riklam

ستران عەبدوڵڵا: کارێکی خراپە بۆ وەرگرتنەوەی بارەگا خوێنی لاوان بڕژێت

کوردستان 06:43 PM - 2023-09-03
ستران عەبدوڵڵا PUKMEDIA

ستران عەبدوڵڵا

مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ستران عەبدوڵا

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە رووداوەکانی کەرکوک رایگەیاند: "ئەم بارودۆخەی کەرکوک نەخوازراوە، یەکێتیی پێی وایە بارەگایەک ئەوە ناھێنێ خوێنی لاوانی کوردی لەسەر برژێت و نابێت کەرکوک بخرێتە ناو مغامەرەی سیاسیەوە".

یەکێتی پێی وایە بارەگا ئەوە ناهێنێت خوێنی لاوانی کوردی لەسەر بڕژێت

ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەلیدوانێکیدا بۆ میدیاکانی یەکێتیی رایگەیاند: "ئەم بارودۆخەی کەرکوک بارودۆخێکی نەخوازراوە، سەرۆکی یەکێتی و ھەڤاڵانی ئێمە لەکەرکوک ھەر لەسەرەتاوە لەسەر خەت بوون کە ئەم رووداوانە نەگاتە ئەوەی خوێنی تێکۆشەر و لاوانی کورد بڕژێت".

"یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پێی وایە بارەگایەک ئەوە ناھێنێ خوێنی لاوانی کوردی لەسەر برژێت، هەروەها شاری کەرکوک جەمسەرگیریەکی توندی ئیقلیمی و ناوخۆیی لەسەرە، نابێت کەرکوک بخرێتە ناو مغامەرەی سیاسیەوە"، ستران عەبدوڵڵا وادەڵێت.

سەرۆک بافڵ تەئکید دەکاتەوە بارگرژی لە پرۆسەی سیاسی کەرکوک دا نەبێت

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی ئاماژەی بەوەشدا: "سەرۆک بافڵ و سەرۆک وەزیرانی عیراق بەتەلەفون قسەیان کردو سەرۆک بافڵ داوای کرد کە ئەو بابەتەی لەکەرکوک ھەیە چارەسەربکرێت، کێشەکە بۆ ھێزە مەحەلیەکان بەجێنەھێڵدرێت، چونکە کاتی ئەوە ھاتوە رێگە لەوە بگیرێت کە بارودۆخی کەرکوک لەوە ئاڵۆزتربێت ".

"سەرۆک بافڵ تەئکیدی لەوە کردەو کە پرۆسەی سیاسی لەکەرکوک بارگرژی تێدانەبێت"، "هەروەها حکومەتی عیراق دەبێ دوو ئەرک جێبەجێبکات یەکەمیان ئەم ئاڵۆزیە بەرەو نەمان بچێت و عەسکەرتاریەتی کەرکوکیش کۆتایی پێبھێنێت"، ستران عەبدوڵڵا وادەڵێت.

یەکێتی ئامادەیە هەموو تێکۆشانێک بکات

ستران عەبدوڵڵا وتیشی: "ھەرکاتێک بەرەنگاری شۆڤینی و تیرۆریزم دێتە پێشەوە یەکێتیی ئامادەیە خوێن ببەخشێت و ھەموو تێکۆشانێک بکات، بەڵام بەشێک نابین لەسەرچڵی سیاسیی لە کەرکوک"، ئاماژەی بەوەشدا: "کارێکی خراپە لەبەر موغامەرەی سیاسی و وەرگرتنەوەی بارەگایەک خوێنی لاوانی کورد برژێت ".

ئاماژەی بەوەشدا: "روومان لەھەڵبژاردنە، پارتی بییەوێ ئەمەی کەرکوک بکاتە کەرەستەیەک بۆ ئەوەی خۆی بێتەوە شاری کەرکوک ئەوە کارێکی زۆر زۆر خراپە". وتیشی: "کەمپینی ھەڵبژاردن پێویستی بەخۆشی و ئاوەدانی و ئارامی ھەیە بۆ ئەوەی گەنجانی کورد بەحەماسەوە بەشداری تێدابکەن، پێویستی بەوە نییە خوێنی کوردی تێدابرژێت، لەو شەھیدانەش شەھیدی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان شەھیدی گەلەکەمانن".

 

 

پارتی نانی لەوەدایە ناکۆکی لەنێوان پێکهاتەکاندا هەبێت

ستران عەبدوڵڵا رایگەیاند: "هەندێك هێزی سیاسی پێویستیان بە بەریەككەوتن و خوێن هەیە تا كار لە  هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكەن"، دەشڵێت: "پارتی نانی لەوەدایە ناكۆكی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەكان هەبێت و سا بەڵکو جەماوەری خۆی پێ دروست بكاتەوە".

"یەكێتی و سەرۆك بافڵ زۆر هەوڵیاندا بارودۆخەكە بەم شێوەیەی لێنەیات، بەڵام هەندێك هێزی سیاسی بەرژەوەندییان لە ئاساییبوونەوەی دۆخەكەدا نەبوو". "نابێت پێدانەوەی بارەگایەكی حزبی وەك دەسكەوتێك بۆ گەلی كورد حساب بكرێت، سیاسەتی درووست ئەوەیە بارەگای حزب نەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی فیتنە و ئاژاوە"، ستران عەبدوڵڵا وادەڵێت.

دەشڵێت: "بەرهەمی کۆششی سیاسی یەكێتی لە كوردستان و عیراق وایانكرد ئەمڕۆ بارودۆخەكە ئارام بێتەوە". "هەمیشە ئیرادەی خەڵكی كەركوك، ئیرادەیەكی كوردستانی، كەركوكی، یەكێتییانە و دیموکراسییانە بووە".

پارتی لە بەغدا بارەگای سوتێندرا و بێدەنگ بوو، بۆ لە کەرکوک وانەبوو؟

ستران عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشدا: "هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئیرادەی خەڵكی كەركوك و ئیدارەی شارەكە بەگوێرەی دەستوور ئاشت دەكاتەوە و نەخشەرێگای یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پێناوی كەركوكییەكانە و لەگەڵ دەستوور و ماددەی 140 و سەرجەم پێكهاتەكاندا دەنگونجێت و لە پێناوی هەموویاندایە". "چارەسەری كێشەی كەركوك بەوە دەبێت ئەنجوومەنی پارێزگا پێكبهێندرێت و سەرجەم هێزە سیاسییە كوردستانی و عیراقییەكان لەنێو ئەو ئەنجوومەنەدا بیروڕای سیاسی بگۆڕنەوە، نەك لەسەر جادە بەریەککەوتن هەبێت".

"هەڵوێستی پارتی لە بەغداد درووست بوو، كاتێك بارەگاكەیان سوتێنرا و ئارامیان گرت.ئەی بۆ لە کەرکوک وا نەبوون، پارتی لە پرۆسەی سیاسی عیراقدا دیموكراسییە، بەڵام بە داخەوە لە كەركوك و كوردستان و لەنێو گەلەكەی خۆیدا ناتوانێت دیموكراسی بێت"، "رەخنەگرتمان لە پارتی مانای ئەوە نییە كەمتەرخەمی حكومەتی عیراق لە رووداوەكەی كەركوكدا لەبیر بكەین"، ستران عەبدوڵڵا وادەڵێت.

وتیشی: "كەركوك پێویستی بە خزمەتگوزاریی و پێكەوەژیان و ئارامییە، نەك گرژی نێوان نەتەوەكاندا"، "هەڵكوتانە سەر ماڵی هاوڵاتییانمان لە كەركوك قبوڵكراو نییە". دەشڵێت: "پارتی لەم دۆخەدا تەنیا شكست و نەهامەتی بۆ ماوەتەوە و متمانەی لەدەستداوە، بۆیە ناتوانێت بگەڕیتەوە كەركوك و ئیدامە بە پرۆسەی سیاسی خۆی بداتەوە".

پارتی لە بەغدا لەگەڵ لایەنە عەرەبەکان تەبایە و لە کەرکوک دژیانە

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی راشیگەیاند: "یەكێتی لە شوێنێكا خوێنی بەخشیوە كە بەرهەمی هەبووبێت لە خەباتی ئازادیخوازی كورددا". "ئەو حزبانەی بارودۆخی كەركوك لەبەرچاو ناگرن، ناتوانن بە موزایەدە كەركوكییەكان چەواشە بكەن".

"پارتی لە بەغدا و هەولێر لەگەڵ لایەنە عەرەبییەكاندا تەبایە و لە كەركوك دژیانە"، "پارتی ناتوانێت بە موزایەدە بگەڕێتەوە، ئەگەر بیەوێت بگەڕێتەوە دەبێت خزمەتی شارەكە بكات". هەروەها، "بەگوێرەی یاسا دەتوانێت بەبێ كێشە بگەڕێتەوە كەركوك، وەك چۆن گەڕانەوە موسڵ"، ستران عەبدوڵڵا وادەڵێت.

 دەشڵێت: "یەكێتی لە كوردستان و عیراق هەمان پەیامی هەیە، بە كوردیی و عەرەبی هەمان قسەدەكات".
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket