riklam

کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدانی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە دەستیپێکرد

کوردستان 03:06 PM - 2023-11-18
ناساندنی کاندیدانی یەکێتی لە کەرکوک PUKMEDIA

ناساندنی کاندیدانی یەکێتی لە کەرکوک

هەڵبژاردن یەکێتی کەرکوک

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە ١٨-١١-٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و لایەنگرانی یەکێتی، کەرنەڤاڵی ناساندنی کاندیدەکانی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە ژمارە ١٤٢ دەستیپێکرد.

 

سەرەتای کەرنەڤاڵەکە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز لەلایەن د. ئەحمەد کەرکوکی کاندیدی ژمارە ٢ لەلیستی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە دەستیپێکرد، پاشان سرودی نیشتمانی ئەی رەقیب پێشکەش کرا.

 

هەر لە کەرنەڤاڵەکەدا پارچە ڤیدیۆییەکی سەرۆک مام جەلال نمایش کرا، کە وتەکانی تایبەت بوو بە ناسنامەی کوردبونی کەرکوک و داکۆکیکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر کوردستانی بونی کەرکوک، هاوکات کورتە ڤیدۆیەک بە ناونیشانی سەرکەوتنمان بەدەستهێنانەوەی کەرکوکە نمایشکرا.

 

ناساندنی کاندیدانی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە بەشێکی دیکەی کەرنەڤاڵەکە بوو کە تێیدا سەرجەم کاندیدانی هاوپەیمانێتییەکە چوونە سەر ستەیج و خۆیان ناساند.

 

سەرۆک بافڵ: هاوپەیمانی کەرکوک هیز و ئیرادەمانە هاوپەیمانی کەرکوکییە سەربەرزەکانە

 

لە مەراسیمەکەدا پەیامی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن ئاسۆ مامەند سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە خوێندرایەوە کەئەمە دەقەکەیەتی:

ئامادەبووانی بەڕێز
سڵاوی سەرکەوتنی هاوپەیمانیی (کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) لە ئێوەی خۆشەویست دەکەم.
خۆشەویستان

هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە، هاوپەیمانیی رەسەنی شاری کەرکووک و کەرکووکییە سەربەرزەکانە بە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانییەوە. بەرنەماکەشمان لەپێناو قووڵکردنەوەی ئەو تەبایی، پێکەوەژیان و ئاوەدانکردنەوەی شارە خۆشەویستەکەدایە.

 

 

ئێمە هەمیشە باوەڕی تەواومان بە هاوبەشیی و کاری پێکەوەیی هەبووە، ئەقڵییەتی خۆفەرزکردنمان لە بڕیار و بەڕێوەبردندا رەتکردووەتەوە و ویستوومانە هەموومان پێکەوە خزمەتی کەرکووکی قودسی کوردستان بکەین.  ئێستاش هاوپەیمانیی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە، کۆتایی بەو سەردەمە دەهێنێت و چیتر بڕیار بۆ کەرکووکییەکان نادرێت، بەڵکو خۆیان بڕیاردەر دەبن، چارەنووسی خۆیان هەڵدەبژێرن و شەڕ لەپێناو مافەکانیان دەکەن.


ئێمە مێژوویەکی درێژمان لەگەڵ خۆڕاگری و قارەمانێتیی کەرکووکییە سەربەرزەکان هەیە، بۆیە دڵنیام ئێستاش بە هەمان ئیرادە و رۆحییەتەوە، بەرەو سندووقەکانی دەنگدان دەچن و ژمارە ١٤٢ی هاوپەیمانییەکەی خۆتان هەڵدەبژێرن، وە دەیسەلمێنن ئێوەن شەڕە راستەقینەکە بۆ کەرکووک دەکەن و لە قەڵا دێرینەکەی خۆتانەوە مژدەی سەرکەوتن بەگوێی هەموواندا دەدەن.

 

ئێمە کەرکووکمان لە دڵماندا هەڵگرتووە، کەرکووک هێڵە سوورەکەی ژیانی سیاسی و حزبیمانە، وەکچۆن لەرابردوودا خوێنمان بۆ رشت، لە داهاتووشدا هەر خۆمان پارێزەرە دڵسۆز و راستەقینەکەی دەبین. پێکەوە لەگەڵ ئێوەی دڵسۆز رووبەڕووی ئاڵنگارییەکان دەبینەوە و بەرامبەر مەترسییەکان دەوەستینەوە، تەعریب ریشەکێش دەکەین و خەونی بەدینەهاتووی دوژمنانی کەرکووک لەباردەبەین. بۆ ئەمەش پێویستە دەنگ بە هاوپەیمانیی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە بدەن و قەڵغانێکی پتەوبن بۆ پاراستنی ئەو ئاشتی و پێکەوەژیانەی سەرۆک مام جەلال بناغەدانەری بوو و ئێمەش درێژەپێدەری دەبین.

 

بەڵێ بۆ سەرکەوتن و دەنگدان بە هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە
بەڵێ بۆ ئاشتی و ئاوەدانی
سەربەرزی و سەرفرازیش بۆ ئێوەی خۆشەویست

 

ئاسۆ مامەند: لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال خزمەتی کەرکوکییەکان دەکەین

 

هەر لە مەراسیمەکەدا ئاسۆ مامەند وەک سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند: "وەک چۆن لە رابردوودا کەرکوکمان پاراستووە لە ئایندەشدا شاری بابە گوڕگوڕ وەک چاومان دەپارێزین و لەسەر رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال خزمەتی ئەم شارە دەکەین، چونکە یەکێتی بۆ کەرکوک قوربانی زۆری داوەو بەردەوامیشە لە قوربانیدان".

 

 

"مانەوەمان لەگەڵ میلەتەکەمان لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر شانازییەکی دیکەیە کەبە حزبەکەمان ىراوە، بۆ ئەوەی رێگری بکەین لەو بڕیارە نایاساییانەی کەدەیانویست بەسەر شارەکەدا بیسەپێنن، بۆیە لەگەڵ کەرکوکییەکان سەبرێکی دورودرێژمان هەبوو، بۆ ئەوەی پلانی ناحەزان پوچەڵ بکەینەوە:، ئاسۆ مامەند وای وت.

 

 

سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە دەشڵێت: "بە دەنگدانمان بە هاوپەیمانێتییەکەمان دەتوانین لەمڕۆوە ئیرادەیەکی بەهێزتر بهێنینە ئاراوە، کە پارێزگاری شارەکە کورد بێت و یەکێتی بێت، چونکە یەکێتی لە رێگەی ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگاری شارەکەوە دەیەوێت ئەمجارە خزمەت بە خەڵکی خۆشەویستی شاری بابەگوڕگوڕ بکات، ئەمە جگە لەوەی خەمی گەنجانمان لەکۆڵ ناوەو دەمانەوێت خزمەتی زیاتری گەنجان بکەین".

 

 

وتیشی: "رێبازی سەرۆک مام جەلال بۆ کەرکوکییەکان پێکەوە ژیان و تەبایی و ئاشتی بوو، بۆیە بەڵێن دەدەین لەسەر رێبازەکەی بەردەوام بین و هەر کارێکمان پێبکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی شاری کەرکوکی خۆشەویست درێغی نەکەین، ئەمەش تەنها بە حزبی شەهیدان دەکرێت".

 

هاوڕێ ئەبو کاروان: شێوازێکی نوێی حوکمڕانی لە کەرکوک دێنینە ئاراوە



هەر لە مەراسیمەکەدا هاوڕێ ئەبو کاروان بەرنامەی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانەی خوێندەوەو رایگەیاند: "بەشێکی ئەو هێز و لایەنە سیاسیانەی بەجیا بەشدارن ئەو راستییە دەزانن لیستەکانیان هیچ سودێکی بۆ خۆیان و نەتەوەکەیان نابێت، جگە لە سوتاندن و بەفیڕۆدانی دەنگی دەنگدەرانی کوردستانی، بۆیە یەکێتی و حزبی شیوعی بڕیاریاندا پێکەوە بە لیستی هاوبەش و لە چوارچێوەی یەک هاوپەیامانیدا بەشداری بکەن".


 وتیشی: "بەگوێرەی پەیام و بەرنامەی هاوپەیمانی کەرکوک، هێز و ئیرادەمانە، بەرنامەیەکی کارای گشتگیرمان داڕشتووە کە پرۆژەیەکی ستراتیژییە بۆ شێوازێکی نوێی حوکمڕانی لە کەرکوک و چارەسەرکردنی ریشەییانەی کێشەکانی ئەو شارە، کەلە دوای ریفراندۆمەوە بەهۆی بڕیارە نایاسایی و نائیدارەییەکانی ئەو شارەوە بەرۆکی خەڵکەکەی گرتووە".

 

"هاوپەیامنێتییەکەمان کاردەکات بۆ باشترکردنی کەرتەکانی ئەمنی و تەندروستی و پەروەردە و وەرزش و خزمەتکردنی گەنجان، ئەمە جگە لەوەی رێگردەبین لەهەموو ئەو کارە نایاساییەنەی کەلەلایەن ئیدارەی شارەکەوە لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەر بەسەر شارەکەدا سەپینراوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی بەهێزکردنی شار و راگرتنی پاکووخاوێنی دەدەین"، هاورێ ئەبو کاروان وای وت.

 

رێبوار تەها: دەنگتان ئامانەتێکە وەک چاومان دەیپارێزین

 

لەپاشان وتاری رێبوار تەها سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە خوێندرایەوە و ئەوەی خستەروو: "هاوپەیامانێتییەکەمان دەیەوێت بەرگێکی نوێ بەبەری کەرکوکدا بکات، ئەمەش لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکی شارەکە و گۆڕینی ئەو سیستەمە بەڕێوەبردنە خراپەی کەلەئێستادا بەرۆکی شارەکەی گرتوەو خەڵکەکەی باجەکەی دەدەن، هاوکات هەوڵدەدەین هاوسەنگی بۆ کەرکوک بگەڕێنینەوە، چونکە تیمەکەمان سەرجەمیان کەسانی پسپۆڕ و شارەزا و بەتوانان".



"داواتان لێدەکەم دەنگ بە کاندیدەکانمان بدەن، بۆ دەستەبەری ژیانێکی ئارام و پێکەوە ژیان لە کەرکوک، چونکە دەنگتان ئامانەتێکە و وەک بیلبیلەی چاومان دەیپارێزین، لە رۆژی دەنگدان هەموومان پێکەوە بەشدار دەبین و دەنگ بە هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە دەدەین، بۆ ئەوەی رۆحی سەرۆک مام جەلال و شەهیدەکانمان شاد بکەین"، رێبوار تەها وای وت.

 

دەشڵێت: "لە رابردوودا دەرکەوتووە، کێ خزمەتی کەرکوک دەکات و کێ کەرکوکی جێنەهێشتووە، بۆ ئایندەش یەکێتی لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال، خزمەت و ئارامی دەکاتە پێشەینەی کارەکانی و ئاوڕی جدی لە گەنجان دەدەینەوە، چونکە پێمان وایە تەنها بە خزمەت دەتوانین شار و وڵاتەکەمان پێش بخەین و ببینە جێی رەزامەندی خەڵک".


لەکۆتایی مەراسیمەکەشدا سەرۆک و کاندیدانی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە سوێندیان خوارد و بەڵێنیان دا بەرنامە و کارنامەی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە لەپێناو خزمەتی کەرکوکییەکان جێبەجێ بکەن و رێگە نەدەن جارێکی تر هیچ بڕیارێک بەسەر کەرکوکدا بسەپێنرێت.

 

نزیکەی ٢٥٠ کاندید بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کێبڕکێ دەکەن

 

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق لە پارێزگای کەرکوک ٢٤٤ کاندیدی بوونیان هەیە، کە ١٧٧ کاندیدیان لە رەگەزی نێر و ٦٧ کاندیدیان لە رەگەزی مێن، هەروەها بۆ هەڵبژاردنەکە پێنج حزب و ١٠ هاوپەیمانی بەشدارن.

لیستی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە، کە بەژمارە ١٤٢ بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکات، کە ٣٠ کاندیدی هەیە و کەسانی پسپۆڕ و شارەزان و سەرجەمیان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقەوە پەسەند کراون، کەمەرجەکانی کاندیدبونیان تێدایە و هیچیان پێشینەی تاوانکارییان نییە و دەستپاکن و بەعسی نەبوون.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket