riklam

شاڵاو عەلی عەسکەری: ئاڕاستەیەکی پارتی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی تێکدەدات

کوردستان 11:13 PM - 2023-08-13
شاڵاو عەلی عەسکەری PUKMEDIA

شاڵاو عەلی عەسکەری

یەکێتی

كارگێڕێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی باس لە دۆخی هەرێم و عیراق و پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی دەكات و دەڵێت: "ئاڕاستەیەك لەناو پارتی كار لەسەرتێكدانی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی دەكات و دوو بەرەی جیاوازی هەیە"، دەشڵێت: "هەموو كات یەكێتی بۆ رێككەوتن و باشكردنی پەیوەندییەكان هەوڵیداوە تەواجودی لەبەغدا هەبێت لەسەر ئاستی باڵا".


شاڵاو عەلی عەسكەری كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: "دوای كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال ئامادەیی یەكێتی لە بەغدا زۆر كەم بووەوە، بۆیە لە دوای كۆنگرەدا بڕیارماندا وجودی یەكێتی لەبەغدا زیاتر بێت بەشێوەیەك لەسەر ئاستی باڵا چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی و كارگێڕ و سەرۆكی یەكێتیش لە بەغدا بەردەوام وجودیان هەبێت".

 

"بارودۆخی كوردستان و عیراق پێویستی بەوەبوو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەفتەی چەند جارێك لە بەغدا بێت، چونكە رووداوەكانی پێكهێنانی حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەران و بڕیارەكانی دیكە پێویستیان بە ئامادەیی یەكێتییە، بۆیە بەردەوام دەبین و بڕوامان وایە پێویستە مەكتەبێك لەسەر ئاستی باڵای ئەندامەكانمان لە بەغدا دروستبكەین" شاڵاو عەلی عەسكەری وادەڵێت.

 

ئاماژە بەوەشدەكات: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە چووەتە بەغدا وتویەتی ئەگەر گەمارۆكان بەتایبەت گەمارۆ ئابورییەكانی سەر دەڤەری سەوز واتە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و راپەڕین، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لانەبرێن و وەك خۆیان بمێننەوە، ئەوا دەبێت پارێزگاكان خۆیان داوای بەشە بودجەی راستەوخۆ لە بەغدا بكەن، كە بێگومان ئەوەش لەبەرژەوەندی هاووڵاتیاندايە، هەربۆیە بەغدا رەزامەند بوو لەسەر ئەو داواكارییە و لە بودجەدا جێگیر كرا، بۆیە داوامان لە عیراق كردووە پابەندبن و لە حاڵەتێكی وادا بەشە بوودجەی پارێزگاكە راستەوخۆ بنێرن".


پارتی بەرنامەی تێكدانی پەیوەندییەكانی هەیە

 

كارگێڕەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەشڵێت: "پارتی لەگەڵ لایەنەكانی بەغدا رێكەوتبوو بۆ ئەوەی خۆیان بەتەنها حكومەت پێكبهێنێت لەبەغدا و خۆشی بەتەنها تەمسیلی كورد لە عیراق بكات،  ئەو كاتەش هەر ویستومانە یەكێتی و پارتی و لایەنەكانی هەرێم بە یەك دەنگی و یەك رەنگی بچینە بەغدا، بۆیە وەك یەكێتی لیژنەیەكمان لەسەر ئاستی باڵا پێكهێنا كە پێكهاتبوو لە سەرۆك بافڵ، د. خەسرەو گوڵ محەمەد و بەندە، لیژنەی پارتیش پێكهاتبوون لە نێچیرڤان بارزانی، هۆشیار زێباری و مەحمود محەمەد، هەردوو لا بۆچوونمان وابوو كە پێویستە بە یەكدەنگ بچینە بەغدا، تەنانەت پارتی پێی باش بوو یەكێتی سەركردایەتی وەفدی هەردوولا بكات، بەڵام كاتێك لەگەڵ پارتی بۆ رێككەوتن چووینە بەغدا، تووشی شۆك بووین كە رەوتی سەدر پێیان وتینان ئێمە لەگەڵ پارتی رێككەوتوین و وامانزانیوە ئێوە بۆ ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنە هاتوون".


"پارتی ویستی بەو هەڵوێستەی یەكێتی تووشی ئیحراجی بكات و نەتوانێت بكشێتەوە، بەڵام لە سیاسەتدا ئیحراجی نییە بۆیە بۆچوونی خۆمانمان هەبوو و كشاینەوە، پارتی دەیویست بەو رێككەوتنەی لەگەڵ رەوتی سەدر ماڵی شیعەش پەرتبكات، بۆیە زوو لەوە گەیشتین كە پێكدادانی شیعە لەنێوخۆیاندا كوردستانیش دەسووتێنێت" شاڵاوی عەلی عەسكەری وادەڵێت.

 

راشیگەیاند: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان مامەڵەی كردووە، بەڵام هەرگیز نەیویستووە شەریكەكەی خۆی كە پارتییە ئیحراج بكات، بە پێچەوانەوە ئێمە بۆچوونی خۆمانمان وتووە و لە عیراق مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقعدا دەكەین". 

 

پارتی دوو بەرەی جیاوازی هەیە

 

"كێشەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە كە پارتی دوو بەرەی زۆر جیاوازن لە یەكتر و لێیان تێناگەین، بەرەیەكیان لەبارەی مەسەلەی كوردەوە زۆر عەقڵانی بیردەكەنەوە، بەڵام بەرەكەی دیكە بەبیرێكی تەسك و پارتیانەوە بیردەكەنەوە، هەموو كاتێك كەدەمانەوێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵیان باش بكەین، ئاڕاستەیەك لەناو پارتی كار لەسەرتێكدانی پەیوەندییەكان دەكات و بەدەست و بەهەوڵی تایبەت ئاڕاستەی پەیوەندییەكان دەشێوێنن و لەزۆرینەی كۆبوونەوەكانیشدا ئەم حاڵەتە دووبارە دەبێتەوە، تەنانەت ئەندامەكانی پارتی لەناو كۆبوونەوەدا بە تەلەفۆن ئاگادار و ئاڕاستە دەكرێن، هەر لەناو كۆبوونەوەكان بەشێوازێكی ناڕاست و قبوڵنەكراو قسە دەكەن، كەجێی قبوڵكردن نییە"، شاڵاوی عەلی عەسكەری وای وت.

 

سەرۆك بافڵ بۆ بڕیاردانی كۆتایی بەشداری كۆبوونەوەكان دەكات

 

كارگێڕەكەی مەكتەبی سیاسی راشیگەیاند: "بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ بڕیاردانی كۆتایی بەشداری كۆبوونەوەكان لەگەڵ پارتی دەكات، كەچی لە كۆبوونەوەدا لێپرسراوی راگەیاندنی پارتی كە بەرپرسە و ئەندامی سەركردایەتی حزبەكەیە، بەشێوەیەكی قبوڵنەكراو و وەك ئیهانە باسی یەكێتی دەكرد". 

 

گێڕانەوە و شێواندنی مێژوو سوود بە كورد ناگەیەنێت

 

شاڵاو عەلی عەسكەری ئەوەی وت: "پارتی و یەكێتی بەدرێژایی مێژوو لە خۆشی و ناخۆشیدا بوون و هیچ جوانییەك لەو كارەساتانەدا نییە كەلەنێوانماندا روویداوە، چی باشەمان هەبووە ئەو كاتانە بووە كەبەیەكەوە بووین و دەستكەوتەكان بۆ كورد بوون، چەندین جاریش ئەوان خیانەتیان كردووە لەو میژووەی كەلەنێوانمداندا هەیە و وەك رونیشە كارەساتی هەكاری بەفیتی پارتی روویداوە، هەموو ئەو كارەساتانەمان بیرە بۆیە پێویست ناكات بیگێڕینەوە و گێڕانەوەی ئەو مێژووە سوود بە كورد ناگەیەنێت".

 

راشیگەیاند: "كەمال كەركوكی سەرۆك مام جەلال و عەلی عەسكەری بە خائین ناودەبات و هێرش دەكاتە سەر سەركردە كۆچكردووەكانی یەكێتی، بۆیە سەرۆك بافڵ لە كۆبوونەوەی دەباشاندا بەوەفدی پارتی وت: "كەی گوێتان لەئێمە بووە قسەیەك لەسەر مەلا مستەفا و كاك مەسعود بكەین؟ بۆ وا ئەكەن؟ ئەوە سوود بە هیچ كەسێك دەگەیەنێت؟" بۆیە پێمان راگەیاندن ئەم مەهزەلەیە راگرن ئەگەرنا كاردانەوی توندمان دەبێت". دەشڵێت: "کاک مەسعود وەعدەکەی نەبردە سەر کە شوێنی گۆڕی شەھید عەلی عەسکەریمان پێبڵێت".

 

پارتی بەرنامەی تێكدانی كوردستانی هەیە

 

 

شاڵاوی عەلی عەسكەری راشیگەیاند: "پێموایە پارتی بەرنامەی تێكدانی هەیە و دەیەوێت كوردستان جیباكاتەوە، بەشێوەیەك هەموو ئاڕاستەكان بە هەوڵی ئەوەن دەسەڵاتی حزبەكانی دیكە لە ناو حكومەتی هەرێم كەمبكرێنەوە و فشار دەخەنە سەر بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی دادگەری و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان".

 

وتیشی: "مێژووی یەكێتی و پارتی بە جوان نابینم، شەڕی ناوخۆ هیچ جوانییەكی تێدا نییە، چونكە ئەوەندەی پێكەوەبووین دەستكەوتمان هەبووە، كە كیشە كەوتووەتە نێوانمانە دەستكەوتەكانمان لەدەستداوە". 

 

 

پارتی دەستكەوتەكانی كوردی لە ئاشبەتاڵدا كۆتایی پێهێنا

 

"تاوانباركردنی یەكێتی هەڵەیە چونكە مێژوو نووسراوەتەوە، ساڵی 1964 پارتی بوو لەگەڵ حكومەتی عەبدولسەلام عارف رێككەوت و بە جەیش و جاش و چەكی ئەوان باڵی مەكتەبی سیاسی لە ماوەت وەدەرنا، لە ساڵی 1966 ئەوان لەگەڵ حكومەتی عەبدولڕەحمان عارف رێككەوتن و دوو وەزیریشیان هەبوو، لە ساڵی 1968 راستە باڵی مەكتەبی سیاسی لەگەڵ حكومەتی عیراق رێككەوت، بەڵام ئەوان موحسین دزەیی-شیان كردبووە وەزیر، هەر ئەوان هەموو دەستكەوتەكانی گەلی كوردیان لە ئاشبەتاڵدا كۆتایی پێهێنا، ساڵی 1978 لەگەڵ جاشەكانی توركیا كارەساتی هەكارییان دروست كرد، ساڵی 1979 بۆ شەڕی كوردانی ئێران، پارتی قەرەوڵی ئێران بوو بۆ لێدانی كورد، كەمال كەركوكی لە شەڕی سەردەشت دژی كوردانی ئێران دەستی بریندار بوو دوو دۆشكەشی جێهێشت، 31ی ئاب پارتی كردی و بەعسی هێنایە هەولێر و ساڵی 1997 توركیای هێنایە هەرێمی كوردستان" شاڵاوی عەلی عەسكەری وادەڵێت. 

 

راشیگەیاند: "لەزۆرینەی ئەو رووداوانەش كەبەسەرمان هاتوون لە مێژوودا، هەر لە شەنگال و لە ریفراندۆم و لە كەركوك و 16ی ئۆكتۆبەر و چەندین رووداوی تر، پارتی هۆكار بووە و لێكەوتەی ریفراندۆم بوون لە كاتێكا ئەمریكا، روسیا، ئەوروپییەكان، توركیا، ئێران، عیراق دەیانگوت ریفراندۆم مەكەن بەڵام كاك مەسعود كەسێكی ئینكارە و هەر ئینكاری دەكرد، بۆیە هەموو كورد باجەكەی داو و یەكێتی زەرەمەندی سەرەكی بوو، چونكە ئەو ناوچانە جێی نفوزی یەكێتی بوون".

 

شەنگال و ریفراندۆم رێككەوتنێكی سیاسی بوو پارتی كردی

 

كارگێڕەكەی مەكتەبی سیاسی دەشڵێت: "پێموایە شەنگال و ریفراندۆم رێككەوتنی سیاسی بوو كە پارتی لەگەڵ هەندێك لایەن كردی، چونكە هاتنی داعش بۆ ئەو ناوچەیە بەوشێوەیە نەبوو كە كورد نەتوانێت بەرگری بكات، ئەگەر بیریشمان بێت ئەو كۆبوونەوانەی لە ئوردن و ناوچە دەسەڵاتدارەكانی سوننە دەكرا پارتی لە سەرجەمیاندا بەشدار بوو، ئەوەبوو ئەنجامی چۆڵكردنی شەنگال-یش جینۆسایدی ئێزدییەكانی لێكەوتەوە". 

 

راشیگەیاند: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێش 16ی ئۆكتۆبەر رێككەووتنی لەگەڵ حكومەتی عیراق و ئەمریكییەكان كرد كە لە سەربازگەی كەیوان لە كەركوك كۆببنەوە بۆ ئەوەی حكومەتی عیراق نەیەتەوە ناو كەركوك و بەدەستی كوردەوە بمێنێتەوە، بەڵام تەنها لەبەر ئەوەی پارێزگاری كەركوك یەكێتی نەبێت پارتی رێكنەكەوت".

 

 

پاراستنی قەوارەی هەرێم واجبی یەكێتییە

ئاماژە بەوەش دەكات: "لەسەر قسەی خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال، كەوەك وەسێتێك بۆ ئێمەی بەجێ هێشتووە، كەهەموو كات وتویەتی یەكڕیزی قەوارەی هەرێم بپارێزن و ئێمەش تا بۆمان بكرێت و بە ئەركی كوردایەتی و حزبی خۆمانی دەزانین بیپارێزین و لەگەڵی بڕۆین".

 

"لە سەرەتای پێكهێنانی كابینەكەیدا مەسرور بارزانی چەند یاریدەدەرێكی بۆ خۆی دانا و بەمەش دەسەڵاتی لە وەزیرەكان سەندەوە، بەڵام نەكشانەوەی یەكێتی لەوكابینەیە لەسەر وەسێتی سەرۆك مام جەلالە كە قەوارەی هەرێم بپارێزین" شاڵاوی عەلی عەسكەری وادەڵێت.


راشیگەیاند: "ئێمە داوامان هەیە لە دەستور، بەڵام ئەركەكانی خۆمان جێبەجێ ناكەین، ئەمە وادەكات پاراستی قەوارەی هەرێم وەك بوونی لەناو حكومەتەكانی پیشووتری هەرێم نەبێت، قەوارەی هەرێم لاوازە بەڵام دەتوانین باشتری بكەین و هەرێمەكە رزگاربكەین لەرێی سوودبینین لە دەستوور"، كارگێڕەكەی مەكتەبی سیاسی وای وت.
 

دەشڵێت: "هەر ماڵێكی كەركوك بچیت نابینی تێكۆشەر یان شەهیدێك یان پێشمەرگەیەك یان شەهیدێكی یەكێتی نەبێت، بۆیە زۆر هەوڵماندا لەگەڵ پارتی لە ناوچە جێناكۆكەكان یەكدەنگبین بۆ ئەوەی لەو ناوچانە ناونیشانی كوردایەتی نەسڕینەوە".
 

یاسای هەڵبژاردن لەبەرژەوەندی هیچ لایەنێك نییە

 

وتیشی: "یەكێتی پێش هەموو لایەنەكان دەیەوێت هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام یاسای هەڵبژاردن لەبەرژەوەندی هیچ لایەنێك نییە و سەرجەم لایەنەكان كێشەیان لەسەر ئەو یاسایە هەیە، لەگەڵ ئەوەش لەسەرمانە هەموو لایەنگر و ئەو كەسانە ئاشتبكرێنەوە و دوای ئەوەش ئێمە بەهەموو شێوەیەك ئامادەین بۆ هەڵبژاردن".


لە كۆتایی چاوپێكەوتنەكەیدا شاڵاوی عەلی عەسكەری رایگەیاند: "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەرگیز وەك ئێستا یەكگرتوو و یەك دەنگ نەبووە، بەڵام دەبێت هەڵەكانمان راستبكەینەوە و جەماوەرەكەمان ئاشت بكینەوە".

 

PUKMEDIA-دەنگی ئەمەریکا VOA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket