riklam

ئەنفال.. هەوڵی قڕكردنی گەلێك

کوردستان 09:30 AM - 2024-02-22
 ئەنفالی یەكی دۆڵی جافایەتی و بارەگاكانی سەركردایەتی یەكێتی ئەرشیف

ئەنفالی یەكی دۆڵی جافایەتی و بارەگاكانی سەركردایەتی یەكێتی

تاوانی ئەنفال یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و هەراسانكردنی بەعس، وەشاندی زەبری كوشندە

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان  وەك هێزێكی دیاری دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلول توانیبووی جێگەی خۆی لەناو سەرجەم. ناوچەكانی كوردستانی باشوردا بكاتەوەو رۆڵی گەورەو گرنگ بگێڕێت وبەكردار توانیبووی ببێتە هێزی یەكەم. لەساڵانی پێش دەستپێكردنی پڕۆسەكانی ئەنفال.


یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان  لەزۆربەی هەرەزۆری ناوچەجیاجیاكانی كوردستان وتەنانەت توانیبووی لەناو موسڵ ونزیك تكریت وبەعقوبە لەڕێگەی پێشمەرگەو ڕێخستنەكانی یەوە هێندە گورزی كوشندە بوەشێنێت لەحكومەتی بەعس وداموودەزگاكانی ،كەبو بووە جێگەی باسی كۆمەڵانی خەڵك وترس ودڵەڕاوكێ بۆ دووژمنان، نزار خەزرەجی .ئەنفالی چی لەكتێبەكەیدا بەناوی جەنگی عیراق -ئێران 1980-1988لە ل206 بەم جۆرە باس ،لەجیاوازیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات ،خەزرەجیی ئەنفالچیی دان بەوەدا دەنێت، كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەو هێزانەی رابەرایەتییان دەكات، شەڕی تەقلیدییان نەكردووەو بەتەواوی سوپای عیراقیان پەرێشان كردووە بەتایبەت كە پێشتر پێش نسكۆی 1974 وەك خۆی دەڵێت؛ خودی خۆم ئەزموونی چاكم پەیداكردبوو لەشەڕی شاخ و پێكدادان لەگەڵ پێشمەرگەدا، بەڵام چالاكیەكانی یەكێتی لەسنوری (قەرەداغ، ماوەت، هەڵەبجە، دەربەندیخان، سلێمانی‌و پێنجوێن) وزۆرێك لەناوچەكانی تر،زۆر جیاوازبوو، ئەوە نەبووە كە لە كوراسە و مەنهەجی سەربازیی و خولەكانی پەرەپێدانیاندا باسكرابون،یەكێكی تر لەو راستییانەی لەم كتێبەدایە باسی سلێمانی‌و خۆڕاگرییەكەیەتی. لەبەرئەوەش كە خەزرەجی بەحوكمی كارەكەی زۆربەی كات لە سنوری پارێزگای سلێمانی بووە هەربۆیە لەلاپەڕەكانی 416-417-418-434-دا، باسی سلێمانی دەكات كە بەردەوام جێی مەترسیی بووە بۆ بەعس نەبادا راپەڕین ئەنجام بدات، بەتایبەت كە پێشمەرگە ی ی ن ك لەكۆتایی ساڵی 1986داو لە نەبەردییەكانی قەیوان – ماوەتدا هێندەی نەمابوو وەك خۆی دەڵێت؛ شاخی ئەزمڕ بگرێت و سلێمانی رابپەڕێت. هەروەها باسی ئەو زیانە گەورانەش دەكات كە لەو نەبەردییانەدا بەر سوپای عیراق كەوتووەو دەڵێت؛ چاوەڕێ بووین پێشمەرگە شاخی ئەزمڕ بگرێت و دواتر بێن بۆ سلێمانی و پاشان بۆ كەركوك، بەتایبەت كە كەركوك هیچ هێزێكی بەرگری لێ نەبوو، بەڵام دواتر عیزەت دوری دێت و بەهاوكاری خۆفرۆشەكان (ناوی سەرۆك عەشیرەت و عەشیرەتەكەش دەهێنێت) كە جاش بوون‌و توانیویانە بەرگریی بكەن و مەعنەویاتی سوپای عیراق بەرزبكەنەوەو رێگا نەدەن شاخی ئەزمڕ بكەوێتە دەست پێشمەرگە.كەدیارە مەبەستی ی ن. ك ،نە هەر لەسەرەتای كتێبەكەشداو لەلاپەڕە 22-دا ئاماژە بە قورسی و گرانیی كۆنترۆڵكردنی سلێمانی لەڕووی سیاسییەوە دەكات و بەلانكی بیرو هەستی نەتەوایەتیی وەسفی كردووە. لەم بابەتەشدا خەزرەجی باسی بەلاڕێدابردنی گەنجان دەكات لەڕێی كردنەوەی خولی تایبەت بە پەڕەشووتەوانیی گوایە گەنجێكی زۆری راكێشاوەو چوونە ناو پێشمەرگەی لە بیربردوونەتەوە.



‏‎راپەڕینی سەیدسادق و هەڵەبجە،لە ل420-دا باسی ئەوە دەكات كە بەهۆی مەشغوڵییان بەداستانی قەیوان-ماوەت-ەوەو مەترسی گرتنی شاخی ئەزمڕ دەنگۆی هەڵاتنی موستەشارو جاشەكان بڵاوبووەوە بەوەش لە هەردوو قەزای سەیدسادق و هەڵەبجە راپەڕین روویداوكەدەتوانین. بڵێن. ڕێخستنەكانی ی ن. ك لەوڕۆژگارەدا ڕۆڵی بەرچاوگرنگیان گێڕاوە بەقسەی نزار خەزرەجی توانیبویان چەند بنكەیەكی پۆلیس و یەكەیەكی سەربازی دەستیان بەسەرداگیرا. دەڵێت؛ فەرمانم دا كۆنترۆڵ بكرێت، ئامر لیواكە نەرم بوو لەگەڵیان و موستەشارەكانی ناوچەكەش نەئەچوون، چونكە لەتۆڵەسەندنەوە لێیان دەترسان، بۆیە بەهێزێكی زۆرەوە و بەتەواوەتی راپەڕینەكە دامركێنرایەوە.

هەموو ئەمانەو بەهێزبوونی زیاترو زیاتری یەكێتی وكاریگەری تەواوبێ ركابەری وای لەبەعس كرد بیرلەئۆپراسیۆنێكی گەورەبكاتەوە  كەدژ بەسەركردایەتی  ی ن ك ئەنجامی بدات لەناوچەكانی دۆڵی جافایەتی تاوەكو لادێكانی ناوچەكەو خەڵكەوپێشمەرگە پێكەوە لەناو بەرێت.

 

 

بڕیارێكی خەتەرناكی بەعس

 

 

كاتێك بەفەرمانێكی كۆماری ژمارە”160″ كە لە پاشكۆی بەڵگەنامەكاندا دامان ناوە، لەلایەن كەسی یەكەمی دەوڵەت و بەعس “سەدام حوسێن”، “عەلی حەسەن مەجید” لەكەسە هەرەنزیكەكانی بنەماڵەكەی، دەكرێتە بەرپرسی سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری و حزبی یەكەم لەكوردستان، و دەستڕۆشتوویەكی پێدەدرێ‌، یەكەم بڕیار كەدەری دەكات، ترسناكترین بڕیارەو دەتوانرێ‌ بە مانیڤیستۆی جینۆسایدی گەلی كورد ناو زەدبكرێ‌، ئەمەی خوارەوە دەقی بڕیارەكەی “عەلی حەسەن مەجید”ە.

 بڕیاری 4008
ژمارە 28/8004
رێكەوتی 20-6-1987

 

لە سەركردایەتی نوسینگەی سكرتارییەتی رێكخستنی باكورەوە بۆ/ قیادەی فەیلەقی یەك، قیادەی فەیلەقی دوو، قیادەی فەیلەقی پێنج

 

لەبەر ئەوەی ماوەی رەسمی بۆ كۆكردنەوەی ئەو گووندانە لە بەرواری 21ی حوزەیران -1987 كۆتایهاتوە، بڕیارماندا لە رۆژی 22ی حوزەیرانی 1987 دەستبەكاربین بەم شێوەیەیی خوارەوە:

 

1-هەموو گووندەكان لەمەودوا بە ناوچەی قەدەغەكراو دادەنرێن لە رووی ئەمنییەوە، كە هەتا ئێستا شوێنی بە كرێگیراوی ئێران و تێكدەران و خائین زادەو نموونەكانیانن كە خیانەتكارانی عيراقن.

 

2-بە تەواوی قەدەغەیە خەڵك و ئاژەڵی تێدا بمێنێت، ئەم ناوچانە بە ناوچەی قەدەغەكراو دادەنرێن و تەقەكردن تیایاندا ئازادە بێ‌ مەرج و بێتەعلیمات، مەگەر تەعلیماتی تر دەربچێت لە لایەن بارەگاكەمانەوە.

 

3-هاتوچۆ لەوێوە بۆ ئێرەو لێرەوە بۆ ئەوێ‌ یان كشت و كاڵ و تۆوكردن و پیشەسازی و ئاژەڵداری قەدەغەن و لە سەردەزگا پەیوەندیدارەكان پێویستە بە دواداچوونی جددییان لەم بارەوە هەبێت و هەریەكەو بە پێی تایبەتمەندی خۆی.

 

4-سەرۆكایەتی فەیلەقەكان لێدانی تایبەت ئامادەبكەن، ناو بەناو بە تۆپ و فڕۆكەو سەمتی و كۆپتەر لە هەموو كاتێكدا بە شەوو بە رۆژ بخەنكار بۆ كوشتنی گەورەترین ژمارە لەو كەسانەی كە لە شوێنە قەدەغەكراوەكاندان و ئاگادارمان بكەنەوە.

 

5- حجزكردنی هەموو ئەو كەسانەی كە دەستگیردەكرێن لە گووندەكانی ئەو ناوچانە، لێكۆڵینەوەیان لە گەڵ دەكرێت لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوەو حوكمی سێدارەیان بەسەردا جێبەجێدەكرێت، ئەوانەی كە تەمەنیان لە 15 ساڵ زیاترە هەتا 7 ساڵ، دوای سوود وەرگرتن لەو زانیاریانەی پێیەتی وە ئاگادارمان بكەنەوە.

 

6- دەزگا پەیوەندیدارەكان هەڵدەستن بە لێكۆڵینەوە لە گەڵ ئەوانەی خۆیان بە دەستەوە دەدەن لە دەزگا حكومییەكان و حزبیەكاندا بۆ ماوەیەك كە ئەو پەڕی  3 هەتا 1 رۆژبێت، دەبێت لەو حاڵەتانە ئاگادار بكرێینەوە،  ئەگەر ماوەكە پێویستی كرد لەو ماوەیە زیادبكرێت ئەوا دەبێت بە تەلەفۆن یان برووسكە رەزامەندی ئێمە وەربگرن، لە رێی هەڤاڵ “تاهر ئەلعانی” یەوە.

 

7- هەموو ئەو شت و مەكانەی كەوا فەوجەكانی دیفاع وەتەنی و جەنگاوەرەكانیان دەستیان دەكەوێت بۆ خۆیان دەبێت تەنها چەكە قورسەكان و چەكی ئەسنادو چەكی مام ناوەندی نەبێت چەكە سووكەكان بۆخۆیان دەبێت، ئێمەی لێئاگادار بكەنەوەو تەنها ژمارەكانیان تۆمار بكەن. پێویستە لە سەر فەرماندەی جەحافلەكان چالاك بن بۆ ئاگاداركردنەوەی هەموو مووستەشارەكان و فەرماندەی سرییەكانیان و مەفرەزەكانیان، وە بەوردی ئێمە ئاگادار بكرێینەوە لە چالاكییەكانی فەوجەكانی دیفاع وەتەنی. سەرۆكایەتی مەجلیسی تەشریعی، سەرۆكایەتی مەجلیسی تەنفیزی، دەزگای زانیاری، سەرۆكایەتی ئەركانی سووپا، پارێزگارەكان، سەرۆكەكانی لیژنە ئەمنییەكان “نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین، سلێمانی، ئەربیل، دهۆك، رازگری لقەكانی ئەو پارێزگایانەی كە لەسەرەوە ناویان هاتوە، بەرێوەبەرایەتی هەوڵگری گشتی سەربازی گشتی، بەرێوەرایەتی ئەمنی گشتی، بەرێوەبەری ئەمنی ناوچەی حكومی زاتی، بەێوەبەری ئەمنی پارێزگاكانی “نەینەوا، تەئمیم، دیالە، سەڵاحەدین، سلێمانی، ئەربیل، دهۆك”. تكایە بۆ تێڕوانین و جێبەجێكردن هەركەسەو بە پێی تایبەتمەندێتی خۆی.

 

ئاگادارمان بكەنەوە
ئیمزا
عەلی حەسەن مەجید
ئەندامی سەركردایەتی هەرێمایەتی
سەركردایەتی نوسینگەی رێكخستنی باكوور

 

 

 

‎پلان رێژی و بۆسەیەكی سەرنەكەوتوو بەر لەئەنفالی یەك

 

‎نەوشیروان مستەفا لەكتێبی خولانەوە لەناوبازنە دەڵێت، لەپێش دەستپێردنی هێرشەكانی ئەنفال ،لەسەرچاوەتایبەتەكانی خۆمانەوە هەواڵمان پێگەیشت بوو كەعێراق لەڕێگای ئاگاشاری ئیستخباراتی خۆیەوە دڵنیابوە لەوە ئێران. توانای هێرشی گەورەی نماوەو نیازی هیچ هێرشێكی گەورەی  نیە،بۆیە دەتوانن بێ ترس بەشێكی هێزەكانیان لەجەبهەكانی عیراق ئێران. بكشێننەوەو پەلاماری سەركردایەتی ی ن ك بدەن، هەندێك لەوبروسكانەی پێمان دەگەشت ڕاستەوخۆ لەدیوان الرئاسەوە ئەنێران. بۆسەركردایەتی هێزەكانی سوپا،بۆپەكخستنی هێرشەكانی عێراق زنجیرەیەك چالاكی پێشمەرگەی لەسەر جادە گشتییەكان. ئەنجام درا ،لەناوئەوانەدا یەكێك لە هەمووی گرنگتربوولەپێش دەستپێكردنی هێرشەكان،هەندێك لەئەندامانی القیادە العامە للقوات المسلحە لەگەڵ چەند قائید فەیلەق وقائید فرقەیەك كەئەبوونەخشەی هێرشەكەە جێبەجێ بكەم. بۆدوادێڕی نەخشەی ئەنفال هاتنە ناوچەكە ،لەكاتی گەڕانەوەیان. بۆسەیەكیان بۆدانرس ،لەبەرئەوەی هەموویان. ئەفسەری پلەبەرزبوون وهەریەكەیان. حیمایەی خۆی ئەوپەڕی لەگەڵ بوو كاروانەكە ناڕێك وپێك بوو  ،،سەرەتای كاروانەكە كەدەگاتە بەردەم بۆسەكە ،جاشێك لەڕەبیئەیەكی نزیك جادەكە بەڕاكردن. دەیانگاتی و ئەڵێ ٥٠مخرب ،بۆسەیان بۆداناون بگەڕێنەوە  كابرای ئەفسەر تاگاداری كاروانەكە دەكات بگەڕێنەوە دواوە سەرەتای كاروانە كەدەگاتە ناوبۆسەكەوە،چەند سەربازێك دەكوژرێن و لۆریەكیان. لێ ئەگرێت و بەڵام. كاروانە بەسەلامەتی بەرلەوەی بەتەواوی بگاتە ناوبۆسەكەوە ئەگەڕێنە دواوە.

‎نەوشیروان مستەفا لە كتێبەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، لەكاتی گفتوگۆكانی ساڵی 1991 لەگەڵ بەغدا عەقید روكن وەلید ،كەجاشەكە ئەمی ئاگاداركردبووە ودواتر نزار خەزرەجی لە لەندەن بۆی باس كردم ،ئەگەربكەوتنایەتە ناوبۆسەكەوە ،لەوانە بوو نەخشەی ئەنفالی یەك بەكوشتنی ئەمان ،بەتەواوی پەكی بكەوتایە .

 

بەر لەئەنفال بەعس چی كرد؟

 

 

وەك ئاشكرایە، ئامانجی یەكەمی هێرشی ئەنفال پەلاماردانی باراگاكانی سەركردایەتی ی ن ك بوو،بۆیە عیراق لەكۆتای كانونی دووەم و سەرەتای شوباتی 1988 كەوتە مۆڵدانی هیزەكانیانی لەناوچەكانی بناری گۆیژەو ،جادەی سورداش ،دەشتی مەرگە ،كارێزە ،جگە لەوەی معسكەرەكانی سەلام و سارداوی پڕكردبوو،بەهەزاران خێوەتی هەڵدابوو،سەدان تانك و لولەی تۆپی سازدابوو.


كێ ناوی ئەنفالی لە پرۆسەكانی قڕكردنی كورد نا؟

 

 

سەبارەت بە ناولێنانی ئەنفال لەو پرۆسەیە، سەرۆك ئەركانی سوپای عيراق لەسەردەمی ئەنفالدا نزار خەزرەجی باس لەوە دەكات كە لە قۆناغی یەكەمی ئەنفالدا هێرشیان كردووەتە سەر دۆڵی جافایەتی وسەرگەڵو و بەرگەڵو كە سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لێ بووە كە سەركۆماری پێشووی عێراق مام جەلال تاڵەبانی سەركردایەتی دەكرد،پاش سەركەوتنی هێرشەكە وەكو دەیڵێت شەڕی پیرەمەگروون، سەرگەڵو و بەرگەڵو تەواو دەبێت سەركردەی فەیلەقی یەكی سوپای عێراق لیوا روكن كامل ساجت جەنابی ،كە خەزرەجی بە"پیاوێكی دیندار"دەیناسێنێت ناوی ئەنفال لە پڕۆسەكە دەنێت لە بەررۆشنایی سوورەتی ئەنفال لە قورئاندا.ئەمە لەلایەك، لەلایەكی تر ،سەركردەی دیاری بەعس و تێوەگلاو لە تاوانی ئەنفال سوڵتان هاشم ئەحمەد لەسەروبەندی دادگاییكردنی خۆی و سەركردەكانی دیكەی بەعس لەنێویاندا سەدام حوسێن لە ساڵی 2006 جەختیكردەوە لەوەی كامل ساجت جەنابی ناوی ئەنفالی لەپرۆسەكە نابوو.

 

 

پڕۆسەكە چۆن دەستیپێكرد؟

 

 

شەوی22/23/2/1988سەعات یەك و سی دەقیقە تۆپباران و ڕاجیمەبارانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ی ن. ك لەدۆڵی جافایەتی لەلایەن. حكومەتی عیراقی یەوە دەستی ێكرد، كە دەتوانین بڵێن هێرشی گشتگیر كە تێیدا، ناوچەكانی دۆڵی جافایەتی و سەرگەڵو بەرگەڵو وچەند ناوچەیەكی تری گرتەوە، ئامانج لەیەكەم هەنگاوەكانی شاڵاوەكە، ئەوەبوو زیانێكی گەورە بە هێزی پێشمەرگەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد بگەیەنێ‌ و بڕستی ئەوەی لەبەلا ببڕێ‌ كە بتوانێ‌ داكۆكی لە چین و توێژەكانی دانیشتوانی ناوچە جیاحیاكانی كوردستان بكات لە چەند قۆڵێكەوە بە درێژایی 72كم لە بنگردەوە بۆ لای رۆژهەڵاتی دەریاچەی دوكان و شارۆچكەی دوكان ، لە وێشەوە بۆ شاری سلێمانی و شارۆچكەی ماوەت و چوارتای گرتەوە. ئامانجی ئەم هێرشە لەناوبردن و وێرانكردنی  گوندی دۆڵی جافایەتی و داگیركردنی باراگاكانی سەركردایەتی هێزی پێشمەرگە بوو لەم ناوچەیە،ئەم هێرشە سنوری شارۆچكەكانی (سورداش،دوكان،سەرچنار،قەڵاچۆلان،چوارتا)ی گرتەوە ، بەسەر پەرشتی وەزیری بەرگری (سوڵتان هاشم) بوو . ئەم هێڕشە بۆ سەر بارەگاكانی سەرەكی یەكێتی لە دۆڵی جافایەتی، لەوانەش گوندی یاخسەمەر بارەگای مام جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی  و گوندی بەرگەڵو بارەگای نەوشیروان مستەفا لەگەڵ بارەگاكانی ئێزگە و نەخۆشخانەی مەیدانی بوو، حكوومەتی عێراق لە بەرەبەیانی رۆژی 23ی شوباتی 1988 بە چەكی كیمیایی لە گوندەكانی چۆخماخ، یاخسەمەر، هەڵەدن، چالاوە، سەرگەلو و بەرگەلوی دا، هێزەكانی سەرەكی یەكێتی ، بۆ ماوەی نزیكەی یەك مانگ پێشمەرگە بەرگری قارامانانەیان  كرد، بەڵام بە هۆی ناهاوسەنگی لە هەموو ڕوویەكەوە لە نێوان هەردوو هێزی شەڕكەردا، هێزەكانی پێشمەرگە نەیانتوانی بەرگری لەو ناوچانە بكەن، بەڵام توانییان بەشی زۆری هێزو و خەڵكی ناوچە بۆ سنووری ئێران، یان ناوچەكانی تری ژێر دەسەڵاتی شۆڕش بگوازنەوە. حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەی بەرەی شەڕ فراوانتر بكات، بۆردوومانكردنی گوندەكان لە ناوچەكانی تریش بە ڕێی فڕۆكە، كردبوو ئامانجێكێ‌ بەردەوام، وەكو لێدانی گوندەكانی سپیندار، ئاقوبانی سەروو و ئاقوبانی خوارو لە 11 ی ئاداری 1988. زیانی ئەو گوندانە و توانا و كاریگەری ئەم لێدانەش ئەوەندە بۆ حكوومەتی عێراق گرنگ بووە، كە بەڕێوەبەرایەتی ئەمنی شەقڵاوە داوای ئەگەری نەگەیشتن و دواكەوتنی زانیاری لە زیانی ئەو گوندانە لە رۆژی لێدان تا 28 ئادار دەكات.حكوومەتی عێراق هەر لەو ماوەیەدا، بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ چالاكی هێزە بەشداربووەكانی ئەم شاڵاوە پێكهاتبوون لە 20 لیوا شەست فەوج . لەم هێرشەدا نوێترین چەكی قورس بەكارهێنران كە بونە هۆی وێرنكارییەكی زۆر لەم ناوچانە ، لە ئەنجامدا بووە هۆی وێرانكردی گوندەكانی (قمچۆغە، شاخەڕەش، دۆڵەڕووت، قزلەر، قەرەسەرد، ئاسۆس، قەرەچەتان، شەدەڵە، پیرەمەگرون، زێوێ، گەڕەدێ، دابان، مەرگەوشارستێن) هەروەها چەندین گوندی تر. بەشێوەیەك هیچ گوندێك لەم ناوچەیە ڕزگاری نەبوو، وە ئەوانەی مابوونەوە توشی تاڵانكردن هاتن . بەشێكی زۆری خەڵكی ئەو ناچەیە بەرەو ئێران هەڵاتن ، هەندێكیشیان بەرەو سلێمانی چوون .قۆناغەكانی دوای قۆناغی شاڵاوی یەكەم، پەیوەندی نێوان بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردی و هێزی پێشمەرگەو خەڵكیش ببچڕاند‌، رێك واش دەرچوو بەشێك لە ئامانجەكەی لەو مەبەستەی سەرەوە هاتەدی، لەلایەك زەبرێكی كوشندەی لەهێزی پێشمەرگە وەشاندو لەلایەكی تریش پەیوەندی نێوان بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردی و هێزی پێشمەرگەی تووشی لەبەریەك هەڵوەشانەوە كرد. (نەوشیروان مستەفا ئەمین) لە كتێبی (خولانەوە لە ناو بازنەدا) ئاماژە بەوە دەكات كەلەو جەنگانەدا زیاتر لە (600) پێشمەرگەش شەهید و بریندار بوون.

ئەو هێزانەی بەشداربوون لەئەنفالی یەكدا:

1- تیپی 2ی سەر بە فەیلەقی یەك كە ناونرابوون بە هیزەكانی خالید بن وەلید
2- تیپی 8ی پیادەی سەر بە فەیلەقی یەك كە ناونرابوون بە هێزەكانی مووسەنا
3- تیپی 4ی سەر بە فەیلەقی پێنج كە ناونرابوون بە هێزەكانی قەعقەع
3- تیپی 25ی سەر بە فەیلەقی پێنج كە ناونرابوون بە هێزەكانی موعتەسەم
4-  تیپی 38ی سەر بە فەیلەقی پێنج كە ناونرابوون بە هێزەكانی عومەر بن عەبدول عەزیز
5- 20لیوای سەر بە (مدفعیە المیدان) بە هاوەڵی 720 تۆپی دوور هاوێژ
6- 20لیوای سەر بە كۆماندۆ
7- 70فەوجی جاش
8- 30  فەوجی سەر بە حرس الجمهوری

ئەمانەو چەندین یەكەی تر وەك “یەكەی كیمیاوی، یەكەی فڕۆكەوانی، هێزی ئاسمانی، یەكەی شەڕكەر لە تیپی پێنج، یەكەی ئەندازیاری بۆ تێكدانی گوندەكان، یەكەی رێگاو بانی سەربازی، یەكەی هەواڵگری سوپا”. ئەوەی جێگەی باسە بەشێك لە فەیلەقی پێنج كە ناسرابوو بە هێزەكانی موعتەسەم :ئەم هێزە پێكهاتبوو لە تیپی پیادەی (24) ناسراو بە (هێزەكانی موعتەسەم) لەپەلاماری ئەنفالدا ڕۆڵی زۆر دراندنەی گێڕا بەتایبەتی لە ناوچەی بنگردومەرگەو كانی توو . بارەگای سەرەكی تیپەكە لە چوارقوڕنە بوو فەرماندەكەی ئەفسەرێك بوو بەپلەی لیوا روكن بەناوی عەبد عۆن نوعمە منسور. ئەویش لەلایەن (دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق)ەوە، ژمارە (83) داواكراوە بەهۆی بەشداریكردنی لە ئەنفالەكاندا.

تیپی پیادەی (33) ناسراو بە فەرماندەیی هێزەكانی بەدر (قیادە قوات بدر). پێشەواكەی‌ ئەفسەرێك بوو بەپلەی عەمید روكن بەناوی رەمزی مەحمود عەبدوڵڵا. بەپێی ئەوبەڵگەی لە بەردەستدایە لەلایەن خودی خۆیەوە ناوی دیاری كردوە بۆ وەرگرتنی دیاری كەچی خۆی یەكەم ناوە لەلیستەكەدا هەروەها بەپێی ژمارە (3905) رۆژنامەی العراق لە 21-11-1988 دوو مەدالیای ئازایەتی لەپای بەشداری كردن ورۆڵ بینینی لە پەلاماری ئەنفالی یەك و ئەنفالی سێدا لە خودی سەدام حوسێن) پێبەخشراوە.

 

 

هێرشەكان لەچەند قۆڵەوە كران؟

 

قۆڵی یەكەم: لە گاپیلۆنەوە بۆ سەر زنجیرە شاخەكانی هێلانە بەراز و شاخەسوور و شاخی خەجە لەرزۆك.
قۆڵی دووەم: لە دۆڵە رووتەوە بەرەو قزلەر و شاخی یاخیان
قۆڵی سێهەم: لەسەر رێگای سورداشەوە بەرەو زێوێ‌
قۆڵی چوارەم: لەسەر رێگای سورداشەوە بەرەو قووڵە پووشێن و قوڵە سەوزەو لەوێشەوە بەرەو گوندی شەدەڵە
قۆڵی پێنجەم: لەسەر رێگای دووكانەوە بەرەو شەدەڵەو شاخی دابان
قۆڵی شەشەم: لەسەر رێگای دووكانەوە بەرەو گوندەكانی قەمچوغەو سەرمۆرد
قۆڵی حەوتەم: لە قەرەسرتەوە بەرەو قەڵەمپاشاو كڵاو سپی
قۆڵی هەشتەم: لەسەر رێگای بنگردەوە بەرەو هەنجیرە، شارستێن، دۆڵەبی و هەوارە بەرزە
قۆڵی نۆیەم: لەسەر رێگای بنگردەوە بەرەو ئاوەژێ‌، چنارنەو سیروان

 

بەشداری كوردەكان لەئەنفالی جافایەتی دا

 

لەئەنفالدا جاشەكان رۆڵێكی زۆریان گێڕاو پێش قەرەوڵی سوپای بەعس بوون، تەنانەت بۆ گوندە دورە دەست و پەڕیوەكان جاشەكان بەر لە سوپا دەگەیشتن، لەو نامانەدا كە جاشەكان لە ڕێگەی رۆژنامەكانی «هاوكاری و عیراق. و رۆژنامەكانی دیكەوە « لە دیدارو چاوپێكەوتنەكانیاندا ئاراستەی سەدامیان دەكرد  هەمیشە شانازیان بەوە وە دەكرد كە ئەوان یەكەمین هێز بوونە چوونەتە ناو ئەم گوند یان ئەو شوێنەوە، لە ئەنفالی یەكدا كە پەلاماری سەرگەڵو بەرگەڵو ناوچەكانی دەوروبەری و سەركردایەتی ئەو كاتی یەكێتی درا، كوردەكان بەم فەوجە خەفیفانەوە بەشدار بوون « فەوجەكانی 96، 5، 36، 51، 20،، 23، 37، 109، 81» ئەم فەوجانە بۆ ماوەی نزیكەی مانگێك لەو ناوچەیە پەلاماری سەركردایەتی یەكێتی و گوندەكانی ناوچەی سورداشیان دا وئەوەیان وەك شانازیەك گێڕاوەتەوە، رۆژنامەی هاوكاری لە ژمارەی رۆژی 24ی 3 ی 1988دا دیداری لەگەڵ یەك دوو موستەشار كردوەو شانازی بەوەوە دەكەن یەكەمین هێز بوونە چونەتە ناوگوندی سەرگەڵوەوە، ئەم پەلامارەی ئەنفالی یەك ناونرابوو «نەسر من ئەڵڵا « سەركەوتن لە خوداوە.

 

 

بڕیاری كشانەوە‬‬

 

 

لەدوای هێرشەكانی حكومەتی عێراقی یەوە بۆسەركردایەتی ی ن. ك وبەرگری قارەمانانەی پێشمەرگە ئیتر بڕیار دەدرێت هێزی پێشمەرگە ناوچەكانی دۆڵی جافایەتی و بارەگاكانیان چۆڵ بكەن، بۆیە سەرەتا كە بڕیارەكە دەدرێت ناهێڵرێت زۆر كەس پێ بزانێت ئەویش لەپێناو دەرچوونی خەڵكی ناوچەكەو بریندارەكان. وكەسوكارەكانیان  وپێشمەرگە بەشێوەیەكی گشتی بۆیە ڕۆژی 18مارت 1988 بەڕێكوپێی ناوچەكە چۆڵ كرا،ی ن. ك دەربارەی هێرشەكانی حكومەتی عێراقی ، مەكتەبی سیاسی ی ن ك  بەیاننامەیەكی دەركردوە ئاماژەی بە هۆكاری پاشەكشێی هێزەكانی پێشمەرگەی  كردوە لەدۆڵی جافایەتی و باسی لەزەرروزیانەكانی دوژمن لەئەنفالی یەكێك دا كەتوشی هاتوە كردوە ولەڕادێۆی دەنگی گەلی كوردستانەوە خوێندرایەوە ولەپێشتریش ئێستگەی ڕادیۆ لە دۆڵە كۆگێ دامەزرا وپێشتر كاری پێكرا چونكە حسابی تەواو بۆ وەستانی ئێستگەی بەرگەڵو كرابوو ولەكاتی هێرشەكان بۆ سەرناوچەكه،  هەربەبۆنەی هێرشەكانی ئەنفالی یەكەوە حكومەتی عێراقی بە دەركرنی بەیانی ژمارە (3087) لە رۆژی 19/3/1988 سەركردایەتی هێزە چەكدارەكانی عێراق  كۆتای بە ئەنفالی یەك  هات و وەك مژدەیەكی خۆش بەخەڵكی عێڕاق دراوبەبۆنەیەشەوە سوڵتان هاشم بروسكەیەكی پیرۆزبای ئاراستەی سەدام حوسێن كردوەو لەڕاگەیاندنەكانی بەعسەوە بوە شای و گۆرانی و هەڵپەركێ.

 

 

چارەنووسی خەڵكە دەستگیركراوەكەی دۆڵی جافایەتی

 

سوڵتان هاشم لە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە دەڵێ‌" دوای ئەوەی بووم بە پێشەوای فەیلەقی یەك و پرۆسەی ئەنفالی یەكم جێبەجێكرد، هاریكاری نێوان من و نوسینگەی رێكخستنی باكوور، بڕیاری "4008" بوو، كە لە 20-6- 1987 لە لایەن "عەلی حەسەن مەجید"ەوە دەرچووبوو، هاریكاری نێوان من و نوسینگەی باكوور سنوردار بوو،ئەو گوندانە بوون كە دەكەوتنە سنووری ئامانجەكانی هێزی سەربازی فەیلەقی یەك، دوای گرتنیان خێزانەكانیان بە رێگای ئۆتۆمبێلی سەربازی دەگوێزرانەوە بۆ دەزگای هەواڵگری سەربازی لە كەركوك و لەوێشەوە رەوانەكردنیان بۆ نوسینگەی رێكخستنی باكورو هیچ كەسێك لە سوپا چارەنووسی ئەوكەسانە نازانێ‌، دوای رەوانەكردنیان بۆ نوسینگەی رێكخستنی باكوور، مەبەستم لە "ژن و مناڵ و پیاو" دەمەوێ‌ شتێك روون بكەمەوە بەبڕیارێك كە لە تۆمەتبار "عەلی حەسەن مەجید" وە دەرچوو، مامەڵەكردن لە ئەو گوندانەی لە رووی ئەمنیەوە "مەحزوور" بوون، لە كاتی بینیی هەرجوڵەیەك یان هەرشتێك لەو ناوچانە، یەكە سەربازییەكان راستەوخۆ بە تەقە وڵامی دەدەنەوە جا بە فیشەك یان بە تۆپ بێت.كەوابێت  ئەوەی دەستگیركرابێ بێگومان. بێسەروشوێن كراوە بەبێ ئەوەی سوپا زانیاری هەبووبێت لەسەریان. دوای تەسەلیم كردنیان بەنوسینگەی ڕێخستنی حیزبی بەعس لەباكور.

هەروەها بەڵگەنامەیەكی تر بەناونیشانی "ش3، ق 2/122، لە بەرواری 1-3-1988 لەلایەن رێكخراوی هەواڵگری رۆژئاواو كە لەلایەن تاوانبار"فەرحان موتڵەگ جبوری" واژۆكراوەو بۆ بەشی هەواڵگری شوعبەی سێیەم نێردراوەو روون كراوەتەوە كە تەنها لەم قۆناغەدا نزیكەی "120100" دوانزە هەزارو سەدكەس بەهۆی چەكی كیمیاوی كوژراون یان بریندار بوون لە قۆناغی یەكەم و دووەمی شاڵاوەكە"، ئەو بەڵگانەی سەرەوەو دانپیانانەكانی هەریەك لە "عەلی حەسەن مەجید، سوڵتان هاشم ئەحمەد، حوسێن رەشید تكریتی، سابر عەبدل عەزیز ئەلدووری، فەرحان موتڵەگ جبوری، تاهر تۆفیق ئەلعانی"، و هاوكات سكاڵاكارو شاهید حاڵەكانی تاوانەكە، تاوانی قۆناغی یەكەمی شاڵاوەكانی ئەنفال پشتڕاستكراونەتەوە.بەشێكی تر لە بەڵگەنامەكانی سەلماندنی قۆناغی یەكەمی تاوانی ئەنفال، راپۆرتێكی شارەزایانی نێودەوڵەتیە، كە لەو راپۆرتەدا بۆ دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە 30-11- 2006سووڕی "26"ی دانیشتنەكان روون كراوەتەوەو هاتوە": یەكەم، دۆزینەوەی 123 رووفات كە هەموویان بە فیشەك كوژرابوون، دووەم، دەست نیشانكردنی 25 بیست وپێنج رووفاتی ئافرەت، سێیەم، دەست نیشانكردنی 98 نەوەدو هەشت رووفاتی ئافرەت، چوارەم، لە 90%ی رووفاتەكان مناڵ بوون لە خوار تەمەنی 13 ساڵیەوەشارەزایەكی نێودەوڵەتی بۆ دادگای روونكردوەتەوە كە ": 69% قوربانیەكان چاویان لە دەستدابوو، 69% لە سەریان درابوو، 72% لە بڕبڕەی پشتیان درابوو، 66% لە دەست و قاچیان درابوو"، هەروەك شارەزایەكە بۆ دادگاشی روون كردوەتەوە كە كە لەنێو گۆڕە بە كۆمەڵەكەدا، چەندین ناسنامەو بەڵگە دۆزراونەتەوە كە هی دانیشتوانی گوندە بەركەوتوەكانی قۆناغی یەكەمی شاڵاوو تاوانی ئەنفال بوون.

 

 

عوسمانە شێتی مالومەو راگەیاندنی بەعس

 

 

خەلیل سەركانی لەكتێبی ئەنفال بیرەوەری پێشمەرگەیەك دەڵێت وردەوردە دەستمان. كرد بەكشانەوەو هاتینە مالومە سەیرمانكرد بە س عوسمانە شێتی لێ ماوەو مالومە  هەمووی چۆڵ بووبوو.

 

عوسمان  شێتێكی خۆشەویستی ناوچەكە دەبێت هەركە قسەت لەگەڵ بكردایە باسی شەهیدی فەرماندە جمالی علی باپیری بۆ دەكردی چونكە پێدەچوو بەینی زۆر خۆش بووبێ لەگەڵ شەهید جمال عوسمانە شێت كڵاوێكی لەسەر دەكرد،زۆرجاریش ریشی تاشراو سمێڵێكی قنجی دەهێشتەوە ،لەوە دەچوو لەكاتی چۆڵكردنی ناوچەكە كەسوكارەكەی زۆریان. لێكردبێت تاوەكو ناوچە جێبهڵێت و لەگەڵ خۆیان بیبەن. بەڵام عوسمان  نەڕۆشتبوو ،بەڵكو مابوەوە ،وەك دەگێڕنەوە ڕۆژی دوای كە جەیش وجاش دەگاتە ناوچەكە و بەتایبەت گوندەكە عوسمان  دەستگیردەكەن. وئەویش بێترس وبە پێكەنینەوە وەڵامی قسەكانیان. دەداتەوەو پیان. دەڵێت من. مەسئولی ئەم. ناوچەیە م. ودەمێكە پێشمەرگەم. ،جاش و جەیش ئەمەیان لێ دەبێتە راست ،بێ بەدوادا چوون. لەراگەیاندنەكانەوە بڵاوی دەكەنەوە كە فەرماندەیەكی پلە بەرزی ی ن. ك دەستگیركردوەوتەنانەت هەندێك لەجاشەكان وتویانە ئەندامێكی سەركردایەتی ی ن ك گیراوە لەكاتێكدا نەفەرماندە نە سەركردایەتییەكی ی ن ك لەو شەڕانە بە هیچ. جۆرێك دەستگیر نەكراوە،ئەمە ئەوە دەردەخات ڕاگەیاندنی بەعس لەوسەردەمانە چەند هەواڵەكانیان درۆو دەلەسەبووە و هیچ بنەمایەكی راستی نەبووە ،تەنها مەبەستی بەلاداڕێبردنی خەڵك بووە ئیتر عوسمانە  شێتیش كەزۆر خۆشەویست دەبێت هاوشێوەی ئەنفال كراوەكانی تر بێ سەروشوێنكرا

سەرچاوەكان ...
- رۆژنامەی هاوكاری
- نەوشیروان مستەفا :-خولانەوە لەناو بازنە دیوی ناوەی روداوەكانی كوردستانی عیراق 1984-1988
- زەمان عەبدە :مەرگەساتی ئەنفال
- تەها سلێمان :-جینۆسایدی كورد تاوانی ئەنفال
- خەلیل سەركانی :ئەنفال لەیادەوەری پێشمەرگەیەكدا
- یاداشتەكانی نزارخەزرەجی :جەنگی عێراق –ئێران -1980-1988
- عومەر محەمەد :-ئەمڕۆ دەستپێكی پەلاماری قۆناغی یەكەمی ئەنفالی دۆڵی جافایەتییە، راستكردنەوەیەك بۆ مێژووی یەكەم پەلاماری ئەنفال
- لەتیف فاتیح فەرەج‌: ئەنفال و لێبووردەیی ‌،كوردستانی نوێ ،26/4/2016
- د. عەلی تەتەر: ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفال لە كوردستان 23 شوبات  تا  6 ئەیلوولی 1988
 
ئا.. كاوان ئەحمەد حەمە ساڵح هەڵەبجەیی

PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket