riklam

هەمواری یاسای بودجە کێشەی مووچە چارەسەر دەکات

کوردستان 11:54 AM - 2024-01-17
مووچە و ئەنجومەنی نوێنەران PUKMEDIA

مووچە و ئەنجومەنی نوێنەران

مووچە ئەنجومەنی نوێنەران

لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەدا کێشەی مووچە و بودجە لە هەرێمی کوردستان نامێنێت و مووچەخۆرانی هەرێم هەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا مووچە وەردەگرن، ئەندامێکی لیژنەی دارایش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: "چاوەڕوان دەکرێت لە 20 هەتا 25ی ئەم مانگە حکومەتی عیراق 618 ملیار دینارەکە بۆ هەرێم بنێرێت".

کێشە مووچە لە هەرێم نامێنێت

د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی هەوڵەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بەردەوامن بەڵام هەتا یاساکە هەموار نەکرێتەوە حکومەتی عیراق بڕیاری داوە مانگانە 618 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، کە ئەم بڕە پارەیەش لە چوارچێوەی 12.67% ی پشکی هەرێم سەرچاوەی گرتووە".

 

"بەهەموارکردنەوەی یاسای بودجە، هەروەها مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان بخرێتە خەرجی حاکیمە، بۆ دوو ساڵی ئایندە کێشەی مووچە لە هەرێمی کوردستان نامێنێت و هەموو مانگێک مووچە خۆران مووچەکانیان لە کاتی خۆیدا وەردەگرن"، د. نەرمین مەعروف وای وت.

هەفتەی داهاتوو پارەکەی بەغدا دەگاتە هەرێم

ئەگەر لە یاسای بودجەدا کە بۆ ماوەی سێ ساڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بخرێتە سەر خەرجی حاکیمە لەهەرێمی کوردستان کێشەی مووچە نامێنێت و مووچەخۆران لەکاتی خۆیدا مووچەکانیان وەردەگرن، چاوەڕوانیش دەکرێت لەهەفتەی داهاتوودا حکومەتی عیراق 618 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت.

 

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق بڕیاریداوە کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات و بیخاتە سەر خەرجی حاکیمە، بەمەش مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مانگانە لە عیراقەوە بێ دواکەوتن مووچەکانیان بۆ دابین دەکرێت".

 

"بەپێی یاسای بودجە کە بۆ سێ ساڵە و لە ئێستادا ساڵێکی رۆشتوەو دوو ساڵی ماوە، ئەگەر هەردوو حکومەت لەسەر هەمواری یاساکە رێککەوتبن بێگومان بۆ دوو ساڵی ئایندە موچەخۆرانی هەرێم کێشەی مووچەیان نامێنێت" جەمال کۆچەر وای وت، لەبارەی ناردنی ئەو بڕە پارەیەی کە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقیش بڕیاری لێداوە بۆ هەرێمی بنێرێت ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: "ئەو 618 ملیار دینارەی بڕیارە تا هەموارکردنەوەی یاسای بودجە بۆ هەرێم بنێردرێت چاوەڕوان دەکرێت بۆ ئەم مانگە لە 20 هەتا 25ی مانگی ١، پارەکە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێردرێت".

 

پابەندبوونی هەردوو حکومەت کێشەی مووچە لە هەرێم ناهێڵێت

ئەنجومەنی نوێنەران چاوەڕوانی هەمواری یاسای بودجەیە و ئەندامێکی لیژنەی دارایش دەڵێت: "رێککەوتنی هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێم لەسەر یاسای بودجە زامنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکات.

 

یوسف کلابی ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "پابەندبونی هەردوو حکومەت بەو رێککەوتنەی کە لەنێوانیاندا هەیە خاڵی سەرەکی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و بودجەی هەرێمە و پشتیوانی لە مووچەخۆرانی هەرێم دەکەین، کە مانگانە لەکاتی خۆیدا مووچەکانیان وەربگرن".

 

"تا ئێستا رەشنوسی هەموارکراوی یاسای بودجەی گشتی عیراق نەگەیشتوەتە ئەنجومەنی نوێنەران و هەر کاتێکیش پرۆژەکە گەیشتە پەرلەمان پێویستە خوێندنەوەی وردی بۆ بکرێت، کە هەردوو حکومەت پابەند بکات بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانیان، بێگومان لە بەرژەوەندی هەموو گەلی عیراق بێت"، یوسف کلابی وای وت.

بەپێی زانیارییەکانی PUKMEDIA حکومەتی هەرێم مانگانە بۆ دابەشکردنی مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی کە زیاتر لە ملیۆنێک و 150 هەزار مووچەخۆرن، پێویستی بە 914 ملیار دینار هەیە، واتا لەگەڵ ئەو 615 ملیار دینارەی کە حکومەتی عیراق بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت، حکومەتی هەرێم نزیکەی 300 ملیار دینار کورتهێنانی بۆ مووچە هەیە و پێویستە لە داهاتی ناوخۆ پڕیبکاتەوە.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوودا حکومەتی عیراق  بۆ هەر مانگێک بڕی 700 ملیار ديناری بەشێوەی قەرز بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام حکومەتی هەرێم تا هەموارکردنەوەی یاسای بودجە داوای بەردەوامی و زیادکردنی ئەو قەرزەی لە حکومەتی عیراق کردووە، بەڵام پێچەوانەی داواکەی حکومەتی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە کۆبوونەوەی رۆژی 14-1-2024، بڕیاریدا هەتا هەمواری یاسای بودجە دەکرێتەوە، حکومەتی عیراق مانگانە بڕی 618 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەر لە کۆبونەوەکەدا دەنگی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە داو چاوەڕواندەکرێت لەماوەیەکی نزیکدا یاسا هەموارکراوەکەی بودجە بنێردرێتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

 

PUKMEDIA





ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket