riklam

پیرۆزباییەکان بۆ یادی دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی کوردستان

کوردستان 04:58 PM - 2023-11-04
لۆگۆی یەکێتیی ژنانی کوردستان  PUKMEDIA

لۆگۆی یەکێتیی ژنانی کوردستان

ژنان

ئەمڕۆ ٣٤ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی کوردستاندا تێدەپەڕێت، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەک پەیام و بروسکەی پیرۆزبایی ئاڕاستەی یەکێتییەکە دەکرێت، کەتێیدا هیوای بەردەوامی و خزمەتی زیاتریان بۆ دەخوازن.

دەقی پیرۆزباییەکان....

 


مەکتەبی سیاسی: یەکێتی ژنان سەکۆی بوێری و ئازادییە

یەكێتیی ژنانی كوردستان لەگشت قۆناغەكانی خەباتدا لەپێناو مافەكانی ژنانی كورددا بێوچان تێكۆشاوە

سكرتێر و ئەندامانی سكرتاریەتی یەكێتی ژنانی كوردستان
لە ساڵیادی دامەزراندنی رێكخراوەكەتاندا گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەكەین وهیوای سەركەوتنی زیاترتان لە  كارو خەباتی ڕێكخراوەییتان  بۆ دەخوازین.

یەكێتی ژنانی كوردستان  كە سی وچوار ساڵ لەمەوبەر ولە رۆژگارێكی سەختی ئاوارەیی و وەك پێویستیەكی قۆناغەكە و زادەی ئەو هەلومەرجەی دوای كارەساتی ئەنفال لەسەر دەستی ژمارەیەك ژن وكچی روناكبیر و پێشمەرگە دامەزراو  تەوار ئاسا بە دەنگ ئەم رێكخراوەوە چوون  كە هەڤاڵان هیرۆ ئیبراهم ئەحمەد  و كافێ سلێمان  رۆڵی پێشەنگ و بەرچاویان لەم ئەركە نوێیەی خەباتدا گرتبوە ئەستۆ.

  یەكێتیی ژنانی كوردستان لە پاش ڕاپەڕین ولە مێژوی بڕ سەروەری خۆیدا ڕۆڵی گەورەی بینیوە لەهاتنە پێشەوەی  ژنان و بەشداری كاراییان لەهەموو جومگەكانی حوكمرانیی و حزبیدا  و هەروەك  سەكۆی بوێری و ئازادی و هۆشیاری بووە بۆ ژنانی كوردستان.

هەر بۆیە  یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان بڕوای نەگۆری بە خەبات و یەكسانی و هاتنە پێشەوەی ژنان هەبووە و پشتگیری و پشتیوانیە بەردەوامەكانی  سەرۆك مام جەلال بۆ رێكخراوەكەتان و ژنان  بە گشتی  تۆمارێكی  پڕ لەسەروەرییە .  

لەم یادەدا  جارێكی سڵاو رێز بۆ رۆڵی پڕ  لە جوامێریتان لەم كاروانەی خەباتداندا و هەمیشە پشتیوان و پشتگیری  لە مافەكانتان دەكەین


مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان

 

 

گەلاوێژ خان بۆ یەکێتی ژنان: گرنگیی زیاتر بدەن بە كایەی رۆشنبیریی

 

خوشكی بەڕێزم كافیە سلێمان سكرتێری یەكێتیی ژنانی كوردستان، بەبۆنەی 34 ساڵەی دامەزراندنی ڕێكخراوی یەكێتیی ژنانی كوردستانەوە پیرۆزبایی گەرم لە بەڕێزتان و ئەندامانی دەستەی سكرتایرییەت و تەواوی ئەندامانی ڕێكراوەكەتان و یەكە یەكەی كچان و ژنانی سەلاری كوردستان دەكەم.

مێژوو سەلماندوویەتی كە ژنانی كورد شانبەشانی باوك و برا و هاوسەرەكانیان هەمیشە لە كار و جووڵەدا بوون و لەگەڵ ئیشوكاروباری خانەدانانەی ماڵ و میوان و بەخێوكردنی منداڵ و خزمەتكردنی هەموو ئەندامانی خێزانەكەیدا، لە دەریشەوە تاكێكی ئیشكەر و گورجوگۆڵ و بەبەرهەم بووە و هەرگیز لەكاروانی پێشخستنی كۆمەڵگەدا نە درێغیی كردووە و نە بار بووە بەسەر خێزانەوە بۆیە جێدەستی دیار و درەوشاوە بووە و هەر وایش دەمێنێتەوە.

لەم یادەدا سڵاوی تایبەت بۆ ژنان و كچانی شەهید كە خوێنی پاكی خۆیان بە میللەتەكەیان بەخشیوە. سڵاو لە ژنانی خۆڕاگری كوردستان كە لەهەموو بوار و كایە جیاجیاكاندا كار و خەبات دەكەن بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای خۆیان كە بەشێكی ئاوێتە و دانەبڕوای كۆی مافەكانی كۆمەڵگەكەیەتی.

هیوادارم ئێوە و ڕێكخراوەكەیشتان گرنگیی زیاتر بدەن بە كایەی ڕۆشنبیریی نەك هەر كچان و ژنان بەڵكو هەموو كۆمەڵی كوردەواریی بۆ ئەوەی خەسڵەت و ڕەوشتە بەرزەكانی پایەدارتر بكەین، چونكە تاكی ڕۆشنبیر خێزانی ڕۆشنبیر و خێزانی ڕۆشنبیرییش كۆمەڵی ڕۆشنبیری لێ‌ بەرهەم دێت.

سەركەوتوو بن و دووبارە ئەم یادەتان پیرۆز بێت.

گەلاوێژ


قوباد تاڵەبانی بۆ یەکێتی ژنان: گوڕوتینێکی نوێ بدەنەوە بە ژنانی کوردستان

بەڕێز خاتوو کافیە سلێمان، سکرتێری یەکێتیی ژنانی کوردستان

بەڕێزان ئەندامانی سکرتارییەت وهەموو ئەندامانی یەکێتیی ژنانی کوردستان.

لە یادی ٣٤ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە و ئەندامانی یەکێتیی ژنان و سەرجەم ژنانی کوردستان دەکەم، خەبات و تێکۆشانتان لە ٣٤ ساڵی رابردوودا لەپێناو داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان بەرز دەنرخێنم.

سەرباری هەوڵ و ماندووبوونی بێ وچانی ئێوە و رێکخراوەکان و چالاکوانەکانیتر، شتێکی شاراوە نییە کە هێشتا دۆخی ژنان لە کۆمەڵگای ئێمەدا لە ئاستێکی پێویستدا نییە، هەربۆیە جێی خۆیەتی، بە هاوکاری رێکخراوەکان و چالاکوانەکانی دیکەی مافەکانی ژنان، بە روانینێکی رەخنەگرانەوە هەڵسەنگاندنێکی نوێ بۆ دۆخی ئێستا و چۆنییەتی کارکردن لە داهاتوودا بکەن.


پێکەوە هەڵە و کەموکوڕییەکان دەستنیشان بکەن و دواتر پلان و ستراتیژێکی گونجاو لەگەڵ دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئابوری کۆمەڵگای کوردستان دابڕێژن و گوڕوتینێکی نوێ بدەنەوە بە بزووتنەوەی ژنانی کوردستان.

هیوادارم و گەشبینیشم یەکێتیی ژنانی کوردستان، (٣٤)مین ساڵی تێکۆشانی خۆی بکاتە دەرفەتێک بۆ بەخۆداچوونەوە و دانانی بناغەیەکی پتەوتر بۆ تێکۆشانی لە ساڵەکانی داهاتوودا. لەم پێناوەشدا وەک هاوبیرێکی خۆتان ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکم.

قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال

 

 

شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ پیرۆزبایی له‌ یه‌كێتی ژنانی كوردستان ده‌كات

هه‌ر له‌میانه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتی ژناندا، دوانیوه‌ڕ‌ۆی ئه‌مڕ‌ۆ شه‌ممه‌ ٤/١١/٢٠٢٣ له‌ چه‌مچه‌ماڵ، به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنیان شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌ هاوڕ‌ێیه‌تی هه‌ڤاڵان مسته‌فا چاڵاوی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و مه‌لا شێخه‌ سه‌ردانی لقی چه‌مچه‌ماڵی یه‌كێتیی ژنانی كوردستانی كردو چه‌پكه‌گوڵی پیرۆزبایی پێشكه‌ش كردن.

له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا وێڕ‌ای پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشی كاركردنیان، شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ رۆڵی ژنان كرد له‌كاری رێكخراوه‌یی یه‌كێتیی و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت ده‌رفه‌تی زیاتریان بۆ بڕ‌ه‌خسێنرێ.

 

 

 مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکان: یەکێتی ژنان خزمەتێکى گەورەی کردووە

هەڤاڵان سکرتێر و ئەندامانى سکرتاریەتى یەکێتى ژنانى کوردستان، لە ساڵیادى دامەزراندنى ڕێکخراوەکەتاندا گەرمترین پیرۆزبایتان ئاڕاستەدەکەین و هیواى سەرکەوتن و پێشکە وتنى زیاترتان بۆ دەخوازین.



یەکێتى ژنانى کوردستان 34ساڵە کاروانى خەباتى ڕێگەدەبڕێت، لە ڕۆژگارێکدا دامەزرا، کوردستان بە دۆخێکى سەخت و دژواردا تێدەپەڕى کە ئازادى و دیمووکراسى و مافى مرۆڤ بۆتاکى کورد نەک نەبوو بەڵکوو ناوهێنانیشى وەک تاوانێکى گەورە ئەژماردەکرا، بەڵام یەکێتى ژنان وەک داکۆکیکار و سەرسەختى خەبات بوونە چراو مەشخەڵ هەڵگرى ئازادى وە  شۆڕشتان لە شۆڕدا جۆشدایەو خزمەتێکى گەورەتان بەخەباتى ڕزگارى خوازى گەلەکەمان کرد.


لە ڕاپەڕین بەدوواوە ئێوە وەک کوانووى خەباتى دیموکراسى و داکۆکیکار بۆ مافەکانى ژنان تێکۆشاون و نەسرەوتوون بۆ مافەڕەواکانتان، وە توانیوتانە ببنە پایەیەکى گرنگ بۆ مافەکانى ژنان و لە سەرجەم بوارەکاندا خزمەتێکى بەرچاوتان بە ژنانى کوردستان کردووە.


لەم ساڵیادەشتاندا هیواى سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین، جارێکى دى پیرۆزبایتان لێدەکەین.


هەرشاد و سەرکەوتوو سەرفرازبن.

مەکتەبى ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی(ی. ن. ك)

 

مەکتەبی ڕاگەیاندن پیرۆزبایی یادی دامەزراندنی یەکێتی ژنان دەکات 

هەڤاڵ لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن لە مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری بە یاوەری ژمارەیەک ئەندامی مەکتەب سەردانی یەکێتی ژنانی کوردستانیان کرد و پیرۆزبایی یادی سی و چوار ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەیان لێکردن و تاجە گوڵینەی ڕاگەیاندنی یەکێتیان پێشکەشکردن.

لەو سەردانەدا، وێڕای پیرۆزبایی، پشتگیریی و پشتیوانی ڕاگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان بۆ خەباتی ڕەوای ژنان و یەکێتی ژنان دوپاتکردەوە و ئامادەییان بۆ هەموو هاوکارییەک دەربڕی.

 

پیرۆزبایی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بۆ ساڵیادی یەکێتیی ژنانی کوردستان

بەڕێز هێرۆخان، بەڕێز کافیەخان سکرتێری یەکێتیی ژنانی کوردستان و بەڕێزان ئەندامانى سکرتاریەت و سەرجەم ئەندامانی یەکێتیی ژنانی کوردستان لە یادی  34 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی کوردستان جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و سەرجەم ئەندامانی یەکێتیی ژنانی کوردستان و هەموو ژنانی کوردستان دەکەین.

خەبات و تێکۆشانتان لە 34 ساڵی رابردوودا لەپێناو دابینکردنی مافەکانی ژنانی کوردستان و هەموو مافەکانی گەلی کورد بەرز دەنرخێنین و شوێن پەنجەتان دیارە.

دیارە دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی کوردستان 34 ساڵ لەمەوبەر لە بارودۆخێکی زۆر ناهەمووار و سەخت و دژواردا بوو کە لەسەردەستی هێرۆ خان بە هاوکاری کافیەخان دامەزرا، لە کاتێکدا کە شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بەسەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رووبەڕووی رژێمی رەفتار فاشتستی بەغدا بووە کە نەک ئازادی، دیموکراسی، مافی ژن، مافی مرۆڤ لەلایەن رژێمی خوێنڕێژی بەغداوە زەوتکرابوو، بەڵکو هەر ناوهێنانی ئەو مافانەش وەک تاوانێکی گەورە دادەنرا، بەڵام لەو بارودۆخە ناهەمووار و سەختەدا لەلایەن تێکۆشەرێکی مەزن وەک هێرۆخان بە هاوکاری ژنەتێکۆشەرە کۆڵنەدەرەکانی کوردستان یەکێتیی ژنانی کوردستان دامەزراوە و وەک داکۆکیکارێکی سەختی خەبات و تێکۆشان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ژنانی کوردستان و گەلی کوردی قارەمان بووە چرای مەشخەڵ و هەڵگری پرەنسیپی داکۆکی و قوربانی لەپێناو ئازادی، سەرفرازی و دیموکراسی بۆ ژنان و سەرجەم کۆمەڵگەی کوردستان.

شانبەشانی پێشمەرگە قارەمانەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە شاخ، شار و هەموو کۆچەیەکی کوردستاندا نمونەی قوربانی ژنان و ئەندامانی یەکێتییەکەتان لە شاخ و زیندانەکانی فاشستەکاندا نموونەی ئەوپەڕی خەبات و فیداکاریتانە، لە راپەڕینیشدا رۆڵی ژنانی کوردستان و ئەندامەکانتان بۆ داکۆکیکردن لە مافی ژنان و هەموو مافەکانی دیکەی گەلەکەمان و لە بەگژداچوونەوەی رژێمی سەدامی خوێنڕێژی جێی شانازییە و لە بەرچاوە، ئێستاش بوونەتە پایەیەکی گرنگ بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنانی کوردستان لەسەرجەم بوارەکاندا.

 بۆیە لەم یادە پیرۆزودا سڵاوی تایبەت بۆ ئەو ژنانە، کچانی شەهید کە خوێنی پاکی خۆیان بەگەلەکەیان بەخشیوە، هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازین و جارێکی دیکەش پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەین هەرشاد و سەرکەوتووبن.

 باڵیۆز د. محەمەد سابیر, سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی
5/11/2023

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket