riklam

پۆڵا سیروان تاڵەبانی: یەكێتی لەوادەی خۆیدا كۆنگرە دەكات

کوردستان 06:50 PM - 2023-09-12
پۆڵا سیروان تاڵەبانی PUKMEDIA

پۆڵا سیروان تاڵەبانی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی

پۆڵا سیروان تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی ناوەندەكانی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت: "هەنگاو و رێكارەكانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوامە و ئامادەكارییەكانی كۆنگرە زۆر بە باشی بەرێوەدەچێت" و راشیدەگەیەنێت: "یەكێتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەیەكی بەهێزی هەیە و خاوەنی بۆچوونی خۆیەتی و رێز لە بۆچونەكانیشی دەگیرێت".

پۆڵا سیروان تاڵەبانی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی و لێپرسراوی مەكتەبی ناوەندەكانی دەرەوەی ی.ن.ك لە چاوپیكەوتنێكیدا لەگەڵ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA بەوردی باس لە ئامادەكارییەكانی پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی و ئاستی پەیوەندییەكان و دۆخی كەركوك دەكات.

یەكێتیی لە وادەی خۆیدا كۆنگرە دەكات

پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆژی 27/9ی ئەمساڵ لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت و بەپێی پەیڕەو، كۆمسیۆنێكی تایبەت كاروبارەكان رێكدەخات.

پۆڵا سیروان تاڵەبانی دەڵێت: "لەسەرجەم ئۆرگانەكانەوە 600 ئەندام بەپێی كۆنفرانس بەشداری كۆنگرە دەكەن، بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتودا كۆمسیۆنەكە میكانیزمی هەڵبژاردن و كۆنفرانس دیاری بكات، وەك لە دروشمی كۆنگرەشدا دیارە، كە بریتییە لە (نوێگەری لەكاردا، كۆدەنگی لە بڕ‌یاردا)، یەكێتی لەم كۆنگرەیەدا خۆی نوێ دەكاتەوەو بۆ پرسەكانیش كۆدەنگی لە بڕیارداندا دەبێت، ئەمە جگە لەوەی پەیڕەو و پرۆگرامی نوێ بۆ حزب بەرهەمدەهێنرێت، كە لەگەڵ ئێستای بارودۆخی هەرێم و عیراق و ناوچەكەدا بگونجێت".

"كۆنگرە لەكاتی خۆیدا دەكرێت و لەم بارودۆخەشدا گرنگی خۆی هەیە و دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە بتوانێت لە پێش كاتی خۆیدا كۆنگرە ببەستێت و ببێتە نەریتێك بۆ حزبەكانی دیكەش، كە لەكاتی خۆیدا كۆنگرە ببەستن، ئەمە جگە لەوەی هەر لە كۆنگرەدا پەنجە دەخرێتە سەر كێشە و كەمووكوڕییەكان و چارەسەر دەكرێن"، ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی  وادەڵێت.

 

پەیوەندییەكانی یەكێتی لە هەڵكشاندایە

یەكێتیی نیشتمانی كوردستان ئاستی پەیوەندییەكانی لەهەڵكشاندایە لە ئاستە جیهانی و عیراق و كوردستانییەكانیدا و پەرەی زیاتریشی پێدەدات و بەتایبەت لە بواری دیپلۆماسیدا.

پۆڵا سیروان تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی ناوەندەكانی دەرەوە لەبارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی دەڵێت: "رۆژ لە دوای رۆژ یەكێتی برەوی زیاتر بە پەیوەندییەكانی لەسەر هەموو ئاستەكان دەدات و لەو چوارچێوەیەشدا لەسەر ئاستی عیراق رۆڵێكی گرنگی هەیە و لەهەموو ئەو رووداوانەی روودەدەن یەكێتی قسەی خۆی هەیە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش یەكێتی پێگەیەكی بەهێزی دیپلۆماسی هەیە و خاوەنی بۆچونی خۆیەتی و رێز لە بۆچونەكانیشی دەگیرێت".

"لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش یەكێتی هەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ تەبایی و رێكخستنی نێو ماڵی كورد، بۆ ئەمەش چەندین جار هەوڵی كۆكردنەوەی لایەنەكانی داوە، هەموو كات بەرژەوەندییە گشتییەكانی پێش بەرژەوەندی حزبی خستوەو لەو پێناوەشدا قوربانی داوە، هەر لەسەرەتای دامەزراندنیشیەوە یەكێتی بەوە ناسراوە كە كۆكەرەوەی دەنگە جیاوازەكان بوەو یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی خزبە كوردستانییەكانی ویستووە، چونكە دەزانێت تەنها بەو رێگەیە، بەئامانجەكانمان دەگەین و میللەتەكەمان سەردەخەین"، پۆڵا سیروان تاڵەبانی وای وت.

ئاماژە بەوەش دەكات: "بۆ ناوچە جێناكۆكەكانیش یەكێتی یەكدەنگی حزبە كوردستانییەكانی ویستووە، باشترین بەڵگەش ئەوەیە، كەلە رابردوودا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، دەستپێشخەری كرد بۆ دروستبوونی هاوپەیمانێتییەكی كوردستانی، كە پارتی رێگربوو، هەر ئەوانیش بوون یەكدەنگی كوردییان لە ناوچە جێناكۆكەكان هەڵوەشاندەوە، بەڵام یەكێتی هەرگیز دەرگای یەكڕیزی بەڕووی لایەنەكاندا دانەخستوەو هیچ كاتێك بۆ ئەو مەبەستە بە درەنگ نازانێت".

تێكدانی ئارامی و پێكەوە ژیان لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان لای یەكێتی هێڵی سورە

رووداوە نەخوازراوەكانی ماوەی رابردووی كەركوك كە بەهۆی ململانێی سیاسیی و بارەگایەكەوە بوو، ئاڵوزیی لە كەركوك روویدا و شەهید و برینداری لێكەوتەوە.

پۆڵا تاڵەبانی لەسەر رووداوەكانی ئەم دواییەی كەركوك وتی: "تێكدانی ئارامی و پێكەوە ژیان لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان لای یەكێتی هێڵی سورە و لەهیچ لایەنێكی قبوڵناكات، وەك هەندێك لایەن، هەرگیز خەڵكی ئەو ناوچانەی بۆ مەرامی تەسكی حزبی بەكارنەهێناوە، لەبەرامبەریشدا بەكردار هەوڵی هێوردكردنەوەی باروودۆخی كەركوكی داوە".

"یەكێتی خۆی بەخاوەنی كەركوك و كەركوكییەكان دەزانێت و بۆ ئەو ئەركەشی لەسەرشانیەتی لەرێگەی نوێنەرەكانییەوە لەبەغدا بەڕەسمی داوای لێكۆڵینەوەی وردی لە رووداوە نەخوازراوەكانی كەركوك كردوەو لەو چوارچێوەیەشدا وەفدی باڵای وزاری و پەرلەمانی عیراق دێنە كەركوك و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكان دەكەن"، پۆڵا تاڵەبانی وا دەڵێت.

دەشڵێت: "یەكێتی هەرگیز لەنەهامەتییەكاندا كەركوكییەكانی بەجێنەهێشتووە، هەر ئەمەش وایكردووە كە كەركوكییەكان وەك هەمیشە وەفایان بۆ یەكێتی هەبێت و یەكێتی و كەركوك وەك دوانەیەكی لێك دانەبڕاو لێی بڕوانرێت، چاوەڕوانیشمان لە خەڵكی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان هەیە كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، یەكێتییەكەیان سەربخەن و بە حزبی یەكەم بیهێڵنەوە".

یەكێتی و هەڵبژاردن

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بەتایبەت لەكەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكەی PUKMEDIA بوو لەگەڵ پۆڵا تاڵەبانی و رایگەیاند: "یەكێتی لە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان پێگەیەكی بەهێزی هەیە و دڵنیاین لەوەفای خەڵكی ئەو ناوچانە بۆ یەكێتی و هەست بە زەڕوڕیەتی بونی یەكێتی لەو ناوچانە دەكەن، چونكە دەزانن تەنها یەكێتییە زامنی بەرگریكردنیانە و لە ڕابردووشدا بە كردار ئەوەی سەلماندووە".
PUKMEDIA

تەواوی چاوپێکەوتنەکەی پۆڵا سیروان تاڵەبانی لەگەڵ PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket