riklam

كەریم عوسمان شەهیدی راگەیاندن و شوێنبزری 31ی ئابەكەی پارتی

کوردستان 03:05 PM - 2023-08-31
شەهید كەریم عوسمان و سەرۆك مام جەلال PUKMEDIA

شەهید كەریم عوسمان و سەرۆك مام جەلال

٣١ی ئاب یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شەهیدانی یەكێتی

كەریم عوسمان یەكێكی دیكەیە لە شەهیدەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لە خیانەتی 31ی ئابدا لەبارەگای ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستان لەلایەن پارتییەوە بەدیلگیرا و گۆڕون كرا، هاوسەری شەهید كەریم دەڵێت: "تەنها تاوانی ئەوەبوو كە كادری راگەیاندنی یەكێتی بوو، چەندین جاریش داوامان لە بارزانی كردووە گۆڕەكەیمان نیشانبدات بەڵام جورئەتی نەبووە".

هاوكات حەمە عوسمان برای شەهید كەریم عوسمان لە خیانەتی 31ی ئابدا دەڵێت: "ئەو خیانەتە بەهای مرۆڤ و شكۆی مرۆڤایەتی نەهێشت"، دەشڵێت: "پارتی بەدیلی و بە ترسنۆكی كەریم عوسمان-یان شەهید كرد، بەشێوەیەك ترسنۆكن هەتائێساش شوێن و روفاتی ئاشكرا ناكەن" .

شەهید كەریم عوسمان دوای راپەڕینی ساڵی 1991 لە كەناڵی هەولێری تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان وەك بێژەر كاریكردووە،  رۆژنامەنوسی و بێژەرێكی كارامە بوو هەموو توانای خۆی بۆ  پەرەپێدانی راگەیاندنی بینراو خستەگەڕ، وەك كادیرێكی راگەیاندن لەسەر رای گشتی گەیشتووەتە رادەیەكی هەستپێكراو، بۆیە لە هەولێر و هەوڵی تیرۆركردنی دراو برینداركرا.

دڵپاك تاهیر ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوسەری شەهیدی رۆژنامەنووس كەریم عوسمان، لە گێڕانەوەی  تاوانی خیانەتی 31ی ئاب و بێسەروشوێنكردن و شەهیدكردنی هاوسەرەكەیدا دەڵێت: "رۆژی خیانەتە گەورەكەی 31ی ئاب دوا دەنگی كەریم عوسمان-م لەرێگەی رادیۆی مەڵبەندەوە بیست و ئەوكاتەی لەبارەی خیانەتی پارتی-یەوە هەواڵ و پەیامی بڵاودەكردەوە" ئەو دەڵێت: "ئەوكاتە تێگەیشتم كە ئاڕاستەی شەڕەكان زۆر گۆڕاون و خیانەت و دەست تێكەڵاوكردن لەگەڵ بەعسی تێكەوتووە، بەتایبەت كە ئاستی كۆمەڵكوژییەكە بە تەنها پێشمەرگەی یەكێتی و ئۆپۆزسیۆنی نەگرتووەتەوە، بەڵكو منداڵ و كەسوكاری لایەنە سیاسییەكانی تری دەرەوەی پارتیش كەوتنە بەر شاڵاوی لەناوبردن و كۆمەڵكوژی".

 

 

شەهید كەریم، كادرێكی دڵسۆزی یەكێتی بوو

 

 

"شەهید كەریم عوسمان هەر ئەوڕۆژەی لەگەڵ پێنج پێشمەرگەی دیكەی یەكێتیدا بەرەو كۆیە بەڕێكەوتن، كەوتنە كەمینی پارتییە و برانە بارەگاكانی پارتی و سوكایەتی زۆری پێكرا، لەبەر ئەوەی كادرێكی دڵسۆزی راگەیاندنی یەكێتیی نیشمانیی كوردستان بوو و لەو رۆژەوە دیارنەما، پاش بێسەروشوێن بوونیشی لەلایەن سەرۆك مام جەلال و هێرۆ خان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ئەوساڵانەی یەكێتییەوە بەردەوام سۆراغی دەكرا، بەڵام هەوڵەكان بێ ئەنجام بوون و پارتی جورئەتی ئەوەی نەكردووە گۆڕەكەشیمان نیشان بدات" دڵپاك تاهیر وادەڵێت.



31ی ئاب، ئەو رۆژەی هەرگیز ویژدانی مرۆڤایەتی تێیدا ئاسوودە نابێت 

شەهید كەریم عوسمان هونەرمەندی شانۆ و كادیری راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەدایكبووی ساڵی 1959ی شاری سلێمانییە و ساڵی 1978 لە بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدا وەرگیرا، لەوێ‌ پەیوەندی بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە كردووە، دوای تەواوكردنی خوێندن لە بەغدا لەساڵی 1982 گەڕاوتەوە بۆ سلێمانی و لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی لەوانە دڵشاد مەریوانی و عوسمان شەیدا و عەبدولرەحمان قادر غەفور ناسراو بە شێخ عەبدول لە یەكێك‌ لە كەرتەكانی رێكخستن رێكخراوە.

 

 

31ی ئاب، خیانەت و شەرمەزاری و ملشۆڕی پارتی-یە

 

 

حەمە عوسمان برای شەهید كەریم عوسمان لە یادی 27 ساڵەی خیانەتی 31ی ئابدا دەنووسێت: "31ی ئاب پەڵەی رەشی شەرمەزاری، شەرمەزاری و ملشۆڕی حزبێك كە لەشكری داگیركەری بەعسی بەغدای هێنایەوە هەولێری پایتەختی كوردستان، كە بە رۆژانی خوێنی سەدان خەڵكی قارەمان ئازاد كرابوو، هەر ئەوڕۆژە دەبابەكانی بەعس پەرلەمانی كوردستانیان داگیركرد و ئاڵای پیرۆزی كوردستانیان داگرتوو ئاڵای عیراقیان لە شوێندانا" .

 

"هەر لەو رۆژەدا شەهید كەریم عوسمان-ی برام بە دیلی كەوتەدەست یەكێك لە هێزەكانی پارتی و سەرنگومكراو تائێستاش بێگۆڕە، كچەكانی شەهید كەریم سۆنیا و ڤانیا چەندین جار بە مەسعود بارزانی-یان وتووە: "بۆ باوكمانتان ئەنفالكرد؟" بەڵام تائێستا وەڵامیی نییە " حەمە عوسمان وادەڵێت.


دەشڵێت: "ئەوەی كەریم عوسمانی شەهید كرد، تەنها كەریمی شەهید نەكردووە بەڵكوو، دەیان شانۆ و دەیان تەختەودەیان پەردەی شانۆییان شەهیدكردووە، لە هەمووشی زیاتر هەموو نرخ و بەهای مافی مرۆڤ و شكۆی مرۆڤایەتیان نەهێشت و بەدیلی و بە ترسنۆكی شەهیدیان كرد، بەشێوەیەك ترسنۆكن هەتائێساش شوێنی و لاشەی ئاشكرا ناكەن" . 

 

 

كەریم عوسمان هونەرمەند و میدیاكاری بەغەدر شەهیدكراو كێیە؟

 

 

 كەریم عوسمان هونەرمەندی شانۆ و كادیری راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەدایكبووی ساڵی 1959ی شاری سلێمانییە و ساڵی 1971 خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە سلێمانی تەواوكردووە، ساڵی 1978، لە بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدا وەرگیرا، لەوێ‌ پەیوەندی بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە كردووە، دوای تەواوكردنی خوێندن لە بەغدا لەساڵی 1982 گەڕاوتەوە بۆ سلێمانی و لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی لەوانە دڵشاد مەریوانی و عوسمان شەیدا و عەبدولرەحمان قادر غەفور ناسراو بە شێخ عەبدول لە یەكێ‌ لە كەرتەكانی رێكخستن رێكخراوە.

 

ژیانی هونەریی كەریم عوسمان بە ژیانێكی دەوڵەمەند دەژمێردرێ‌ت، لە ژمارەیەكی زۆری شانۆگەرییەكاندا بەشداریی كردووە، لە هەندێكیاندا وەك كاراكتەری سەرەكی و لە هەندێكی دیكەدا دەرهێنەر بووە، ساڵی 1979 بەشدار بووە لە شانۆگەریی (ئەو پیاوەی بوو بە سەگ) كە لە بەغدا لە بارەگای كۆمەڵەی رۆشنبیری كوردی نمایش كرا، لە ماوەی ساڵانی 1983-1986دا لە چەند شانۆگەرییەكدا بەشدار بووە وەك (دوو رەگ) و (مانگی ئاوابوو). هەروەها بەشداریی لە چەند شانۆگەرییەگی وەرگێڕدراودا كردووە وەك (كەللە سەر)ی شاعیری گەورەی تورك نازم حیكمەت كە دڵشاد مەریوانی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی و جەلیل زەنگەنە لە ساڵی 1987 دەریهێناوە.

 

هەر ئەو ساڵە بەشداربووە لە زنجیرە درامای (خاتوو كڵاوزەر) و رۆڵی میری ئامێدی تێدا گێڕاوە. چەند شانۆگەرییەكیشی دەرهێناوە لەوانە شانۆگەری (كەمانچەی رۆچێلد) لە ساڵی 1987 كە بە یەكێ‌ لە شانۆگەرییە هەرە سەركەوتووەكانی مێژووی شانۆی كوردی دادەنرێت. لە ساڵی 1989دا شانۆگەرییەكی شكسپیری بۆ كۆلێجی ئەدەبیاتی زانكۆی سەڵاحەدین دەرهێنا و دوای نمایشكردنی بە زمانی ئینگلیزی لە فیستیڤاڵی زانكۆكانی عیراق لە موسڵ، پلەی یەكەمی فیستیڤاڵەكەی بەدەستهێنا.

پاش راپەڕینی ساڵی 1991 لە كەناڵی هەولێری تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان وەك بێژەر كاری كردووە و وەك كادیرێكی كارا هەموو توانای خۆی بۆ  پەرەپێدانی راگەیاندنی بینراو خستۆتەگەڕ، لەو ماوەیەدا كاریگەریی، وەك كادیرێكی راگەیاندن لەسەر رای گشتی گەیشتۆتە رادەیەكی هەستپێكراو، هەوڵی تیرۆركردنی لە هەولێر و برینداركردنی، زۆر بە روونی نیشانی دەدا كە نەیارانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چیتر ئامادەنەبوون بیەڵن بەردەوام بێت لەسەر كاركردنە سەر رای شەقام.

 

لە ئابی 1996 لەساتی داگیركردنی هەولێر لەلایەن سوپای بەعسی فاشی بە هاوكاری هێزەكانی پارتیی دیموكراتیی كوردستان، كەریم عوسمان لەبارەگای ئێزگە دەستگیركرا و گۆڕون كرا.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket