riklam

رەفیقەکانی شەهید ئاتیلە

بیروڕا 05:47 PM - 2023-08-25
ستران عەبدوڵلا PUKMEDIA

ستران عەبدوڵلا

بیروڕا

ستران عەبدوڵلا

ئەمە وێنەی دکتۆر ئاتیلەیە، پاڵەوانی دوو رۆمانی کوردی و عەرەبی و نامیلکەیەکی ژیاننامەی سەرەتای راپەڕین .

وێنەی رەنگاو رەنگی شەهید ئاتیلەیە کە عاشقی کوردستان و شێتی کەنیشکێکی گەرمیانی و وێڵی دوای بەختەوەری دوارۆژێک بوو کە قەت نەهات.

 

قەدەر و ماڵە باوان و رژێمی جینۆساید  لە شاڵاوی ئەنفالدا کارێکی کرد (یار بۆ گڵ بێ ،نەک بۆ دڵ ).

 

ئاتێلە پاڵەوانی دوو رۆمانە کە وێڕای جوانی هۆنینەوەیان هێشتا ئەدگاری راستەقینەی خۆی  شیرینترە، کۆچکردوو مەهاباد قەرەداغی لە (فاتێلا) ئاوێتەی ناوی عاشق و مەعشوق دەکاتە هێمای دوالیزمی رۆمانەکە و سەردار عەبدوڵلاش لە ئاتێلا دوایین عاشقەکان رۆمانی  فەلسەفە و ئەدەب و  پێشمەرگایەتی وا گوڵبژێر دەکات نازانی چۆن فەنتازیا و واقیع لێک هەڵاوێری؟ نووسەر ئەم گێڕانەوەی خۆی بە خەیاڵی کوردی تۆمار کردووە و خوێنەری عەرەبیش سەرپشکە  لە وێناکردنێکی فەلەستینیانەی موقاوەمەت و داگیرکاری.

 

ئاتیلەی  کوردستانیی لە گوزارشتی ژیاندا تورکمانێکی هاوڕێی چارەنووس و تەمەنە کە دین و شێتی شاری کفری و کوردستان و فاتێ دەبێت.

 

لە گێڕانەوەی داستانیشدا ناوەرۆکی درەخشان وەردەگرێ ئەگەرچی، دیسانەوە، هەر روخساری بەرجەستە دڵگیر و نازدارە. ئەگەرچی سەهلی مومتەنیعی چیرۆکەکە رۆمانی نە گەرەکە ئەم بەیتە فلکلۆرییەی ماملێ دەیچڕێ  کافی و شافییە؛

(بەختێ لە ئەزەل سیاچارە بێ
دەستی لێ مەدەن با ئاوارە بێ).


لەقوژبنی ئەم شۆرشە نوێیەدا سەدان حیکایەتی وا خۆی حەشارداوە و ئەمی شانۆی کفری چانسێکی خاترجەمی بوو بۆ شاری وەزیران، کە ئێستا گلە و گازەندەی رەوای هەیە و قەولە زامی سارێژ بکرێت.

 

قوژبنی دیرۆکەکانی شۆرش وەک کوچە و دوکان و گوزەرەکانی کفری وایە: ستۆدیۆیەکی عوسمانی دراماکانی رۆژهەڵاتە و هەر دەق و دارشتنی گەرەکە، دەنا پاڵەوانەکان زیندوون و خۆیان بەسەرهاتان بەسەر دەکەنەوە.

 

هەندێک جار لە دەفتەری دڕاوی بیرەوەرییەکانی پێشمەرگە یان لە گۆڤار و بەرنامانی تۆماری شۆڕش لێیان هەڵدەگۆزم و جارێکی تر بە تەکنیکی نووسینی رۆژامەوانیی دەیانهۆنمەوە، لەبەر ئەوە نا وەک جووی ساجی عەلی  بە دەفتەری جاراندا دەچمەوە داخۆ قەرزم لای کێیە؟ نەخێر ! جونکە سەردەمی ئەمرۆمان چی وای تیا بەسەر نییە دڵانی پێ خۆشکەم مەگەر شایەتیم لەسەر ئەم رابردووە دەوڵەمەنەکە نەبێت.

 

خودی خۆم پاڵەوانیان نیم  کەشوفشیان پێوە بکەم ، بەس حەیفم  پێدێ زێر و گەوهەری دێرین لەناو تەنەکەی ژەنگاوی مەزاتخانەی ئەمرۆدا بە نرخی هەرزان بفرۆشرێن.

 

جا من ئەم رەسمەی  شەهید ئاتێلەم لە جەنگاوەری دێرین کاک عاسی ئۆمەربلەییەوە پێ گەیشتەوە کە وەعدێکی قەرزارم و دەبێ کارەکەی لای هەڤاڵ سەرکەوت زەکی مەیسەر بکەم.

 

پێشمەرگە کاک عاسی گوڵبژێرێکی وێنەی بۆم ناردووە کە بەقەولی خۆی ئەوە یاداشەکانی ژیانێتی لە پێشمەرگایەتیدا.

 

ئەم چەپکە وێنەیە هەر گوڵێکیان رووداوێکی شۆرشی نوێ دەدوێنێ بۆ ئەوانەی دایمەی خوایە رەخنەیانە گوایە سەرهات و بابەت نییە بۆ رۆمانی کوردی و بۆ درامای وەک گەردەلول لە ئەلبومی وێنەکانی کاکی ئۆمەربلەییەوە چەند ئەدگار و دیمەن دەگوازمەوە کە هەر دانەیەکیان حەرفی گەوهەری چیرۆکێکە ئەگەر هیممەتی داهێنان هەبێ. گشتیان روو شیرین و جوانن و هەر بیوگرافیایەک کەرەستەی سەد رۆمانن ئەگەر نووسەری بە جەرگ و ئەدیبی چەلەنگ لەم وڵاتەیدا باقی بێ و ئەگەر داڕشتنی ڕاستی و روون بەقای پێ بکرێت.

 

ئەمانە رەفیقەکانی شەهید ئاتێلە و کاک عاسین، تیایانە شەهیدی رێی دوورن و تیایانە شاهیدی ئیفادە و مەزبەتەی رۆژگاری دوای راپەڕینن.

بێرە کوردستان عەزیزم گەر تۆ سەیرانت دەوێ. 
بچنە گەرمیان رۆحەکەم گەر هون  سەرهاتی سەیر دەخوازن.

PUKMEDIA

 

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket