riklam

هاوخەمییەکان بۆ کۆچیدوایی مامۆستا عەبدولکەریم شێخانی

پرسەنامە 09:59 AM - 2023-08-12
مامۆستا عەبدولکەریم شێخانی PUKMEDIA

مامۆستا عەبدولکەریم شێخانی

پرسەنامە

مامۆستا عەبدولکەریم شێخانی نووسەر و رۆشنبیر ئەمڕۆ 12/8/2023 کۆچی دواییکرد و  لەگۆرستانی کەسنەزان  بەخاک سپێردرا، بەم بۆنە خەمناکەوە پرسەنامەکان ئاڕاستەی خانەوادە و هاوڕێییان و دۆستانی دەکرێت.

 

مەراسیمی پرسەی  مامۆستا عەبدولکەریم شێخانی لەشاری ھەولێر   ۱۳-٨ -۲۰۲۳ رۆژی یەک شەمە لە مزگەوتی أبو بەکر الصدیق له‌ گه‌ره‌کی کویستانه لەشاری ھەولێر بەرێوەردەچێت و پرسەی ژنانش لەھەمان مزگەوت دەبێت.


دەقی پرسەنامەی سەرۆک بافڵ............

کۆچی دوایی نووسەر و وەرگێڕی ناسراوی کورد، مامۆستا عەبدولکەریم شێخانی لە دڵەوە نیگەرانیکردین.

مامۆستا عەبدولکەریم قەڵەمێکی دیاری نووسین و وەرگێڕان، زمانزانێکی لێهاتوو و رۆژنامەنووسێکی بەئەزموون بوو. خزمەتێکی بەرچاوی بە رەوتی رۆشنبیری و رۆژنامەگەری لە کوردستان کردووە.

لەخوای گەورە داواکارین مامۆستای پایەبەرزمان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووری بەهەموولایەک ببەخشێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

پرسەنامەی مەكتەبی سیاسیی

بەرێزان خانەوادەی كۆچكردوو مامۆستا و نوسەر و وەرگێر( عەبدولکەریم شێخانی)


كۆچی دوایی مامۆستا عەبدوڵکەریم شێخانی لەدڵەوە نیگەرانی كردین و بەم بۆنە خەمناكەوە پرسەو هاوخەمی خۆمان ئاڕاستەی  كەس و كار و هاورێیانی دەكەین.
 
 مامۆستای كۆچكردوو  نوسەرو وەرگێرێكی بەتوانا،  زمانزانێكی لێهاتوو بوو، لەماوەی ساڵانی تەمەنیدا بە قەڵەمە بەبرشتەكەی خزمەتێکی گەورەی بەڕێزمانی کوردی  كردووە،  بە كۆچی دوایی كەلێنێكی گەورە لەناوەندی رۆشنبیری و ئەدەبیدا دروست بوو.
 لەیەزدانی مەزن داواكارین سەبوری و ئارامی هەموولایەك بدات و رۆحی كۆچكردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات.


مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

دەقی پرسەنامەی قوباد تاڵەبانی...........

 

*بەڕێزان خانەوادەى کۆچکردوو مامۆستا (عەبدولکەریم شێخانی)*

بەبیستنی هەواڵى کۆچی دوایی نوسەر و وەرگێڕی ناسراوی کورد مامۆستا (عەبدولکەریم شێخانی)، نیگەران و دڵگران بووم.  

مامۆستا عەبدولکەریم شێخانی هاوڕێی دێرینی سەرۆک مام جەلال، نوسەر و شاعیر و وەرگێڕ و زمانزان بوو، ساڵانێکی زۆر خزمەتی بە وێژە و ووشە و ئەدەب و زمانی کوردی کردو رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لەبەرەوپێشبردنی رەوتی ئەدەبی و رۆشنبیری و کلتوری دا.

بۆ ئەم کۆچە، پرسەو سەرەخۆشی لەخێزان و خانەوادە نیشتمانپەروەرەکەتان و گشت ئەدیبان و رۆشنبیرانی هەرێمی کوردستان دەکەم و هاوبەشی خەمتانم. 

خواى گەورە لە مامۆستای کۆچکردوو خۆش بێت و جێی بەهەشت بێت، سەبورى و دڵنەواییش بەهەموو لایەک ببەخشێت. 

انا لله و انا الیه راجعون 

قوباد تاڵەبانی
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال

 

پرسەنامەی خاتوو گەلاوێژ

بنوو مامۆستا كەریم شێخانی (خەوێكی خۆش)

كۆچی دوایی مامۆستا و كەسایەتیی دیاری كوردستان (عەبدولكەریم شێخانی) خەمبار و نیگەرانی كردم، بەم نامەیە پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكار و هاوڕێیان و نووسەران و ڕۆشنبیرانی كوردستان دەكەم.

كەریم شێخانی مامۆستایەكی پەروەردەكار و نووسەرێكی بە سەلیقە و زمانزانێكی بە ئەزموون و وەرگێڕێكی بەتوانا و ڕۆژنامەنووسێكی دیار و كەسایەتییەكی زمانشیرین و كۆمەڵایەتیی ناوداری گەلەكەمان بوو.

هاوكات برایەكی شیرین و دۆستێكی مامۆستائاسای منیش بوو، بەردەوام هەواڵپرسیی كردووم و لە خۆم و باری تەندروستی و بەرهەمەكانی پرسیوومەتەوە و بەو زمانە شیرین و عەرەبییە پڕ لە سەلیقەییەی خۆیەوە بەرهەمێكی تەرجەمە كردووم.

مامۆستا شێخانی، خزمەتێكی زۆری بە بواری وەرگێڕان و ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەوانی و زمانی كوردیی كردووە و هەتا دواساتەكانی تەمەنە 90 ساڵییەكەی و سەرەڕای نەخۆشییەكەی، هەر قەڵەمێكی بە بڕشت بوو و لە خەمی فەرهەنگ و زمانی كوردی دا بوو.

لێرەوە وێڕای سەرەخۆشیی دووبارەم، لە پەروەردگاری مەزن دەپاڕێمەوە گیانی مامۆستا عەبدولكەریم بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و بە ڕۆحی بەرزەفڕیشی دەڵێم ئارام ئارام لە باوەشی نیشتیمانەكەتدا بنوو، بنوو مامۆستا (خەوێكی خۆش) وەك ناونیشانی یەكەم بەرهەمی بڵاوكراوەت لە گۆڤاری هەتاو دا.
إنالله وإنا إليه راجعون.

گەلاوێژ

 

دەقی پرسەنامەی سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی........

بە پەژارەو خەمێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی رۆژنامەنوس و وەرگێرو نوسەرو مامۆستای پەروەردەکاری گەلەکەمان، مامۆستا عەبدولکەریم شێخانیمان-یمان بیست. 
بە لەدەستدانی مامۆستا عەبدولکەریم، زیانێکی گەورە بەر رەوتی ئەدەب و وەرگێڕان و بواری رۆژنامەنووسی کوردو پەروەردەو فێرکردن کەوت.
لە ژیانی خۆیدا مامۆستا نمونەیەکی جوانی خزمەتکردنی گەلەکەی بووە، سەرباری خراپی باری تەندروستی تا دواین ساتەکانی لە ژیاندا بەردەوام بوو لەسەر رێگەی خزمەت و خەرمانی بەرهەمی رۆشنبیری و ئەدەبی و رۆژنامەنوسی خۆی زیادکردوو؛ وەک سامانێک پێشکەشی کتێبخانەی کوردی و خوێندەوارانی گەلەکەی خۆی کرد.
لە کایەی فێرکردن و پەروەردەشدا چەند نەوەیەکی وڵات لەسەر دەستی مامۆستا پەروەردە بوون و گۆشکران و ئێستا لە خزمەتدان.
لەم بۆنە خەمناکەدا، پرسەو سەرەخۆشی لە تەواوی خانەوادەی مامۆستا دەکەین، و خودای گەورە بەمیهری خۆی کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین بسپێرێت؛ سەبوری و ئارامی بە خێزان و دۆستانی مامۆستا ببەخشێت.

باڵیۆز د.محمد سابیر
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی

 

دەقی پرسەنامەی مەکتەبی راگەیاندن.............

 

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی نوسەر و وەرگێرو رۆژنامەنووس و ئەندامی دێرین و هاوکاری رۆژنامەی کوردستانی نوێ مامۆستا عەبدولکەریم شێخانیمان بیست . 
ئەم کۆچەی مامۆستا خەسارەتێکی گەورە بوو لە ئەدەب و دونیای وەرگێڕان و رەوتی رۆژنامەنووسی کوردی . خەمێکی گەورەشە بۆ هاوڕێ و یاران و دۆستانی . 

مامۆستا عەبدولکەریم خاوەنی ژمارەیەکی زۆر  بەرهەمی ئەدەبی و وەرگێڕان رۆژنامەوانییە. تا دوا ساتەکانی ژیانی لە نووسین و وەرگێران بەردەوام بوو 
لە کایەی فێرکردن و پەروەردەشدا چەندان نەوەی کوردستان لەسەر دەستی پەروەردە بوون .
بەم بۆنە خەمناکەوە سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادە بەرێزەکەی و سەرجەم نووسەر و  رۆژنامە نووسانی کوردستان دەکەین و دواکارین جێگای مامۆستا بەهەشتی بەرین بێت 

مەکتەبی راگەیاندنی 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
12/8/2023

 

PUKMEDIA

Riklam

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket