riklam

ئاسۆ مامەند: شانازییە میللەتەکەی خۆمان لە کەرکوک جێنەهێشت

کوردستان 05:38 PM - 2023-11-18
کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدەکانی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە PIKMEDIA

کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدەکانی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە

هەڵبژاردن یەکێتی کەرکوک

ئاسۆ مامەند سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە لە کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدەکانی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە ژمارە ١٤٢ لە وتارێکیدا رایگەیاند: ""وەک چۆن لە رابردوودا کەرکوکمان پاراستووە لە ئایندەشدا شاری بابە گوڕگوڕ وەک چاومان دەپارێزین و لەسەر رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال خزمەتی ئەم شارە دەکەین، چونکە یەکێتی بۆ کەرکوک قوربانی زۆری داوەو بەردەوامیشە لە قوربانیدان".

 

دەقی وتەی سەرۆکی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە

 

-جەماوەری ورە بەرز و خۆراگری کەرکوک..!
-کاندیدە خۆشەویستەکانی لیستی (هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە)..!
-میوانانی بەرێز و قەدرگران..!

 

بەخێربێن بۆ ئەم مەراسیمە کوردانەیە، بۆ جاڕدانی رەسمی لیستی (١٤٢)ی هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە..!

 

بەخێربێن بۆ ڕاگەیاندنی بەرنامەی وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی خۆجێی لە شاری پێکەوەژیان، شاری بابەگوڕگوڕ کە سەرۆک مام جەلال ناوی (قودسی کوردستان و چەپکە گوڵەکەی) لێناوە،  ئێمەش لەسەر هەمان ڕێچکە و رێبازی سەرۆک مام جەلال بە قیبلە نمای خۆمانی دەزانین و لە پێناویدا تێدەکۆشین و ئامادەی هەموو قوربانییدانێکین..!

 

خوشک و برایانی بەڕێز..!

 

 

لە رۆژگاری حوکمی دیکتاتۆری بەعسدا کە گەلەکەمانی دەچەوساندەوە، ئەوێ رۆژێ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆڕی خەباتی پێشمەرگایەتیدا خوێن و رەنجی بۆ سەربەرزی ئەم شارەداو لە سەردەمی شەڕی دژبە تیرۆریستانى داعشیشدا دیسانەوە باشترین فەرماندە و ئازاترین ڕۆلەکانی خۆی کردە قوربانی بۆ پاراستنی کورد و هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک بەبێ جیاوازیی، کە خەڵکی بە ویژدانی عیراق لە نەتەوەکانی تریش ئەم ڕاستییە دەزانن و شاهێدی بۆ دەدەن، دەکەن مەگەر کەسانی ویژدان مردوو و لە بەر نییەتی خراپی شۆڤێنی و تایفەگەری حاشا لەم ڕاستییە بکەن کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان چی کردووە بۆ پارێزگاری لە کەرکوک و کوردستان و تێکڕای پێکهاتەکانی ناوچە جێناکۆکەکان.

 

ئەو کاتەی کە کورد و بە تایبەتیش یەکێتیش لەم شارەدا دەسەڵات و بڕیاری ئیدارییان بە دەستەوە بوو چۆن خزمەتی ئەم شارەیان کردووە، ئاوەدانکردنەوەی گوندە وێرانکراوەکان و قەرەبووکردنەوەیان، و جێبەجێکردنی سەدان پڕۆژەی جۆراوجۆر، و هەڵگرتنی ئەو ستەم نادادییەی کە ماوەی سی و پێنج ساڵ بوو رووبەڕووی میللەتەکەمان بوبوەوە.ئەوەی هەمانە لە ئاوەدانی و خزمەت لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق بەرهەمی ڕۆژگارە زێرینەکانی حوکمڕانی یەکێتی و بەرهەمی پێکەوەییە کە بە داخەوە ئەوانەی کە ئەمڕۆ بە وەکالەت و تاکڕەوانە حوکمڕانی ستەمکارانە دەکەن، ئەوانە بە داخەوە لێکەوتەکانی ریفراندۆم و (١٦)ى ئۆکتۆبەریان کردۆتە بیانوی ناڕەوا و جیاوازی رەگەزی و جیاکاری خزمەتگوزاری بڵاودەکەنەوە، بیانوو بە جوتیارانی کورد دەگرن و کێشە بۆ خەڵکی رەسەنی کەرکوک دروست دەکەن. ئەوانە  پێیان وابوو سەبر و دان بەخۆداگرتنی کەرکوکییەکان مانای رازی بوونیانە، ئەوە هەرگیز وا نییە، جام پڕبوو لێی دەڕژێت، رق و توڕەیی خەڵک هیچ هێزێک ناتوانێت بەری پێ بگرێت، چونکە بوورکانێکەو لەناکاو دەتەقێتەوە! هەروا مانەوەمان لەگەڵ میللتەکەى خۆماندا لە دواى رووداوەکانى شازدەى ئۆکتۆبەرو و وەستانمان شان بە شانى کەرکوکییەکان و لە کۆڵنانى خەم و ئازارەکانیان شانازیىەکی دیکەى حزبى شەهیدانن، کەرکوکییەکانیش زۆر بە باشی لەو راستییە تێگەیشتوون کە یەکێتیی و حزبی شیوعی هاوپەیمان چی بڕیارێکی درووست و ژیرانەیانداوە.

 

خوشک و برایان..!

 

 

ئەمرۆ کە جۆش و خرۆشی یەکێتییەکان دەبینن ئیتر یار و نەیار دەزانن سەبری کەرکوکییەکان و یەکێتی سەبرێکی ژیرانە و سیاسیانە بووە بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی خەڵکەکەی خۆمان، سەرەرای توانجی نابەجێ و وروژاندنی کێشە و گرفت و تەنانەت رشتنی خوێنی لاوەکانمان، سەرەڕای هەوڵەکانمان بۆ یەک ریزی و یەک لیستی کە بە داخەوە هەموو لیستەکان بێجگە لە لیستی هاوپەیمانى کەرکوک هێزو ئیرادەمانە کە لە هەردوو حزبى هاوپەیمان: یەکێتىى نیشتمانىى کوردستان و حزبى شیوعى کوردستان پێکهاتووە، ئەوانى تر بە فێرۆدانی دەنگی کوردە لەم قۆناغە هەستیارەى میللەتەکەمان لە کەرکوک.

 

 

ئەمڕۆ کە ئیتر دیموکراسی و هەڵبژاردن قسەی یەکلاکەرەوە و  کۆتایی دەکەن  راستی و دروستی سیاسەتەکانی یەکێتیی و سەبری رەوامان دەردەکەوێت کە کێشەکان لە هەرێمی کوردستان و کەرکوک و لە تێکرای عێراقیش هەر بە ئاشتی و سیاسەت و هەڵبژاردنی دیموکراسیی چارە دەبێت
لەمرۆوە ئیتر ئیرادەیەکی نوێ و ئیدارەیەکی چالاک بە دەنگەکانمان دێنینە کایەوە کە پارێزگارەکەی کورد و یەکێتی بێ و ئەنجومەنەکەشی وەک پەرلەمانێکی لۆکاڵی کارا بە بەشداری هەموو پێکهاتەکان لە خزمەتی ئاوەدانی شارەکەماندا دەبێت، هیوامان وایە ئیدارەیەک  لە خزمەتی دۆزینەوەی هەلی کار بێت بۆ کچان و کوڕانی کەرکوک و خەمی ئاوەدانی و بوژانەوە و پاکڕاگرتنی کەرکوکە جوانەکەمان بخوات.

 

بە نیسبەت خەڵکی بەشەرەفی کەرکوک ئێمە لە ماوەی رابردوو لەگەڵ ئازار و ئاواتەکانیان تێکەڵ بووین و گوێمان لێگرتوون، هەموو هیوا و ئاواتەکانی جەماوەرمان کردۆتە بەرنامەیەکی گەشبینانە و واقیعیانە و بەم لیستە کارایەیەمان سپاردووە تا لە ئەنجومەنی نوێدا بۆتانی بەدیی بێنن و بۆمانی جێبەجێ بکەن. وەک هەمیشە کەرکوک ئەمانەتیی سەرۆک مام جەلالە، لە دوای کۆنگرەی پێنجەمیش سەرۆک بافڵ لەسەر هەمان رێچکە و رێباز بە گڕوتینێکی تر لەسەر کەرکوک و مەسەلە رەواکەی هاتووەتە سەر خەت،

 

و لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخی کەرکوک و تەواوی ناوچە جێناکۆکەکان دەکات.

 

خوشکان و برایان..!

 

 

ئەم کاندیدانە کچان و کوڕانی خۆتانن لە کۆمەڵگای کەرکوک ولە خزمەتی ئێوەدا دەبن ، بۆیە دەنگەکانتان ئەمانەتی ڕۆلەکانی خۆتان بکەن و دوای سەرکەوتنیش چاودێریان بکەن، هاوکاریان بکەن بۆ سەرخستنی بەرنامەی ئاوەدانی کەرکوک ، بەرنامەی ناسنامەی کوردانە  و کوردستانی کەرکوک کە وەک ڕاپرسییەکی نەتەوەیی وایە و دڵنیام تێیدا میلەتەکەمان سەربەرز دەکەین.

 

 

پشت بە خوا  پێکەوە بە دەنگەکانمان ڕۆحی سەرۆک مام جەلال ئاسودە بکەین کە هەمیشە دەیگوت  (لە بیرتان نەچێت منیش کەرکوکیم) دەسا ئێمەش بۆ لەبەر خاتری کەرکوک و کوردستان و لە جیاتی مام جەلالیش دەنگ دەدەین.
 

ئاسۆ مامەند
سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە
١٨-١١-٢٠٢٣

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket