riklam

بۆ یەكەمینجار پێشمەرگەیەكی دێرینی یەكێتی دكتۆرای سەربازی بەدەستدەهێنێت

کوردستان 09:11 AM - 2024-01-18
   رێوەڕەسمی رێزلێنان لە لیوا روكن كارزان شەقلاوەیی  راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە

رێوەڕەسمی رێزلێنان لە لیوا روكن كارزان شەقلاوەیی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشمەرگە

پێشمەرگەیەكی دێرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە ئێستا ئەفسەرێكی پلە باڵایە، بۆ یەكەمجار لەمێژووی وەزارەتی پێشمەرگەدا، بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری سەربازی بەدەستهێنا.

لیوا روكن كارزان شەقلاوەیی، لەبارەی بەدەستهێنانی بڕوانامەكەیەوە بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی رایگەیاند: "توانیم وەك یەكەم ئەفسەری پلەباڵا لە مێژووی وەزارەتی پێشمەرگەدا بڕوانامەی دكتۆرا لە بواری سەربازیدا بەناونیشانی (مێژووی سەربازی) بەدەستبهێنم".

"وەزارەتی پێشمەرگە لەپاڵ شارەزایی و لێهاتوویی ئەفسەرەكانیدا، پێویستی بە بەرزكردنەوەی توانای زانستی و ئەكادیمی ئەفسەرانی هەیە، بۆ ئەوەی لەڕوی زانستی و سەربازی و رێكخستنی هێزەكانەوە بتوانن خزمەتی زیاتری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن" لیوا روكن كارزان شەقلاوەیی وادەڵێت.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا رۆژی 17ی 1ی 2024 بەئامادەبونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و عەبدولخالق بابیری بریكاری وەزارەت و سەرۆكی ئەركان و ئەمینداری گشتی و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت و ئەفسەرانی باڵا رێوەڕەسمی رێزلێنان لەبەرامبەر وەرگرتنی ئەو بڕوانامەیە بۆ لیوا روكن كارزان مەولود لە وەزارەتی پێشمەرگە رێكخراو وەزیری پێشمەرگەش، وێڕای پیرۆزبایی، هیوای خواست هەمووان رێچكەی پەرەپێدانی بەرزكردنەوەی توانا سەربازییەكان بدەن لەرێگەی زانستی سەربازییەوە.

وەزیری پێشمەرگە وتیشی: "وەكو وەزارەتی پێشمەرگە شانازییە بۆمان  كە ئەفسەرێكی باڵای ئێمە ئەو بڕوانامە پڕ بەخششە بەدەستبهێنێت".

 

لەكۆتایی مەڕاسیمەكەشدا، لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوە، بڕوانامەی رێزلێنانی وەزارەتی پێشمەرگە  بە لیوا روكن  كارزان بەخشرا.

 

ژیاننامەی لیوا روكن كارزان شەقلاوەیی...

 
-كارزان مەولود ئەحمەد، ناسراو بە كارزان شەقلاوەیی، لە ساڵی 1965 لەدایكبووە.

-لە ساڵی 1979 پەیوەندی بە ریزەكانی پێشمەرگەی كوردستانەوە كردووەو تا راپەڕینی گەلی كوردستان چەندین پۆستی سەربازی لە شاخ وەرگرتووە.

-ساڵی 1993 بووە بە ئەندامی مەڵبەندی شەشی سۆران.

-پاشان پۆستی بەڕێوەبەری ئاسایشی هەریری وەرگرتووە.

-دواتر بووە بە بەڕێوەبەری ئاسایشی شەقلاوەو پاشانیش بووە بە بەڕێوەبەری ئاسایشی عەنكاوە.

-ساڵی 1995-1996 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی سەربازی لە كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان بەدەستهێناوە.

 

-لەساڵی 1997 پۆستی فەرماندەی فەوجی لە فەرماندەیی هەولێر وەرگرتووە.

-پاشان سەرتیپی لەشكری ئامادەیی هەولێر بووە.

-لەدوای 31ی ئابی 1996، بووە بە لێپرسراوی تۆپخانەی هەولێر لەكۆیە.

-دوای دامەزراندنی سەرۆكایەتی ئەركان بە پلەی فەرماندەی كەتیبەی كاتیۆشا گواستراوەتەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەركانی ئەوكات.

-دوواتر بووەتە فەرماندەی كەتیبەی كاتیۆشا لە فەرماندەیی.

-ساڵی 2004 بەشداری كۆلێژی ئەركانی لە چوارقوڕنە كردووەو ساڵی 2006 كۆلێژەكەی تەواو كردووەو بڕوانامەی ماستەری لە زانستی سەربازیدا بەدەستهێناوە.

 

-پاشان بووەتە بەڕێوەبەری جموجۆڵی وەزارەتی هەرێم بۆ كاروباری پێشمەرگە لە سلێمانی.

-ساڵی 2010 بووەتە بەڕێوەبەری پلاندانان و رێكخستنی میلاكات لە وەزارەتی پێشمەرگە.

-ساڵی 2014 بووەتە بەڕێوەبەری میرەی گشتی لە وەزارەتی پێشمەرگە.

-ساڵی 2017 كراوە بە بەڕێوەبەری ئیدارەی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە بەحركە.

-دوای سەرلەنوێ رێكخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا روكن كارزان شەقلاوەیی گەڕێندرایەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی پلاندانان و رێكخستنی میلاكات لە وەزارەتی پێشمەرگە وەك بەڕێوەبەری گشتی دەستبەكار بوو، تا ئێستاش لەو پۆستە بەردەوامە.

-ساڵی 2022 لە بەغدا دەستی بە خوێندنی دكتۆرا لەبواری سەربازیدا كردووەو ساڵی 2024 وەك یەكەمین ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە توانی بڕوانامەی دكتۆرای سەربازی بەدەستبهێنێت.

-لیوا روكن كارزان شەقلاوەیی، خاوەنی حەوت شەهیدی سەنگەرەو سێ جار لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەسەختی بریندار كراوە.


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket