riklam

ئاسۆ مامەند: یەكێتی كەركوك بەجێناهێڵێت

کوردستان 07:11 PM - 2023-09-06
 ئاسۆ مامەند PUKMEDIA

ئاسۆ مامەند

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاسۆ مامەند كەركوك

ئاسۆ مامەند كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت: "خەڵكی كەركوك و شەهیدان شاهیدی پشتیوانیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-ن بۆ شارەكە و هەرگیز كەركوكییەكان بە تەنها جێناهێڵین"، دەشڵێت: "نوێنەرانی یەكێتی پێداگربوو لە بە شەهید تۆماركردنی شەهیدانی ئاڵۆزییەكانی كەركوك و هەمیشەش سیاسەتێكی دروستی بۆ خزمەتی كەركوكییەكان پەیڕەو كردووە".


كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكیدا لە كەناڵی گەلی كوردستان رایگەیاند: "هەر لەسەرەتای داخستنی رێگەی سەرەكی هەولێر-كەركوك، لەرێی نووسینگەی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی و نوێنەرەكانی كەركوك لە حكومەت، بە بەغدا و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانمان راگەیاند، كە ناكرێت بەبیانووی كردنەوەی بارەگاوە رێگەیەكی سەرەكی دابخرێت ، بۆیە ئەگەر رێگەكە نەكرێتەوە هەڵوێستی توندمان دەبێت، بەڵێنیان پێداین لە ماوەی 72 سەعاتدا رێگەكە بكەنەوە، بەڵام ئەو خۆپیشاندانەی لێكەوتەوە كە بووە هۆی شەهیدبوونی چوار گەنجی كورد و برینداربوونی ژمارەیەك هاووڵاتی دیكە، كە خوێنی گەنجێك زۆر لە بارەگا گرنگترە و وەك لە یەكەم رۆژی رووداوەكەشدا وتمان سەرجەم بارەگاكانی یەكێتی بەقوربانی خوێنی گەنجێكی ئەم شارە بێت".


"داخستنی رێگە لە هاووڵاتیان بیركردنەوەیەكی شۆڤێنی بوو و هەم بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن-یش بوو، چونكە دەكرا بە هەڵدانی خێمە لە بەردەم بارەگاكان ناڕەزایەتی دەرببڕدرێت، ئێمە لەگەڵ وەرگرتنەوەی بارەگاداین بەڵام بۆ لەم كاتەدا؟ بۆیە دەڵێین ئەوەی كرا سیناریۆیەكی باش نەبوو" ئاسۆ مامەند وادەڵێت.

 

خەڵكی كەركوك و شەهیدان شاهیدی پشتیوانیی یەكێتین بۆ كەركوك

 

راشیگەیاند: "لە زیاتر لە سێ ساڵی شەڕی داعشدا، فەرماندە و كادیر و پێشمەرگە و رێكخستنەكانی یەكێتی پشتیوانێكی بەهێزی كەركوك بوون لە كاتێكدا ئێمە لە سەنگەردا بووین داعش تەنها كیلۆمەترێك لێمانەوە دوور بوو، بۆیە خەڵی كەركوك و شەهیدەكانمان ئەو شاهیدییەمان بۆ دەدەن، لە رووداوەكانی ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبەریشدا بڕیاری مانەوەمان لەگەڵ خەڵكەكەماندا دا، ئێستاش كادیرانی ئەو لایەنانەی كە كەركوكیان بەجێهێشت دەڵێن یەكێتی بڕیارێكی دروستیدا".

 

ئاسۆ مامەند راشكاوانە دەڵێت: "لە ساڵی 2018 كە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەچوو پارتی بەشداری هەڵبژاردنی لە كەركوك نەكرد و گۆڕەپانەكەی بۆ پێكهاتەكانی دیكەی كەركوك چۆڵكرد، خۆشبەختانە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەنگی باشی بەدەستهێنا و سەلماندی كورد زۆرینەیە لە كەركوك، كەچی پارتی ساڵی 2021 بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی كرد بەبێ ئەوەی هیچ لە دۆخەكە گۆڕابێت، بۆیە دەڵێین، دەكرێت روبەڕووی نادادییەكان ببینەوە، بەڵام ناكرێت گۆڕەپانی سیاسی لە كەركوك چۆڵبكرێت".

 

"بەداخەوە، جگە لە پارتی تەواوی لایەنە كوردستانییەكان لە كەركوك یەك هەڵوێستن، بۆیە پێیان دەڵێین داواكارییەكانی كورد لە بەغدا جێبەجێ دەكرێن نەك لە شۆڕیجە و رەحیماوا، بۆیە داوا لە پارتی و لایەنەكانی تریش دەكەین پێكەوە كار بۆ چارەسەری كێشەكانی كەركوك بكەین"، ئاسۆ مامەند وای وت.

یەكێتی  هەمیشە سیاسەتێكی درووستی بۆ خزمەتی كەركوكییەكان پەیڕەو كردووە


كارگێڕەكەی مەكتەبی سیاسی دەشڵێت: "لە یەكەم شەوی رووداوەكانی كەركوك سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی 5 جار پەیوەندی پێوەكردووین بۆ سەردانكردنی كەركوك بەڵام دڵنیاییمان پێدا كە خۆمان كێشەكان چارەسەر دەكەین، رونیشە كە هەمووكات یەكێتی سیاسەتێكی راست و درووستی بۆ خزمەتی كەركوكییەكان پەیڕەو كردووە، كە هێزە عیراقییەكانیش هاتنە ناو كەركوكەوە ئەوە دوو وەزیرەكەی یەكێتی بوون داوای كشاندنەوەی ئەو هێزانەیان لە كەركوك كرد، هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هاتە كەركوك و لەگەڵ هاوپەیمانی ئۆپەراسیۆنەكان و عەبدولئەمیر یاروڵڵا كۆبووەوە، بۆیە رامانگەیاند، ئەگەر لایەنێك چەند سەد كەسێك بێنێتە سەرشەقام ئێمە دەتوانین لە چەند سەعاتێكدا چەندین هەزار كەس بهێنینە سەر شەقام".

 

یەكێتی پێداگربوون لە بە شەهید تۆماركردنی شەهیدانی ئاڵۆزییەكانی كەركوك


"لە كۆبوونەوەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ نوێنەرانی كەركوك لەسەرجەم پێكهاتەكان، نوێنەرەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان یاداشتێكیان پێشكەش كرد و داوای ئازادكردنی زیندانییەكان و بە شەهید تۆماركردنی شەهیدانی رووداوەكە و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانیان كرد، هاوكات سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تیمێكی پارێزەرانی ناردە كەركوك بۆ بەسزا گەیاندنی تەقەكەران، وەك یەكێتیش هەرگیز لە خوێنی شەهیدەكانمان خۆش نابین و خۆمان بە خاوەنی ئەم شارە دەزانین و لە هەوڵی پاراستنی تەبایی شارەكەداین" ئاسۆ مامەند وادەڵێت.


كارگێڕەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوەشی راگەیاند: "شوێنێكی كوردستان نەماوە خوێنی كەركوكییەكانی تێدا نەڕژابێت،  ئەم دۆخە ئاڵۆزەی ئێستا لە كەركوك هەیە خزمەت بە كورد و شارەكە ناكات، بەڵام ئێمە خەڵكی خۆڕاگری كەركوك دڵنیا دەكەینەوە، یەكێتی كەركوكییەكان بە تەنها جێناهێڵێت و دڵۆپێك خوێنی گەنجانی كەركوك لەهەموو پۆستی شارەكە گرنگترە و نامانەوێت موزایەدە بە خوێنی گەنجانەوە بكرێت".

 

ئەمەش لە كاتێكدایە لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی ململانێی سیاسی و شەڕی بارەگای حزبییەوە كە پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان رادەكێشرێت، شەڕوئاڵۆزیی لە كەركوك روویدا و هەریەك لە هاوكار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەمەد، حوسێن سابیر شەهید كران، كە سەرجەمیان هەڤاڵ و تێكۆشەری ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوون.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket