سەرۆكایەتی كۆمار كۆنفرانسێكی لەبارەی رۆڵی میدیا لە هەڵبژاردنەكاندا رێكدەخات
عیراق 08:34 PM - 2023-11-15
سەرۆکایەتی کۆمار کۆنفرانسێک سەبارەت بە رۆڵی میدیا لە فراوانکردنی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا رێکدەخات
دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار - دەستەی راوێژكاران و پسپۆڕان، كۆنفرانسێكی سەبارەت بە (رۆڵی راگەیاندن لە فراوانكردنی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا) رێكخست.
كۆنفرانسەكە رۆژی سێ شەممە 15-11-2023، لە كۆشكی بەغداد بەڕێوەچوو، كە تێیدا وتاری سەرۆك كۆمار لەلایەن د.عەلی شوكری سەرۆكی دەستەی راوێژكاران و شارەزایانەوە پێشكەشكرا و جەختیكردەوە لەسەر بایەخی بێوێنەی ئەو هەڵبژاردنە ناوخۆییەی ئەمجارە، كە بە جێبەجێكردنی داواكاری دەستوریی دادەنرێت و بۆ ماوەی نزیكەی ١٠ ساڵ دەبێت ئەنجام نەدراوە، كە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ساڵی 2013 دا بەڕێوەچووە.
ئاماژەی بەوەشكرد: "بەشداریكردنی گشتی و دەستەبەركردنی ئازادییە بنەڕەتییەكان لە گرنگترین بنەماكانی سەركەوتنی هەڵبژاردنن، هەروەها فراوانكردنی بەشداریكردنی گشتگیر و پراكتیزەكردنی مافە سیاسییەكان هەنگاوی گرنگن. هەروەها باسی لەوەكرد، پرۆسەی هەڵبژاردن یەكێكە لە دیارترین بنەماكانی دیموكراسی، كە لە عیراقی نوێی دیموكراسیدا بەدەستهاتوە و دەرفەت بە گەل دەدات ویستی خۆی دەرببڕێت و بڕیار بدات كێ نوێنەرایەتی بكات و بەدەنگ كێشە و هیوا و خواستەكانیان بچێت".
د.عەلی شوكری ئاماژەیكرد بە گرنگی رۆڵی كەناڵەكانی راگەیاندن لە هاندانی بەشداریی دەنگدەران، كە نابێت ئەو رۆڵە لە كۆی گشتی پرۆسەی هەڵبژاردندا نادیدە بگیرێت، هەروەها جەختیكردەوە لەسەر رۆڵێكی دیكەی گرنگی راگەیاندن لە هێنانەكایەی فەرهەنگی قبوڵكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.
ئەمەش دەقی وتارەكەی سەرۆك كۆمارە:
بەڕێزان، ئامادەبووان..
ئەم كاتەتان باش..
مانگی داهاتوو روداوێكی گرنگ لە عیراقدا چاوەڕێمان دەكات، كە ئەویش هەڵبژاردنە و سازكردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانە بەدەر لە هەرێم لە 18-12-2023. ئەم هەڵبژاردنە پڕ بایەخە و دەرفەتێكی گرنگە كە پێویستی بە هەڵوەستەی جدی هەیە بۆ دەستەبەركردنی مافی هەڵبژاردن، هەروەها دەستەبەركردنی بەشداری سیاسیی كاریگەر و پێكهێنانی حكومەتە خۆجێیە هەڵبژێردراوەكانە، كە دەتوانێت پارێزگاكان بخاتەوە سەر رێچكەی خۆیان.
بایەخی ناوازەی ئەم هەڵبژاردنە ناوخۆییانە بریتییە لە جێبەجێكردنی داواكاریی دەستوریی، كە بۆ ماوەی نزیكەی ١٠ ساڵە ساز نەكراوە، دوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ساڵی ٢٠١٣دا بو، هەروەها لە بەر رۆشنایی ئەو سەقامگیرییە سیاسی و ئەمنییەیە، كە وڵات لەئێستادا بەخۆیەوەدەبینێت.
ئێمە جەخت دەكەینەوە لەسەر مافە دەستورییەكانی هاووڵاتیان لە پرۆسەی دەنگداندا، بەجۆرێك كە هاووڵاتی بەتەنها سەرچاوەی دەسەڵات بێت و گرنگی بەشداریكردنی بەرفراوان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتودا زامن بكرێت.
لەكاتێكدا هەوڵەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و كارمەندانی بەرزدەنرخێنین، داوا دەكەین هەموو هەوڵەكان بخرێنەگەڕ بۆ سازكردنی هەڵبژاردنێكی پاك و شەفاف بە بەشدارییەكی فراوان، كە رەنگدانەوەی ویستی دەنگدەران بێت.
بەشداریكردنی گشتی و زامنكردنی ئازادییە بنەڕەتییەكان لە گرنگترین بنەماكانی سەركەوتنی ئەم مافە و پتەوكردنی بەشداریی هەمەلایەنە و پەیڕەوكردنی مافە سیاسییەكانە.
پرۆسەی هەڵبژاردن یەكێكە لە فۆرمە دیارەكانی دیموكراسی، كە لە عیراقی نوێی دیموكراسیدا بەدیهاتوە و رێگا بە هاووڵاتیان دەدات ویستی خۆی دەرببڕێت و نوێنەری هەڵبژێرێت، كە بەدەنگ كێشە و هیوا و خواستەكانیانەوە بچێت.
لێرەدا بایەخی كەناڵەكانی راگەیاندن لە هاندانی بەشداریكردنی دەنگدەران دەردەكەوێت، كە ناكرێت رۆڵی راگەیاندن لە كۆی پرۆسەی هەڵبژاردن جیابكرێتەوە. هەروەك رۆڵێكی دیكەی گرنگی راگەیاندن لە بیر ناكەین لە چەسپاندنی رۆشنبیریی قبوڵكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان.
ئێمە هەموو ئەو هەوڵانە بەرزدەنرخێنین، كە كەناڵەكانی راگەیاندن و دەزگاكانی دیكەی میدیایی لە عیراقدا بە ئەنجامیان گەیاندوە، بەتایبەتی لە روماڵكردنی تەواوی پرۆسەكانی هەڵبژاردنی رابردو، كە دوای روخانی رژێمی لەناوچو لە ساڵی ٢٠٠٣وە سازكراون، هەروەها جەختدەكەینەوە لەسەر رۆڵی گرنگی چاودێریی میدیایی لە كاتی پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا، تا ببێتە یەكێك لە ئامرازە پێویستەكان كە بێگەردیی پرۆسەی هەڵبژاردن بپارێزێت و بەشداریی هێزە سیاسییەكان و كاندید و دەنگدەران و بەشدارە جیاجیاكان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا بەهێز دەكات، ئەم چاودێریكردنەش، بەشدارییەكی بەرچاوی هەیە لە رێگریكردن لە خراپەكاریی و كاری نایاسایی.
لێرەدا پێویستە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كاربكات بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەكی پتەو لەسەر بنەمای پێشخستنی بەرژەوەندی نیشتمانی لەگەڵ كەناڵەكانی راگەیاندندا و هەموو ئامرازێك بۆ گواستنەوەی زانیارییەكان بۆیان دابین بكات، چونكە كەناڵەكانی راگەیاندن هاوپەیمان و هاوبەشێكی گرنگن بۆ كۆمسیۆن، كۆمسیۆنیش دەبێت پشت بە ستراتیژیەتێكی میدیایی ببەستێت لەسەر بنەمای پەرەپێدانی پەیوەندی هەمیشەیی و ئەرێنی لەگەڵ كەناڵەكانی راگەیاندندا.
رۆڵی میدیا لەسەرئاستی نێودەوڵەتی لە هەڵبژاردندا بەشێوەیەكی بەرچاو پەرەی سەندوە و بوەتە ئەو فاكتەرەی، كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەیە، تا ئەو رادەیەی هەندێك كەس لە ئەزموونی وڵاتانی دیموكراسی دیكەدا پێیانوایە رۆڵی میدیا گەیشتوەتە ئەو ئاستەی نوێنەرایەتی نیوەی ململانێی هەڵبژاردنەكان دەكات و كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەبێت.
لەم روانگەیەوە بانگهێشتی سەرۆكایەتی كۆمار هاتوە بۆ سازكردنی ئەم كۆنفرانسە لەپێناو بیرخستنەوە و جەختكردنەوە لەسەر رۆڵی گرنگی میدیا لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا.
دووبارە سڵاوی خوای گەورەتان لێ بێت..
پاشان دادوەر عومەر ئەحمەد سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان وتەیەكی پێشكەشكرد و ئاماژەی بە رۆڵی گرنگ و پێشەنگی راگەیاندن دا لە پرۆسەی هەڵبژاردن و بەشداریكردنی لە هێنانەكایەی كۆمەڵگەیەكی هۆشیار، كە بایەخ بە رۆشنبیریی هەڵبژاردن بدات. هەروەها رونیكردەوە، كە كۆمسیۆن سورە لەسەر ئاگاداركردنەوەی كەناڵەكانی راگەیاندن لە وردەكاری كارەكانی بەوپێیەی هاوبەشێكی سەرەكییە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا. بۆ ئەمەش چەند رێوشوێنێكی گرتۆتەبەر تا نزیك بێت و ئاگاداری سەرجەم قۆناغەكانی پرۆسەكە بێت لە ئامادەكاریی سەرەتاییەوە تا راگەیاندنی ئەنجامەكان و پەسندكردنی، سەرەڕای بەشداریكردنی راگەیاندن لەسەرجەم كۆنگرە و كۆنفرانس و وۆركشۆپەكاندا.
دواتر گفتوگۆ لەبارەی ناوەڕۆكی كۆنفرانسەكە كرا، كە لەلایەن ژمارەیەك پسپۆرەوە لەبارەی رۆڵی راگەیاندن لە بەهێزكردنی ئەزمونی هەڵبژاردندا خرانەڕوو.
جێی باسە لە كۆنفرانسەكەدا، جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان و ژمارەیەك لە لێپرسراوان و راوێژكاران و پسپۆڕانی راگەیاندن ئامادەبون.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
كاندیدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بناسە
01:18 PM - 2023-11-05 -
قوباد تاڵەبانی ئەندامێتی فەخری لە کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستانی پێبەخشرا
09:27 PM - 2023-12-07 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: یەکێتی تاکە هێزی پارێزەری کەرکووک و کەرکووکییەکانە
08:04 PM - 2023-12-07 -
هاوخەمییەكان بۆ كۆچی دوایی قاسم حاجی حەمە
01:30 PM - 2023-12-07
ئەمانەش ببینە
سەرۆك بافڵ: یەكێتی پشتگیریی هەڵبژاردنێكی بێگەرد دەكات
12:13 PM - 2023-12-07
قوباد تاڵەبانی: ژن لە كۆمەڵگەی ئێمەدا لاواز نییەو بەهێزە
09:30 AM - 2023-12-07
سەرۆك بافڵ: پشتگیریی سەربەخۆیی دادگاكان دەكەین
09:32 PM - 2023-12-06
سهرۆك بافڵ: ئهركی ههموومانه وڵات لهئهگهری نهخوازراو بپارێزین
03:40 PM - 2023-12-06
زۆرترین خوێنراو
-
قوباد تاڵەبانی ئەندامێتی فەخری لە کۆمەڵەی تالاسیمیای کوردستانی پێبەخشرا
کوردستان 09:27 PM - 2023-12-07 -
ئاراس محەمەد ئاغا: دەنگەکانی یەکێتی لە نەینەوا زیاد دەکات
کوردستان 08:21 PM - 2023-12-07 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: یەکێتی تاکە هێزی پارێزەری کەرکووک و کەرکووکییەکانە
ی ن ک 08:04 PM - 2023-12-07 -
هاوخەمییەكان بۆ كۆچی دوایی قاسم حاجی حەمە
ی ن ک 01:30 PM - 2023-12-07 -
هاوخەمی سەرۆكی یەكێتی بۆ بنەماڵەی شەهیدی فەرماندە محەمەد بیكەیسی
پرسەنامە 12:50 PM - 2023-12-07 -
قوباد تاڵەبانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی بایز برایم عباس شەرەبۆتی دەكات
پرسەنامە 12:22 PM - 2023-12-07 -
سەرۆك بافڵ: یەكێتی پشتگیریی هەڵبژاردنێكی بێگەرد دەكات
کوردستان 12:13 PM - 2023-12-07 -
هاوپەیمانی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، لیستێكی دەستپێشخەرو گەنجانەیە
کوردستان 12:03 PM - 2023-12-07