riklam

پەیامەکان بۆ رۆژی شەهیدی یەکێتی

کوردستان 11:26 AM - 2023-11-21
لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  PUKMEDIA

لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

شەهیدانی یەكێتی

لەماوەی ٤٨ ساڵی دامەزراندنیدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان روبارێک خوێنی بۆ ئازادی کوردستان رشتووە، کە ئەگەر ژمارەی شەهیدەکانی یەکێتی دابەشی رۆژەکانی تەمەنی بکەیت، هەموو رۆژێک نزیکەی ٧٠شەهیدی بەخشیوە.

لەتەمەنیدا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٦ هەزار و ١٤٤ شەهیدی هەیە، کە بەشێکی زۆر لەشەهیدەکانی سەرکردەو فەرماندەکانی بوون، ئەمەش ئەو خاڵەیە کە یەکێتی لە حزبەکانی دیکە جیادەکاتەوە، رۆژی ٢١-١١ کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی شەهیدبوونی (خاڵە شیھاب، جەعفەر و ئەنوەر) بەرۆژی شەهیدی یەکێتی دەستنیشانکراوە و هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا ئەو یادە حزبییە کە لەناو خەڵکیشدا وەک یادێکی نیشتمانی لێی دەڕوانرێت بەرزڕادەگیرێت، ئەمڕۆش هاوکات لەگەڵ یادەکەدا لەمەکتەب و مەڵبەند و ئۆرگانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەرجەم شاروشارۆچکەکانی هەرێم و عیراق بەشکۆوە رۆژی شەهیدی یەکێتی بەرز راگیرا، لەوچوارچێوەیەشدا ژمارەیەک پەیام و راگەیەنراو بۆ یادی شەهیدی یەکێتی بۆ PUKMEDIA نێردراون کە ئەمە دەقەکانیانە:

 

سەرۆک بافڵ: کەسوکاری شەهیدانمان خاوەنی راستەقینەی یەکێتین

 

‌‎ئەمڕۆ بە خۆشەویستی و وەفاداریی هەمیشەییمانەوە یادی شەهیدانی یەكێتی دەكەینەوە و دروود و سڵاو بۆ دڵسۆزی و خۆڕاگری كەسوكارە سەربەرزەكانیان دەنێرین.

‌‎یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە سیمبولی خەبات و تێكۆشان بووە لەپێناو كوردستان و هەرواش دەمێنێتەوە، مێژووەكەمان هێندە زێڕین و درەوشاوەیە، كە هەموو رۆژەكانی ساڵ رۆژی تێكۆشان، فیداكاری و شەهیدبەخشینە لەپێناو خاكەكەمان و هەڵدانەوەی هەر لاپەڕەیەكی رابردوو،
‌‎سەروەرییەكی حزبی شەهیدانی تێدا تۆماركراوە.

‌‎ئێمە خوێنی شەهیدانمان لەیادنەكردووە و لەگەڵ هەر ناوهێنانێكییاندا دەست لەسەر دڵ دادەنێین، بەئەمەكی و خۆڕاگریی كەسوكاری شەهیدانمان لەبیرنەكردووە و خۆمان بە قەرزاری هەموو ئەو رۆژانە دەزانین كە سەرباری رژانی خوێنی رۆڵەكانیان، یەكێتییان لە دڵیاندا هەڵگرت، ئەوان خاوەنی راستەقینەی یەكێتین و ئێمەش خزمەتكاریان.

‌‎سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدان و سەرفرازی بۆ كەسوكارە سەربەرزەكەیان

‌‎بافڵ جەلال تاڵەبانی 
‌‎سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

خاتوو گەلاوێژ: مێژووی یەکێتی بە خوێن نووسراوە

 

بەرز و پیرۆز بێت ڕۆژی شەهیدانی یەكێتی 

ئەمڕۆ ڕۆژی شەهیدانی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستانە، ئەو ڕۆژەیە كە سەرمەشقی كاروانی شەهیدانی یەكێتی "شیهاب و جەعفەر و ئەنوەر" دروشمی "كەم ژیان و كەڵ ژیان"یان  لە شاری بەغدا و بە پێدەشتەكاندا گەیاند و لە دۆڵ و چیا سەركەشەكانی كوردستاندا دەنگیدایەوە و بووە وێردی سەرزمانی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان.

لەمڕۆژە مێژوویی و پیرۆزەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ هەموو شەهیدانی كوردستان و شەهیدەكانی یەكێتی دادەنەوێنم و دەستی ڕێز و گەورەییان بۆ بەسنگەوە دەگرم.

مێژووی یەكێتی، مێژوویەكی بەخوێن نووسراوە و لەم پێناوەیشدا زیاتر لە 26 هەزار ڕۆڵەی ئەم گەلەی كردووەتە قوربانیی ڕێبازی سوور و سەوزی خۆی كە ژمارەیەكی بەرچاویان سەركردە و فەرماندە تێكۆشەرەكانی بوون و ئەوانیتریشیان كە بەرزترین پلەی شەهادەتیان وەرگرتووە ڕۆڵە بەئەمەك و گیانبازەكانی ئەم گەلە ستەمدیدەیە بوون.

ئەوەی ئەمڕۆ هاتووەتەدی و ئەوەی سبەینێیش و ئەوەی لەئاییندەیەكی دوورتریشدا دێتەدی، بەرهەمی خوێنی گەشی ئەو پێشمەرگانەیە كە لەسەنگەری خەبات و بەرگریی لە مافەكانی  كورد و كوردستان و كوردایەتی و كوردەواریدا سنگی مەردانەیان كردە قەڵغانی پاراستنی نەتەوە و نیشتیمانەكەیان، بۆیە حاجی تۆفیق وتەنی "نامردن ئەوانەی لەدڵی میلـلەتدا دەژین".

هەر لەمڕۆژەیشدا سڵاوی پڕ لە شانازیی بۆ كەسوكاری سەربەری شەهیدان دەنێرم، ئەوانەی ئازیزترین كەسەكانی خۆیان پێشكەش بە كورد و كوردستان كرد.

گەلاوێژ

 

قوباد تاڵەبانی: رۆژی شەهیدی یەکێتی رۆژی نوێبوونەوەی پەیمانە

 

هەر شاخ و گرد و پێدەشتێکی ئەم کوردستانە، هەر گوند و گەڕەک و کۆڵانێکی ئەم وڵاتە بە خوێنی پیرۆزی شەهیدێکمان نەخشێندراوە.
ژمارەی شەهیدەکان پێمان دەڵێت یەکێتی حزبی شەهیدانە و موڵکی هەموو خەڵکی کوردستانە.
رۆژی شەهیدی یەکێتی، رۆژی نوێکردنەوەی پەیمانە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
نەمریی بۆ شەهیدان و سەربەرزی بۆ خانەوادە و کەسوکاریان.

 

 

رەفعەت عەبدولڵا: دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ بەرهەمی خوێنی شەهیدانمانە

 

هەموو ساڵێک و لەم رۆژەدا یەکێتییەکان یادی شەهیدان و داستانە مەزنەکانیان دەکەنەوە.

لەڕۆژی شەهیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا سەری رێزو نەوازش لە ئاست گڵکۆی پیرۆزیان دادەنەوێنین و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دڵنیا دەکەینەوە ئەو سەنگەرو دەسکەوتانە بپارێزین، کە شەهیدان بە خوێنی رژاویان بۆ ئێمەیان بە دیهێناوە.

دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ بەرهەمی خوێنی شەهیدانمانە و یەکێتیش بە ژمارەی شەهیدەکانییەوە دیارە، بۆیە نازناوی حزبی شەهیدانی پێدراوە.

لەم رۆژەدا سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان.

رەفعەت عەبدوڵا حەمەڕەش

 

پەیامی هەڤاڵ ئاسۆ مامەند بۆ ڕۆژی شەهیدی یەکێتیی 

ڕۆژی شەھیدی یەکێتیی، تۆمارێکی دیکەی پڕ لە شانازی و قوربانیدانیدانە بۆ بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسین و رەتکردنەوەی ستەمی دەسەڵاتە خۆسەپێن و شۆڤێنییەکەی حزبی بەعس دژ بە میللەتەکەمان، بە ڕێبەرایەتیی حزبی شەھیدان.

٢١-١١ رۆژی (کەم ژیان و کەڵ ژیانە) کە ئەوێ رۆژێ سەرکردەکانی یەکێتیی (خاڵە شیھاب، جەعفەر، و ئەنوەر) لە زیندانەکانی بەعسەوە بە دەنگێکی بڵند زەنگی کۆتایی هێنانی دەسەڵاتە فاشی و سەرکوتکارەکەی بەعسیان لێدا. 

 لێرەوە جارێکی دیکە فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکانی سەنگەری کوردایەتیی لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان، تێکۆشەرانیی زیندان، و ڕێکخستنە نھێنییەکان، و شەھیدانی ئەنفال و کیمیاباران و جینۆسایدەکان، و شەھیدانی ڕاپەڕین، و بەرەنگاری تیرۆر لەسەر رێبازی نەپساوەی شەهیدانی (کەم ژیان و کەڵ ژیان) بەخوێنی گەشی خۆیان مێژووی خۆڕاگری و بەرەنگاریان دژ بە ستەم و نادادیی نووسییەوە، و بوونە سەر مەشقی ئەم داستانە دوور و درێژ و نەپساوەیەی یەکێتیی..!

شەھیدان روناکی رێگەمانن و سەرچاوەی ھێز و وورە و باوەڕمانن، لە ڕۆژمێری پێنج دەیەی خەباتی گەلەکەمان بە رابەرایەتیی یەکێتیی، کەم رۆژ هەیە کە تیایدا یەکێتیی داستانی کەم وێنە و شەھیدی تیا نەدابێت.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبی شەھیدانە، حزبی تیمێکۆشەرانی بیر و بازووە، سەروەری ئەوەی كە یەكێتی حزبی شەهیدان و تێکۆشەرانە، ئۆباڵێكی گەورەی مێژوویی دەخاتە ئەستۆمان لە ئاست نەتەوە و نیشتمان، لە ئاست خوێنی شەهیدان و کەسوکارە سەربەرزەکانیان کە هەمیشە وەفاداری ئەو ئامانج و رێبازە بین كە گیانی پاكی خۆیان لەپێناودا بەختكرد.

-لەم رۆژەدا ڕایدەگەیەنین؛ خەبات و قوربانیدان بەردەوامیان دەبێ تا بەدیهێنانی یەکجارەکی ئاوات و خۆزگەی شەهیدان..!

-ناسرەوین تا سەردەکەوین..!

-سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی شۆڕشی نوێ، و سەرجەم شەھیدانی کوردستان..!
                 
ئاسۆ مامەند
سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

مەکتەبی شەھیدان و تێکۆشەران:شەھیدان سەرچاوەی ھێزو باوەڕمانن

 

ڕۆژی شەھیدی یەکێتیی، ڕۆژێکی پڕشنگدارە لەمێژووی کۆڵنەدان و قوربانیدانی گەلەکەمان بۆ ئازادی و بەدیھێنانی مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، بە ڕێبەرایەتی حزبی شەھیدان. 

دەستپێکی قۆناغێكی نوێی دوای بێ ھیوایی بوو بۆ سەنگەر چۆڵ نەکردن تا بەدیھێنانی ئازادی کوردستان.

١١/٢١ رۆژی دروشمە باڵاکەی (کەم بژی و کەڵ بژی)یە کە سەردەقشکێنانی شەھادەت؛ خاڵە شیھاب، جەعفەر و ئەنوەر، مۆری یەکێتییانەیان لێدا و لەم کاروانە دوور و درێژەدا سەرکردە، فەرماندە، پێشمەرگە قارەمانەکانی سەنگەری نەبەردی لە شاخە سەرکەشەکان، تێکۆشەرانی زیندان و ڕێکخستنە نھێنییەکانی شۆڕشی نوێ و شەھیدانی ئەنفال و کیمیاباران و جینۆسایدەکان و شەھیدانی ڕاپەڕین و ڕزگاری و بەرەنگاری تیرۆر و تۆقاندن و ستەمی ھەموو جۆرەی دوژمنان گیانبازییان نواندووە و بەخوێن بوونەتە شەھید و شایەتی ئەم داستانە دوور و درێژەن.

شەھیدان سەرچاوەی ھێزو باوەڕمانن

لە رۆژی ھەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی نوێوە، لەو رۆژەوە لە شار و دێ ، رۆژ و ھەفتەو مانگ و ساڵ نییە لە ڕۆژمێری ژیانی نزیکەی پێنج دەیەی خەباتی گەلەکەمان، یەکێتیی شەھیدی تیا نەدابێ و خەڵاتی ئازادی ئاوێتەی گوڵاڵە سوورەی قوربانیدان نەکردبێ. بۆیە شەھیدان روناکی رێگامانن.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبی شەھیدانە، شەھیدپەروەرە ، ژیاندۆست و ئایندەخوازە، لێ کە کوردایەتی و ڕزگاری و دیموکراتی خوێنی بوێ قەت درێغی ناکات، ئەگەرچی بژاردەی یەکەمی تێکۆشانی بێوچانی ھەمەلایەنەی سیاسیی و مەدەنی و دیموکراتییە، بەڵام بۆ رزگاری کوردستان ھیچی لێ چاو نییە.

سەروەری ئەوەی كە یەكێتی حزبی شەهیدانی كوردستانە، ئۆباڵێكی گەورە دەخاتە ئەستۆمان، ئۆباڵێك كە هەمیشە وەفاداری خوێنی شەهیدان بین، وەفاداری ئەو ئامانج و ئاواتانە بین كە ئەوان گیانی پاكیان لەپێناودا بەختكردووە.

لەم رۆژە پڕ شکۆو شانازیەدا ڕایدەگەیەنین خەبات بەردەوامی ھەیە و وەکو مەکتەبی شەھیدانیش داکۆکیکاری بەردەوام دەبین لەمافی کەسوکار و نەوەی شەھیدان و قوربانیانی جینۆساید، ھەروەها جەخت دەکەینەوە لەسەر جێبەجێکردنی یاسای سندوقی پشتگیری و ھاوکاری خانەوادەی شەھیدان و ئەنفالکراون و قوربانیانی جینۆساید ژمارە ( ٣٧) ی ساڵی ٢٠٠٧.

بانگەواز دەکەین ئەم یادە ببێتە مایەی بەخۆداچوونەوەی تەواو لە ھەموو ئاستەکان بۆ پارێزگاری لەبەرھەمی خوێنی شەھیدان و ڕەواندنەوەی نیگەرانی خەڵکی کوردستان کە سەرچاوەی قوربانیدان و تێکۆشانن.

نەوەو کەسوکاری شەھیدان ئامانەتی شەھیدانن و ئەوپەڕی توانامان دەخەینە گەڕ بۆ پارێزگاری لەناو و ناوبانگ و خوێنی شەھیدەکان بە درێژە پێدان بە رێبازە پیرۆزەکەیان.

سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی یەکێتیی و شۆڕشی نوێ و تێکڕای شەھیدانی کورد و کوردستان.
                 
مەکتەبی شەھیدان و تێکۆشەرانی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢٠٢٣/١١/٢١

 

رۆژی شەهیدی یەکێتی ، رۆژی کەم ژیان و کەڵ ژیان

تۆماری خەباتی چل و هەشت ساڵەی یەکێتیی و شۆرشی نوێی گەلەکەمان، لەیەکەم شەهیدەوە تا دواشەهید تۆمارێکی پڕ لە شانازی بێ بڕانەوەی یەکێتیە کە نەخشەی سەرتاسەری نیشتمانی گرتۆتەوە.

 کەس وکار و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان

 لەم رۆژەدا بۆ یادی ئەو هاوخەبات و هاوسەنگەرانەمان کە لە زیندانەکانی رژێمی بەعسدا بە سەربەرزیی و بەدەم دروشم و سرودەوە چونە بەر پەتی سێدارە، یان لەسەنگەرەکانی  بەرگریدا بەوپەڕی جوامێرییەوە سنگیان دایە بەر گولەی  دوژمن و گیانیان بەخشی بە وڵات و گەلەکەیان، سەری سوپاسگوزاری و ڕێزگرتن دادەنوێنین .

لە مێژووی پڕ خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هەموو رۆژەکانی ئەم تۆمارە سەربەرزە پڕیەتی لە بیرەوەری شەهید،لە بەخشین و گیانبازیی ڕۆڵە و کەسو کارو  هاوخەبات و هاوسەنگەرانمان ،بەڵام کە رۆژێکی وەک  21 ی تشرینی دووەممان دیاری کردوە بە ترۆپکی شەهادەت یادی لە سێدارەدانی  خاڵە شیهاب و هاوڕێکانێتی، ئەوان لەسەرەتای دامەزراندنەوە وەک پۆلێکی سەرمەشق گیانیان بەخت کردو دروشمی( کەم بژی و کەڵ بژی) یان داهێنا، ئیتر  لەو رۆژەوە لەسەنگەری بەرگری لە ناوچە رزگارکراوەکان، لە داستان ونەبەردییەکان، لە زیندانەکان، لە چالاکی  و خۆپیشاندانەکانی ناوشارەکان  لە ڕاپەڕین و پرۆسەی ئازادی عیراق و لەڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریستان، سەدان وهەزاران ڕۆڵەی ئەم گەلە  چونەتە نێو کەژاوەی شەهادەتەوە

 کەسو کاری  سەربەرزی  شەهیدان 

ئەم یادە پڕ لە شکۆیە دەرفەتێکە بۆ جۆشدانەوەی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان و یەکێتیەکەمان، لەپێناوی ماف و دادپەروەری و دیموکراسی و نەهێشتنی سیاسەتی  جیاوازی کردن لە خزمەت بە ناوچەکانی کوردستان، بۆ ئەوانە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  ئەو خەباتەی شەهیدەکانمان جۆشدەداتەوە کە لە پێناویاندا گیانی خۆیان بەخشی . 

 هەر لەم یادەدا لە پای سەنگی یەکێتی بە شانازیکردن، بە شەهیدەکانیەوە، بۆ هەمیشە بەلێنی بەردەوامیدان بەو کاروانە پڕ لە قوربانیدانە دووپات دەکاتەوە.
بە سەنگی شەهیدانمان سەربەرزین و هەر بەو سەنگەشەوە پێداگری لەسەر سیاسەتی ڕاست و ڕەوامان دەکەین.

مەكتەبی ڕێكخراوە دیموكراتییەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

 

ئاراس محەمەد ئاغا: لەساڵ رۆژی شەھیدی یەکێتی بەلێنی وەفا و خزمەت دوپاتدەکەینەوە

لەساڵ رۆژی شەھیدی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ھەڤاڵ ئاراس محەمەد ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی پەیامێك بەم بۆنەوە بەلاو دەکاتەوە و تیدا ھاتووە.

یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە مێژووی پرسەروەری خۆیدا ،خاوەنی زۆرترین شانازی و سەروەریە ، ھەر لە دەستپێکی دامەزراندنی یەکێتی شەھیدی داوە بۆ ئازادی و دیموکراتی کوردستان ، بۆیەش لە (٤٨ )سالی رابردوودا روبارێك خوێنی بەخشیوە و بە دەھان سەرکردە و ھەزاران فەرماندە و کادر و پێشمەرگە و رێکخستنی کردۆتە قوربانی ، ھەر لەبەر ئەمەشە لەناو بزاڤی رزگاریخوازی کوردیدا بە حزبی شەھیدان ناسراوە .

لەم رۆژەدا ئێمە بەلێن بەمامی گەورە سەرۆك مام جەلال و ھەموو شەھیدانی یەکێتی دەدەین ، خزمەتکردنی بنەمالەی شەھیدان بە ئەرکی گرنگی خۆمان ئەزانین پێکەوە کار دەکەین بۆ بەھێزکردنی یەکێتی و خزمەتی زیاتری شەھیدان بەبێ جیاوازی و وەفادار بین .

سەری رێز بۆ شەھیدانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ھەموو شەھیدانی کوردستان دادەنوینین ، بەرزو پرسەروەری بێت رۆژی شەھیدی  یەکێتی .

 

وەهاب هەڵەبجەیی: هەر سەرکەوتنێکمان بە خوێنی هەزاران شەهید نوسراوەتەوە

 

قوربانیدان، گیانفیدایی، کەوتنە پێش مەرگ، ئەو بنەمایانە بوون کە یەکێتی شۆڕشی نوێی پێ بەرپاکرد و جارێکی دیکە ئومێدی بەخشییەوە گەلی کورد.

ئەمڕۆ یادی ئەو جوامێرانەیە کە گیانی خۆیان پێشکەش بە گەل و کوردستان کرد، هەر لە بەرخودانی ناو کونجی تاریکی زیندانەکان، تا شۆڕش و خەبات لە بست بە بستی چیا و دۆڵ و دەشتی کوردستان، تا ڕاپەڕین و ڕزگاری باشووری کوردستان و پاشانیش بۆ بەرگریکردن لەو خاکە لە مەرامی گڵاوی نەیاران و دوژمنان.

سەرکەوتن لە هەریەک لەو قۆناغانە، بە خوێنی هەزاران شەهید نوسراوەتەوە، لەم نێوانەشدا یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان پشکی شێری هەیە لە قوربانیدان،  زیاتر لە 20 هەزار شەهید، شاهیدی بۆ 48 ساڵ خەبات و تێکۆشانی یەکێتی دەدەن.

شەهیدەکانی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، هەر لە (شەهید شیهاب، شەهید ئەنوەر، شەهید جەعفەر) کە لە زیندانەکانی بەعسەوە چوونە بەر پەتی سێدارە، تا دەگاتە (شەهید ئیڤان، شەهید هیوا، شەهید ڕابەر)، دروشمی کەم ژیان و کەڵ ژیانیان هەڵبژاردبوو، ئەمەیە کە وایکردووە گەل ناسنامەی حزبی شەهیدان بە یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان ببەخشێت، کە ئەمە بەرزترە لە هەرشتێکی دیکە.

دروود بۆ ڕۆحی پاکی تەواوی شەهیدانی کوردستان و شەهیدانی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان بە تایبەت، بەڵێنبێت وەفاداربین و خەبات و تێکۆشانیان بکەینە ڕێبازی ژیانمان.

براتان
وەهاب هەڵەبجەیی

 

کۆماندۆی کوردستان: بەڵێن دووپاتدەکەینەوە درێژپێده‌ری ڕێبازی "حزبی شەهیدان" بین



رۆژی21ی تشرینی دووەم "ڕۆژی شەهیدانی یەکێتی" یادێکی مەزن و پڕ شکۆیە لە مێژووی پڕ شانازی و سەروەریی و خەباتی بەردەوامی (حزبی شەهیدان) یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

فەرماندەیی "کۆماندۆ"ی کوردستان بەشکۆوە ئەو یادە بەرز ڕادەگرێت و دەست لە سەر سنگ و بەڕێزەوە سەرمان بۆ خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دادەنەوێنین.

لە "رۆژی شەهیدانی یەکێتی" دا بەڵێن دووپات دەکەینەوە، کە درێژەدان بە ڕێبازی "حزبی شەهیدان" کە خاوەنی زیاتر لە 26 هەزار شەهیدە، بە شانازیەوە ئەرکە لە سەرمان و وەفایەکە بەردەوام دەبین لەسەری.


ڕاگەیاندنی فەرماندەیی کۆماندۆی کوردستان


PUKMEDIA 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket