riklam

داڵدەی تاوانبار و پەرتبوونی كورد، قەوارەی هەرێم لاواز دەكات

کوردستان 10:40 AM - 2023-08-21
ئاڵا و نەخشەی كوردستان PUKMEDIA

ئاڵا و نەخشەی كوردستان

كوردستان

كەللەرەقی حكومڕانی و پەرتكردنی ماڵی كورد و قاچاغی دۆلاری ئیبراهیم خەلیل و دۆزینەوەی پاڵاوگە تاڵانكراوەكەی بێجی لە هەولێر، دەستگیركردنی ئەندامێكی باندی دزی سەدە لە دهۆك زیانی زۆر لە ناوبانگی هەرێم دەدەن و هاوكاتیش  لێكەوتەكانی ریفراندۆم لەكاتێكی نالەباردا، وایان كردووە قەوارەی هەرێمی كوردستانی لەبەردەم دۆست و دوژمن لاواز تربێت، پارتی دیموكراتی كوردستانیش پشكی شێری لەم لاوازییەی قەوارەكە بەردەكەوێت، بەو پێیەی بە هەجەتی زۆرینەی پەرلەمانی و حوكمڕ‌انی جومگەكانی پاوان كرد، چونكە سێ دەسەڵاتی سەرەكی هەرێم لای پارتیین ، ئەمە جگە لەوەی باڵێكی پارتی هەمیشە یەكبوونی ماڵی كورد و یەكڕیزی حزبە كوردستانییەكانی بەبیانووی جیاجیا بەكردار رەتكردوەتەوەو ئەمەش جارێكی دیكە قەوارەی هەرێمی كوردستانی لاوازتر كردوەو وایكردوە هەرێم  بە بەراورد بەچەند ساڵی رابردوو لەسەر ئاستی عیراق و تەنانەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لاواز بێت.

 

 

ریفراندۆم و لاوازی قەوارەی هەرێم

 

 

لێكەوتەكانی ریفراندۆم بە دەستپێكی لاوازكردنی قەوارەی هەرێم دادەنرێت، چونكە لەگەڵ ئەوەی بووە هۆی لەدەستدانی 51% ی خاكی هەرێم، بووە هۆی داخستنی سنوورەكانیش بەڕ‌ووی كوردستان و قەدەغەكردنی گەشتە ئاسمانییەكان.

 سەرەڕ‌ای هۆشدارییە ناوخۆیی و نێو دەوڵەتییەكان، رۆژی 25ی ئەیلولی 2017 ریفڕ‌اندۆمی هەرێمی كوردستان بەڕ‌ێوەچوو، چوار رۆژ دوای رێفراندۆمەكە حكومەتی عیراق گەشتە ئاسمانییەكانی لە فڕ‌ۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان قەدەغە كرد جگە لەئەوە داوای لە ئێران و توركیا كرد سنوورەكانییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دابخەن و سنوورەكان داخران، ئەمەش بەیەكەم دەستپێكی خاڵی لاوازكردنی قەوارەی هەرێم دادەنرێت.

لێكەوتەكانی ریفراندۆم تەنها بەداخستنی فڕۆكەخانە و سنوورەكانەوە نەوەستا، بەڵكو  حكومەتی عیراق بە زەبری هێز و  سوپای عیراق سەرجەم ناوچە دابڕ‌ێندراوەكانی باشووری كوردستانیان كۆنتڕ‌ۆڵكردەوەو تەواوی ئەو ناوچانەی كە ساڵانێك بوو كورد خەباتی بۆ دەكرد و پێشمەرگە قوربانی بۆ دەدا لەدەست پێشمەرگەدا نەمان، بەمەش لەبری ئەوەی ریفراندۆم سەربەخۆیی بۆ كورد فەراهەم بكات 51% ی خاكی هەرێمیشی لەدەستداو بووە شكاندنی بڕبڕەی پشتی قەوارەكە.


كەلەرەقی لەحكومداری قەوارەی هەرێمی لاوازتر كرد

 

 

تەسلیمكردنی نەوتی هەرێم بە عیراق لەژێر فشاری دادگای ناوبژیوانی پاریس خاڵێكی دیكەی لاوازبوونی هەولێر بوو بەرامبەر بەغدا، چونكە پێشتر عیراق داوای تەسلمیكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و 50% داهاتی نانەوتی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكرد، بۆ ئەوەی مووچە و بودجەی هەرێم رەوانە بكات، بەڵام حكومەتی هەرێم كەلەرەقی كردو رەتیكردەوە، بەڵام لەئێستادا كەلەژێر فشاردایە ئامادەیە 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و 50% داهاتی نانەوتی رادەستبكات و بەمەش قەوارەكەی لاوازتر كرد.

لەرابردوودا وەفدێكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتەكەی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عیراق گرێبەستێكیان لەسەر رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و 50% داهاتی نانەوتی هەرێم بە بەغدا ئیمزا كرد، لەبەرامبەریشدا حكومەتی عیراق پابەند كرا بەڕ‌ەوانەكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم، بەڵام ئەوسا حكومەتی هەرێم كەلەرەقی كردو پابەندی ئەو گرێبەستە نەبوو، خەڵكی هەرێمی كوردستانی روبەڕ‌وی بێ مووچەیی و بێ پارەیی كردەوە، بەشێوەیەك رۆژ لەدوای رۆژ دۆخی هاووڵاتیان خراپتر دەبوو، بەڵام لەئێستادا حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی لەژێر فشاردا رەزامەندە لەسەر ناردنی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا و تەسلیمكردنی 50% ی داهاتی ناوخۆ بە بەغدا، ئەمەش كاریگەرییەكی راستەوخۆ و بەرچاوی لەسەر قەوارەی هەرێم و لاوازكردنی لە بەرامبەر بەغدا هەبووە، چونكە لەژێر فشاردا رەزامەند بووە.


باری هەرێم بەرامبەر عیراق لارە


 دەستگیركردنی دزی سەدە لە دهۆك و بردنەدەرەوەی بەلێشاوی دۆلار لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل و ساختەكاری و سپیكردنەوەی دۆلار و داڵدەدانی بەعسی و ئەنفالچییەكان لە هەولێر، زیانی زۆری بە ناو ناوبانگی هەرێمی كوردستان داوە و میدیای ناوخۆیی و جیهانییەكان باسی دەكەن.


محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق لە سێ پرسی روبەروبوونەوەی گەندەڵیدا، ناوی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆكی ناڕ‌‌استەوخۆ لە رێگای وەزارەتەكانییەوە هێناوە، وەك دەستگیركردنی دزی سەدە، كە نزیكەی سێ ملیار دۆلاری لە بانكی رافیدەین دزی و پاشان یەكێك لە تۆمەتبارەكان لە دهۆك دەستگیركرا، ئەمە جگە لەوەی لە رابردووشدا ژمارەیەك بازرگان بە تۆمەتی بردنەدەرەوەی دۆلار لەخاڵی سنوری ئیبراهیم خەلیلەوە بۆ توركیا، لەهەولێر دەستگیركران، ئەمەش لەكاتێكدایە كە پاڵاوگەكەی بێجی-یش هەولێر دۆزرایەوە، هەروەها هۆكارێكی دیكەی لەكەداربوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان داڵدەدانی بەئاشكرای بەعسی و ئەنفالچییەكانە لەناویاندا زاواكەی سەدام-ی دیكتاتۆر بوو كە (چارەسەر و پرسەكە)ی لەهەولێر بوو.



بردنەدەرەوەی دۆلار قەوارەی هەرێم بێ متمانە دەكات


دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل، پشكی شێری لە لاوازكردن و بێمتمانەیی قەوارەی هەرێم بەردەكەوێت، چونكە رۆژانە بڕێكی زۆر دۆلاری لێوە ئاودیو دەكرێت و ئەمەش بووتە جێی مشتومڕ‌ی حكومەتی عیراق و هەڵوێستەكردن لەسەری.

سایتی میدڵ ئێستی بەریتانی رایگەیاندووە: "رۆژانە 70 ملیۆن دۆلار لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیلەوە دەڕ‌واتە دەرەوەی عیراق، كە ساڵانە دەكاتە 25 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار، كە ئەوەش كاریگەری زۆری لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریكی لە بەرامبەر دیناری عیراقی هەیە".


هاوكات عەلی عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ماوەندی عیراق لەكۆبوونەوەی لیژنەی پیشەسازی و بارزگانی لەپەرلەمانی عیراق وتبووی: "رۆژانە دۆلار لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیلەوە دەڕ‌وات بۆ توركیا، بۆ ئەو مەبەستەش داوامان لە حكومەتی هەرێم كردووە رێگا لە چوونەدەرەوەی بەلێشاوی دۆلار لەو دەروازەیەوە بگرێت بۆ ئەوەی بتوانین رێگری لە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دیناری عیراقی بگرین".


گەندەڵی و مامەڵەی نادروست قەوارەی هەرێمی خستە ژێر پرسیارەوە


چەند جارێك سەرۆك وەزیرانی عیراق پەردەی لەسەر گەندەڵییەكان هەڵداوەتەوە و دەركەوتووە كە بەشێك لەو تۆمەتبارانەی لەو گەندەڵیانە تێوەگلاون لەهەولێر و دهۆك دەژین و كەسی حزبی باڵادەستیان لەپشتەوەیە، ئەمەش بووەتە لەكە بۆ ناوبانگی قەوارەی هەرێم و كاریگەری خراپی لەسەر ناوبانگی قەوارەكە دروستكردووە، دواین لەكەش دۆزینەوەی پارچەكانی پاڵاوگەی بێجی بوو لە هەولێری پایتەخت.


محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی عیراق لەسەردانێكیدا بۆ قەزای بێجی رایگەیاند: "پارچەكانی پاڵاوگە تاڵانكراوەكەی بێجی-مان لە هەرێم دۆزیوەتەوە و تائێستا 60% پاڵاوگەكەمان گەڕ‌اندووەتەوە بۆ شوێنی خۆی، لەكاتێكدا 40% هێشتا لەهەولێر ماوە كە پێدەچێت پارچەكانی بگاتە 100 بارهەڵگر".

 

چاودێرانی سیاسیش دەڵێن:"پاڵاوگەكە لەكاتی داعشدا تاڵان كرا، بۆیە پێدەچێت كاتێك پێشمەرگەكانی یەكێتی لەشەڕی دژی داعش شەهید دەبوون، لایەن هەبووبێت سەرقاڵی مامەڵەكردن بووبێت لەگەڵ داعش، ئەگەرنا ئەو پاڵاوگەیە لەو كاتەدا چۆن گەیشتووەتە هەولێر، ئەمەش ناپاكییەكی دیكەیە كە قەوارەكەی بێ متمانەو بێ ئەهمەت كردوە".

 

تێكدانی یەكڕێزی كورد قەوارەی هەرێمی پەرت كرد


یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ یەكڕیزی ماڵی كورد و یەكدەنگی حزبە كوزردستانییەكان، بەڵام باڵێكی پارتی دیموكرانی كوردستان، پشكی شێری بەردەكەویت لە لەتبوونی ماڵی كورد و هەر ئەمەش وایكردوە كە قەوارەی هەرێم لاوازبێت.


ئامادەكارییەكانی ئەم دواییە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق باشترین نموونەن، كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چۆن هەوڵی یەكدەنگی كوردی دەدا لەناوچەجێناكۆكەكان، بەڵام لایەن هەبوو تەواو پێچەوانەی یەكێتی كاری دەكردو هەموو هەوڵێكی بۆ پەرت بوونی دەنگی كوردبوو لەو ناوچانە، دواجار هەر ئەوەشیان كردو دەنگی كوردیان پەرت كرد بەسەر چەند لیستێكدا.


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket