riklam

ستران عه‌بدوڵڵا: كۆنگره‌ كۆده‌نگی له‌بڕیارو نوێگه‌ری له‌كارو پرۆژه‌كان ده‌كات

کوردستان 06:51 PM - 2023-09-18
ستران عەبدوڵڵا لەبەرنامەیەکی گەلی کوردستان PUKMEDIA

ستران عەبدوڵڵا لەبەرنامەیەکی گەلی کوردستان

ستران عەبدوڵا یەکێتی

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتییەوە دەڵێت: "کۆنگرەی ئەمجارەی یەکێتی هیوا و ئومێد بۆ هاووڵاتییان دەگێڕێتەوە و کۆنگرە پرۆگرام و هەیكەلی حزبەکە دادەڕێژرێتەوە و دەگۆڕێت".

ستران عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ دیدارێكی تایبه‌تی كه‌ناڵی ئاسمانی گه‌لی كوردستاندا له‌ باسی كاره‌كانی پێنجه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی دا رایگه‌یاند: " دروشمی كۆنگره‌ی یه‌كێتی، كه‌ بریتییه‌ له‌ (نوێگه‌ری له‌ كاردا، كۆده‌نگی له‌ بڕ‌یاردا)، واته‌ یه‌كده‌نگی له‌ناو هه‌موو یه‌كێتی و نوێگه‌ری له‌ هه‌یكه‌ل و پرۆگرام و كار و پرۆژه‌كان، كۆنگره‌ی ئه‌مجاره‌ی یه‌كێتی ئومێد بۆ هاووڵاتییانی كوردستان ده‌گێڕ‌ێته‌وه‌ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی هاووڵاتییان ده‌بێت ".

"دروشمی یه‌كێتی واقعییه‌ و په‌رۆشی چاره‌سه‌ركردنی مه‌سه‌له‌ی نیشتمانیی كوردستانه‌و دروشمه‌كانی تێگه‌یشتنی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌، یه‌كێتی وه‌ك حزبه‌كانی تر به‌شێكه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی كوردستان و بۆ باشتركردنی گوزه‌رانی خه‌ڵك كارده‌كات، به‌ڵام به‌ فیكره‌ و تێڕ‌وانینێكی جیاوازه‌وه‌و دوای تێپه‌ڕ‌اندنی توندوتیژی ناوخۆیی و جیاوازی فیكری، یه‌كێتی ده‌بێت خۆی جیاواز بكات و زیاتر گرنگی به‌ لایه‌نی گه‌نجان و ژنان و ئاینده‌ سازی بدات و ره‌وتی پێشكه‌وتنخوازی یه‌كێتی ده‌بێت نوێ بكرێته‌وه‌" ستران عه‌بدوڵا وای وت.


یه‌كێتی و كۆده‌نگی

 

ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی ده‌شڵێت: "مام جه‌لال بۆ یه‌كێتی و كوردستان و عیراقیش هێزێكی گه‌وره‌ بوو، هه‌موو كاتیش ئه‌و سیاسه‌ته‌ی په‌یڕ‌ه‌و كردووه‌ كه‌ بڕ‌یار به‌ كۆده‌نگی بێت، به‌تایبه‌ت له‌ناوخۆی یه‌كێتی دا، دروشمه‌كانی یه‌كێتی به‌پێی سه‌رده‌م و بارودۆخ گۆڕ‌انكاری به‌سه‌ر یه‌ت و نوێ ده‌كرێته‌وه‌و له‌ كۆنگره‌ی پینجه‌میشدا كار له‌سه‌ر ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ده‌كه‌ین، یه‌كێتی خۆی به‌ ته‌واوكه‌ری هه‌موو شۆڕ‌شه‌كانی پێش خۆی ده‌زانێت و كاتێك ده‌ڵێین شۆڕ‌شی نوێی گه‌له‌كه‌مان واته‌ پێشتر شۆڕ‌ش كراوه‌و ئێمه‌ درێژه‌پێده‌رین".


"یه‌كێتی حزبێكه‌ بۆ باشكردنی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك و ئه‌مه‌ش له‌ به‌رنامه‌كانیدا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌، یه‌كێتی نیه‌تی نوێگه‌ری هه‌یه‌ له‌كاردا و له‌م كۆنگره‌یه‌دا هه‌ڤاڵان قسه‌ی له‌سه‌رده‌كه‌ن، به‌دیلی یه‌كێتی هه‌ر یه‌كێتییه‌، چونكه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا زۆر هێز هاتن و خۆیان تاقیكرده‌وه‌ و وتیان ده‌یگۆڕ‌ین، به‌ڵام دواتر واقعی سیاسی ده‌ریخست كه‌ گۆڕ‌انكارییه‌كان هه‌ر به‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌كرێت و به‌دیلی یه‌كێتی هه‌ر یه‌كێتییه‌" ستران عه‌بدوڵڵا وای وت.


كۆنگره‌ و سه‌ركردایه‌تی

ستران عه‌بدوڵڵا ئه‌وه‌شی وت: "كۆنگره‌ی یه‌كێتی بڕ‌یار ده‌دات چه‌ند سه‌ركردایه‌تی بـێنێته‌وه‌ زیاد بكرێت یان كه‌م بكرێته‌وه‌ ئه‌و پێكهاته‌ حزبییه‌ش به‌پێی پێویستی قۆناغی داهاتوو ده‌بێت و به‌و پێیه‌ش بڕ‌یار له‌سه‌ر مه‌كته‌ب و مه‌ڵبه‌نده‌كانیش ده‌درێت، ئه‌شبێت نوێنه‌رانی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان به‌رنامه‌ی جیاواز پێشنیار بكه‌ن و هه‌وڵی بۆبده‌ن په‌سه‌ند بكرێت و كاری جدی بۆ بكه‌ن".

"وه‌ك یه‌كێتی ئه‌مانه‌وێت هه‌موو كوردستان دیموكراسی بێت به‌تایبه‌ت زۆنی سه‌وز كه‌ سنوری ئێمه‌یه‌، ده‌مانه‌وێت حزبی سیاسی هه‌بێت و پاشه‌كشه‌ نه‌كات، بۆ ناوخۆش یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌و بڕ‌یاره‌ی كه‌ ده‌یدات به‌خوێن پارێزگاری لێده‌كات، یه‌كێتی حزبێكه‌ به‌رده‌وام حه‌زی به‌ هاوپه‌یمانێتی و كاری هاوبه‌شه‌ و خۆی به‌ به‌رپرس ده‌زانێت و به‌رده‌وام پارێزگاری له‌ بڕ‌یاره‌كانی خۆی ده‌كات و كه‌ بڕ‌یارێك ده‌دات به‌ خوێن به‌رگری لێده‌كات ".

 

PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket