سەرۆک کۆمار بەشداری لە کۆربەندی کشتوکاڵی جیهانیدا دەکات
عیراق 09:07 PM - 2023-10-16
نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆک کۆمار
دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید
سەرۆک کۆمار بەشداری لە کۆڕبەندی کشتوکاڵی جیهانی دەکات و دوپات لەوە دەکاتەوە عێراق گرنگیەکی تایبەتی بە هەر دەستپێشخەریەک دەدات کە ببێتە مایەی گەشەسەندنی بواری ئاو و کشتوکاڵ
سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ دوشەممە 16-10-2023 ، بەشداری لە کۆڕبەندی کشتوکاڵی جیهانی کرد کە ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (FAO) لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت ، لەژێر ناونیشانی : (گۆڕینی سیستمی خۆراکی و کشتوکاڵی پرۆسەی کارەکانی کەشوهەوای جیهانی خێراتر دەکات ) .
سەرۆک کۆمار لە کۆڕبەندەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا جەختی لەوە کردەوە کە عێراق گرنگییەکی تایبەتی بە هەر دەستپێشخەریەک دەدات کە ببێتە مایەی گەشەسەندنی بواری ئاو و کشتوکاڵ و پەرۆشی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ئەو دۆخەی کە تێیدا بوو کاتێک پێی دەگوترا زەوی ڕەشایی پێش دەستپێکردنی جەنگ و ناکۆکییەکان لە وڵاتەکەمان کە دەیان ساڵە بەردەوامە.
هەروەها سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشکردووە کە جیهان ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکانی سەدەی بیستەم بوویەوە، لەوانە جەنگ و برسێتی و قەیرانی ئابووری. لەڕاستیدا، ئێمە پێویستمان بە دەستپێشخەری زیاتر و داهێنان و کرداری بەکۆمەڵ هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی سەدەی بیست و یەک، لەوانە گەشەی دانیشتوان، کە بارگرانییەکی گەورەیە لەسەر جیهانی ئێمە بە سەرچاوەی سنووردار.
سەرۆک کۆمار ئاماژەشی بەوەدا کەعێراق هەوڵدەدات بەرنامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون بگرێتەبەر، بەزیادکردنی ئەو ڕووەکانەی کە بەرگەی وشکەساڵی و شۆرەکات و گۆڕانی کەشوهەوا دەگرن، چەسپاندنی وزەی پاک و نوێبووەوە و پاراستنی فرەچەشنی بایۆلۆجی و گەڕاندنەوەی هاوسەنگی ژینگەیی و دروستکردنی ژینگەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی هەمەچەشنکردنی ئابووری و پەرەپێدانی سامانی ڕووەک و ئاژەڵان، هەروەها گرتنەبەری شێوازە مۆدێرنەکانی ئاودێری و کشتوکاڵ.
ئەمەش دەقی ووتەکەی سەرۆک کۆمارە :
"بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ، بەڕێز شو دنیۆ
خوشکان برایان ئامادەبووانی بەڕێز..
سڵاوێکی گەرم..
سەرەتا سوپاستان دەکەم کە بانگهێشتتان کردین بۆ بەشداریکردن لەم کۆڕبەندە گرنگەدا ، هەروەها دەمەوێت ستایشی هەڵبژاردنی ئەم بابەتە زۆر گرنگە کە کشتوکاڵ یەکێک لە چەمکە پێویستەکانی ژیانی مرۆڤایەتی و گۆڕانی کەشوهەوا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کە زنگی مەترسییەکی گەورە دەخاتە ڕوو لە سەر جیهان، ئەمڕۆ لەم شارە دێرینەی کە خاوەن پێگەیەکی کلتووری و مێژوویی دیارە و لە ڕۆژی جیهانی خۆراکدا کۆدەبینەوە کە حەفتا و هەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە خاوەن ئامانجە بەرزەکان تێپەڕدەبێت.
کشتوکاڵ، کە بۆ یەکەمجار لەلایەن مرۆڤەوە لە کەنارەکانی دیجلە و فورات سەری هەڵداوە، یارمەتی مرۆڤیدا کە بتوانێ شارەکان بونیادبنێت کە شارستانییەتە کۆنەکان تێیدا پەرەی سەندووە.
عێراق لە ڕێگەی تێزەکانی حەمورابیەوە یەکەم سەرچاوەی یاساکان بوو کە باسی ئەم بەشە گرنگەی ژیانی مرۆڤایەتی بکات و کۆنترین پەیماننامەی جیهانیە سەبارەت بە پرسی ئاو، کەپەیمانی "میسیلیمە"، واتە پەیماننامەی ئاشتی هەمیشەییە لە نێوان دوو شاری سۆمەری کە دەکەونە کەناری دیجلە واتە لەگش و ئوما، زیاتر لە چل و پێنج سەدە لەمەوبەر واژۆکراوە و ئامانجی ئەو پەیماننامەیە چارەسەرکردنی ناکۆکی درێژخایەنی نێوانیان بوو کە هەردوو شارەکە لەسەر بەکارهێنانی ئاوەکانی ڕووباری دیجلە واژۆیان کرد .
پەیماننامەکە کۆمەڵێک ڕێسای بۆ دابەشکردنی ئاوەکانی ڕووبارەکە داڕشت، هەروەها لایەنەکانی پەیماننامەکە دروستکردنی بەنداو یان هەر بەربەرستێکی دیکەیان قەدەغە کرد کە دەستوەردان لە ڕۆیشتنی ڕێڕەوی ڕووبارەکە بکات و ئاوی وڵاتی خوارەوەی ڕووبارەکە ڕابگرێت.
ئەمڕۆ لە سایەی پێشکەوتنە زانستی و پرۆسەی بواری کشتوکاڵدا، جیهان توانیویەتی ئاسایشی خۆراک بەدیبهێنێت، ئەم ڕێکخراوە بەشداریی لە پێشخستنی ئەو پێشهاتانەدا کردووە و درێژەیش بەم ڕێبازە دەدات لە ڕێگەی چەندین دەستپێشخەرییەوە، کە دەستپێشخەرییەکن ئێمە پشتیوانی دەکەین و زۆرێک لە وڵاتان دەتوانن توانا نیشتمانییەکانیان پەرەپێبدەن و سوود لە بەرنامەکانی ڕێکخراوەکە وەربگرن.
عێراق ئەوپەڕی بایەخ بە هەر دەستپێشخەرییەک دەدات کە دۆخی ئاو و کشتوکاڵی وڵاتەکان باشتر بکات، ئێمەش بەوپەڕی تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵین بۆ ئەوەی بیگەڕێنینەوە بۆ ئەو دۆخەی کە تێیدا بوو کاتێک پێش هەڵگیرسانی شەڕ و ململانێکان ناوی لێنرابوو (خاکی ڕەشایی). لە وڵاتەکەماندا کە بۆ دەیان سەدە بەردەوام بوو.
جیهان بە سەرکەوتنێکی حاشا هەڵنەگر ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی سەدەی بیستەم بووەتەوە، لەوانە شەڕ و برسێتی و قەیرانی ئابووری.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە پێویستمان بە زیاتر لە دەستپێشخەری و داهێنان و کاری بەکۆمەڵ دەبێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی سەدەی بیست و یەکەم ببینەوە، لەوانەش زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، کە بارگرانییەکی گەورە لە سەرچاوە سنووردارەکانی جیهانەکەمان دەکات.
ژمارەی دانیشتوانی جیهان بەردەوام لە زیادبووندایە، بەو پێیەی لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا ژمارەی دانیشتووانی جیهان سێ هێندە زیادی کردووە، ئەمڕۆ هەشت ملیار کەسی تێپەڕاندووە و بەپێی پێشبینییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەنگە تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشتووانی جیهان بگاتە ئاستی دە ملیار کەس. هەموو ئەمانە دەبێتە هۆی فشارێکی زۆر بەتایبەتی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
دیاردەی گەرمبوونی جیهان و گۆڕانی کەشوهەوا لە هۆکارە ڕاستەوخۆکانی بڵاوبوونەوەی دیاردە دژبەیەکەکانی وەک لافاو و ئاگرکەوتنەوە و بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ئاستێکی پێوانەیی بوون. هەروەها بووە هۆی نەمانی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەهۆی فراوانبوونی بەبیابانبوون.
لەم بوارەدا عێراق هەوڵدەدات بەرنامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون بگرێتەبەر، بەزیادکردنی ئەو ڕووەکانەی کە بەرگەی وشکەساڵی و شۆرەکات و گۆڕانی کەشوهەوا دەگرن، چەسپاندنی وزەی پاک و نوێبووەوە و پاراستنی فرەچەشنی بایۆلۆجی و گەڕاندنەوەی هاوسەنگی ژینگەیی و دروستکردنی ژینگەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی هەمەچەشنکردنی ئابووری و پەرەپێدانی سامانی ڕووەک و ئاژەڵان، هەروەها گرتنەبەری شێوازە مۆدێرنەکانی ئاودێری و کشتوکاڵ.
ئاسایشی خۆراک پەیوەندییەکی نزیکی بە ئاسایشی ئاوەوە هەیە. ئەمڕۆ بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنین، لەبەر زۆر هۆکار، گرنگترینیان ڕێگریکردنە لە هەڵڕژاندنی ئاو بەهۆی ئەو بەنداوە زۆرانەی کە لەلایەن وڵاتانی دراوسێی سەرەوەی ڕووبارەکانەوە دروستکراون و نەبوونی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی یان دوولایەنە لە نێوان وڵاتاندا کە گەرەنتی مافی هەمووان لە پشکی ئاوی دادپەروەرانە بکات، جگە لە هۆکارە سروشتییەکانی دیکەی پەیوەست بە کەشوهەوا وەکو کەمی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی.
لەم چوارچێوەیەدا دەبێت ئەوە بیربێنینەوە کە ئەوەی هۆکاری کەمکردنەوەی ئەم قەیرانە و تێپەڕاندنیەتی، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە لەلایەن هەموانەوە ، بەپێی پرۆسە ومیکانیزمێکی هەمەلایەنە بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو بە پێی سیستم و میکانیزمە مۆدێرنەکان، لەگەڵ گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە مەبەستی گەیشتن بە نەخشەڕێگای هاوبەش لە ڕێگەی زانیاری تەکنیکییەوە و ئاڵوگۆڕی پلانی کارکردنی پەیوەست بە بڕ و کاتەکانی بەردانی ئاوەکان، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی کە مافی هەمووان لە پشکی ئاوی دادپەروەرانە دابین بکات.
چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو پێویستییەکە ناتوانرێت دەستبەرداری بین لەپێناوی داهاتووماندا، ئەگەر ڕێژەی ئاوی زیادە بێت، یان کەم بێت، یان ئاوی زۆر پیس بێت، مەترسییەک دروست دەکات کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا خراپتر دەبێت، ئەمەش مەترسی لەسەر ئابووری وڵاتان دروست دەکات و هاندەری کۆچکردن دەبێت و ململانێکان توندتر دەکات .
پێویستمان بە هەنگاوێکی جیهانییە بۆ بەدەستهێنانی گەشەی خۆڕاگری ئاو و ئاسایشی ئاو. سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانەی بەدەست هاتوون، ئێمە دواکەوتووین لە گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام کە پەیوەندییان بە ئاوەوە هەیە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر گەشەپێدانی هەمەلایەنە هەیە، بەتایبەتی بەو زانیاریانەی کە ئاماژە بەوە دەکەن تا ساڵی ٢٠٣٠ زیاتر لە یەک ملیار و نیو کەس دەستیان بە ئاوی خواردنەوە ناگات.
کەرتی ئاو پێویستی بە شێوازی نوێی بیرکردنەوە و بەڕێوەبردنی ئاو هەیە. پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زانیاری، یارمەتی حکومەتەکان دەدات بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو بە مەبەستی بەرزکردنەوەی کارایی و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو لە جیهانێکدا کە تادێت پشێوی و کەم ئاوی زیاتر دەبێت.
لەراستیدا عێراق تاکە وڵات نییە کە خۆی لەم دۆخە سەختەدا ببینێتەوە، بەو پێیەی هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاریگەر نییە لەسەر ئاستێکی بەرفراوان، هاوشێوەی پەیمانی لەگش و ئوما، کە ئێمە ئاماژەمان پێکرد. بۆیە داوا لە دامودەزگا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ گەیشتن بەم ئامانجە لەگەڵمان کاربکەن، کە لە پێشەوەیان ڕێکخراوە بەڕێزەکەتان ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهان، بەو پێیەی ئاو مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ کشتوکاڵ و ژیانە.
ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە لە بەرامبەر ئەم ئاڵنگاریە بنەڕەتییە دەستەوستان بوەستین، بەو پێیەی ئاگاداری سەختی دۆخەکەین، هەروەها لێکۆڵینەوەکان کە ساڵانێک لەمەوبەر ئەنجاممان داوە دەریانخستووە کە عێراق لە داهاتوودا بەدەست کەمی ئاویەوە دەناڵێنێت.
بە جددی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کە وڵات وگەلانی دۆستن، کاردەکەین بۆ گەیشتن بە چارەسەری دادپەروەرانە و جێگەی ڕەزامەندی بۆ هەمووان. هەروەها بەجدی کاردەکەین بۆ سوودوەرگرتن لە هەر دڵۆپێک ئاو کە دەگاتە زەوییەکانمان، ئەمەش پێویستی بە هەوڵێکی زۆر دەبێت بۆ کارکردن لەسەر پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، مۆدێرنکردنی شێوازەکانی ئاودێری، و یاسادانان لەبوارەکانی پەیوەست بە کەرتی ئاو بۆ ئەوەی کشتوکاڵ پێگەی بەناوبانگی خۆی بەدەستبهێنێتەوە.ئێمە چاوەڕوانی هاوکاری زیاترین لەگەڵ ڕێکخراوەکەتان لەم بوارە بنەڕەتییەی پەیوەندی بە ژیان و ئاسایشی گەلانەوە هەیە .
سڵاوی خوداتان لێبێت..
هەواڵی زیاتر
-
هاوخەمی سەرۆک بافڵ بۆ کۆچی دوایی کاوەی ئیزاعە
09:55 AM - 2025-11-07 -
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق: بانگەشە کۆتایی دێت
03:58 PM - 2025-11-06 -
سەرۆكی یەكێتی 500 ملیۆن دینار دەبەخشێتە یانەی نەورۆز
01:45 PM - 2025-11-06 -
مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال: تێکۆشەرانی یەکێتی سەرمایەیەکی گەورەن
01:31 PM - 2025-11-06
ئەمانەش ببینە
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 9 ملیار دینارە
08:50 AM - 2025-11-07
قوباد تاڵەبانی: سەرکەوتنی زۆر گەورە بەدەست دەهێنین
07:01 PM - 2025-11-06
سەعدی پیرە: لەژێر ناوی بێ مانا مووچەی خەڵکی هەرێم بڕدرا
06:35 PM - 2025-11-06
بهپێی راپرسییهكان یهكێتی سهركهوتنی گهوره بهدهستدههێنێت
02:51 PM - 2025-11-06
زۆرترین خوێنراو
-
بهپێی راپرسییهكان یهكێتی سهركهوتنی گهوره بهدهستدههێنێت
ڕیپۆرتاژ 02:51 PM - 2025-11-06 -
قوباد تاڵەبانى:خەڵک ئێستا زیاتر لەهەر کاتێکی دیکە ئومێدیان بە یەکێتییە
کوردستان 02:50 PM - 2025-11-06 -
ئەدهەم بارزانی: دەنگ بدەن بەو کاندیدانەی هێژا بافڵ جەلال تاڵەبانی دیاری کردون
کوردستان 01:51 PM - 2025-11-06 -
سەرۆكی یەكێتی 500 ملیۆن دینار دەبەخشێتە یانەی نەورۆز
کوردستان 01:45 PM - 2025-11-06 -
مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال: تێکۆشەرانی یەکێتی سەرمایەیەکی گەورەن
کوردستان 01:31 PM - 2025-11-06 -
كارنامەی لیستی 222 ی یەكێتی بۆ سێکتەری کارگێڕی و ئابووری
ی ن ک 11:05 AM - 2025-11-06 -
حاکم قادر: ھەموان دەنگ بە لیستی 222ی یەکێتیی بدەن
کوردستان 11:05 AM - 2025-11-06 -
بێگەرد تاڵەبانی: یەكێتی خاوەنی ئەو دەستكەوتانەیە كەبانگەشەیان پێوەدەكرێت
کوردستان 10:57 AM - 2025-11-06







دابەزێنە

