riklam

پاش 35 ساڵ هەورامییەكەی هەموو كوردستان هەر زیندووە

کوردستان 09:29 AM - 2023-08-31
شەهیدی سەركردە كاك ئازاد هەورامی PUKMEDIA

شەهیدی سەركردە كاك ئازاد هەورامی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان شەهیدانی یەكێتی

لەساڵیادی شەهیدكردنی ئازادەكەی كەركوك و هەورامییەكەی هەموو كوردستاندا

 35 هەمین ساڵیادی شەهیدی سەركردە كاك ئازاد هەورامی-یە، شەهید ئازاد یەك لەهەزاران شەهیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و یەك لەدەیان شەهیدی فەرماندە و سەركردەیەی شۆڕشی نوێیە، شەهید هەر شەهیدەو هەر تاجی سەرە، بەڵام ئازاد هەورامی تایبەتمەندیی خۆی هەیە، هەركەسێكیش خاوەن تایبەتمەندی و خەسڵەتی خۆیەتی، شەهید ئازاد هەورامی-ش هەروایە.

تەنانەت هەر بەناوهێنانیشی هەست دەكرێت ئاوازێكی خۆش ئەبیستیت، بەشنەی شەماڵێك فێنكی ئەدات لەدەروونت، ئیتر ئەوە شەهید ئازاد هەورامییە، ئازادەكەی كەركوك، هەورامییەكەی هەموو كوردستان.

ئازاد هەورامی سەركردەو پێشمەرگەو هونەرمەند، لەلاپەڕەكانی مێژوودا بەناوێكی رووناككەرەوە لەتاریكیدا، بەهەڵوێست لەبێ دەرەتانیدا، ئازا لەشكستدا و ئاشتیخواز لەناكۆكیدا، ناسراوە.

شەهید ئازاد، ناوێكی دیارو گرنگە لەلاپەڕەكانی مێژووی نوێی خەباتی گەلەكەمان، ئەو هەر بەمنداڵیش شكۆو هەژموونی بەسەردەورووبەریدا هەبووە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ بەرزیی ئاشتی كەسایەتی و رادەی هۆشیاریی خۆی، هەرچەندە زۆر بەلاوی و لەتەمەنێكی كەمەوە تێكەڵاوی دنیای سیاسەت بووە، بەڵام لەهەر قۆناغێك خەباتی كردبێت زۆرترین ئەركی لەسەرشان بووە، نزیكەی تەواوی تەمەنی تێكۆشانیشی لەسەختترین قۆناغەكانی خەبات بووە، بەڵام ئەو هەر ئازادە ئازاكەبووە، بەهێزو بەهۆش و بیروباوەڕ نەگۆڕبووە.

 ئازاد هەورامی كێییە

ئازاد عەبدولمەجید غەفار ناسراو بە ئازاد هەورامی، لە خێزانێكی رۆشینبیر و نیشتیمانپەروەری شاری كەركوك لە گەڕەكی ئیمام قاسم لە 31-12-1954 هاتووەتە دنیاوە، قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە خوێندنگای ئیمام قاسم و دواناوەندی لە عەبدولمەلك ی كەركوك تەواوە كردووە، ساڵی 1972 ئەندامی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بووە و لە هەمان ساڵ دا پەیوەندی بە كۆمەڵەی ماركس و لینینی كوردستان (كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان) ەوە كردووە.

ساڵی 1974 بووە بە پێشمەرگەو بەشداری شۆڕشی ئەیلولی كردووە، دوای دەستگیركردنی شەهید خاڵە شیهاب و هاوڕێ كانی ساڵی 1976 كە كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان توشی قەیرانێكی سەختی بێ سەركردایەتی بووەوە، شەهید ئازاد هەورامی وەك كادرێكی وشیار و لێوەشاوە سەرپەرشتی كۆمیتەی شاری كەركوكی كردووە، لەهەمانكاتدا لەگەڵ شەهید ئارام و هاوڕێكانی سەركردایەتی ناوخۆی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان یان كردووە.

ساڵی 1976 بووە بە ئەندامی كۆمیتەی هەرێمەكان و لەكاتی هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ شەهید ئازاد هەورامی رووی كردە شاخەكان و شانی دایە بەر خەباتی سەخت و گرانی پێشمەرگایەتی، شەهید ئازاد لە ژیانی پێشمەرگایەتی دا نمونەی پیاوی ئازا و بە بیروباوەڕ و خۆڕاگر بووە، هەمیشە نەخشەو پلانی سەركەوتووی هەبووە بۆ روداوەكان، ساڵی 1978 لە كارەساتی هەكاری دا بە دیل گیراوە و لەبەر لاویەتی نەیان ناسیوە كە ئازاد هەورامی-یە و كادرێكی سەركردایەتی كۆمەڵەیە، دوای نۆ مانگ لە زیندانیكردنی لەگەڵ شێخ عەلی هاوڕێیدا هەلیان بۆ رەخساوە و لە زیندان هەڵهاتوون، هەورامی بەشداری هەموو كۆنفرانسەكانی كۆمەڵەی كردووە و بە ئەندامی ناوەندی كۆمەڵەو ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵبژێراوە.

ساڵانی 1981 بۆ 1982 لێپرسراوی لقی 3 ی سلێمانی كەركوك بووە، ساڵانی 1982 بۆ 1984 ئەندامی دەزگای رێكخستن بووە، ساڵانی 1985 بۆ 1986 لێپرسراوی دەزگای رۆشینبیری كۆمەڵە بووە،  لە 8ی مارسی ساڵی 1987 لەگەڵ هاوڕێ شنۆ ( شنۆ شاسواری ) ژیانی هاوسەری پێك هێنابوو، ساڵانی 1986 بۆ 1988 لێپرسراوی مەڵبەندی بادینانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە.


رابردووە پڕشكۆكەی بنەماڵەی شەهید ئازاد هەورامی

 

بەگەڕانەوە بۆ رابردوو دەبیندرێت بنەماڵەو كەسوكارەكەیشی هەمیشە بەرەو رووی زوڵم و ستەمی داگیركەراندا وەستاونەتەوە، بۆیە قوربانی و دەربەدەریی زۆریان تووشهاتووە.

ساڵی 1929 جافەر سوڵتانی باپیرە گەورەی شەهید ئازاد هەورامی لەگەڵ هێزەكانی رەزا شای پەهلەویدا رووبەڕووی یەكتری بوونەوە، شا هێزێكی گەورەی ناردووەتە هەورامان بۆئەوەی چەكیان بكات، ئەویش ملی بۆ ئەو بڕیارە نەداوەو نەیهێشتووە عەشیرەتەكەی چەك فڕێبدەن و شەڕ لەناوچەی رەوانسەر لەنێوانیاندا بەرپابووە، بەڵام بەهۆی نابەرامبەری، هێزەكانی شا سەركەوتوون، جافەر سوڵتان و كوڕو كچەكانی و چەند كەسێك لەخزم و كەسوكارەكەی تەسلیم بەعیراق بوون، وەك پەنابەری سیاسی لەشاری رومادی بەدەستبەسەری مانەونەتەوە.

ئەوكاتە دایكی شەهید ئازاد كە منداڵ بووە لەگەڵ خاڵەكانی و كەسوكارەكەی دەستگیركراون و گواسترانەوە بۆ زیندانەكانی تاران، دوای ئازادكردنیان گەڕاونەتەوە بۆ هەورامان، ساڵی1953یش خانەوادەكەی شەهید ئازاد لەهەورامانەوە چوونەتە كەركوك و لەگەڕەكی ئیمام قاسم نیشتەجێبوون.


ساڵی 1963باوكی شەهید ئازاد و هۆشمەندی برای كەخوێندكاری پێنجەمی زانستی بووە، لەلایەن رژێمەوە زیندانیكراون، دوای هەفتەیەك هۆشمەند ئازادكراوە و باوكیشی دوای چوار مانگ زیندانیكراو لەكارەكەیشی دەركرا كە نووسەری تابیعەی بەشی زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بوو لەكۆمپانیای نەوتی كەركوك، كاتێكیش ئازاد هەورامی بوو بەپێشمەرگە، دوای ماوەیەك باوكی و شەونمی خوشكی و كاك سامی برای لەلایەن رژێمەوە دەستگیركران و بردوویانن بۆ زیندانەكانی بەسرە، دوای ماوەیەك شەوبۆی خوشكیشی دەستگیركراوە و بردوویانەتە لای ئەوان، كاك سامی برای شەهید ئازاد و باوكی لەزیندانی (گزیزە) بوون، خوشكەكانیشی (شەونم و شەوبۆ) لەزیندانی گشتی بوون، لەگەڵ هەموو ئازارو ئەشكەنجەیەكیش، توشی جۆرەها نەخۆشی بوونەتەوە، تەنانەت كاك سامی نەخۆشبووەو شەوبۆی خوشكیش تووشی نەخۆشی تەنگە نەفەسی بوبوو و لەهۆڵی نەخۆشخانەی ژنان بووە، كەچی ئاگاداری یەكتری نەبوون، دوای بینینی چەندین ئازاو ناخۆشی و بینینی چەندین دیمەنی تراژیدایای كەسوكاری پیشمەرگەو تێكۆشەران لەویندانەكانی بەعسدا، ساڵی 1978 براوباوك و خوشكەكانی شەهید ئازاد لەزیندان ئازادكران، بەڵام دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان عیراق- ئێران، جارێكی تر هەموو خانەوادەكەی شەهید ئازاد دەستگیركرانەوە، دیسان لەزینداندا شەوبۆ خانی خوشكی گرفتاری نەخۆشی بووەتەوە، دكۆرەكان ئاشكرایان كرد كەدەمرێت، بۆیە بەعس شەوبۆی لەزیندان ئازادكرد و دوای سێ مانگیش گیانی سپارد، باوكیشی بەهۆی زۆری تەمەنییەوە ئازاد كرا، دوای ساڵێكیش هەریەك لەخوشك و براكانی (سامی و شیرین و ژیان وفەرهاد) گواستراونەتەوە بۆ بەندیخانەی (بەسیە) لەسنووری سعودیە.

ئازاد هەورامی سەركردەیەكی باشی سیاسی وسەربازی و هونەرمەندێكی بەتواناو رۆشنبیرێكی ئازا

 

شەهید (ئازاد هەورامی) (1976/10/8) هاتە سلێمانی‌و دۆخی ناو شۆڕشی بۆ (شەهید ئارام)‌و هاوڕێیەكی دیكەی سەركردایەتی‌و كۆمیتەی رێكخستنی سلێمانی باس كرد، وا پێویستی دەكرد بەپەلە كاك ئارام بچێتە دەرەوە بۆ رێكخستنی باشتری پەیوەندی (كۆمەڵە)‌و بزوتنەوە.

 

شەوی 10 لەسەر 1976/10/11، بە دۆڵەرووت-دا ئارام‌ و ئازاد گەیشتبوونە قزلەر ‌و لەوێشەوە، پێشمەرگە پێشوازی لێ‌ كردبوون.‌

ئازاد هەورامی سەركردە و و كەسایەتی یەكی رۆشنبیر و راستگۆ بووە، هەموو سیفەت و خەسڵەتەكانی سەركردەی شۆڕشگێری تیدا كۆبوبووەوە، هەمیشە جێگای رێزی هەڤاڵانی و خۆشەویستی ناو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بووە و یەكێك بووە لەوسەركردانەی لەگەڵ دەستپێكردنەوەی شۆرشی نوێ هاوڕێ لەگەڵ شەهیدی سەركردە كاك ئارام دەچنە دەرەوە و سەرلەنوی، شۆرش دەستپێدەكەنەوە.

لەپاڵ هەموو ئەوانەدا شەهید ئازاد ئەدەب دۆستێكی شارەزا و میوزیك ژەنێكی لێهاتوو بووە، لە ناو هونەرمەندان و ئەدیبان و شاعیران دا پێگەی تایبەت بە خۆی هەبوو.

‎كاك ئازاد هەر چەندە لەبنەماڵەی خانەدانی سانانی هەورامان بوو، ئەوانیش خەڵكانێكی بەهەڵوێست و دڵسۆزی كوردایەتی بوون، بەڵام ئەمە رێگری لەوە نەدەكرد كە لە رێكخستنێكی چەپی وەكو كۆمەڵەدا كار بكات.


ئازاد هەورامی كەسایەتییەكی یاخی و خاكی

 

‎شۆڕشی كوردستان هەمیشە بۆ كەركوك كوانووی پڕ گڕی بەرگری بوو، كەركوكیش هەمیشە رۆڵەی ئازاو چاونەترسی بۆ كورد و شۆڕش بەرهەمهێناوە لەنموونەی ئازاد هەورامی و سەدانی تریش.

‎پێگەی كەركوك لەڕووی سیاسی و كوردایەتییەوە وایكردووە هەمیشە خەڵكە تێكۆشەرەكانی بیری پێشكەوتووخوازانەیان لا چەكەرە بكات و لەمەتەرێزی دڵسۆزییەوە روبەڕووی داگیركەران ببنەوە و پیایا هەڵبشاخن و هەرگیز سەر بۆ دوژمنان نەوی نەكەن.

‎كاك ئازاد هەورامی هەمیشە كەسێكی چەپ و یاخی و خاكی بوو، هەر بۆیەش مرۆڤێكی شۆڕشگێر بوو، شۆڕشگێڕێكی مەست بەگیانی رزگاری نیشتمان و خۆشەویستی كورد و كوردستان، بەڵكو بیركەرەوەیەكی باش بوو بۆ نەخشەدانانی رێبازی خەبات و پلانی رێكخستن و رێنوێنی ئاییندەی كاری سیاسی.

‎ئەوەی باوە شۆڕش و پێشمەرگایەتی پیاوی بەزەبرو زەنگ و توندوتیژی و كەسایەتی یەكلاكەرەوەی گەرەكە، بەڵام كە لەكەسێتی و هەڵسوكەوتی كاك ئازاد ورد دەبینەوە تێدەگەین ئەو بۆچوونە وا دەرناچێت، چونكە پیاوە ناسكەكانیش شۆڕش دەكەن و چەك هەڵدەگرن و دەبنە پێشمەرگەو سەركردایەتی شۆڕشیش دەكەن.

‎كاك ئازاد مرۆڤێكی دڵ ناسك، هەست ناسك وەكو پەڕەی گوڵ، تژی لەدلۆڤانی، بەڵام خاوەنی كۆمەڵێك بەهرە چ لەبواری نووسین و چ لەبواری هونەردا.

‎سەرباری توانا شۆڕشگێڕییەكەی، چ لەناو شارو چ لەشاخدا كە نەك هەر وەكو كادیرێكی رێكخستن و پێشمەرگەیەكی سادە، بەڵكو وەكو سەركردەیەكی لێهاتوو هەموو رۆژێك لەگەڵ هەڵچوونەكانی شۆڕشدا باڵای دەكرد.

كاك ئازاد هەورامی چۆن لەمەلەفی ئەمندا باسی كراوە؟

 

دوای راپەڕین، لەیەكێك لەمەلەفە تایبەتییەكانی پێشمەرگەدا لەئەمنی سلێمانی، نووسرابوو، ‏ئازاد هەورامی ‏سەركردە نەعاشقی پایەو نەعاشقی ژنە، تەنیا دەروێشی ئەو رێبازەیە ‏كەلەپێناویدا بووە بەپێشمەرگە.

كۆتا قسەی شەهید ئازاد هەورامی ناخی مرۆڤ دەهەژێنێت

 

ئازاد هەورامی لە كاتی ئەنفالەكان دا سەرپەرشتی شەری باڵایانی قەندیلی كردووە ، هەر لە مەیدانی تێكۆشان داو لەئێوارەی رۆژی  30-8-1988، لە بناڕی قەندیل لە گوندی كونەكۆتر بە بۆردمانی فرۆكەكانی ڕێژێمی بەعس بە سەختی بریندار دەبێت، بۆ ڕۆژی دوایی 31-8-1988 لەبەر سەختی برینەكەی ئازاد هەورامی شەهید دەبێت.

ملازم عومەر لێپرسراوی مەكتەبی عەسكەری ئەو سەردەمانە، كە سەرپەرشتی ‏هێزەكانی ی.ن.ك-‏ی دەكرد، لەبارەی چۆنیيەتی دابەشكردنی هێزەكان و دوا هەناسەی شەهید ‏بوونی كاك ئازاد ئاماژەی بەوە ‏كرد: "كەئێمە چووینە بناری قەندیل كاك ئازاد هەورامی و كاك ‏قادری حاجی عەلی لێپرسراوی هێزەكانی بناری ‏قەندیل بوون، ئێمە لەگەڵ كاك كۆسرەت و ‏مەڵبەندی 3 دا گەیشتنە ئەوێ لەوێ لەگەڵ كاك ئازادو كاك قادردا ‏یەكمان گرتەوەو بووین ‏بەیەك هێز، بڕیارماندا هێزەكانی مەڵبەندی 3 و باڵەكایەتی بمێننەوە، شەهید ئازاد ‏هەورامی و ‏كاك قادری حاجی عەلی بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنانەی بۆیان دیاریكراوە، كاك قادر لەگەل بەشێك ‏‏لەهێزی مەڵبەندی یەك لەسوورەدێ بوو، لەبناری قەندیل، كاك ئازاد لەسەرشێخان شێخ ئایشێ، ‏باروبارگەی ‏پێچایەوە بگەڕێتەوە بۆ بارەگای (م.س) لەوكاتەدا چەند فڕۆكەیەك لەسەر ئاسمانی ‏ناوچەكەدا پەیدابوون و ‏بۆردومانیان كرد، خۆی و هاوسەرەكەی برینداربوون، لەوكاتەدا من و كاك ‏كۆسرەت وپێشمەرگەكان و دكتۆر ‏هێمن و دكتۆر جەلال گەیشتینە لای، كاك كۆسرەت لەوێ قاپێ ‏خوێنی پێبەخشی، دكتۆر جەلال بەئینگلیزی بە ‏دكتۆر هێمنی وت: " عەسەبی قاچی بڕیوە، ‏حاڵی باش نییە" كاك ئازاد تێگەیشت، دكتۆر هێمن لەدكتۆر جەلال ‏تووڕەبوو، وتی: (تۆ بۆ ‏لەخۆتەوە وادەڵێی)، كاك ئازاد وتی: (من دەزانم حاڵم خراپە، گەر زەحمەت نەبێ، ‏دووركەونەوە، ‏دەمەوێ هەندێك قسە بۆ كاك عومەر بكەم)، بەمن و كاك كۆسرەتی وت: (ناڵێم حەزم ‏لەشەهیدبوونە، ‏هەر كەسە لەبەر هۆیەك حەز لەژیان دەكات)، لەوكاتەدا شیعرێكی مەحمود ‏دەروێشی خوێندنەوە، دواتر سرودی ‏‏(رێی خەباتمان) ی بەدەنگ و ئاوازی خۆی چڕی، پاشان ‏وەسیەتی كرد: (ئاگاتان لەشنۆ بێ، چۆن حەز دەكات ‏باوا بژی، نامەوێ كەس بەناوی منەوە ‏داوای هیچ بكات)، خاوەنی هیچ نیم، تەنیا ئەوە نەبێ كە لەگیرفانمدا هەیە، هیچ ‏موڵكێكی ‏تایبەتی خۆم نییە، هەندێك لەبرادەرەكانم لەژیانی سیاسی و پێشمەرگانەدا غەدریان لێكردووم، ‏گەردنیان ‏ئازادبێ).‏

هاوڕێ شنۆ هاوسەری شەهید ئازاد هەورامی لەسەر شەهید بوونی كاك ئازاد دەڵێت

 

هاوڕێ شنۆ هاوسەری شەهید ئازاد هەورامی دەڵێت (20-30سم) لەنێوانماندا بوو، كۆپتەرەكان بەراجیمە ئەو شوێنەی ئێمەیان ‏داگرتەوە، ئازاد لەناو ‏تەپ و تۆزدا ونبوو، پڕ بەگەرووم هاورام كرد.. ئازاد.. ئازاد .. گوێم ‏لەدەنگێ بوو، بەكزییەوە وتی: "ئازاد تەواو" ‏هاوارم كرد ئازاد پێكرا.‏

 

كاك عومەر و كاك كۆسرەت و د.هێمن و د.جەلال وپێشمەرگەكان گەیشتنە لای، پێڵاوە ‏ئەدیداسەكانی دڕابوو، ‏پەنجەكانی پێكرابوون، دەستی چەپی وردو خاش ببوو، وتی: (كاك ‏عومەر ئیتر لەمەودوا ناتوانم گیتار بژەنم).‏

 

هاوڕێ شنۆ پشت گوێی برینداربوو، خۆێنیشی پێدادەهاتەخوارەوە، بەڵام لەبەر كاك ئازاد ‏قسەی نەدەكرد، ‏لەوكاتەدا كاك ئازاد رووی كردە كاك عومەرو كاك كۆسرەت وتی: "خەم مەخۆن ‏لەپێشمەرگایەتیدا كوڕی ‏خەڵك زۆر شەهید كراون، بائیتر نۆرەی ئێمەش بێت"‏.

كاك عومەر وتی "كاك ئازاد ئەم قسانە چییە دەیكەیت؟".

 

دواتر بەسواری وڵاخێك بەرەو قەندیل بەڕێیان كردن لەكاتی سەركەوتندا، لەڕێگا گابەردێك ‏هاتە بەردەمیان، ‏یەكێك لەپێشمەرگەكان وتی: "هاوڕێ شنۆ با لەو رێگایەوە بڕۆین" منیش وتم: " ‏‏(نا من لەگەل ئازاد دەڕۆم، ‏بەجێی ناهێڵم)" لەوكاتەدا بزەیەك كەوتە سەر لێوە وشك ‏هەڵاتووەكانی ئازاد.‏

دنیا بەرەو تاریكی ملی نا، سەرما تینی بۆ هێناین، جامانەكەی ملم كردەوە و لەسەری ئازادم ‏پێچا، هەرچەندە زۆر ‏سەرمام بوو، لەڕێگا چەند جارێك ناوی شەوبۆ و شیرینی هێنا.‏

دەستە دەستە پێشمەرگەكانی ئەو دەوروبەرە، هەر كەهەواڵەكەیان زانی بوو، خۆیان ‏دەگەیاندە لامان هەریەكەیان ‏بەجۆرێك دڵتەنگی خۆی دەردەبڕی.‏

لەسەر (گویت سوێ) پشوویەكمان دا، نانیان خوارد، من نانم بۆ نەخورا، ئازاد وتی: "شنۆ ‏پاروویەك نان بخۆ با ‏وزەیەكت تیا بێت، بتوانیت رێ بكەیت" دواتر بەڕێكەویتن، دەبوایە بەلاپاڵی ‏چیاكەوە داگەڕێین، بۆ ناو دۆڵەكە، ‏لەبەرزاییەكەدا د.هێمن وتی: "هاوڕێ شنۆ مەترسە، تەنیا ‏ئێسكی گرتووە"، لەرێگا وتم د.هێمن: "شوێنەكەی ئازاد ‏خراپ نییە؟" لەوكاتەدا وتم ئازاد.. ئازاد، ‏وەڵام نەبوو، وتم د.هێمن بۆ ئازاد وەڵام ناداتەوە، ئەویش بانگی كرد ‏وتی كاك ئازاد، وەڵام نەبوو، ‏بەتووڕییەوە بەپێشمەرگەكانی وت (دای گرن)، هێستریاكە جارێكیتر گرتمییەوە، ‏لەبەرخۆمەوە ‏دەموت چییە؟ چییە؟ دەمزانی ئازاد دوا هەناسەی سپاردووە، بەڵام نەمدەتوانی بڕوابكەم، پڕ بەو ‏‏چیاو دۆڵە هاوارم كرد ئازاد.. ئازاد، كاتێك بەهۆش خۆم هاتمەوە لەسەقز بووم، تەرمەكەی ‏شەهید ئازادیان لەسەر ‏راسپاردەی خۆی گواستەوە بۆ (سەكران) لەوێ بەخاكیان سپارد.‏

لەلایەكی تریشەوە لاپەڕەی سەروەرانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ بەمشێوەیە یادی 29 ساڵەی شەهیدبوونی سەركردە ئازاد هەورامی لە شۆڕشی سەختی رەنجدەراندا كردووەتەوە:

ئەوكاتانەی كە ڕێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان كەوتنە بەرهەڵمەتی دڕندانەی بەعس و دواتریش كەژمارەیەك لەسەركردەكان و كادیرە بنەڕەتییەكانی رێكخراوەكە لەلایەن رژێمی بەعسەوە دەستگیركران، شەهید ئارام و چەندكەسێك لەهاوڕێكانی شانیان دایەبەر ئەوئەركە سەختەو توانیان رێكخستنەكان لەپەرتەوازەیی و لەبەریەك هەڵوەشان بپارێزن.

ئەوان كۆمیتەی هەرێمەكانیان پێكهێناو لەڕێی ئەندامانی ئەو كۆمیتەیەوە سەرپەرشتی خۆگرتنەوەو خۆسازدانەوەو چالاككرنەوەی رێكخستنەكان دەكرا، ئەوەبوو كۆمیتەی هەرێمەكان بووە فریادرەسی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و توانی لەوڕێگەیەوە جارێكی دیكە كۆمەڵە ئاهێكی بەبەردابێتەوەو شانە لێكترازاوەكانی بەیەكەوە ببەسترێنەوەو هەڤاڵان و ئەندامان هیوایەكیان بەرێكخراوەكە زیندوو بێتەوە.

شەهیدی سەركردە ئازاد هەورامی ئەوكاتە كوڕێكی گەنج و لاوێكی شاری بوو، تەمەنی لەدوو دەیە تێپەڕی نەكردبوو، بەڵام یەكێك بوو لەئەندامانی كۆمیتەی هەرێمەكان و سەركردایەتیكردنی بەشێكی رێكخستنەكانی ئەوقۆناغەی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانی كەوتە ئەستۆ، ئەوەبوو دڵسۆزانەو ئازایانە شانی دایەبەر ئەوئەركە سەختەو توانیشی كارێك بكات كەببێتەهۆی هەڵسانەوەی باری گلاوی رێكخستنەكان و شانازییەكی گەورەشی لەورووەوە بەر بكەوێت.

 


نەهامەتییەكان و بەردەوامی خەبات

 

هەموو ئەو ئازارو دەبەردەرییەی بەسەر كەس و كارەوكەیدا هاتبوو نەبووە هۆی ئەوەی كۆڵ بەشەهید ئازاد هەورامی و تەنانەت كەس و كارەكەیشی بدات، ئەوەبوو شەهید ئازاد بەردەوام بوو لەخەبات تا شەهیدكرا.

ئەوسەركردەیە لەماوەی دوانزە ساڵی پێشمەرگایەتی و خەبات و تێكۆشانیدا بەشداری نەبەردییەكانی لەسەرتاسەری كوردستان دژی داگیركەران كردووە، لەهەمووشیاندا لەڕیزی پێشەوەو ورەبەخشی هەڤاڵ و پێشمەرگەكانی بووە.

لەبەر لێهاتوویی خۆی چەندین پلەی گرنگی لەریزەكانی رێكخستندا پێدراوەو بووەتە مایەی گەشەكردنی ئۆرگانەكانی شۆڕش، لەشۆڕشی شاخ و ناو پێشمەرگەشدا لێپرسراوێتی گرنگی پێسپێردراوە و بەسەركەوتوویی جێبەجێی كردوون، لەگەڵ ئەوەی هەمیشە لێپرسراو و سەركردەو فەرماندە بووە، سادەو ساكار رەفتاری كردووە، خاكی و پێشمەرگانە خۆی گونجاندووە.

هەموو ئەوانەی لەگەڵیدا ژیاون و دەیناسن لەیادەوەری و دەربڕینەكانیاندا ئەوەیان دووپاتكردۆتەوە كەشەهید ئازاد خاوەنی چەندین رەوشت و خەسڵەتی تایبەتی بووە، لەبواری سیاسیی و سەربازیدا سەركردەو فەرماندە بووە، لەژینی كۆمەڵایەتی و ئاساییدا بێفیزو راستگۆو بەوەفاو گونجاو بووە، دڵسۆزو خەمخۆری خاك و گەلەكەی بووەو لەبواری هونەریشدا میوزیكزان و رۆشنبیرو هونەرمەندێكی بەسەلیقە بووە، لەڕاستیدا ئەگەر مەرگ مەودای بدایەو چەند ساڵێكی تر لەژیاندا بمایە، ئەوا ئەستێرەی خەبات و كەسایەتی و سەركردایەتیكردنی زیاتر بەدیار دەكەوت و هێندەی تر خەرمانی خەباتی كوردایەتی دەوڵەمەندتر دەكرد.

ئەوەندەی مێژوو بۆمان دەگێڕێتەوە، تێدەگەین ئەگەر بارودۆخی داگیركاریی و زوڵم وستەمی دوژمنانی كورد لەسەر میللەتەكەمان نەبوایە، ئەوا كەسێكی وەك شەهیدی سەركردە ئازاد هەورامی هەرگیز رووینەدەكردە خەباتی چەكداری، چونكە ئەو خاوەن بەهرەیەكی گەشی هونەری شەیدای بوارەكەی خۆی بوو، نەك چوونە ناو گۆڕەپانی شەڕو بەرەو رووی مرۆڤ وەستان، ئەگەر هەلومەرجی سیاسیی كوردستان جۆرێكی تر بوایە، ئەوا شەهید ئازاد هەورامی كەڵە هونەرمەندێكی لێدەردەچوو، بەڵام دواجار ئەویش وەك سەرجەم گەلی كورد لەبەرامبەر داگیركرانی خاك و نیشتمانەكەی، ناچار بەخەباتی سیاسیی و چەكداری بووە و خولیاو ئاواتە زاتییەكانی خۆیی و هەموو خۆشییەكی ژیانی وەلاناوە.

كاتێكیش وەك پێویستییەكی هەرە گرنگ و مێژوویی، چۆتە ناو ریزەكانی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كورد، سیاسییەكی لێزان و وشیار بووەو لەمەیدانەكانی رووبەڕووبوونەوەی دوژمنیشدا ئازاو چاونەترس بووە، لەهەر بوارێكی خەباتی نیشتمانیدا جێپەنجەی دیاربووەو رۆڵی دیارو كاریگەریی هەبووە.
 
 ئەو زانیاریانەی سەرەوە لەلایەن كاوان ئەحمەد حەمە ساڵح هەڵەبجەیی ئامادەكراوەو سوودی لەم سەرچاوانە وەرگرتووە:

١-ئازاد هەورامی سەركردەی ڕۆژە تەماوییەكان سێ بەش نوسینی عبدوڵا كریم محمود ،نوسەر و ڕۆژنامە نوس كە سودێكی تەواوم لێبینیوە
٢-بابەتێكی كاك ئاسۆ محەمەد كوردستانی لەسەر ژیانی ئازاد هەورامی
‎٣-سایتی كوردپیدیا، ئازاد هەورامی
‎٤- وەێفیە بەنی‌ وەیس‌: ئازاد هەورامی تەژی لەدلۆڤانی ‌31/8/2014،كوردستانی نوی
5- شەهید ئازاد كۆتری ئاشتی بوو، PUKMEDIA لە كوردستانی نوێ-وە ، 31/8/2014
6- مەلا بەختیار:-ساڵرۆژی سەروەرێكی هەڵكەوتوو،31/1/2016، دیارە ئەم بابەتە تایبەتە بەساڵیادی شەهید ئارام بەڵام ،هەڤاڵ مەلا بەختیار ئاماژە بە چونە دەرەوەی شەهیدان كاك ئارام و كاك ئازاد دەكات منیش لێرە بەكارم هێناوە.

PUKMEDIA ئا/ كاوان ئەحمەد حەمەساڵح هەڵەبجەیی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket