riklam

چوار بازنه‌یی هه‌ڵبژاردن هاوسه‌نگی له‌په‌رله‌مان دروستده‌كات

کوردستان 04:18 PM - 2024-02-20
پەرلەمانی کوردستان PUKMEDIA

پەرلەمانی کوردستان

پەرلەمانی كوردستان

بڕیاره‌ سبه‌ینێ 21-2-2024، دادگای فیدراڵی له‌باره‌ی سكاڵاكه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان كۆببێته‌وه‌، پێشتریش 11 جار دانیشتنی دادگاكه‌ له‌سه‌ر ئه‌و سكاڵایه‌ دواخراوه‌، مامۆستایه‌كی زانكۆش ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر دادگای فیدراڵی له‌به‌رژه‌وه‌ندی سكاڵاكه‌ی یه‌كێتی دانیشتنه‌كه‌ی یه‌كلابكاته‌وه‌ سیستمی هه‌ڵبژاردن له‌هه‌رێمی كوردستان چوار بازنه‌یی ده‌بێت و به‌مه‌ش مافی كورسی پارێزگاكان پارێزراو ده‌بێت".

چوار بازنه‌یی كورسی پارێزگاكان ده‌پارێزێت

رێبین ئه‌بوبه‌كر مامۆستای زانكۆ و شاره‌زا له‌بواری هه‌ڵبژاردن به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "بڕ‌یاره‌ له‌دانیشتنی سبه‌ینێی دادگای فیدراڵیدا پرسی یه‌ك بازنه‌یی و چوار بازنه‌یی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان كوردستان یه‌كلاببێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سكاڵای له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردن له‌هه‌رێمی كوردستان تۆمار كردووه ‌و دادگاكه‌ 11 دانیشتنی له‌سه‌ر ئه‌و سكاڵایه‌ دواخستووه‌".

"سیستمی چوار بازنه‌یی كورسی بۆ پارێزگاكان دیاریی ده‌كات، به‌مه‌ش ژماره‌ی به‌شداربووی ده‌نگده‌ر كاریگه‌ری ناكاته‌ سه‌ر به‌ڕ‌ێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و كورسی پارێزگاكان پارێزراو ده‌بێت و هیچ پارێزگایه‌ك ناتوانێت مافی پارێزگاكه‌ی دیكه‌ بۆ خۆی ببات"، رێبین ئه‌بوبه‌كر واده‌ڵێت.

هاوسه‌نگی هێز له‌په‌رله‌مان دروست ده‌بێت

به‌ڕ‌ێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان به‌ سیستمی چوار بازنه‌یی خزمه‌تێكی زۆر به‌پرۆسه‌كه‌ ده‌كات، به‌جۆرێك واده‌كات پارێزگاكان مافی كورسییه‌كانیان پارێزراو بێت .

هاونیاز سامی له‌مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هاوكات مامۆستای زانكۆ به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "چوار بازنه‌یی خزمه‌ت به‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و واده‌كات پارێزگاكان مافی كورسییه‌كانیان پارێزراو بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌ك بازنه‌یی بوو له‌و پارێزگایه‌ی زۆرترین ده‌نگده‌ر هه‌بێت له‌كورسی ئه‌و پارێزگایه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌ كه‌ كه‌متر به‌شداری هه‌ڵبژاردنی تێدابووه‌".

" گرنگی چوار بازنه‌یی له‌وه‌دایه‌، به‌چوار بازنه‌یی له‌هه‌ڵبژاردندا هاوسه‌نگی هێز له‌په‌رله‌مان دروست ده‌بێت و نوێنه‌ری پارێزگاكان به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوانیان له‌په‌رله‌مان ده‌بێت، نه‌ك به‌پێی زۆرینه‌و كه‌مینه‌ی به‌شداری هه‌ڵبژاردن"، هاونیاز سامی واده‌ڵێت.

حه‌وت حزبی كوردستانی له‌سه‌ر چوار بازنه‌یی هاوڕان

رۆژی 2023-03-11، حه‌وت حزبی كوردستانی رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ سیستمی هه‌ڵبژاردن چوار بازنه‌یی بێت به‌پێی پارێزگاكانی هه‌رێم و تۆماری بایۆمه‌تری كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنی عیراق بكرێته‌ بنه‌ما بۆ هه‌ڵبژاردن.

حزبه‌ كوردستانییه‌كان كه‌ پێكهاتبوون له‌ (یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕ‌ان، كۆمه‌ڵی دادگه‌ری، یه‌كگرتووی ئیسلامی، حزبی شیوعی، پارتی كرێكاران و ره‌نجده‌رانی كوردستان) له‌باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌سلێمانی كۆبوونه‌وه‌و بڕیاریاندا كه‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كودستان به‌ سیستمی چوار بازنه‌یی بێت .

نزیكه‌ی ٤ ملیۆن هاووڵاتی له‌هه‌رێم مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌

به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق كه‌ كۆپییه‌كی بۆ PUKMEDIA نێدراوه‌، له‌ھه‌رێمی كوردستان سێ ملیۆن و ٧٨٩ ھه‌زار و ٤٠٥ ده‌نگده‌ر مافی به‌شداریكردنیان له‌ھه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا ھه‌یه‌، هاوكات كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی باڵای ھه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق، كاتی ناوتۆماركردن و نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌رانی ھه‌رێمی كوردستانی تا ١٠ رۆژی دیكه‌ درێژكرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین هاووڵاتی ناوی خۆیان تۆمار بكه‌ن.
PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket