riklam

د. یوسف گۆران: هەڵبژاردن قورسایی كورد لە كەركوك دیاریدەكات

کوردستان 08:38 PM - 2023-12-11
د. یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی PUKMEDIA

د. یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵبژاردن كەركوك

د. یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند: "سەركەوتنی زۆرترین كاندیدی كورد بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پارسەنگی هێز دەگۆڕێت و قورسایی كورد و پێكهاتەكانی دیكە لە كەركوك دیاریدەكات".

د. یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی كەركوك رایگەیاند: "ساڵی 2005 كە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە عیراق بەڕێوەچوو هەڵبژاردن لە كەركوكیش ئەنجامدرا، هەرچەندە دەبوو بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140، ساڵانی دوایش هەڵبژاردن لە شارەكە ئەنجامبدرێت، بەڵام بۆ ئەوەی ناسنامەی شارەكە دیارینەكرێت ماوەی 17 ساڵە لەو شارە هەڵبژاردن نەكراوە، ئەمە جگە لەوەی سەرژمێریش نەكراوە تاوەكو قورسایی كورد و پێكهاتەكانی دیكە لە پارێزگای كەركوك نەزانرێت و دەسەڵاتی شارەكە بەپێی ئەو قورساییە دابەشنەكرێت، بۆیە پێمان وایە هەڵبژاردن جۆرێكە لە سەرژمێری و گرنگە بەلامانەوە".

سەركەوتنی زۆرترین كاندیدی كورد بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پارسەنگی هێز دەگۆڕێت

وتیشی: "ئەو دەسەڵاتەی لە كەركوك هەیە سەپێندراوە، چونكە بە یاسایی دانەنراوە، بۆیە بە بەشداریكردنی كورد لە هەڵبژاردن و سەرخستنی زۆرترین كاندیدی كورد بۆ ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، دەتوانین پارسەنگی هێز لە پارێزگاكە بگۆڕین و دەسەڵاتێكی یاسایی لەكەركوك دروستبكەین و ئەو نا یەكسانییە یەكسان بكەینەوە، مافی كورد بۆ كوردەكان بگەڕێنینەوە، چونكە پێشتر لەپێناو پێكەوەژیان لە كەركوك سازشمان لەسەر هەندێك لە ماف و پۆستەكانمان بۆ پێكهاتەكان كردووە، بەجۆرێك لەدوای ساڵی 2017 ەوە، 200 بۆ 300 پۆست لە كورد سەندراونەتەوە و دراون بە پێكهاتەكان، هاوكات ئەو دەسەڵاتانەی دراون بە ئەنجومەنی پارێزگاكان زۆر فراوان، بۆیە ئەگەر زامنی زۆرترین دەنگی كورد بكەین دەتوانین رێگری لە هەموو ئەو رێنمایی و بڕیارانە بكەین كە لە دژی كورد لە كەركوك دەردەكرێن".

راشیگەیاند: "دەنگدان جگە لەوەی مافە ئەركیشە، چونكە وەك سەرۆك مام جەلال دەیوت: "ئەم ناوچانە لەرووی مێژووییەوە لە باوك و باپیرانمانەوە بۆما ماوەتەوە و دەیان و سەدان ساڵ كورد لەپێناو نەگۆڕینی پێكهاتەكوەیدا خەباتی كردووە"، بۆیە دوای تەعریب و جینۆساید و ئەنفال، جێی خۆیەتی بەشداری هەڵبژاردن بكەین و تەئكید لە كوردستانیبوونی ناوچە جێناكۆكەكان و كەركوك بكەینەوە"



سەرۆك مام جەلال نموونەی پێكەوە ژیانی لە كەركوك نیشاندەدا

 

لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی و ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان راشیگەیاند: "ئەوكاتەی بەشی زۆری دەسەڵاتی كەركوك-مان لە كەركوك لە لابوو هەوڵماندەدا یەكسانی بەدی بهێنین و هەندێك جار سازشمان لەسەر مافەكانمان دەكرد، كاتێك سەرۆك مام جەلال دەیوت نموونەی بڕۆكسل لە كەركوك جێبەجێ دەكەین دەیزانی دەبێت كورد سازش لە مافەكانی بكات و بەئەندازەی نەتەوەكانی دیكە مافی هەبێت لە كاتێكدا قورسایی و پێكهاتەی كورد لە پێكهاتەكانی دیكە زیاتر بوو، بەڵام دەیویست نموونەیەك لە پێكەوە ژیان لە پارێزگاكە نیشانبدرێت، بۆیە دەبێت كورد بە گڕوتینەوە بەشداری هەڵبژاردن بكات و دواتر لە ئەنجومەنی پارێزگاوە شێوازی دابەشكردنی دەسەڵات دیاریبكات".

 

 

دەسەڵاتی خۆسەپێنی كەركوك كۆتایی دێت

 

 

وتیشی: "لەدوای هەڵبژاردن ئەو دەسەڵاتە خۆسەپێنەی كەركوك ناهێڵدرێت، چونكە هەڵبژاردن پڕۆسەیەكی دیموكراسییە و لەسەر بنەمای ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنەش، دەسەڵات و پۆستی پارێزگار دیایدەكەین و دەسەڵاتێك دەهێنینە كایەوە كە رەنگدانەوەی ویستی خەڵك و پێكهاتەكانی كەركوك بێت".

 

دوای ریفراندۆم یەكێتی سەلماندی لەڕووی دیموكراسییەوە لە كەركوك ئامادەیی هەیە

 

 

د. یوسف گۆران وتیشی: "دوای لێكەوتەكانی ریفراندۆم سەلماندمان كە كەركوك مۆركێكی كوردستانی هەیە و لە هەڵبژاردندا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نیوەی دەنگەكانی پارێزگاكەی بەدەستهێنا و سەلماندی كە لەڕووی دیموكراسییەوە لە كەركوك ئامادەیی هەیە، لە كاتێكدا لە ناوچە جێناكۆكەكان پرسی دیموكراسی پەیوەستە بە پرسی دیمۆگرافییەوە، بۆیە ئەگە لەڕووی دیموكراسییەوە سەرنەكەوین ئەوا لەڕووی دیمۆگرافییەوە ئەو ناوچانە دەدۆڕێنین، بۆیە داوا لە دەنگدەرانی ئەو سنوورانە دەیكەین دەنگ بە كورد و لە ناویشیاندا بە یەكێتی بدەن، چونكە وەك بەهێزترین دەنگە كە دەتوانێت بەرگری لە مانەوە و مافی كورد لە كەركوك بكات".

 

 

دەنگدان بە یەكێتی كوردستانیبوونی كەركوك دەپارێزێت

 

 

 

راشیگەیاند: "ئەگەر لەڕووی نەتەوەییەوە لە خەمی نەفەوتانی دەنگی كورد و سەلماندنی ناسنامەی كوردستانی بوونی كەركوكدابین ئەوا دەبێت دەنگەكانمان بۆ ئەو لایەنە بێت كە دەنگەكان دەكاتە كورسی، بۆیە بە دەنگدان بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كوردستانیبوونی كەركوك دەپارێزین".

 

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتیشی: "مامۆستایانی زانكۆ بە سەركردەی فكر ناسراون و رۆڵی سەرەكیان لە ئاڕاستەكردنی بیرو بۆچوونەكانی خەڵك بەتایبەت بۆ پرسە نیشتمانییەكان هەیە،  بۆیە لە بازنەی زانكۆ و پەیمانگەكان هانی مامۆستایانی زانكۆ دەدەین هانی خوێندكاران و خەڵك بدەن بۆ بەشداریكردن لە دەنگدان، چونكە یەك كورسی لە ئەنجومەنی پارێزگاكان رۆڵی دەبێت لە پارسەنگی هێز لە ناوچەكە".

 

 

یەكێتی بڕوای بە پێكەوەژیان هەیە

 

 

وتیشی: "شەڕكردن لەسەر دەسەڵات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بەدەستهێنانی كورسی ئاساییە، بەڵام لە ناوچە جێناكۆكەكان ئاسایی نییە بەڵكو دەبێت شەڕ لەگەڵ ئەو لایەنە شۆڤێنیانە بكرێت كە دژی كورد و مافەكانێتی، چونكە تەعریبكردنی كەركوك لە بیستەكانی سەدەی رابردووەوە هەوڵی بۆ دەدرێت، بۆیەی دەبێت ئێستا لەڕێگەی دەنگدانەوە بەرپەرچی هەموو ئەو هەوڵە شۆڤێنیانە بدەین، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزێكی رەگەز پەرست نییە و بڕوای بە پێكەوەژیان هەیە و مافی پێكهاتەكانی دیكەی كەركوك پێشێل ناكات، بێگومان ئەگەر زۆرترین دەنگ لە پارێزگاكە بەدەستهێنێت، خزمەتی هەموو پێكهاتەكان دەكات".

 

پۆلیس دەكرێتە بەرپرسیار لە پاراستنی ئاسایشی كەركوك


د. یوسف گۆران ئەوەشی راگەیاند: "لیستی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك یەكێكە لە باشترین لیستەكان، چونكە كاندیدی جۆراوجۆری تێدایە و دەنگدەر دەتوانێت گەر دەنگ بە كاندیدەكان نەدات ئەوا دەنگ بە لیستەكە بدات، هاوكات ئەگەر زۆرینەی دەنگەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەدەستبهێنین بەگوێرەی یاسا و دەسەڵاتەكانمان، هێزە مەدەنییەكانی وەك پۆلیس دەكەینە بەرپرسیار لە پاراستنی ئاسایشی پارێزگاكە".

راشیگەیاند: " گەنج واتا ئایندە، بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  بۆ پاراستنی ئایندەی گرنگی زۆر بە گەنجان دەدات، لە لیستەكەشیدا زۆرترین گەنجی كاندید كردووە،  هەربۆیە سەرۆك  مام جەلال و سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سیاسەتی تایبەت بایەخیان بە گەنجان داوە، بۆیە ئەمە رەوتێكی مێژووییە و دەبێت لەڕێی دەسەڵاتەوە حزمەتی گەنجان بكەین".


PUKMEDIAٍٍ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket