riklam

پەیامەکان بۆ 8ی مارس

کوردستان 10:06 AM - 2024-03-08
 ٨ی مارس PUKMEDIA

٨ی مارس

ژنان

رۆژی ٨ی مارسی هەموو ساڵێک بەڕۆژی جیهانی ژنان دیاریکراوە، بەوپێیەی ساڵی 1857 ژنانی كرێكار لە نیویۆرك لە كارگەی جلوبەرگ دژی هەلومەرجی كاركردنیان لە رۆژی 8ی مارسدا خۆپیشاندانیان كردو لەلایەن پۆلیسەوە سەركوتكران، بەو بۆنەیەشەوە چەندین پەیامی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ژنان کراون، کە ئەمانەی خوارەوە دەقەکانیانە:

 

مەكتەبی سیاسی: پشتیوانی لەخەباتی ژنان و نەهێشتنی جیاكاری دەكەین
پەیامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لە رۆژی جیهانی ژناندا.

  لە بیرەوەری هەشتی مارسدا، پیرۆزبایی لە ژنانی كوردستان و تەواوی عێراق و جیهان دەكەین، ئەم یادە دەكەینە دەرفەتی دووپاتكردنەوەی  پشتیوانی هەمیشەیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، لەسەر رێبازی سەرۆك مام جەلال،  بۆ خەباتی ژنان و بزووتنەوەی یەكسانی و نەهێشتنی جیاكاری و فراوانكردنی بەشداری  ژنانی كوردەواری لە ناوەندەكانی بریار و داڕشتنی سیاسەتدا.

لەم یادەدا سڵاو دەنێرین یۆ رۆحی ئەو ژنە تەوارانەی لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی و وەك یەكی كۆمەڵایەتیدا گیانیان بەخشی، رێز و ئەمەكیش بۆ ژنانی خەباتكاری ئەمرۆ لە رێی بەدیهێنانی ماف و یەكسانیخوازیدا، بەتایبەتیش هەڤاڵان لە ژنانی تێكۆشەری ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان .

مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان

 

گەلاوێژ خان بۆ ژنان: ئەم رۆژەتان پیرۆز بێت

 

ڕۆژی ٨ی مارتتان پیرۆزبێت
بەبۆنەی ڕۆژی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنانەوە، جوانترین پیرۆزبایی و چەپكەنێرگزی ئەم وەرزەی كوردستانی شیرین پێشكەش بە ژنانی كوردستان و جیهان دەكەم.

٨ی مارس ڕۆژی بەخۆداچوونەوەی ژنانە لەپێناو یەكسانی و هاوشانی لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر بۆ ژیانێكی ئاسوودە و بێ جیاوازیی ڕەگەزی. ژنانی كوردستانیش كە بەشێكی زۆری قورساییەكانی ژیان و زەحمەت و كوێرەوەری و لەهەمانكاتدا تێكۆشان و قوربانییەكانیشیان لەئەستۆ گرتووە، مافی خۆیانە ئەم ڕۆژە بەرز و پیرۆز ڕابگرن و پەیمانی كۆڵنەدان و كاری پێكەوەیی لەگەڵ كوڕ و برا و هاوسەر و هاوڕێ و تەواوی پیاوانی كوردستاندا دووپاتبكەنەوە.

ئەگەر سەردەمانی پێش ڕاپەڕین، ژنانی كورد لە سەنگەری شاخ و شاردا خەباتیان كردبێت، ئەوا دوای ڕاپەڕین كە ژنان ڕۆڵی بەرچاویان تێدا هەبوو، ئەركەكانیان قورستر نەبووبێت بەدڵنیاییەوە ئاسانتر نەبووە، چونكە لەگەڵ خەباتی ڕەگەزیی خۆیاندا خەباتی پەروەردەی نەوەی نوێ و ڕاپەڕاندنی كاروبارەكانی دیكەی ژیانیان لە ئەستۆیە، ئەمەیش گەورەیی ژنان دەسەلمێنێت بۆ ژیانێكی بەختەوەرانە.

ژنانی ئێمە پێویستە شانبەشانی پێشكەوتنەكان بڕۆن و لەهەمانكاتدا نەریتە جوانەكانی كوردەوارییش بپارێزن و لەبیریان بێت كە یەكێك لە گرنگترین بنەماكانی بوون و مانەوەی نەتەوە بەناوی ئەوانەوە ناونراوە "زمانی دایك" كە بێگومان دەبێت هەموو ژنێك شانازیی پێوەبكات.

لەمڕۆژەدا درود و سڵاو بۆ ژنە شەهیدەكان. بۆ ئەو ژنانەی جگەرگۆشە و هاوسەرەكانیان پێشكەش بە كورد و كوردستان كرد. 

بۆ ئەو ژنانەی نەعرەتەی مەردانەیان لە زیندانەوە گوێی دوژمنانی كەڕدەكرد. بۆ ئەو ژنانەی لە گوندەكاندا بووبوونە دایك و خوشكی پێشمەرگە. بۆ ئەو ژنانەی دەستی ئەنفالچییەكانیان پێنەگەیشت. بۆ ئەو ژنانەی لە گۆڕەپانی خەبات و كاری بەرەوپێشبردنی میللـەتەكەماندا قۆڵی ژنانەیان لێهەڵماڵیوە.... ئەم ڕۆژەتان پیرۆز بێت.

گەلاوێژ

رەفعەت عەبدوڵڵا: بڕوای تەواومان بە توانای ژنان هەیە 

 

بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان پیرۆزبای گەرم ئاراستەی تەواوی ژنانی کوردستان ئەکەم خوازیارم ژنان لە سایەی خەباتی بەردەوامیان بگەن بە ئامانجی ڕەوای خۆیان و ئەو ستەم و نادادیەی کە زۆر جار ڕوو بەڕووی ئەبنەوە نەی هێڵن، لە مێژووی خەباتی نەتەوەیماندا ژنان هاوشانی پیاوان لە تێکۆشان بوونەوە بەرگریان لە کوردستان کردوە بۆیە بڕوای تەواومان بە توانای ژنان هەیە و خۆمان بە هاوبەش و پشتیوانی بەردەوامیان ئەزانین.
جارێکی تر پیرۆزبێت ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان.

رەفعەت عەبدوڵا حەمە ڕەش

 

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: پاراستنی مافەکانی ژنان ئەرکی ھەموو تاکێکە

بە بۆنەی رۆژی جیھانی ژنان، پیرۆزبایی لە تەواوی ژنانی کوردستان دەکەم، ھیوای سەرکەوتنی ھەمیشەییان بۆ دەخوازم و ھەموو کات پاڵپشتتانم.

پاراستنی مافەکانی ژنان ئەرکی ھەموو تاکێکە، ژنانی ئازای ئێمە کلیلی سەرکەوتنەکانمانن، ئەوان ھاوشانی ئێمە لە سەرجەم بارودۆخەکاندا لەگەڵماندا بوون و کوردستانیان بەم رۆژە گەیاندووە.

ژنان رۆژ بە رۆژ پێگە و کەسایەتیان بەھێز و بەھێزتر دەبێت، بۆ کۆمەڵگەیەکی باش و بەھێز باوەڕمان بە یەکسانی و پێکەوە کارکردنی ژنان ھەیە.

بەرز و پیرۆزبێت رۆژی ھەشتی مارس، رۆژی ژنانی جیھان.

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ

 

زیاد جەبار: ژنان سەرکەوتوترن لە ڕاپەڕاندنی کاروبارەکان

(٨)ی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان لە ژنانی شارەکەمان و کوردستان پیرۆزبێت، ئەم یادە ڕۆژێکە بۆ بەرز ڕاگرتنی ماندوبونەکانی ژنان لەسەرجەم کایەکانی کۆمەڵگە، هاوکات ڕۆژێکی مێژوویی گرنگە بۆ هاوتابوونی ژنان و وەک یەکی مافەکانیان لەکار و خەباتدا هاوشانی پیاوان، خەبات و قوربانیدانی ژنان لەمێژووی مرۆڤایەتی قۆناغی بەندکردنی ژنانی لە نێوان چوار دیوار تێپەڕاند و ڕێگرییەکانی دوێنێی لەمڕۆدا گۆڕی بۆ دەرفەت و ئێستا کاتی هاتنە پێشەوە و دەرکەوتنی ژنانە بۆ ئەوەی ڕۆڵی گرنگ و پڕبایەخی خۆیان لەسەرجەم سێکتەرە جیاجیاکانی ژیان ببینن.

خۆم و هەڤاڵەکانم لە مەڵبەندی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باوەڕی نەگۆڕ و پتەومان وایە: ئەزمونی ژیان و جۆری کارکردنمان هەروەها خوێندنەوە بۆ پێشکەوتنە خێراکانی جیهان فێری کردین بەراورد بەپیاوان، ژنان سەرکەوتوترن لە ڕاپەڕاندنی کاروبارەکان، سیستەمە فەلسەفی و زانستیەکان سەلماندوویانە پێکەوە بڕینی هەنگاوەکان خێراتر و ئاسانتر و کاریگەرترە، ستراتیژی کارکردن و جۆری تێڕوانینمان بۆ بابەتەکانی تایبەت بە ژنان کە پشت بە ئەفکارەکانی سەرۆک (مام جەلال) دەبەستێت ئەوەیە "پێکەوە هەنگاوەکان بنێین، بۆ پێگەیاندنی نەوەکان و خزمەتکردنی خێزان و نەتەوە و نیشتمانەکەمان". 

لەم یادە پیرۆزەدا ڕایدەگەیەنین: مەڵبەندی سلێمانی دەیان کادری ژنی ئازا و لێهاتوی لە بەش و کۆمیتە جیاجیاکانیدا هەیە هاوشانی کادرە پیاوەکان شەو و ڕۆژیان خستۆتە سەریەک بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان، لەسەر بڕگە و ماددەکانی تایبەت بە پێنجەمین کۆنگرەی حزبمان و لەژێر ڕۆشنایی بڕیار و ڕاسپاردەکانی سەرۆک (بافڵ جلال تاڵەبانی) سەرۆکی (ی.ن.ک)، پێتان دەڵێین: مەڵبەندی سلێمانی بە کۆمیتەی ڕێکخستنەکانیەوە داوا لە ژنانی سنوری کارکردنمان دەکەین مەڵبەند و کۆمیتەکان بە ماڵی خۆیان بزانن و دەرفەتەکانی کارکردن لە ئێستادا بەراورد بەڕابردوو باشتر و لەبارترن ئەمڕۆ نەخەنە بەیانی و لە ئۆرگانە حزبیەکانەوە پێکەوە ئەرکەکان ڕاپەڕێنین، ئەولەویەتی خۆمان تەرخان دەکەین بۆ پشتیوانی و سەرخستنی پرۆژەکانتان، دڵنیاشتان دەکەینەوە ڕێگە بە بەربەست و جیاکاری نادەین و تاکۆتایی بێ مەرج پشتیوانتانین. 

زیاد جەبار

ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی

 

سەعدی پیرە: ژیان بەبێ ژن ناتەواوە 

‎٨ی مارس یەکێکە لەو رۆژانەی ساڵ  تایبەتمەندی خۆی هەیە  . رۆژی ژنانی جیهانە بۆ هەر یەکێک لە ئێمە مانان کوڕ بێت یان کچ یەکەمین فێرگە یەکەمین خوێندگای کە لێی فێر دەبین دایکە خۆشەویسترین کەسی هەر یەکێک لە ئێمەمانان هەیەتی لە ژیان و شەریکی دەبێت خێزانەکەیەتی (ژنەکەی) کە باسی خۆشەویستی دەکەین لە جیهاندا یەک تەرەفە نیە ، ژیان بەبێ ژن ناتەواوە .

‎لە ساڵانی دوایی بەپێچەوانەی هەموو ئەو بۆچوونە دواکەوتوانەی کە لە رابردوودا هەبوو ،رۆڵی ژنانیان بە ئارەزوی خۆیان وێنا دەکرد .

‎ ژنان لە هەموو بوارەکاندا لە ململانێی ناو هۆڵەکانی پەرلەمان دەبینین  ژنان دەوری سەرەکیان  هەیە ، لە فێرکردن و زانکۆ و خوێندنگاکان ژنان دەوری سەرەکیان  هەیە لەبواری راگەیاندن و ئەدەب و هونەر ژنان  ، بگرە لە زۆربەی ساڵەکان خوێندکاری یەکەم و دووەم و سێیەم ژنی تیایە ، لە هەموو کارەکانی رۆژانەش چ کاری فکری بێ یا کاری دەست و بازوو ژنان وەکو پیاو حزوریان هەیە تەنها شتی کە جێگای لێکدانەوە بوو ئەویش شەڕگەکانە مەیدانی خەباتی چەکدار و بەرگریکردن لە خەڵکی کوردستانە 

‎پیاوان دەتوانن رێزی زیاتر لە ژنان بگرن ئەگەر ژن وەکو خۆی سەیر بکەن نەک وەکو کچی یا ژنی یا خوشکی فلان مەسئولە بۆیە دەبێ پۆستی هەبێ ، نەخێر ژن وەکو پیاو پلە و پایەکانی بەپێی توانا شارەزابێت . 

‎بینیمان ئەوانەی لە ڕەقە و کۆبانی و لە عەفرین چۆکیان بە دوژمنان دادا و كردنیانە پەندی زەمانە بەشی هەرە زۆریان کچانی کوردستانن 

‎سڵاوتان لێبێت ژنان و کچانی کۆبانی و عەفرین ، بەیادی دایکم کە یەکەم مەدرەسەی ژیانم بوو ، بەیادی هەموو ئەو کەسانەی کە خۆشم دەوێن ، وەهەموو ئەو کەسانەی بەشێکی گرنگی ئەو کۆمەڵگایەن ٨ی مارستان پیرۆزبێت ، هیوادارم ٨/٣ ببێتە سەرمەشقی خەبات و مێژووی رزگاری یەکجارەکی

‎سەعدی ئەحمەد پیرە

 

یەکیتی ژنانی کوردستان: هەشتی مارس ڕۆژی یەکدەنگی ژنانی جیهانە

ژن    خەبات   ژیان

هەشتی مارت ڕۆژی یەکدەنگی ژنانی جیهانە بۆ دەسەبەر کردنی ماف و ئازادیەکانیان ئەم، ڕۆژە مێژویەکی پڕسەروەری گرنگی سەر هەڵدانی خەباتی ژنانە.

 لەم سەردەمەدا خەباتی ژنان بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی ودادپەروەری لەوە دەرچوە تەنیا ئەرکی ژنان  و ڕێکخراوەکانی ژنان بێت. پرسی ژنان پرسێکی گشتگیری مرۆڤایەتی جیهانیە کە کۆمەڵی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی پێشکەوتوو دیموکراسی جەختی لەسەر دەکەنەوە و وڵاتان پابەند دەکەن بەزامنکردنی مافەکانی ژنان. 

ئەگەر چی وا چاوەڕوان دەکرا کەلەم سەردەمی بەجیهانی بون و پێشکەوتنی زانست و تەکنۆلۆجیاو زیرەکی دەستکردەدا،  ڕەوشی پێشکەوتنی ژنان زۆرتر گەشەی بەخۆیەوە بدیایە، بەڵام بە  بەپێچەوانەوەپرسی ژنان بەهۆی جەنگە بێکۆتاکان و جێبەجێ نەکردن و پشتگوێ خستنی ئەوبڕیارو یاسا نێودەوڵەتیانەی کە بۆ پاراستنی  ژنان و مناڵان لەلایەن  کۆمەڵی نێودەوڵەتیەوە دانی پیادانراوە، بەسستی دەڕوات سەرەڕای سەرهەڵدانی بی ری توندڕەوی و گەڕانەوە  بۆ چاخەکانی  کۆیلایەتی کە کاریگەری پێچەوانەی لەسەر پرسی ژن هەیە .

لەم هەموو کێشمەکێش و وشەرو پێکدانە جیهانیەدا کوردستانیش بەهەموو بەشەکانی  بەدەر نیە لەوکێشمە کێشمە. 

ژنان دەکوژرێن توندو تیژیان بەرامبەر دەکرێ و لەسەر  بچوکترین جیاوازی بیروڕای سیاسی و هەڵبڕینی دەنگی ئازادی بێکار دەکرێن............ تەنانەت  لەسیدارەش دەدرێن .

  بەهۆ ی ئەم هەموو  قەیرانەو  ڕەوشی نێودەوڵەتی کوردستانەوە ڕێژەی هەژاری وبرسیەتی لەناو ژناندا زۆربەرزە سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کەلتوری دواکەوتویی و بیری توندڕەویەوە ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ ڕۆژانە ڕوبەڕوی چەندین هەڕەشە دەبنەوە، گرووپە دژە مرۆڤایەتیەکان دەیانەوێت  هەموو دەستکەوتو ئەو مافەیاساییانەی کە ژنان بەخەباتی چەندساڵە بەدەستیان هێناوە لێیان زەوتکەن .

ئەمەو زۆر توندوتیژی و نابەرابەری کۆمەڵایەتی هەیە کە هێشتا ژنان بەدەستیەوە دەناڵێنن.

بۆیە لە  ڕۆژی جیهانی ژناندا بۆ ڕوبەڕو بونەوەی ئەو ستەم و بێدادیە پێویستە ژنان  بەبێ جیاوازی هەوڵەکانیان یەکخەن و یەکدەنگبن و  بەڕەنگاری ئەو بیروباوەڕانە ببنەوەکە دەیانەوێت ژنان بەرەو دواوە بگەڕێننەوە. 

یەکگرتویی ژنان دەبێتە ئەوفشارەی کە گۆڕانکاری گرنگی کۆمەڵایەتی دروست بکات و ماف و ئازادیەکانیان  پارێزراو بێت .
بژی  خەباتی ژنان  لە هەمو جیهاندا.   

پیرۆزبێ ٨ ی مارت ڕۆژی جیهانی ژنان

  یەکیتی ژنانی کوردستان 
   ٢٠٢٤/٣/٨

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket