riklam

وته‌بێژی یه‌كێتی: سه‌رۆك بافڵ پێشێلكردنی سیاده‌ی هه‌رێم له‌میونشن ده‌خاته‌ڕوو

کوردستان 03:51 PM - 2024-02-17
كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ئاژانسەکان

كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن

سەرۆک بافڵ سەرۆکی یەکێتی

بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان یه‌كێكه‌ له‌ به‌شداربووه‌ كاریگه‌ره‌كان له‌ناوچه‌كه‌و به‌شداره‌ له‌كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن كه‌ 450 سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ له‌جیهاندا به‌شداری تێدا ده‌كه‌ن، به‌ گوێره‌ی پێودانگی  كۆنفرانسه‌كه‌"ئه‌و كه‌سانه‌ی بانگهێشتی كۆنفرانسی میونشن ده‌كرێن سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی كاریگه‌رن له‌ناوچه‌كانیان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی"، وته‌بێژی یه‌كێتی-ش ده‌ڵێت:" سه‌رۆك بافڵ پێشێلكردنی سیاده‌ی هه‌رێم له‌میۆنشن ده‌خاته‌ڕوو".

 

پیرە: سەرۆک بافڵ وەک كارەكته‌رێكی سیاسی كاریگه‌ر بەشدار دەبێت

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ PUKMEDIA رایگه‌یاند:" گرنگه‌ بۆ سه‌رۆكی یه‌كێتی و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه‌ به‌شداری كۆنفرانسی ئاسایشی میونشنن و پرسی پێشێلكردنی سیاده‌ی هه‌رێمی كوردستان و عیراق ده‌وروژێنێت، به‌تایبه‌ت كه‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقیش ئاماده‌یی كۆنفرانسه‌كه‌یه‌، ئێمه‌ لامان جێی سه‌رنجه‌ كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان هیچ ناكۆكییه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ وڵاتاندا نییه‌، به‌ڵام ناكۆكییه‌كان روویان له‌وڵاته‌كه‌ی ئێمه‌ كردوه‌و ناكۆكییه‌كانیان هێناوه‌ته‌ عیراق".

 

"بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتی وه‌ك سه‌رۆكی حزبێكی سه‌ره‌كی كوردستانی و كارەكته‌رێكی سیاسی كاریگه‌ر له‌ناوچه‌كه‌ به‌شداری كۆنفرانسی میونشن ده‌كات، له‌كاتێكدا كه‌ هه‌موو هه‌وڵێكی یه‌كێتی بۆ سه‌قامگیری ئاشتی و پێكه‌وه‌ ژیانه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان و عیراق، ته‌نانه‌ت له‌ناوچه‌كه‌ش" سه‌عدی پیره‌ واده‌ڵێت.

 

 کەسانی کاریگەری سەر نەخشەی سیاسی بەشدار دەبن

له‌هه‌رێمی كوردستان ته‌نها بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌ك سه‌رۆكێكی حزبی كوردستانی و نێچیرڤان بارزانیش وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری كۆنفرانسه‌كه‌ ده‌كه‌ن، هاوكات محه‌مه‌د شیاع سوانی-یش وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق به‌شداره‌، به‌پێی وته‌ی سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌:" به‌ گوێره‌ی پێودانگی  كۆنفرانسه‌كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی بانگهێشتی كۆنفرانسی میونشن ده‌كرێن سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی كاریگه‌رن له‌ناوچه‌كانیان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی".

 

لەتیف نێروەیی: یەکێتی و سەرۆکەکەی کاریگەرن

لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتارێکیدا کەلە بیروڕای وێب سایتی رەسمی یەکێتی بڵاوبۆتەوە رایگەیاندووە: "کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، وەك وێستگەیەكی نێودەوڵەتی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە و بانگهێشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ كۆنفرانسی میونشن بەڵگەی كاریگەریی یەكێتی و سەرۆكەكەیەتی لە پرسە گرنگەكانی ئاسایشی عیراق و روبەڕوبونەوەی تیرۆر".

 

"لەم دیدارەدا باس لە چارەسەری کێشەکانی هەرێم و عیراق دەکرێت کە چارەسەرکردنی ئەو کێشانە جۆرێک لە سەقامگیری سیاسی و ئیداری و تەنانەت ئەمنی بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان بەدوای خۆیدا دەهێنێت و تا رادەیەکیش دەستوەردانی دەرەکی و پێشێلکردنی سەروەری خاکی عیراق بەهەرێمی کوردستانیشەوە سنوردار دەکات"، لەتیف نێروەیی وای وت.

 

ستایشی هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی یه‌كێتی ده‌كرێت

له‌یه‌كه‌م رۆژی كۆنفرانسه‌كه‌دا بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌، نێرده‌ی وڵاتان و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌كان له‌ په‌راوێزی به‌شداریكردن له‌ كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، له‌گه‌ڵ سیناتۆر جۆ لیبرمان، سیناتۆری پێشووی ئه‌مریكا، هاوسۆزی گه‌لی كورد و دۆستی دێرینی سه‌رۆك مام جه‌لال و  ده‌یڤد میلیباند، سه‌رۆك و به‌ڕ‌ێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری لیژنه‌ی رزگاركردن و به‌هاناوه‌چوونی نێوده‌وڵه‌تی و وه‌زیری پێشووتری ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا و  جۆن كێری، نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا بۆ گۆڕ‌انی كه‌شوهه‌وا كۆبووه‌وه‌.

 

له‌ دیداره‌كانیشیدا سه‌رۆك بافڵ درێژه‌دان به‌ سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لالی دووپاتكرده‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی كێشه‌كان به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ ئێستادا رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕ‌استی گرتۆته‌وه‌، له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ رایگه‌یاند: "هه‌وڵی ئێمه‌ بۆ بونیادنانی داهاتوویه‌كی گه‌شتر و سه‌قامگیرتره‌، دیالۆگ و گفتوگۆی بونیادنه‌رانه‌ش فاكته‌ری به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه‌ باڵایه‌یه‌".

 

سه‌رۆك بافڵ ستراتیژی یه‌كێتی بۆ سه‌قامگیری ئاشتی ده‌خاته‌ڕ‌وو

هه‌ر له‌میانی به‌ڕ‌ێوه‌چوونی كۆنفرانسه‌كه‌دا، سه‌رۆك بافڵ ژماره‌یه‌ك دیداری سیاسیی دیكه‌ی گرنگ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ و لێپرسراوانی باڵای وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕ‌است، ئه‌وروپا و ئه‌مریكا ئه‌نجامده‌دات و سیاسه‌ت و ستراتیژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر پرسه‌ هه‌نووكه‌یی و چاره‌نووسسازه‌كاندا ده‌خاته‌ڕ‌وو.

 

هه‌روه‌ها ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كانی سه‌رۆك بافڵ، پاراستنی سه‌قامگیری و دوورخستنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عیراق ده‌بێت له‌ گرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌، جگه‌له‌وه‌ی پرسی رووبه‌ڕ‌ووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و فراوانكردنی هه‌ماهه‌نگییه‌كان تاوتوێ ده‌كرێن.

 

رۆژی هه‌ینی 16-2-2024 له‌میونشنی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا، كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن (MSC) ده‌ستیپێكردو ماوه‌ی سێ رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.


PUKMEDIA

چاوپێکەوتنەکە بە ڤیدیۆ.....

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket