riklam

31ی ئاب و كاردانه‌وه‌ جیهانییه‌كان

کوردستان 06:00 PM - 2023-09-02
خیانەتی ٣١ی ئاب PUKMEDIA

خیانەتی ٣١ی ئاب

٣١ی ئاب

ئەنجومەنی ئاسایش بۆ دابینکردنی ناوچەیەکی ئارام بۆ کوردەکان لە ساڵی 1991، بڕیاری 688ی دەرکرد، کە تایبەت بوو بە رێگریکردن لە رژێمی بەعس، لەپێناو سەلامەتی گیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەڵام پارتی بڕیارەکەی شکاند و سوپای عیراقی هێنایەوە هەولێر، ئەو خیانەتەش کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و بە تێکدانی ناوچەیەکی ئارام بۆ کوردەکان لەقەڵەم درا.

رۆژی 31 ی ئابی ساڵی 1996 رۆژێكی ره‌شه‌ له‌مێژووی گه‌لی كورد و زامێكی سه‌ختی ساڕ‌ێژنه‌بووه‌ له‌ جه‌سته‌ی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان كه‌ له‌ جه‌رگه‌ی پایته‌خت ‌و دوای كه‌متر له‌ شه‌ش ساڵ ئه‌زموونی حوكمڕ‌انی ‌و ئازادی وڵاته‌كه‌مان كرا، ئه‌و خیانه‌ته‌ كاردانه‌وه‌ی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی لێكه‌وته‌وه‌ و بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا هێرشی ئاسمانی بكاته‌ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی كوردستان كه‌ سوپای عیراقی لێبوو.

خیانه‌تی داگیركردنی هه‌ولێر هه‌ر ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی ‌و ئه‌منی نه‌بوو، بۆ ده‌ركردنی هێزێكی سیاسی وه‌كو یه‌كێتی كه‌ هێزی سه‌ره‌كی راپه‌ڕ‌ینی كوردستان ‌و رزگاركردنی هه‌ولێری پایته‌خت بوو، ته‌نها فه‌سڵێكی خه‌مناك نه‌بوو له‌ فه‌سڵه‌ دوورودرێژه‌كانی شه‌ڕ‌ی ناوخۆ، ته‌نها ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی نه‌بوو بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی شارێك له‌هێزێكی سیاسی ‌و پێشكه‌شكردنی به‌ هێزێكی تر، به‌ڵكو 31 ی ئاب كرده‌یه‌كی ناپاك و ناجۆری سیاسیی ‌و نیشتمانیی ‌و نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وتۆ بوو كه‌ گورزی توندی له‌ ئیعتبار ‌و مۆراڵی ئه‌زموونی حوكمڕ‌انی ‌و خه‌سڵه‌تی دیموكراتی ‌و ئازادیخوازی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان دا.

كلنتۆن: ئه‌گه‌ر من خیانه‌تی 31ی ئابم بكردایه‌ پاسه‌وانه‌كانم لێیان قبوڵ نه‌ده‌كردم

گه‌وره‌ترین حكومه‌تی دنیا كه‌ ئه‌مریكایه‌ به‌باشی ئاگاداری خیانه‌تی گه‌وره‌ی 31ی ئاب بوو، به‌شێوه‌یه‌ك بیڵ كلنتۆن سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ وتارێكیدا كه‌ له‌ كۆشكی سپی له‌باره‌ی 31ی ئابه‌وه‌ پێشكه‌شی كرد وتی: "سێ رۆژ له‌مه‌وبه‌ر سه‌ره‌ڕ‌ای هۆشداری روون له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، هێزه‌كانی عیراق هێرشیان كرده‌ سه‌ر شاری كۆنترۆڵكراوی هه‌ولێر له‌ عیراق و داگیریان كرد، به‌ڵام ده‌ركه‌وت سه‌دام حسێن به‌ هاوكاری گروپێكی كوردی، هێرشی بۆ سه‌ر هه‌ولێر كردووه‌".

 هاوكات بیڵ كلنتۆن هه‌ر له‌باره‌ی خیانه‌تی 31ی ئابه‌وه‌ وتویه‌تی: "ئه‌گه‌ر خۆم خیانه‌تێكی وام بكردایه‌ ره‌نگه‌ پاسه‌وانه‌كانم لێیان قبوڵ نه‌كردمایه‌".

جۆ بایدن: 31 ی ئاب پێشێلكردنی بڕ‌یارنامه‌ی (688) بوو

جۆبایدنی سه‌رۆكی ئێستای ئه‌مریكا له‌ ‌ساڵی (1996) كه‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پیران بوو، له‌باره‌ی رووداوی (31 ئاب)، له‌ لێدوانێكدا له‌ناو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یدا، ده‌ڵێت: "كرده‌وه‌كانی سه‌دام پێشێلكاری شه‌رت‌ و مه‌رجه‌كانی مافی مرۆڤی جیهانی‌ و بڕ‌یارنامه‌ی (688)ـی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانه‌،‌ داوا له‌ سه‌دام ده‌كه‌م كۆتایی به‌ سه‌ركووتی كورده‌كان بهێنێت".

جۆن كیری: داگیركردنی هه‌ولێر پاساوی نییه‌

وه‌زیری پێشتوتری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا جۆن كیری، ئه‌وكاته‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پیران بووه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "سه‌دام حسێن هه‌وڵیداوه‌ پاساو بۆ ده‌ستدرێژییه‌كه‌ی بهێنێته‌وه‌‌و وتویه‌تی له‌سه‌ر داوای پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌یه‌كێ له‌ حزبه‌كانی باكوری عیراقه‌ چوونه‌ته‌ ناو هه‌ولێر".

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "هێرشی عیراق بۆ سه‌ر هه‌ولێر و مه‌ترسی به‌رده‌وامی هێزه‌كانی بۆ ئه‌وه‌ی هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر شوێنه‌كانی دیكه‌، سوكایه‌تی كردنه‌ به‌ رۆح ‌و ناوه‌ڕ‌ۆكی بڕ‌یارنامه‌ی (688) و سه‌دان خه‌ڵكی بێ‌ سڤیلی گوناحی كورد كوژراون".

CNN: مه‌سعود بارزانی په‌یمانی بۆ سه‌دام حسێن دووپاتكرده‌وه‌

تۆڕ‌ی میدیایی CNN ی ئه‌مریكی له‌ راپۆرتێكیدا كه‌ رۆژی 12-9-1996، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ له‌باره‌ی 31ی ئابه‌وه‌ نووسیویه‌تی: "له‌كاتێكدا گروپه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی عیراق هه‌وڵیانده‌دا له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا پشتیوانی بۆ رووخاندنی سه‌دام حسێن كۆبكه‌نه‌وه‌، له‌نێوان حزبه‌ كوردییه‌كانی باكووری عیراق-دا شه‌ڕ‌ روویدا و پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ هاوكاری رژێمی به‌عس ركابه‌ره‌كه‌ی كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌ له‌ هه‌ولێر وه‌ده‌رنا".

CNN  ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردبوو: "پێده‌چێت مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، سه‌رله‌نوێ په‌یمانی خۆی بۆ سه‌دام حسێن دووپاتكردبێته‌وه‌، كه‌ له‌ 31ی ئابدا سه‌ربازه‌كانی هێرشیان كرده‌ سه‌ر ناوچه‌ كوردییه‌كان، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی ئه‌مریكای لێكه‌وته‌وه‌و ناچار بوو بۆ وه‌ده‌رنانی سوپای عیراق له‌و ناوچانه‌ هێرشی مووشه‌كی بكاته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان".

پاساو هێنانه‌وه‌ بۆ خیانه‌تی 31ی ئاب

كاردانه‌وه‌كان دژی ئه‌نجامدانی 31ی ئاب له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌، مه‌سعود بارزانی ناچار به‌ هێنانه‌وه‌ی پاساو كرد و ده‌ڵێت: "هێزه‌كانی عیراق له‌ ناوچه‌كه‌ كشاونه‌ته‌وه‌ و له‌ داهاتووشدا قسه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداش ناكه‌ین".

"كاردانه‌وه‌ ناوخۆیی و جیهانییه‌كان دژی هێنانی سوپای عیراق بۆسه‌ر كوردستان، مه‌سعود بارزانی ناچار كرد به‌ په‌له‌ جیهان دڵنیا بكاته‌وه‌ كه‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ عیراق كاتییه‌و له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ CNN  جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ولێر له‌ ده‌ستی پارتیدایه‌ و به‌هێنانی سوپای رژێم له‌ ژێر ده‌ستی یه‌كێتی ده‌ریهێناوه‌".

پاش 31ی ئاب بارزانی ناچاربوو بشڵێت: "هێزه‌كانی عیراق له‌ ناوچه‌كه‌ كشاونه‌ته‌وه‌"، ته‌نانه‌ت سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی داهاتووی وتی: "قسه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ناكه‌ین ".

سه‌ركه‌وتنی پارتی له‌هێنانی سوپای رژێم بۆسه‌ر خاكی كوردستان، بووه‌ هۆی ئه‌نجامدانی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی ئه‌مریكا بۆسه‌ر كوردستان، هه‌روه‌ها په‌ناگه‌ی ئه‌منی كورده‌كانی له‌ناوبرد كه‌ له‌ دوای ئۆپه‌راسیۆنی زریانی بیابانه‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانه‌وه‌ دامه‌زرا و پارێزراو بوو.

خیانه‌تی 31ی ئاب خه‌ونی ئۆپۆزسیۆنی عیراق-یشی له‌ناوبرد

لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی عیراق له‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا بوون بۆ له‌سه‌ر حوكم لادانی رژێمی عیراق، به‌ڵام پارتی به‌ ئه‌نجامدانی 31ی ئاب رێسه‌كه‌ی لێكردنه‌وه‌ به‌خوری و هه‌موو رێگاكانی سه‌ركه‌وتنی به‌ڕ‌وویاندا داخست.

به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی  CNN، 31ی ئاب زیانی گه‌وره‌ی به‌ گروپه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ عیراقییه‌كان گه‌یاندوه‌ كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی پشتیوانیان ده‌دا بۆ لابردنی سه‌دام حسێن له‌سه‌ر حوكم، بۆیه‌ گروپه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌یانوت: "گه‌ڕ‌انه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی سوپای عیراق له‌سه‌ر بانگهێشتی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كوردستان گه‌وره‌ترین زیانی لێداین".

هاوكات رۆزماری هۆلیس له‌ په‌یمانگای شاهانه‌ی كاروباری نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌ی رووداوه‌كانی 31ی ئابه‌وه‌ نووسیویه‌تی: "له‌ راستیدا هیچ رێگه‌یه‌ك بۆ مانه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنی ئۆپۆزسیۆنی عیراق له‌ناو ئه‌و ناوچانه‌ی باكوری عیراق (كوردستان)ـدا نه‌ماوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن سه‌دام حسێنه‌وه‌ كۆنترۆڵكراون".

"كۆنترۆڵكردنی باكوری عیراق (كوردستان)، هیوای گردبوونه‌وه‌ و ناڕ‌ه‌زایه‌تی و روبه‌ڕ‌وبه‌ڕ‌وبوونه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆنی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌غدا له‌ ناوخۆی وڵاتدا له‌ناوبرد"، رۆزماری هۆلیس واده‌ڵێت.

ده‌شڵێت: "به‌داگیركردنه‌وه‌ی به‌شێكی كوردستان له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌ هیچ قه‌ڵایه‌ك بۆ ئۆپۆزسیۆن نه‌ماوه‌، روون نییه‌ كه‌ ده‌بێت ئۆپۆزسیۆن چی بكات".

مه‌حمود عوسمان: هاتنی گاردی كۆماری بۆ هه‌ولێر شه‌ڕه‌كه‌ی توندتر كرد

هه‌ر له‌و كاته‌دا CNN چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ مه‌حمود عوسمان كه‌ ئه‌وكات له‌ به‌ره‌ی كوردستانی بووه‌ كردوه‌و ناوبراو ده‌ڵێت: "به‌هێنانی سوپای عیراق له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ بۆسه‌ر شاری هه‌ولێر، شه‌ڕ‌ی نێوان حزبه‌ كوردییه‌كانی زیاتر كرد و دۆخی كوردستانی خراپتر كرد".

ده‌بابه‌كانی سه‌دام هاتنه‌ پایته‌خت

رۆژی 31ی ئاب رۆژی ره‌شی هانابردنه‌ بۆ سوپای رژێمی به‌عس كه‌ به‌ به‌رچاوی كامێراكانی دونیاوه‌ تانك ‌و ده‌بابه‌كانی سوپای سه‌ددام به‌ هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ پارتی، كه‌وتنه‌ كێوماڵی پایته‌ختی خه‌ونی كورد ‌و داگیریان كردنی، له‌م په‌لاماره‌ نه‌گریسه‌دا ده‌یان ‌و سه‌دان پێشمه‌رگه‌ ‌و تێكۆشه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ به‌ره‌نگاری هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی پارتی و به‌عس شه‌هید بوون ‌و برینداربوون و بوونه‌ شاهیدی سه‌نگه‌ربه‌ندی هه‌میشه‌یی نیشتمان ‌و نه‌ته‌وه‌ و بوونه‌ به‌ره‌نگاربووی سوپای دوژمن، سوپایه‌ك كه‌ ئه‌نفال و كیمیابارانی كردین.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket