riklam

لەتیف نێروەیی: بەدرێژایی مێژوو یەكێتی پارێزەری پێكهاتەكان بووە

کوردستان 01:07 PM - 2024-02-22
لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  PUKMEDIA

لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆردی راگەیاندنی یەكێتی

لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی رایدەگەیەنێت: "بەدرێژایی مێژوو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پارێزەری پێكهاتەكان بووەو ئێستاش پێداگرە لەسەر مافەكانیان، هاوكات هەمیشە لە هەوڵی دابینكردنی مووچەی فەرمانەرانی هەرێمدا بووە و ئامادەشە بۆ هەڵبژاردن"، راشیگەیاند: "فرەبازنەیی سوودی بۆ هەموو لایەنەكان هەیە و نەك تەنها بۆ یەكێتی بەڵكو بۆ پڕۆسەی دیموكراسیش دەستكەوتە".

 

لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دوابەدوای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن، بەشێك لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان هەوڵی شێواندنی راستییەكانیان لەبەرچاوی هاووڵاتیان و شەقام و جەماوەردادا، ئەمە جگە لەوەی بەشێك لەو میدیایانە پەنجەی تۆمەتیان بۆ یەكێتی درێژكرد و لەجێگەی دەستخۆشی پەیامی چەواشەكاریان دایەپاڵی، ئێمە وەك میدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەڵامی هیچ كام لەو كەناڵانە نادەینەوە، بەڵام خستنەڕووی راستییەكان بە ئەركی خۆمان دەزانین".

 

فرەبازنەیی نەك تەنها بۆ یەكێتی بەڵكو بۆ پڕۆسەی دیموكراسیش دەستكەوتە

 

راشیگەیاند: "بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردن كەلە یەك بازنەییەوە كرایە فرە بازنەیی، خواستی یەكێتی بوو و پێداگرانە هەوڵی بۆدەدا، چونكە هاوتەریب دەبێت لەگەڵ یاسای هەڵبژاردنی عیراق، ئەمە جگە لەوەی لە یەك بازنەیدا گرفتی چوونی دەنگی كاندیدێك بۆ كاندیدی پارێزگایەكی دیكە هەبوو، واتا پارێزگاكان نەیاندەتوانی نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن، هاوكات كاندیدە دەرچووەكانیش نەیاندەتوانی ببنە نوێنەری پارێزگاكەی خۆیان، جگە لەوەی پشكی پارێزگایەك دەچوو بۆ پارێزگایەكی دیكە، بەڵام لە فرە بازنەیدا پشكی هیچ پارێزگایەك بۆ پارێزگایەكی دیكە ناچێت و كاندیدانیش دەتوانن لەپارێزگاكانیان ئاسانتر بانگەشە بۆ خۆیان بكەن، بۆیە فرەبازنەیی تەنها دەستكەوت نییە بۆ یەكێتی بەڵكو دەستكەوتە بۆ پڕۆسەی دیموكراسی و دەنگدەران و كاندیدو سەرجەم حزبەكان، چونكە عەدالەتی ناوخۆیی حزبیش دەهێنێتە كایەوە".

 

مام پارێزەری پێكهاتەكان بوو و رێبازەكەی بەردەوامە

 
 
لەبارەی پێكهاتەكانیشەوە لەتیف نێروەیی رایگەیاند: "میدیاكانی كوردستان شاهیدن لەدوای راپەڕینەوە ئەوە سەرۆك مام جەلال بوو دەستپێشخەریی بۆ كۆتاكان كردو خۆی بەپارێزەری پێكهاتەكان زانیوەو پشتیوانی كردوون، لەدوای پڕۆسەی ئازادیشەوە بە بڕیاری سەرۆك مام جەلال پشكەكانی بەڕێوەبردنی پارێزگای كەركوك كرا بە 32 بۆ كورد، 32 بۆ عەرەب ، 32 بۆ توركمان، هەرچەندە رێژەی توركمانەكان كەمتر بوون، بەڵام ئەمە نیشانەی ئەوەیە سەرۆك مام جەلال پارێزەری توركمانەكان بووە و  زۆر جاریش رەخنەی ئەوەی لێگیراوە كە پشكی كورد بە توركمان و پێكهاتەكان دەدات، بۆیە ئەو رێبازەی سەرۆك مام جەلال بەردەوامەو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێداگرە لەسەر مافەكانیان، بەدەستهێنانی نۆ كورسی لە ناوچە جێناكۆكەكان لەلایەن یەكێتییەوە، چوار لەو كورسیانە لە پێكهاتە ئاینی و نەتەوایەتییەكانی دیكەن و هیچ حزبێكی كوردستانی و عیراقی لەو ناوچانە ئەوەندەیان دەنگ بەدەستنەهێناوە ئەمەش بەڵگەی پێداگری یەكێتییە لەسەر مافی پێكهاتەكان و یەكێتی سەلماندویەتی بە دەنگ و كردەوە پشتگیری لە پێكهاتەكان دەكات".

 

هەوڵەکانی یەکێتی بۆ مووچە سەریگرت

هاوکات لەبارەی بڕیارێکی دیکەی دادگای فیدراڵی کە پەیوەستە بە مووچەی فەرمانبەرانەوە نێروەیی وتی:" هاووڵاتیان و سەرجەم میدیاکانیش باش دەزانن سەرۆکی هیچ حزبێکی کوردستانی وەک سەرۆکی یەکێتی و تیمی ئێمە لەحکومەت سەردانی بەغدای نەکردووە، دواجار خۆشبەختانە هەوڵ و کۆششی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو بوارەشدا سەریگرت و خۆشبەختانە ئەو بڕیارە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە داواکارییەکانی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت، بەخۆشحاڵییەوە ئەو ناڕەزایی و بایکۆتەی لەهەرێمی کوردستانیش هەبوو دوێنێ بەڕەسمی کۆتاییان پێهێنا، دەستخۆشیش لەو مامۆستایانە دەکەین کە بەڕاستی زۆر بە ویژدان بوون و سوپاسی سەرۆک بافڵ-یان کرد کە خەمخۆربوو بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەران، هیوادارین میدیاکانیش لەئاست ئەو بەرپرسیارییەتیەدا بن و هەواڵی چەواشەکاری بڵاونەکەنەوە، چونکە بەداخەوە تا چەند رۆژێک پێش ئێستاش چەند کەناڵێک دەیانوت یەکێتی رێگرە لە ئەنجامنەدان و دواخستنی هەڵبژاردن، بەڵام هەر دوێنێ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییان کرد بە دەستکەوتی خۆیان".

ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەڕێگەی زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان سكاڵای لەسەر ماددەكانی (1-9-15-22-36)ی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عیراق تۆماركرد و رۆژی 21-2-2024 یش دادگاكە وەڵامی سكاڵاكەی دایەوەو چەند بڕیارێكی لەبەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و مووچەخۆران دەركرد.


PUKMEDIA

كۆنگرەی رۆژنامەوانی لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی:


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket