكێتی هەرگیز هەڵەبجەی بەجێ نەهێشتووە".

دەقی پەیامەكە:

پەیامی مەڵبەندی ٩ ی شارەزووری یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بۆ ٣٦ هەمین ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجە:

هەڵەبجە برینێكی ساڕێژنەبووی سەر جەستەی نیشتیمانە 

پاش ٣٦ ساڵ یادی كارەساتێك دەكەینەوە كە هەرگیز لە بیری ئێمەو مێژوو ناچێتەوە، وێنەیەكە بۆ ساتێكیش لەبەر چاومان كاڵ نابێتەوە.

كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە كە لەلایەن رژێمی بەعسی گۆڕ بە گۆڕەوە بەرامبەر بە خەڵكی ستەم دیدەی هەڵەبجە ئەنجامدرا تاوانێكی مێژوییەو پەڵەیەكی رەشە بە نێوچاوانی ئەنجامدەران و هاوكارانییەوە، ئەو تاوانەی كەبووە هۆی شەهیدبوونی زیاتر لە ٥ هەزار كەس و برینداربوونی زیاتر لە ١٠  هەزار كەسی دیكە و ئاوارە بوونی دەیان هەزار كەس، بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی دەرونی و جەستەیی ترسناك لەناو خەڵكی ئەم سنوورەدا ئەوە جیا لەوەی كاریگەریە دەرونی و ژینگەییەكانی بۆ چەندین دەیەی دیكەش هەر دەمێننەوە.

هەڵەبجە هەمیشە لانكەی شۆڕش و خەبات و سەنگەری مەردایەتی بووە، مەڵبەندی كوردایەتی و تێكۆشان بووە، ئەوە هەڵەبجەیە بوو كە دەنگی مەزموڵییەتی كوردی گەیاندە جیهان و ویژدانی نوستووی چەندین وڵاتی دەرهەق بە ئەو ستەمەی لە گەلی كورد دەكرا بەئاگا هێنا، لە ئێستادا هەڵەبجە خزمەت كراوە بەڵام پێویستی بە خزمەتی زیاترە كە لە ئاست قوربانی دان و گەورەیی ئەم شارەدابێت.

لەم پەیامەدا جەخت لەو داواكاریانە دەكەینەوە كە لە چەند ساڵی رابردوودا ئاڕاستەی حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانمان كردووە لەوانە: 

تەواوكردنی رێكارەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و لابردنی ئەو ئاستەنگانەی كە رێگرن لە بەردەمیدا كە بە هەوڵی نوێنەرانی كورد و بە تایبەتی نوێنەرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە . 

لەپڕۆسەی دامەزراندندا تایبەتمەندی بە خەڵك و دانیشتوانی هەڵەبجە بدرێت و پشكی هەڵەبجە لە دامەزراندن جیا بكرێتەوە بە تایبەت بۆ كەسوكاری شەهیدان.

خێراتر كردنی كردنەوەی دەروازە سنوورییەكانی هەڵەبجە و دانپێدانانیان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە كە ئەویش پەیوەستكراوە بەوەی كە دەبێت رێكارەكانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تەواو بكرێن.

باشتر كردنی ژیان و گوزەرانی كەس و كاری شەهیدانی كیمیاباران.

زیادكردنی پرۆژە خزمەت گوزاریەكان كە لەئاست قوربانی دانی ئەم شارەدا بێت.

چارەسەر كردنی ئەو بریندارانەی كە تا ئێستاش بە ئازاری جەستەیانەوە دەناڵێنن لەڕێی ناردنیان بۆ دەرەوەی وڵات یاخود هێنانی تیمی پزیشكی تایبەتمەند بۆ چارەسەركردنیان.

رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان لە كەرتی تایبەت لەڕێی كردنەوەی كارگە و كۆمپانیاو هاوكاری كردنی ماددی و مەعنەوی ئەو گەنجانەی كە پڕۆژەیان هەیە.

خێراتر كردنی كەیسی دۆزینەوەی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجەو شاد كردنەوەیان بە كەسوكاریان .

ئێمە وەك مەڵبەندی ٩ ی شارەزووری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڵێن دووپات دەكەینەوە كە وەك هەمیشە لە خزمەتی  ئەم شارەدابین و لەگەڵ داواو داخوازییەكانی خەڵكی ئەم سنوورەداین یەكێتی هەرگیز هەڵەبجەی بە تەنیا جێ نەهێشتووەو جێی ناهێڵێت بە كردار ئەوەشی سەلماندووە، بۆیە هەوڵی ئێمە ئەوەیە ئەوەی لە تواناماندایە لە پێناو خزمەتی ئەم شارەدا جێ بە جێی بكەین. 

داواش لە وڵاتان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەین كە دەستی هاوكاریان بۆ ئەم شارە درێژبكەن و هاوكاربن لەكەمكردنەوەی ئاسەواری ئەو نەهامەتیانەی كە بەسەر ئەم شارەدا هاتووە.

سەری رێزو نەوازش بۆ رۆحی سەرجەم شەهیدان دادەنەوێنین

مەڵبەندی ٩ ی شارەزووری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket