riklam

كۆمسیۆنێكی باڵا بۆ ئامادەكارییەكانی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی پێكدەهێنرێت

کوردستان 08:47 PM - 2023-08-20
لۆگۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  PUKMEDIA

لۆگۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەیەوێت بەجۆش و خرۆشێكی نوێوە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق لە ناوچە دابڕێنراوەكان بكات، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاری ئەنجاندانی كۆنگرەی پێنجەمی حزبەكەی دا، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش دەڵێت: "كۆنگرەكە گوزارشت لەئیرادەی تازەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەو ئەركانە دەكات كە لە قۆناغی داهاتوودا دەكەونە ئەستۆی".

ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمیانەی چاوپێكەوتنی لە كەناڵی كەركوك لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند: "لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی دۆخی سیاسی هەرێم و عیراق و كەركوك و پەیوەندییەكانی یەكێتی لە ناوخۆی هەرێم و عیراق و سەر ئاستی نێودەوڵەتی كراو  بڕیاریشدرا رۆژی 27-9-2023، كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ببەسترێت، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمسیۆنێكی باڵای كۆنگرە كە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی لە مەكتەبی هەڵبژاردن و مەكتەبی رێكخستن و مەڵبەندی دیراسات بۆ تەواوكردنی رێوشوێنەكانی كۆنگرەی داهاتوو پێكدەهێنرێت، كۆمسیۆنەكە بەرنامەی كۆنگرە دەباتە بەردەم مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەوان بڕیار لە پەسەندكردنی رێوشوێنی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی كۆنگرەكە دەدەن".

 

یەكێتی بۆ پرسی ناوخۆیی خۆی بڕیارە گرنگەكەی دا

 

"یەكێتی بۆ پرسی ناوخۆیی خۆی بڕیارە گرنگەكەی دا كە كۆنگرەی پێنجەمی خۆی پێش ئەو رێكەوتەی دیاریكرابوو ئەنجامبدات، هەرچەندە بڕیاربوو مانگی 12 ی ئەمساڵ كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی ببەسترێت، بەڵام بەهۆی دۆخی كەركوك و لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنێكی گرنگمان لەبەردەمدایە، یەكێتی بەپێویستی زانی بە جۆش و خرۆشێكی نوێوە بەشداری هەڵبژاردن بكات، لەلایەكی دیكەشەوە گەر كۆنگرەی پێنجەم لە مانگی 12 دا ببەسترایە كە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەبێت، ئەوا ناچار دەبووین دوایبخەین بۆ ساڵی نوێ" ستران عەبدوڵڵا وادەڵێت.

راشیگەیاند: "كۆنگرەی پێنجەم دەبێت گوزارشت لە ئیرادەی نوێی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئەو ئەركانە بكات كە لە قۆناغی داهاتوودا دەكەونە ئەستۆی، سەركردایەتی نوێی یەكێتی خواستەكەی سەرۆك مام جەلالی بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە لەكاتی خۆیدا دەهێنێتەدی، ئەمەش نەك تەنها خواستی مام، بەڵكو ئاواتی سەركردایەتی دێرین و هەڤاڵانی دەستەی دامەزرێنەر و شەهیدە نەمرەكانی یەكێتیش بوو، كە بەهۆی خەباتی دژواری شاخ و رووداوەكانی دوای راپەڕینەوە نەدەپەرژانە سەر ئەوەی كۆنگرە لەكاتی خۆیدا ببەستن".

 

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاماژەی بەوەشدا: "لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسیدا، بڕیاردراوە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی لە یەك شوێن نەكرێن بەڵكو كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی هەفتەی داهاتوومان لە هەولێر دەبێت".

لە بارەی گرنگی شاری كەركوكیشەوە ستران عەبدوڵڵا رایگەیاند: "تەئكید كردنەوە لەكوردستانی بوونی كەركوك بەشێكە لە كەلتوری سەرۆك مام جەلال، ئەو شارە بۆ یەكێتی لەڕووی دەستووریی و ستراتیجی و مەسەلەی نەتەوایەتی گەلەكەمانەوە جێی بایەخە، وەك سەرۆك بافڵ-یش دەڵێت: "كەركوك لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جیاناكرێتەوە و بەشێكە لە سترتیجیمان"، هەربۆیە یەكێتی هەمیشە هەواڵ و بڕیار و سەركەوتنە گەورەكان لە كەركوكەوە  رادەگەیەنێت".


یەكێتی نوێ لەهەڵبژاردنەكانی داهاتوودا هەمووان تووشی سەرسوڕمان دەكات


راشیگەیاند: "ژمارەیەكی بەرچاو لە سەركردایەتییەكانی یەكێتی كەركوكین و سەرۆكی یەكێتیش لە كۆنگرەی چوارەمدا خۆی لەسەر كەركوك كاندید كرد، نامانەوێت پێش رووداوەكان بكەوین، بەڵام یەكێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق سەركەوتنێك تۆمار دەكات كە جێی دڵخۆشی كەركوكییەكان و ناوچە جێ ناكۆكەكان بێت، كەركوك لە رابردوودا بووەتە هەوێنی هەستانەوەی یەكێتی، یەكێتیش كە  نۆ مەڵبەندی لە ناوچە جێناكۆكەكان هەیە، سەرجەم تێكۆشەر و مەكتەب و مەڵبەندەكانی دەكاتە هاوكار بۆ سەرخستنی كورد لە كەركوك و ئەو ناوچانە لە هەڵبژاردندا، بۆیە دەبینین داتاكان جێی سەرسوڕمانی خەڵك دەبن و یەكێتی بەشانازییەوە لە كەركوك دەبوژێتەوە".

 

"كەركوكییەكان تینوی حكومەتێكی محەلین كە ئیرادەی خەڵكی شارەكە یەكسانبێت بە ئیدارەی شارەكە، بۆیە دەبێت لە شارەكەدا ئیدارەیەك دروستبێت تەمسیلی ئیرادەی خەڵكی بكات كە ئیرادەی كوردستانی و پێكەوەژیانە، ناونیشانەكەشی لای  یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوپەیمانەكانییەتی" ستران عەبدوڵڵا وادەڵێت.

 

یەكێتی بەشداری و ئامادەیی بەردەوامی لە بەغدا هەیە

 

 

 

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی راشیگەیاند: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەرۆك بافڵ ئامادەییەكی چڕ و پڕی لە بەغدا هەیە، هاوشێوەی ئەو سەردەمەی سەرۆك مام جەلال سەرۆككۆمار بوو، ئەمەش ئامادەییەكی حزبی زۆر گرنگە، چونكە ئێستا حزبەكان داهاتووی عیراق دیاریدەكەن، ئەمڕۆش سەرۆك بافڵ رایگەیاند: "هەموو حزبە عیراقییەكان ئامادەیی بەردەوامی یەكێتیان لە بەغدا پێخۆشە"، یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی یەكێتی وایكردووە حزبە عیراقییەكان لە دەمی یەكێتییەوە بڕیارەكان وەربگرنەوە و بە سەرۆك بافڵ-یان راگەیاندووە: "یەكێتی نوێ هەمان یەكێتییەكەی سەرۆك مام جەلال-ە، بۆیە بڕیار لە یەكێتی وەردەگرین و دەمانەوێت بەشداری لە عیراقدا بەشدارییەكی هەمیشەیی بێت"، بۆ ئەو مەبەستەش یەكێتی مەكتەبێكی سیاسی بەهێز لە بەغدا دروستدەكات بۆ ئەوەی بتوانێت سیاسەتی خۆی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و عیراق سەربخات، تاوەكو باشتر مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكرێن،  سەرۆك بافڵ تەئكید لەوەش دەكاتەوە كە نابێت ناكۆكییە سیاسییەكان كاریگەری بكاتە سەر ژیانی خەڵك".

 

 

یەكێتی پڕۆسەی سیاسی لە هەرێم و عیراق راستدەكاتەوە

 

 

"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نە یەك لایەنە بیردەكاتەوە، نە یەك لایەنە بڕیار دەدات، نە قبوڵی دەكات یەك لایەنانە بڕیاری بەسەردا بسەپێندرێت، لە هەرێمیش لەرێگای قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە هەوڵیداوە موچە و قوتی خەڵك لە ئەولەوییەتی كارەكانی حكومەت بێت، هەر بۆ خزمەتی خەڵكیش بەشداری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كرد نەك بۆ بەدەستهێنانی وەزیرێكی زیاتر، راستە كاركردن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دژوارە، بەڵام رێگا راستەكەی یەكێتی سەردەكەوێت چونكە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە، بێگومان ئەو بەربەستانەشی دێنە بەردەمی لەبەر بەرژەوەندی خەڵكە نەك بەرژەوەندی حزبی، كە ئەوەش بێ بەرهەم نابێت و بەرهەمەكەی راستكردنەوەی پڕۆسەی سیاسییە لە عیراق و هەرێم" ستران عەبدوڵڵا وادەڵێت.

راشیگەیاند: "سەرۆك مام جەلال پیاوی پێكهاتەكان و كۆكەرەوەی هەموو دژەكان بوو، بۆیە حزبەكەشی لەباریدایە داواكاری هەموو پێكهاتەكان بگرێتەخۆی، ئەوەش وایكردووە جگە لە كورد پێكهاتەی دیكەی وەك عەرەب، توركمان، كلد و ئاشوری لە ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن".

 

رۆژی یەك شەممە  29-8-2023، بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان،  كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە كەركوك ئەنجامدرا، تەوەرە سیاسییەكان، كاری رێكخراوەیی و ئۆرگانەكان و ئەنجامدانی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی گفتوگۆی چڕ و بەرپرسانەی لەبارەوەكرا و وەك ئیستحقاقی حزبی، دیموكراسی، لەپێناو جۆشدانەوەی گیانی یەكێتیبوون، بڕیاريشدرا رۆژی27-9-2023 كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی ببەسترێت.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket